ئەمیر سراجەدین
ئەم گەڵایانە کە هەڵدەوەرن
لەتێکن لە جەستەی من،
لە زستانێکی درەنگدا دەپاییزێن.
لێرەدا گەڵا وشەیە!
لە مێشکێکی تەڤلهەڤ
لە زارێکی خوێناوڵەوە؛
لە من / لە ناخژانمەوە
لەم پلیکانانە قۆپەقۆپ دێتە خوار
تا لە چوارچێوەیەکی سپی تردا
وێڵ بێ بە دوای مانادا!
برینێکی نەپەنی دەمئێشێنێ
دەست دەباتە نێو دەمارەکانم
تێکدەئاڵێم و خوەزییە زیز بووەکانم
بەسەر پێستی ئەم وشانەدا دەڕێشمەوە.
خوەزی ئیرەییەکی ڕەبەنە؛
بە زمان / بە کات
کە نالکێن و ناسەکنن.
مرۆڤ ئێخسیری زمانە
یا زمان ئێخسیری مرۆڤ!؟
واتا ژانێکە دووپاتە!
دەبێ لە زەمانێکی گونجاودا،
زمانێک بدۆزمەوە لە ژێر باری واتا دەرمبێنێ،
تا لە چوارچێوەیەکی ڕەهاتردا ئەزم بۆ شی بکات!
من تابڵۆیەکی بێ ناوم؛
نیگارەیەکی ئەبستراکت،
هەڵواسراو بە ژێر و ژۆرێک،
کە هیچیان تەواوکەری یەکتر نین..
“سۆر” سوور دەخوات و “کر” زمانم دەگەزێ
سنوور د خەریبیا سەرێ من دە دزێن!
سنوور خەتهێلێن بێ واتە،
سنوور خەتهێلێن بێ داوی…
سنوور کۆچێکە نامانا؛ کە منم!
ئەز دبێژم هەر دەمێک بە زمان ناشرۆڤێ!
بە زەبری وشە،
واتاندن و بیچماندی ئەم ژانە
خەسارێکە بەم خەمە!
ئەم خەمە؛
پیتێکی نەبزوێنە لە ژێر زمانێکی بریندار.
ژ خوە “واتە” دۆرپێچاکرنا هەستێ ـیە
خەندقاندنا پەیڤانە د دۆرهێلێن زاگۆنیدە.
ئو واتاندنا ژانێ؛
سینووردارکرنا نەگۆتنێن ڤەشارتی.
نها چاوەڕێن چ ببیسن لە پاییزێکی ڕووت؟
خەمدرەختێکی بێ گەڵا،
لە بێدەنگی زیادتر،
هیچی تری پێ نییە!


وەڵامێک بنووسە