چاپی ڕۆمانی ”سژین” بە زمانی ئینگلیزی

هاوچەرخ

ڕۆمانی کوردی ”سژین” لە نووسینی ئەنوەر عەباسی (هەرەس) بە زمانی ئینگلیزیش چاپ و بڵاو بوویەوە. ئەم ڕۆمانە پێشتر سێ جار لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢١ بە زمانی کوردی و یەکجار لە ساڵی ٢٠٢١ بە زمانی فارسی (بە وەرگێڕانی عادڵ قادری) چاپ و بڵاو بووەتەوە.

تارا کۆرکماز وەرگێڕی ئینگلیزی ڕۆمانی سژین لەم بارەوە بە هاوچەرخی وت:

یەکەمجار کە سژین ـم خوێندەوە بە خۆمم وت ”ئەم ڕۆمانە دەبێ بکرێ بە ئینگلیزی”. لەبەر ئەوەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم ڕۆمانە زمانی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە هەتا ئێستا کەمترین بەشداری لە نێو زمانی ئینگلیزیدا هەبووە. بە تایبەت ئەم ڕۆمانە ڕەهەندێکی جیاوازی ژیانی کوردانمان پیشان دەدات کە هەتا ئێستا نەمدیوە کەسێکی دیکە ئاوا چووبێتە نێوئاخنیەوە. بۆیە بە ویستی خۆم و بە بێ هیچ بەرانبەرێک دەستم دایە وەرگیڕانی ئەم بەرهەمە. هەڵبەت دەزانم ئەمە کارێکی پیشەیی نییە و ڕەنگە وەرگێڕە پیشەییەکان بەم کارەم توڕە بکەم بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە من وەرگێڕان وەکوو کار و ئیش نییە بۆم و لەم ڕێگایەوە ناژیم. من تەنیا لەبەر حەزی خۆم و بۆ ئەو شتانەی کە باوەڕم پێیانە دەست بۆ وەرگێڕان دەبەم.
من نزیکەی چل ساڵە لە وڵاتێکی ئینگلیزی زماندا دەژیم و کەسێکی ئاکادێمیکم و بوارێکی هونەرم خوێندووە و خۆیشم دەستی نووسینی شێعرم هەیە بەڵام لە ڕاستیدا کاری وەرگێڕان هەمیشە کارێکی ئەستەم و سەختە. مەسەلە تەنیا ئەوە نییە کە بەرهەمێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکیتر دەگوازیتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە تۆ دەبێ جیهانێک بگوازیتەوە نێو جیهانێکی دیکە. بە تایبەت ئەگەر نووسەرەکە کەسێکی وەکوو کاک هەرەس بێت کە هیچ وشەیەک بە بێ هۆکار دەکار ناکات و بە تایبەت لەم ڕۆمانەدا زمانێکی ئایرۆنیک و توانجاوی هەیە. هەر بۆیە بە پێویستم زانی لە هەموو قۆناغێکی کارەکەدا لەگەڵ نووسەردا لە پەیوەندیدا بم و لە هەر شوێنێک هەستم کردبێ لە ڕستەیەک بەگومانم، پەیوەندییم بە نووسەرەوە کردووە بۆ ئەوەی کە دڵنیا بمەوە ئایا ئەو شتەی کە من تێگەیشتووم، هەمان شتە کە نووسەر مەبەستی بووە یان نا. سەرەڕای ئەمانەش ئەم وەرگێڕانەم بۆ سێ ئاکادێمیستی ئینگلیزی زمانی دیکەش ناردووە کە پێش چاپ زمانەکەی هەڵسەنگێنن و بە خۆشحاڵییەوە هەر سێ کەسەکە زمانی وەرگێڕانەکەیان لە لا پەسەند و گونجاو و ڕەوان بوو. هەموو ئەمانە وایان کرد وەرگێڕانی سژین زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت بەڵام لە کۆتاییدا ئەم وەرگێڕانە بوو بە بەرهەمێک کە دەتوانم هەتا کۆتایی تەمەنم شانازی پێوە بکەم. لە ئێستاوە چاوەڕێی ڕۆمانی داهاتووی نووسەری سژینم.

لێرەوە دەتوانن سژین ـی ئینگلیزی بکڕن.

 

 

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا