سەگەکانیش دەگرین – جێگر بەختیار / چیرۆک

جێگر بەختیار

.

 (سەگێکی برسی ئێسقانێک لەژێر گڵ دەشارێتەوە.)

١

لەبەردەم ئاوێنە وەستاوم. حەو حەو. دەوم بەش دەکەمەوە، سەیری ددانەکانم دەکەم. پەنجەم بەنێو ددانەکانم دادەھێنم. زمانم دەردەھێنم. ھ ھ ھ حەو حەو. دەستێک بە زنجیرەکەی ملم دادەھێنم. سەرم بەولا و بەملا دادەدەم. ھ ھ ھ. دوو_سێ جار قونم بابدەدەم. کلکم دەجوڵێت. دەچمە بەردەرگا. چۆکەکانم و لەپی ھەردوو دەستم دەخەمە سەر زەوی. چاوەڕێی خاوەنەکەم دەکەم. خاوەنەکەم بەرەو ڕووم دێت. حەو حەو. فیکەیەکم بۆ لێدەدا و دەست بەسەرم دادەھێنێ.  حەو حەو.

بەجلێکی سەرتاپا ڕەش دێتە لام. جلەکانی بەری نوێن. یان ڕەنگە تازە مەکو کرابن. نڕخی جلەکانی زۆر گرانن. نازانم. ڕەنگە گران بن.  کاتژمێرەکەی دەستی زێڕە. ئەنگوستیلەکەش. پێڵاوکانی تۆزیان لەسەر نەنیشتووە. 

سەری زنجیرەکەی ملم دەگرێت و بەدوای خۆی ڕامدەکێشت. دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی دەکاتەوە. لەپشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە جێگای خۆم دەکەمەوە. حەو حەو. بەڕێدەکەوین. جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. دووکەڵی جگەرە بەناو لوتم گوزەر دەکا.  

دەنگی موزیکی ناو ئۆتۆمبێلەکەی زیاد دەکا. گۆرانیەکی ئینگلیزییە من تێی ناگەم. سەری لەگەڵ گۆرانیەکە بادەدا. 

لەبەردەم یانەیەکی مۆدێرن دەوەستێت. دادەبەزێ و دەرگام لەسەردەکاتەوە. خۆم فڕێدەدەمە خوارێ. حەو حەو. زنجیرەکەم دەگرم و دەیدەمە دەستی. بەدوای خۆی ڕامدەکێشێت.  

دەچینە ناوەوەی یانەکە. دەنگی موزیک بەرزە. سڵاو لە ھاوڕێکانی دەکا. کچە ھاوڕێکانی بەرەو ڕووی دێن و ماچی دەیەکتر دەکەن. 

ـ وەی گیان چەند جوانە.

ـ دانەیەکی تریشم ھەیە لەماڵەوە جێم ھێشتووە.

ـ منیش حەزم لێیە دانەیەکی وام ھەبێ.

پەنجە ناسکەکانی بەسەر سەرم دادەھێنێ. تەزوویەکی گەرم بەگیانم دادێ. حەو حەو. حەزدەکەم پەنجەی لەسەر سەرم لانەبا. 

دەچنە لای مێزێک و منیش لەبەردەم مێزەکە دادەنیشم. 

فیکەیەک لێدەدا. 

حەو حەو.

ـ گەمژە لەگەڵ تۆم نییە. گارسۆن گارسۆن

ـ بەڵێ

ـ مێزەکە بڕازێنەوە. 

دوای کەمێک گاڕسۆنەکە دەگەڕێتەوە لایان بەخۆی و سینیەکی پڕ لەبیرە و شیرینی. پێ لەسەر کلکم دەنێ. ھیچ ئازارم پێناگا. ئاگاداری دەکەمەوە . حەو حەو.

ـ ئۆھ ببوورە.

بە دەستم کلکم پاک دەکەمەوە و دەیھێنمە بەردەمم. دایدەنێنم. دەخۆنەوە و سەریان گەرم دەکەن. کچە ھاوڕێکانیان بەرماوەی کێکە ماوەکەی بەردەمیان ھەڵدەدەنە پێشم. ھەڵیدەگرمەوە و دەیخۆم. بەزمانم لێوم دەسڕمەوە. حەو حەو. 

ھاوڕێکانی بانگی دەکەن. دەچێتە بەردەم مێزی قومارەکەیان.

ـ وەرە یارییەک بکەین.

ـ بیست و یەک؟

ـ بەڵێ

دەست دەکەن بەقومار. ھەم دەخوات و دەخواتەوە و ھەمیش قومار دەکا. یەکێک لە ھاوڕێکانی پارچەیەک گۆشتی برژاو ھەڵدەگرێ و فیکەیەک لێدەدا. 

حەو حەو. 

لەسەر چۆک بەقیتی بەرەو ڕوی دەڕۆم دەستەکانم تا ئاستی سینگم بەرز دەکەمەوە. پارچە گۆشتە برژاوەکە نزیک دەکاتەوە لەلووتم. ھ ھ ھ حەو حەو. دەوم دەکەمەوە بیخاتە دەوم.  ھەڵیدەدات بەردەم ھاوڕێیەکی تری. ھەڵیدەگرێتەوە و فیکەیەک لێدەدا. لەسەر چۆم خۆم دەخشێنمە نزیکی. حەو حەو.  لەلوتمی نزیک دەکاتەوە و فڕێدەداتە بەردەم کچە ھاوڕێکەی. 

ھەلیدەگرێتەوە و بەزەیی پێمدادێتەوە. پارچە گۆشتە برژاوەکە فڕێدەداتە ناو تەنەکەی خۆڵەکە. 

ـ بەسە وازی لێبێنن، یاریەکەتان تەواو کەن.

دەنگی پێکەنینی کچ و کورەکان تێکەڵ دەبێت. بەدەستم گوێچکەم دەخورێنم. حەو حەو.

دەمێکە یاری بەردەوامە و سەدان دۆلار لەسەر مێزی قومارەکەیە. سەیری دوو وەرەقەی ژێر دەستی خاوەنەکەم دەکەم. ھەڵیدەداتەوە. ( وەلەد کوپە، سێی  سینەک). 

ـ با وەرەقەیەکەی تر بێت. 

بە ترسەوە ھێواش ھێواش بەرزی دەکاتەوە. ( شایب دینار).

مستێک لە مێزەکەی بەردەمی خۆی دەدا. 

ـ دۆڕاندم. بیست و سێ

ھەڵدەستێت مێزەکە جێبھێڵێت. 

ـ بۆ ئەمشەو بەسە. 

ھەڵدەستێت و شەقێک لە قونم ھەڵدەدا. 

ـ بابڕۆین. 

سەرخۆشە و ھێزی ڕۆیشتنی نییە. زنجیرەکەم ھەڵدەگرم و بەدوایدا دەڕۆم. دەرگای ئۆتۆبێلەکە دەکەمەوە و سەردەکەوم. مستێک لە (فۆلیۆم) دەدات و دەیکوژێنێتەوە. 

دەگەڕێینەوە ماڵەوە.  گۆرانییەکە داگیرساوە. دەچێتە ژووری خۆی. منیش دەچمە ژوورەکەم. جلەکانی بەرم دادەکەنم. حەو حەو. 

سەیری مۆبایلەکەم دەکەم. چەند پەیوەندیەکی وەڵامنەدراوەم ھەیە. پەیوەندی بە ژمارەکەی دایکم دەکەم. 

ـ ئەلو

ـ بەڵێ دایە

ـ چۆنیت کوڕم؟

ـ باشم دایە گیان.

ـ زۆر پەیوەندیم کرد وەڵامت نەبوو؟

ـ لەکار بووم دایە.

ـ بەم نیوەی شەوە و کار؟

ـ کارەکەی من وایە.

ـ دەباشە ڕۆڵە وریایی خۆت بە.

ـ باشە دایە گیان.

ـ خوات لەگەڵ.

مۆبایلەکەم دادەخەم و فرمێسک لە چاوم دێتە خوارێ. حەو حەو.

٢

ھەموو بەیانییەک زەنگی مۆبایلەکەم بەخەبەرم دەھێنێ.  دەچمە بەردەم دەست شۆرەکە و دەموچاو ددانەکانم دەشۆم. بەمەکینەی سەرم دەتاشم و سفری دەکەم. موس لە ریشم دەدەم. خواردنێکی خێرا ئامادە دەکەم. بەخێراییش خواردنەکەم دەخۆم. سەیری ڕۆژمێری سەردیوارەکم دەکەم. خەتێک بەسەر ئەمڕۆ دادەھێنم. دەڕوانمە گرێبەستی کارەکەم و بە پەنجەی دەست ئەو ڕۆژانە دەژمێرم، کە ماومە.  سندوقێکی بچووکم ھەیە، کە لەژێر چوارپاکە حەشارمداوە. ڕایدەکێشم و دەری دەھێنم. تەواوی ئەو موچانەی تێدایە، کە وەرم گرتووە. 

سندوقە بچووکەکە دەخەمەوە شوێنی خۆی. 

سەیری کاتژمێر دەکەم، تا بزانم زۆری ماوە ببێتە ھەشتی تەواو. گەر کاتم مابێت خۆم خەریک دەکەم بە  ئینتەرنێت. 

لە خانوویەکی گەورە دەژیم. خانووی خۆم نییە. ھی خاوەنەکەمە. لێرە لە نھۆمی خوارەوە ژوورێکیان بەمن داوە. ژورێکیش بە ھاوپیشەکەم. جار جار یەکتر دەبینین. بەڵام یاسا ی ئێرە وایە نابێت زۆر بەیەکەوە بین. نەوەک لێمان ببێتە شەڕ. 

لێرە چەندان کارەکەر ھەیە و کار دەکەن. ئەوان نایەن بەلای ئێمەوە. ئێمە خۆمان خواردنی خۆمان ئامادە دەکەین و لەژوورەکانمان نایەینە دەرەوە. تا ئەوکاتەی گڵۆپی ژوورەکەمان دادەگیرسێ. ئەو کات ئامادە دەبین و دەچینە بەر دەرگا. 

جلەکانم لەبەر دەکەم. جلێکی زۆر جوانە. سەرتاپە سپی و چەند پەڵەیەکی ڕەشی تێدایە. جلی ھاوڕێکەشم ڕەشە و پەڵەی سپی تێدایە.  بەوە لەیەکتری جیا دەکرێینەوە. خاوەنەکمان حەزی لە چەھرەمان نییە. نایەوێت روخسارمان ببینێ. 

کە گڵۆپی سوور ھەڵکرا. لەبەردەم ئاوێنە دەوەستم. حەو حەو. دەوم بەش دەکەمەوە، سەیری ددانەکانم دەکەم. پەنجەم بەنێو ددانەکانم دادەھێنم. زمانم دەردەھێنم. ھ ھ ھ حەو حەو. دەستێک بە زنجیرەکەی ملم دادەھێنم. سەرم بەولا و بەملا دادەدەم. ھ ھ ھ. دوو_سێ جار قونم بابدەدەم. کلکم بادەدەم. دەچمە بەردەرگا.

٣

خاوەنەکەم چەند میوانێکی ھەیە. حەزدەکا نمایشێکی جوانیان پێشکەش بکا. گڵۆپی سوری ژوورەکم دادەگیرسێ. خێرا خۆم ئامادە دەکەم و دەچمە بەردەرگا. حەو حەو.

فیکەیەک لێدەدا و دەچمە بەردەمی. حەو حەو. لە دوەری ھەڵدەسوڕێم. لەبەردەمی یاری بەقاچەکانی دەکەم. زنجیرەکەم دەگرێت و ڕامدەکێشێتە گۆڕەپانی ھۆڵەکە. ھاوپیشەکەم لەوێ لەسەر چۆک دانیشتووە. 

حەو حەو. وەڵامی دەدەمەوە. حەو حەو. 

خاوەنەکەم زنجیری ملم دەکاتەوە.

ـ کس کس کس کس

ڕاستەوخۆ پەلاماری ھاوپیشەکەم دەدەم. چڕنۆکێک لە دەموچاوم دەدا. زامندارم ناکا. خۆم بە سەر سینگی دادەدەم و بە پشتدا بەری دەدەمەوە. ھەوڵدەدا ھەستێتەوە و خۆی بخاتە سەرم. قەپێک لە گوێچکەم دەگرێت. خوێن بە ملم دادێتە خوارێ. دەکەومە ژێری و بە چڕنووک دەکەوێتە سەرم. ئازاری گوێچکەم بێھێزم دەکا. توانای بەرگریم نامێنێت. بەردەوامە لەھێڕشکردنە سەرم. خاوەنەکەمان پشتە ملی دەگرێت و فیکەی بۆ لێدەدا. حەو حەو. 

زنجیرەکان دەکاتەوە ملمان. ھاوپیشەکەم دەباتە لایخۆی و منیش لەناوەڕاستی گۆڕەپانەکە دەمێنمەوە. پارچەیەک گۆشتی برژاو فڕێدەداتە بەردەمی. حەو حەو. دەست دەکا بە خواردنی. منیش لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە دەستم بە گوێم ناوە و فرمێسک لەچاوانم دێنە خوارێ.

٤

بەر پێنج مانگ بێ کار، لە باڵەخانەیەکی کۆن کەوتبووم.  بەدوای کارێکدا دەگەڕام. شەوانە کە لەباڵەخانەکە دەبووم ڕۆژنامەم دەخوێندەوە تا کارێک پەیا بکەم. بەڕۆژیش لە بازار و کارگەکان تاکو کارێکم دەست کەوێت. 

ئێواران کە بەسکی برسی دەگەڕامەوە، سەری زبڵدانی بەردەم خواردنگاکانم ھەڵدەدایەوە. تا شتێکی بدۆزمەوە و سکمی پێ تێر بکەم. سەموونی وشک. برنج و شلەی تێکەڵکراو. ئەو ڕانە گۆشتانەی تەنیا کرکراگەیان پێوە ماوە. یان ھەر شتێکی تر، کەسکم تێرکا.

ماوەی چەند ساڵێکە ماڵەوەمم جێھێشتووە، تاکو کارێک بکەم و خۆمی پێ بژیەنم. 

زۆر بەی کارەکانی ئێرەش یا بڕوانامەی بەرزی دەوێت یا ئەزموونی کارکردن. ھیچیانم نییە. 

نەمتوانی خوێندن تەواو کەم. بە دوو ساڵ پۆلێکم دەبڕی. تا لەکۆتایی دەرنەچووم و دەرکرام. لەوکاتەوە ھەوڵدەدەم کارێک بەدەست بێنم. تا لەکۆتاییدا، لە یەکێک لە ڕۆژنامەکان، ڕیکلامی ھەلی کارێکم دۆزییەوە. 

ھەر کە ڕۆژ بوویەوە چومە ئەو کۆمپانیایە کە کارەکەی بڵاوکردبوویەوە. 

ھەر لە دەرگای چوونەژوورەوە موچرکێک بە گیانم داھات و ترسێک دایگرتم.  حەو حەو.

دەیان قەفەسی گەورەم بینی. سەگی جۆراوجۆری تێدابوو.  

ئێستا ڕاھاتووم . ھەرکە گرێبەستەکەم تەواو دەبێت. ڕاستەو خۆ دەچمەوە کۆمپانیا. تا ئەوکاتەی گربەستێکی نوێم پێشکەش دەکرێ. 

قەفەسێکی چۆڵم دەدەنێ و لەوێ لە چاوەڕوانی دادەمێنمەوە. حەو حەو.

٥

دەقی گرێبەست

من (…….) بەڵێن دەدەم، خاوەنداریەتی سەگی ژمارە٧ بکەم. تا ماوەی (  ) مانگە. 

کە لە کۆمپانیای تایبەت  سەگی ژیر. بە بڕی( ١٠٠٠٠) وەرمگرتووە. 

مانگانە لەکاتی خۆیدا دا بڕی(٣٠٠) دۆلار و پارەی خۆراک بدەم بە سەگە ژیرەکە.

تێبینی: لەکاتی ھەبوونی ھەرکێشەیەک لەلایەن سەگە ژیرەکە، یان ڕۆیشتنی. کۆمپانیا بەرپرسیارە و بڕی تێچوو و پارەی گرێبەستەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ کڕیارەکە. یاخود کڕیار سەگێکی تر وەردەگرێت.

ھاوپێچ زانیاری جۆری سەگی ژیر. 

واژۆی خاوەن کۆمپانیا            واژۆی کڕیار

جۆری سەگی ژیر:

وێنەی کەسی:  

باڵا: ١٦٨ سم

ڕەنگی جل: سپی خاڵداری ڕەش.

تەمەن: ٢٢ ساڵ

کێش: ٥٥ کیلۆگرام

خوێن: +O

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا