کۆمەڵەشێعرێکی ئەنوەر عەباسی، بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاو کرایەوە

هاوچەرخ

.

هەڵبژاردەیەک لە شێعری ئەنوەر عەباسی (هەرەس) وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی و لە دوو توێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. تارا کۆرکماز وەرگێڕی ئەم کۆمەڵەشێعرە بە هاوچەرخی وت: وەرگێڕانی شێعری کەسانی وەکوو ئەنوەر عەباسی بۆ سەر زمانەکانی دیکە، سەختی و ئاستەنگی خۆی هەیە. بەشێکی ئەم ئاستەنگییە بۆ ئەو ماتەوزە زمانییانە دەگەڕێتەوە کە شاعیر کەڵکی لێوەرگرتووە و بە جؤرێک لە جۆرەکان شێعرەکانی کردووە بە شێعرگەلێکی زمانی کە لە زمانێکی دیاریکراودا روویانداوە و بۆ وەرگێرانی ئەم دەقانە، دەبێ وەرگیڕ ئەوانە بە تەواوی لە زمانی دووهەمدا بئافرێنێتەوە. لە وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا هەوڵم داوە ئەو شێعرانەی ئەنوەر عەباسی هەڵبژێرم کە ئەم ئاستەنگییانەیان کەمتر بوو. هەر بۆیە ئەم ناوەمان (Songs at a SUITABLE FREQUENCY From a 53Hz Whale) بۆ کتێبەکە هەڵبژارد کە توانیبێتم بە ڕستەیەک هەموو ئەم کەڵکەڵەیە بەیان بکەم. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم کار لەسەر شێعرە ئاڵۆز و زمانییەکانیشی بکەم و بە پێی توانا وەریانگێڕمە سەر زمانی ئینگلیزی.

تارا کۆرکماز وەرگێڕی ئەم شێعرانه دەرچووی ماستەری هونەرە جوانەکان (MFA) له بواری ”Documentary Media” لە زانکۆی ”Ryerson University School of Image Arts” ی وڵاتی کانادایە و ئەگەرچی خۆیشی شاعیرە بەڵام هاوکات هونەرمەندێکی ”نێوان بواریی” دێتە ئەژمار و چالاکییە هونەرییەکانی تەنیا ئەدەبیات ناگرێتەوە.

ئەنوەر عەباسی که زیاتر به نازناوی هەرەس ناسراوە، شاعیر و نووسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی سوێدە و هەتا ئێستا چەندین کتێبی شێعر و ڕۆمانی لە باشووری کوردستان و لە سوێد چاپ و بڵاو کردووەتەوە. ئەو لە بارەی ئەم کتێبەیەوە ئاوا دوا: لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵ درابوو شێعری من وەربگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە دوو توێی کتێبێکدا چاپ بکرێ بەڵام هەموو جارێک و بە هۆکاری جیاواز، ئەم کارە بە نیوەچڵی دەمایەوە. تارا کە ئێستا ئیتر یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانمە هاوکات کۆمەڵێک خاڵی باشی تێدا بوو کە وای کرد بتوانێ ئەم کارە ڕاپەڕێنێ. یەکەم ئەوەی کە خۆی شاعیرە و دووهەم ئەوەی کە هزرینە هونەرییەکەی ڕەنگ و بۆنی ئاکادێمیکی هەیە و زۆر باش لە دەق و هونەری هاوچەرخ تێدەگا. لە سەرووی هەموو ئەمانەوە تواناییەکی زۆر باشی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە کە وادەکا بە خەیاڵی ئاسوودەوە شێعرەکانی خۆمی پێ بسپێرم. ناوی کتێبەکە هەڵبژاردنی هەردووکمان بوو. ژمارەی ٥٣ بۆ من گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بەوەی کە بە جێگای پەنجا و دوو نووسیومانە پەنجاوسێ، ناوەکەمان تایبەتمەند کردووە و مەبەستێکی ئایرۆنیکاڵیشمان پێکاوە و شتی تریش… .

کتێبی ‘سترانەیلێک بە فڕێکوێنسی گونجاو لە نهەنگێکی ٥٣ هێرتزی’ لە لایەن چاپەمەنی لاگرانژ (Lagrange) لە وڵاتی فەڕانسە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئێستاکە لە وێبسایتی ئامازۆن لە بەردەستە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا