ئەدەبیاتی کەمینە و مەیلی شیزۆنی دەق | کۆمار کەریم‌پوور | وتار

کۆمار کەریم‌پوور

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبەشێعری “تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا”  شوعەیب میرزائی

 

“کتێبە گەورەکان بە زمانێکی بێگانە دەنووسرێن”

پڕۆست – لە دژی سێنت بوو

 

دلوز/گتاری لە کتێبەکەیاندا (کافکا بەرەو ئەدەبیاتی کەمینە، دۆخی ئاوارتە) خوێندنەوەیێکی جوداواز و نوێ بۆ کافکا ئەکەن. بە لای ئەوانەوە کافکا زمان لە کار دێنێت، بە شێوەیێک کە لە دڵی زمانی ئەڵمانی پراگ، قولکەیەک (لە دەقی فارسی کتێبەکەدا وشەی “حوفرە” بە کار هێنراوە) درووست دەکات و سنوور و حەسارەکانی ئەو زمانە لە دڵی زمانەکەی خۆیدا تێکوپێک ئەشکێنێت. بە پێی گوتەی دلوز/گتاری، “ئەدەبیاتی کەمینە، ئەدەبیاتی زمانێکی کەمینە نییە، بەڵکوو کردارێکە کە کەمینەیەک لە نێو زمانی دەسەڵات (ئیپیستمە) دەیئافرێنێت”

ئەدەبیاتی کەمینە، دەست بۆ کردارێکی پڕ مەترسی و بە تەواوەتی سیاسی ئەبات. بەو مانایەی کە بە دڕین و شەقکردنی زمانی زۆرینە و داسەپاو، هێرش ئەکاتە سەر ئەو زمانە و زمانی زۆرینە، لە دڵی زمانە نەناسراوەکەی خۆیدا قووت ئەدا و تێکی ئەشکێنێت. هەر ئەم هێرشکردنە سەر زمانی زۆرینەیە کە لە کەمینە تاکێکی یاخی و بوێر و سنووربەزێن درووست ئەکات. ئەو تاکەی کە لێوارەکان و ئاستەکانی زمان ئەبەزێنێت و ئەبێت بە تاراو و ئەوداڵێک لە نێو زمانی دایکی خۆیدا. کەمینە، پیاوخراپێکی قارەمان و قارەمانێکی ئاوەسو و بێباکە کە هیچ شتێک توانایی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو مەیل و حەزە یاخی و توندوتیژەیدا نییە. مەیلێک کە بە هۆیەوە سنوورەکانی واقع، تا هەتا بڵاوتر دەبنەوە. مەیلێک وەکوو مەیلی ئانابێلا (ناوی یەکێک لە شانۆنامەکانی جان فۆرد). ئانابێلا ئەڵێت: “من نە بە هۆی پەشیمانیم بەڵکوو بە هۆی ئەوەوە ئەگریم کە ناتوانم مەیلم بە ئاسوودەیی و سرەوت بگەیێنم “. کەواتە کەمینە کردارێکی خاپوورکەر و ڕووخێنەر ساز ئەکات کە کارەساتێکی هەرە گەورەی لێ ئەبێتەوە تاکوو ئینسان دیسانەوە بۆ ژیان بانگەشە بکات. لەم رووەوە، ئەدەبیاتی کەمینە، ئەدەبیاتێکی بێبەزەییانە و ڕقاویە کە وەکوو تاعوون ئەبێتە هۆی تڵیشانی دمەڵەکان (بیر لە ئارتو بکەنەوە). ئەدەبیاتی کەمینە وەکوو بەڵایەکی تۆڵەئەستێن و هاوکات قەیرانێکی بژونهێنەر کار دەکات. بەو مانا کە لە رێگەی کاولکارییەوە کردەوەیەکی بەسوود و شەفابەخش بە ئەنجام ئەگەیێنێت. رۆح ئەهێنێتە هەزیان و شەتح‌کوتنەوە، تاکوو ئەو هێز و توانا داشاراوەی بە سەما و ئاخێز بێنێت. ئەدەبیاتی کەمینە رۆح لە زنجیر و کۆتەکانی ئێپیستمە و زۆرینە رزگار ئەکات. نووسەری کەمینە لە بەرامبەر قەدەر و چارەنووسدا دەست بۆ ئەکتێکی پڕمەترسی و سامناک ئەبات. کردارێک کە لە ناو ئەدەبیاتە گەورەکاندا یا با بڵێین شاکارەکاندا لە بیر کراوە. ئەم کردارە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئاست و حەسارانەی کە بۆ ئەدەبیات دابین کراون وەلا بنرێن و هەروەها لە ئەو سنوور و حەدانەی کە ئەبنە هۆی جیابوونەوەی ئەدەبیات و ژیان؛ گۆڕان دروست بێت؛ بۆ ئەوەی هیچ سنوورێک لە نێوان ئەدەبیات و ژیاندا نییە. ئەدەبیاتیش هاوشێوەی ژیان؛ لە دەرەوەی خۆی دێتە بوونەوە و لە سنوورەکانی پێش خۆی ئەبڕدرێت. ئەدەبیات لە نێوان هێڵەکانی ژیانەوە دێتە دی. بە واتایەکی تر ئەدەبیات وەکوو خۆی (بە ماهو ئەدەبیات) بوونی نییە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە لە پێشدا هیچ سنوورێکی دیاریکراو لە نێوان ئەدەبیات و غەیری ئەدەبیات نییە. ئەمە خۆی بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە پێشتریش لە هیچ زەمەنێکدا؛ هیچ سنوورێک بوونی نەبووە. بەو ئاماژە کورتە ئەمەوێ بڵێم؛ ئەدەبیات بە واتا دلوزیەکەی؛ هەمان “لۆی” دەرەوەیە. ئەم لۆیەیە کە ئەدەبیات بەدی دێنێت و ناوی ئایدۆلۆژیای ئەدەبیات بە بەردەوامی لە ئەدەبیات پاک ئەکاتەوە. ئەدەبیات بەم کردارە خۆی لە قداسەت و پیرۆزی پاک دەکاتەوە. لێرەدایە کە ئەدەبیات لە پەیکەری ناوێکی گشتیدا بەڵام لێک جیانەکراو لە سەربەخۆییەکەی سەر هەڵدینێت. شێعری “تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکات” “بە پێی ئەو خاڵانەی کە باس کرا، لە ناو خانەی ئەدەبیاتی کەمینەدا ، جێگای دەبێتەوە. دەقێک کە ئەدەبیاتی کوردی بەو هۆیەوە لە سنوورەکانی خۆی تێ دەپەڕێت و لە دۆخێکی نوێدا خۆی دەبینێتەوە. ئەدەبیاتی کوردی بە هۆی ئەم دەقەوە کەموکوڕەکان و خەسارەکانی دەکەوێتە بەرچاو. ئەم دەقە، دەقێکی بوێرانە و یاخییانەیە؛ بە جۆرێک کە بە تەواوەتی لە ئەدەبیاتی بەر لە خۆی ئەبڕێت. ئەم دەقە، ئەدەبیاتی کوردی ئەهێنێتە ناو دۆخێکی نائارام و نائاساییەوە، وەکوو ئەوە بڵێیت: ئەدەبیاتی کوردی چی تر ئەوە نییە کە پێشتر بوو. شوعەیب لە زمانی کوردی/دایکی دا وەکوو غەریب و نەناسراوێک هەڵسووکەوت ئەکات و ئەدوێت. تا ئەو رادەیە کە زمانی کوردی تووشی گرفت و لاڵەپەتەیی ئەکات.

گرفتێک لە خودی زمانی کوردیدا. شوعەیب زمانێکی بێگانە و نەناسراو لەگەڵ زمانی کوردی دا تێکەڵ ناکات بەڵکوو ئەو زمانە بێگانەی کە لە پێشدا بوونی نەبووە، لە ناو زمانی کوردیدا ئەتاشێت.

بە شێوەیەک کە ئەو تۆنالیتە ناماناهەڵگرانەی زمانی کوردی دەکێشێتە دەرەوە و قەلەمڕەوپەرێزی (de deterritoriarialialisation coefficient) لێ ئەکات. ئەمە مەسخ و تەعلیقێکی بێ‌ ھەل و مەرج لە دڵی زماندایە کە زمان بەو هۆیەوە تووشی لاڕێ و کەچڕەوی ئەبێت.

ئایا ئامانجی ئەدەبیاتی کەمینە جگە لەوەیە کە زمان بە زەبری کەچڕەویەکان و لادانەکان لە جێگەی خۆی بترازێنێت و بیخاتە ناو دۆخێکی نائاسایی و نائارامەوە؟

دۆخێ کە پێشتر بوونی بە خەیاڵدا نەهاتبێت: بەکارهێنانی زمانی دەلالەت ھەڵنەگر لەبەرامبەر دەلالەت ھەڵگر. ئەمە دامەزراندنی یونیوێرساڵیتەیێکی نوێ نییە؟ شوعەیب زمانێکی دیکە دادەهێنێت کە لەژێر کوردیدا؛ دەڕوا و زمانی کوردی لەگەڵ خۆی دەبات. شوعەیب زمانێکی دیکە و بێگانە لە دڵی زمانی کوردی هەڵدەکەنێت و زمانی کوردی گیرۆدەی ئاشۆ و لاڵەپەتەیی دەکات. وەکوو ئەوە بڵێی هیچ ڕێگایەکی تر جگە لە لەکارھێنان و لاڵی نەماوە. شوعەیب لە زمانی کوردیدا قۆڵکەیەک  دروست ئەکات کە ئەبێتە هۆی ئەوەی وشەکان چیتر لە یەکتر جیا نەکرێنەوە. ئەو لە گوتنەوە و دووپات کردنی وشەکان دەست هەڵدەگرێت و وەکوو غەریبەیەک بە کۆڵەبارێ لە مادەی تەقەمەنی؛ بەردەنگ تووشی شۆک و کاسی و شێواویێکی ئەستەم دەکات و کارداناوەیەکی قووڵ و فراوان لە سەر بەردەنگ دائەنێت. شوعەیب بە جورێ هەمان بەڵا بە سەر زمانی کوردیدا ئەهێنێت کە جۆیس بەسەر ئینگلیزی و کافکا بەسەر ئەڵمانی و بکێت بەسەر فەڕەنسیدا هێنای؛ خۆڕاگری لەبەرامبەر هەر جۆرە بەکارهێنانی مانادار و دەلالەت‌هەڵگر لە زمان.

کەمینە چەمکێکە تەنها لە جنسی بڕست و توانا. توانایێک کە لە بەرامبەر هەمو جۆرە دەلالەتێکی مانادار ئەوەستێتەوە: بەکارهێنانی موشەدەدی دەلالەت‌هەڵنەگر لە زمان.

“هەلەم، کوا خەڵوەت و خیابانێک هەڵکەوێت ماچت بکەم

هەلەم ((هایەهایەهایەهایەهایەهایەهایەهایەهایەهایە هەم)) هەلەم

نە من انااناناانااناانااناانااناانااناانااناانا”

لێرەدا ئێمە ئیتر لە دۆخی زمانێکی ناسراو و چڕوپر دەردەچین کە لە نێویا وشەکان تەنها دووپات ئەبنەوە و تەعمیم لە مانا ئەکەن. بەڵکوو زمانێکی داتاشراو  و حەساربەزێن ئەبینین کە لە نێویا وشەکان یا دالەکان نە لە رێگەی لایەنی دەڵالەت‌هەڵگرەوە بەڵکو راستەو خۆ مانا پێک دێنن .

لە ڕاستیا زمان لێرەدا لە رێگای کارکردی بە/هەڵە و هەروەها لە رێگای ئاوێتە نەبون و نەتواننەوەی لە ساحەی نەمادین پێناسە ئەکرێت. زمان، ساحەی نەمادین ئەبڕێت و وێرانی ئەکات. زمانێک کە دەروونناسی و لۆژیک بۆ شەڕ بانگ دەکات و پێویستی بە هیچ هۆکار و بەڵگەیەکی بەسەندە و لێگرێدانێکی عەقڵی نییە.زمان لێرەدا لە هەموو جۆرە مەعریفەیەک را ئەکات. ئەمە نیشانەی ئەندێشەیەکی بێ‌سنوورە بە لوژیکێکی رادیکاڵ و ناعەقڵانیەوە. هەر بۆیە زمان، چی تر پێکهێنەری چەمکێکی ھەمەکی نییە؛ بەڵکوو “خۆی” سەربەخۆیە و بە ھیچ جەوھەرێکی موتەعالیەوە وابەستە نیە . شێعری” تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا ” ئەم گومانە فڕێ دەدا کە ئەدەبیات؛ جەوهەرێکە و هەر دەقێکی ئەدەبیش دیاردەیەکی تایبەت لەو جەوهەرەیە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، روونی ئەکاتەوە کە ئەدەبیات لەگەڵ خۆیدا ناهاولف و نابەرامبەرە.

“یا ایهاالذین آمنو

من لە ئێوە ئەوەتانەم خۆش ئەوێ

جوانیەکانی دانە دانە دانە دانە دانە دانە دانە داکەنێ”.

لێرەدا زمان بە وەستان و تەئکید لەسەر وشەی “دانە” ئاهەنگی کەلامی ئەپچڕێنێت و هێلێکی دەربازبوون پێکدێنێت کە نە لە چەشنی زمانی مانادارە؛ بەڵکوو داکەوتن و بەرەوە بونێکە لە نێو خودی زماندا کە مانا سەقەت ئەکاو و بە سەر مانا زاڵئەبێت. لە بەرهەمەپێشوەکانی شاعیری ناوبراو وەکو عەتا و گوگەکانی خانمی ١٩٦٨ تا رادەیەکی زۆر ئەم زمانە کەمینەییە رەچاو دەکرێت بەڵام لەم بەرهەمە دا بە تەواوەتی ئەچێتە ناو خانەی ئەدەبیاتی کەمینەوە. شوعەیب ، داھێنانێکی تازە لە زمانی کوردی ئەخولقێنێت و لە سیستەمی ئەدەبی پێش لە خۆی دەرباز ئەبێت. لە لایەکی ترەوە لە ئەدەبیاتی کەمینەدا ، ھەموشتێک سیاسییە. بەو واتایەی کە ئەو فەزا ترنجاو و خڕبوەوەی بەجۆرێکە کە ھەر رووداوێکی شەخسی و کەسانی بە ناچار ، ڕاستەوخۆ بە سیاسەتەوە گرێ ئەخوات. بەم جۆرە ، رووداوە تاکەکەسیەکان ، لە ھەر کاتێک زۆرتر، زەروورە ، پارێزھەڵنەگری و گەورەبونەوەیەکی میکرۆسکۆپی پەیا ئەکەن.

“ناوی ئەو کوڕەی ڕۆژێ بێ دەنگ

بێ دەنگ لە پشت مەدرەسەوە دەنگیان داخست      داوود بوو

پێغەمبەر نەبوو     داوودبوو بە بێ دەنگی دەنگیان داخست و تۆ دەستت ھەر لە گیرفانتا بوو.

لێرەدا رووداوی داوود کە ئەزمونێکی تاکەکەسی شاعیرە و لەوانەیە لە منداڵی دا لە مەدرەسە بۆ شاعیر رووی دابێت، زووم ئەبێت و ئەچێتە ژێر میکرۆسکۆپەوە. بە جۆرێک کە بە ھەموو جیھان و ئێمەی بەردەنگەوە پێوەندی پەیا ئەکات.

ئەوەی کە نووسەر بە شێوازێکی یۆنیک ئەیڵێت، لە پێشدا ئاکارێکی ئاوبەش و سیاسی ساز دەکات و شتێک کە ئەیڵێت یا کردەوەیەک کە ئەیکا ، زەرورەتەن سیاسیە، ئەگەرچی تەنانەت خەڵکی لەگەڵیا ھاوڕا نەبن.

خاڵێکی تر سەبارەت بە سیاسی بونی ئەدەبیاتی کەمینە ئەگەڕێتەوە بۆ  فۆڕمی خودی زمان و رۆڵێک کە زمان ئەیگێڕێت. ئەوەی کە ئەم زمانەی کردووە بە زمانێکی نەناسراو و تۆقێنەر ئەگەڕێتەوە بۆ پێگە و بنەمای کۆمەڵایەتی زمانی کەمینە. ئەم زمانە نە ئەکەوێتە ناو خانەی زمانی کوردییەوە نە ئەکەوێتە دەرەوەی. ھەر ئەم ئاست و دۆخە دووفاقییەیە کە زمان گیرۆدەی لاڵە پەتەیی و توندیەکی لە رادەبەدەر ئەکات و لە ھەموو جۆرە فۆڕم و مەعریفەیەک دەربازی ئەکات . ئەم تایبەتمەندیە بێ شکڵ و شێوەی زمان، زمان ئەخاتە ناو دۆخێکەوە کە ھەم کوردیە ھەم کوردی نیە . ئەم دۆخە ئاڵۆزەی زمان کە ھەم خۆیەتی و ھەم لە دەرەوەی خۆی وەبیرھێنەرەوەی چەمکێکی ئاگامبێنە کە ناوی ئەنێت”حەیاتی رووت” . بوونێک کە نە لە دەرەوەی یاسایە نە لە ناوەوەی بەڵکوو لە رێگەی چوونەدەرەوەی لە بازنەی ئێپیستمە و زۆرینە بە تەواوەتی لەگەڵ ئێپیستمە/یاسا یەک ئەبێت. لەم رووەوەیە  کە شوعەیب زمانی کوردی ئەخاتە ناو دۆخێکی نائاساییەوە و ئەم راستیە سەرەکییەی ئێپیستمە/یاسا بە ئێمەی بەردەنگ پیشان دەدات کە ئێپیستمە/یاسا بە گیرۆدەکردنی زمانی کوردی، زمانی کوردی فڕێ ئەداتە نێو دۆخی حەیاتی رووتەوە. بێ گومان ئەمە زمانی شاعیرە کە وا ئەکات ئێمەی بەردەنگ، پێکھاتەی ئەم دۆخە ئاڵۆز و بێ شکڵ و فۆرمەی جیھانی مۆدێڕن ھەست پێ بکەین. زمانی شوعەیب بەڵگەیەکی تەواوە لەسەر گرێبەستی چارەنووسی ترسناکی تاکی مۆدێرن بە حەیاتی روووتەوە. ئەو چارەنووسەی کە زمان تێیدا بە تەواوەتی لە ئاستێکی نادیار و نەناسراو بەسەر ئەبات. ھەر ئەم ناڕوونی و نادیاربوونەی زمان لە حەیاتی رووتایە کە وا ئەکات سوژە/زمان لە ئاست و دەڤەرێکی “ناوەینی” خۆی ببینێتەوە کە نە بێگانەیە نە ناوچەیی .نە تاکە کەسییە نە گشتیی. نە ناوەیە نە دەرەوە… .

ئەم زمانە نەناسراو و لیڵە بە ھیچ شێوەیەک نابێ بمانخاتە ئەو گومانەوە کە ئەم زمانە ، لە چەشنی ھەمان زمانی مرۆڤە دێریکەکانە. بۆ ئەوەی کە ئەگەر چی زمان لێرەدا ئەکەوێتە دەرەوەی  یاساوە بەڵام لە ھەمان کاتیشدا لە ڕاستەقینە ، ڕاست ترە. ئینتزاعی بوونی ئەم زمانە بە تەواوەتی بەرھەمی دۆخی زەمانەی ھاوچەرخە نە لێکەوتەی”پێوەندی”لەگەڵ سرووشتا. زمانی شوعەیب بە رادیکاڵ ترین شێوە تایبەتمەندی بنەڕەتی دۆخی ھاوچەرخ دەخاتە پێش چاوی ئێمە .ئەو تایبەتمەندییەی کە زمان تووشی لاڵەپەتەیی و گرفت ئەکات و زمان پەک ئەخات.

 


 

سەرچاوە:

کافکا به سوی ادبیات اقلیت، وضعیت استثنایی

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا