تابلۆکان گۆرانی دەڵێن، دیوارەکانیش | جێگر بەختیار | چیرۆک

جێگر بەختیار

.

سفر

«هەموو شەو تا بەیانی، بە خەیاڵی تۆوە ئەنووم
چاوم هەر لە ڕێگایە و وێنەکەت لە لێو دەسووم»*

١

من لە سوچێکی ژوورەکەمدا لێت دەڕوانم. تۆ لەسەر لادیوارێکی ژوورەکەم ھەڵواسراوی، لە بنمیچێک دەڕوانی. من بەدەم گۆرانی گوتنەوە بیر دەکەمەوە. تۆ بەدەم گۆرانییەوە بووی بە تابلۆ. من نیشتیمان ھەڕاج دەکەم. تۆ ئازارەکانی دەچڕیت. 

«ھەڕاجە، ھەڕاج. پارچە پارچەی ئەم نیشتیمان ھەڕاجە.»

«سیاسییەکی زۆر ڕەو.»

«بەرپرسێکی گەندەڵ.»

«قومارچییەکی خاک دۆڕاو.»

«سەرخۆشێكی خۆ بەھەموو شتزان.»

«بڕوانامە دەرچوون»

«گۆڕی گەنجێکی شەھید.»

«جووتە پۆستاڵێکی قوڕاوی.»

«بێوەژنێکی بەجێماو.»

«جەنگێکی دۆڕاو.»

«کلاشینکۆڤێکی بێ فیشەک.»

«کراسێکی خوێناوی.»

«پاکەتێک جگەرەی (ئێم ئێم)، نڕخەکەی پێنج سەت دینارە بەڵام دوو دانەی تێدا ماوە.»

«چەرخێک، کە غازەکەی خەریکە تەواو دەبێ.»

«تەسبیحێکی قاوەی. تێبینی: تەنیا یەکجار پساوە.»

«جزدانێکی بەتاڵ.»

«ئەڵقەیەکی فافۆن.»

«کاتژمێرێکی دەسک قایش.»

«کۆرپەیەکی نێو منداڵدان.»

«بێوەژنێکی گەنج.»

« دووگیانێکی بێوەژن.»

«ماڵێکی پڕ لە تەنیایی.»

«ھەڕاجە ھەڕاج، پارچە پارچەی ئەم نیشتیمان ھەڕاج دەکەم، جگە لە فرۆشیارەکەی.»

٢

چوار لادیوار بە ڕەنگی شەدری. خانوویەکی شین. پێنج تابلۆی بچووک. تابلۆیەکی گەورە. چوارپایەکی دوونەفەری، پڕ لە جیکەجیک. دوو سەرینی پڕ لە پەڕ. دۆشەکێکی گەورەی نەرم. سپلیتێکی لەکار کەوتوو. پەردەیەکی گوڵدار. پەنجەریکی تەلدار. سەقفێکی دارین. بنمیچێکی پڕ لە کون. چەند  دڵۆپەیەک. بارانێکی بەخوڕ. ڕەشەبایەکی بەھێز. دیوارێکی دەڵەزدار. تیڤییەکی سانسۆرکراو. مۆبایلی شاشە شکاو. ئینتەرنێتێکی پچڕ پچڕ.  سۆپایەکی بێ نەوت. کانتۆرێک جلی لەبەر نەکراو. جلێکی ڕەش. کانتۆرێک جلی پیاوان، لەژووری ژنێکی تەنیا. ئەلبومێی پڕ لە وێنەی بووک و زاوا. دە پەنجەی بێ ئەلقە. ئەلقەیەکی دانراو. دوو چاوی پڕ لەکل. کلی بە فرمێسک شۆڕاو. کلاشنکۆڤێکی بێفیشەک. شەش مەغزەنی بەتاڵ. کراسێکی بەخوێن. دوو پۆستاڵی قوڕاوی. پاکەتێک بە دوو دانە جگەرەوە. چەرخێکی دووسەت و پەنجا دیناری. جزدانێکی بەتاڵ. تەسبێحێکی قاوەیی. کاتژمێرێکی دەستی.

گۆرانیەکی (مەرزیە فەریقی). یادگارییەکی شیرین. ئازارێکی تاڵ. گڵۆپێکی لەرزۆک. کارەبایەکی بێ تەزوو. چەند جووت پێڵاوێکی پاک. ژنێکیی تەنیا. دووگیانێکی بێ ھاوسەر. ماڵێکی قەڕەباڵغ. ژوورێکی چۆڵ. زیندانێکی دەرگا واڵا. 

٣

بەیانییەکی زوو. لە کافێیەکی ھەرزان. لەبەردەم مێزێکی دوو نەفەری. ئینجانیەک گوڵی سوور، لەسەر مێز. مێزی قاوەیی. کورسی قاوەیی. گۆرانییەکی ؛(مەرزیە فەریقی). یەکەم ژوان. لە یەکەم جێژوان. دوو پیاڵە چای. پاکەتێک جگەرە. چەرخ. تەبڵەک. تەسبیح. مۆبایل.

تۆ بە پاڵتۆیەکی ڕەش و کراسێکی شین و پانتۆڕ و پێڵاوی ڕەش. من بە پاڵتۆیەکی زەرد و بلوزێکی زەرد و پانتۆڕێکی سپی. تۆ دەستت لە ناو گیرفانەکانت و من دەستم لە ژێر چەناگەم. تۆ چاوەکانت دەڕواننە چاوم و من چاوەکانم دەڕواننە چاوت. تۆ گوێ بۆ گۆرانییەکی

( مەرزیە فەریقی) ڕادەگری. من گوێ لەقسەکانت.  من دەڵێم: «کەی دەچیتەوە دەوام.» تۆ دەڵێیت:«جارێ گوێ لە گۆرانییەکە بگرە.» من دەڵێم: «کە ھاوسەرگیریمان کرد واز لە چەکداری بھێنە.» تۆ دەڵێی:«جاری گوێ لە گۆرابییەکە بگرە.» من دەلێم: «ئەو گۆرانییە دۆستە کۆنەکانت بیر دەێنێتەوە.» تۆ زەردەخەنەیەک دەکەیت و دەڵێی: «گۆرانییەکان برینپێچن.» من دەڵێم: «لەبەر تۆ حەز بەو گۆرانییە دەکەم.» تۆ ھیچ ناڵێیت، تەنیا سەیرم دەکەی و بزە دەکەوێتە سەر لێوەکانت.

 تۆ دەستەکانم دەگری و باسی موچە کەمەت دەکەی. من دەستەکانمت پێدەدەم و دڵ نەوایت دەکەم. تۆ باسی نۆژەنکردنەوەی خانووە کۆنەکەتان دەکەی و من بیرۆکەکانمت پێدەدەم. تۆ باسی ماڵێکی بەختەوەر دەکەیت و من بەڵێنی مانەوەت پێدەدەم. تۆ باسی حەزەکانت دەکەیت و منیش بیر لەجێگیر کردنیان دەکەمەوە لەنێو ماڵەکەمان. 

٤

تۆ بێدەنگیم دەشکێنی. ئەو گۆرانیانە دەچڕی کە حەزت لێیە. ئەو گۆرانیانەت دەلێیت، کە حەزم پێی کرد. 

تۆ گۆڕانی دەڵێیت و من خەوم بیردەچێتەوە. 

تۆ دەنگێکی تۆمارکراویت بە گوێمدا دەچرکێنی. من دەنگێگ لە قورگم دەخنکێ؛ گریانە. تۆ خەندەیەک لە سەر وێنەکەت بەجێماوە. من شلەیەک لە چاوم دێتە خوار؛ فرمێسکە. تۆ لەناو ئاپۆرا وەستاوییت و من لە چۆلەوانییەک؛ تەنیاییە. 

تۆ دەسرۆکەیەک لەدەستت دایە و ڕایدەوەشێنی. من دەسرۆکەیەک تەڕ تەڕ دەکەم.

من ھاژەھاژەی با دێتە گوێم. تۆ موزیکێکی نەرم دێتە گوێت. من کل لە چاوەکانم مەلە دەکا. تۆ چاویلکە چاوەکانت دەشارێتەوە. من لەناو قوماشێکی ڕەش ئاڵاوم. تۆ کراسێکی سپیت لەبەرە.

من چوارمێشی لە سەر چوارپاکەم دانیشتووم. من ئازارەکانم ھۆن ھۆن دەمگریەنێ. من تەنیایی دەست لە بینەقاقام دەنێ. من لەژوورەکەم زیندانم. 

تۆ گۆرانی یادەوەریەکانمی. تۆ تابلۆی دڵخوازی ھاوسەرەکەم بووی. برینپێچی برینەکانی بووی.  تۆ ھاوەڵی جێژوانی بووی. ئەی تابلۆی بێدەنگ ھەڵواسراو لە ژوورەکەم. تۆ بە دەستەکانی ھاوسەرەکەم ھەڵواسرای. ئەی کاسێتی پڕ لەگۆرانی غەمگین؛(مەرزیە فەریقی). گوێت لە گۆرانییە تۆمارکراوەکانت دەگرم و سەیری وێنەکانت دەکەم.

٥

بەیانییەکی زوو. بوولێڵە. خاکی نزیک سنوور. دەنگی تەقە. سوپای داگیرکەر. ھێڕشی لەناکاو. نیشتیمان پارێز. جەنگێکی نابەرانبەر. بەرگری کردنی ئەستەم. گەنجێکی بوێر. چەند گەنجێکی دەورەگیراو. فیشەکی کەم. دووژمنی زۆر. باران و با. تەمتومان. سەرمایەکی زۆر. لوت و پەنجەی تەزیوو. خاکێکی قوڕاوی. نزیکبوونەوەی داگیرکەر. شەڕێکی خوێناوی. ڕاکردنی میلی کاتژمێر. کات تێپەڕین. گوللەییەکی وێڵ. سینگێکی جێ نیشان. دڵێکی گەورە. برینێکی قوڵ. پەراسویەکی شکاو. فیچقەی خوێن. نوشتانەوەی چۆک. بەربوونەوەی لەش. کراسێکی خوێناوی. دەستێکی بە کلاشینکۆڤ. کلاشینکۆڤێکی بێ فیشەک. کۆمەڵێک قەوان. 

خوێن و قوڕ. کلاشنکۆڤ و قوڕ. فیشەک و قوڕ. قەوان و قوڕ. لاشە و قوڕ. دووچاوی کراوە.  دوو پێی خوساو لەناو پۆستاڵ. دە پەنجەی سڕ. پەنجەی سەر پەلاپیتکەی کلاشینکۆف. دەستێک لەسەر جێ برین. سییەکی بێ ئۆکسجین. شەھیدێکی نەمر.

٦

تۆ دەست لەسەر سکم دادەنێیت. من دەڵێم: «ئاگات لێیە دەجوڵێت.» تۆ زەردەخەنە دەکەوێتە سەر لێوت. تۆ دەنووشتێتەوە و سەر لەسەر سکم دادەنێی. من پەنجەکانم بەناو قژتدا دەگێڕم. تۆ چاوەکانت دادەخەیت و ھەست ڕادەگریت. تۆ قسە لەگەڵ کۆرپەی ناو سکم دەکەیت و من بەقسەکانت دەکەومە پێکەنین. من پەنجەکانم بەناو قژتدا دەگێڕم. تۆ دەڵێیت: «سبەی دەچمە دەوام.» من دڵتەنگی دام دەگرێت. تۆ بەڵێن دەدەی زوو بێیتەوە. من دەڵێم:«خۆزگە وازت لە چەکداری دەھێنا.» تۆ باسی نیشتیمان دەکەی. من سەیری سۆپایە بێ نەوتەکە دەکەم. تۆ دەچیتە لای پەنجەرە و جگەرەیەک دادەگیرسێنی. من لەشوێنی خۆم سەیرت دەکەم. تۆ خەیاڵ دەتباتەوە. من دەستم دەخەمە ژێر سکم و دێم باوەشت لێدەدەم. تۆ جگەرەکەت دەکوژێنیەوە لەباوەشم دەکەیت و نیوچاوانم ماچ دەکەی. من دەڵێم:«”وریای خۆت بە، چاوڕێت دەکەین.»

٧

خانوویەکی شین. ژوورێکی پڕ لە تەنیایی. ژنێکی دڵتەنگ. گۆرانییەکی غەمگین. بارانێکی بەخوڕ. ڕەشەبای بەھێز. ھەورەبروسکە. سەرما و سۆڵە. لافاوێکی بەخوڕ. سەقفێکی دڵۆپە دەر. کارەبا بڕان. تاریکی. تەنیایی. بومەلەرزەیەکی لەناکاو. لادیوارێکی ڕماو. کەوتنی تابلۆکان. سەقفێکی داتەپیو. ژنێکی تەنیا لەژێر کەرتە بلۆک. ھاوار و ئازار. خنکانی دەنگ. برینی کەللەی سەر. خوێن ڕژان. ھەناسە تەنگی. جەستەیەکی بێ جوڵە. تاریکی. مەرگێکی بێدەنگ. لاشەیەکی قوڕاوی. ھەزار خەونی لەبارچوو. لەدایک نەبوویەکی بێ باوک. منداڵێکی بێ گیان. گۆڕانییەکی تۆمار کراو. نیشتیمانێکی پڕ لە پینە. وڵاتێکی داڕماو. بێوەژنێکی بێکەس. شەھیدی نیشتیمان پارێز. شەڕێکی نابەرانبەر. پچڕانی ژیان. چەندین ماڵی خودان پرسە. 

ئازارێکی ھاوبەش. 

تیڤییەکی پڕ لە قاقا. سیاسی دەوری مێز. چەند گڵاسە شەڕابێک. ئاھەنگێکی پڕ لە جۆش. کچە مۆدێلی مەکرباز. بێژەری چەنەباز. ھەواڵی پڕ لە درۆ. سیاسەتمەندی دەمامک دار. چەند قومارچییەکی دۆڕاو. پارچەیەک خاکی بێ خاوەن. کۆتاییەکی بێ دەست پێک.

شاشەی تیڤی. کەناڵێکی ناوەخۆ. ھەواڵێکی بەپەلە. شریتێکی سوور. ڕەنووسێکی سپی. 

ـ بومەلەرزەیەک سەنتەری شاری ھەژاند. 

پڕوپاگەندەی برنج، سانتی، ڕۆن، دایبی. قاقا. قاقا. قاقا. پڕۆگرامی گاڵتەئامێز. دەستبازی مۆدێلەکان. چاوەشێک ھەزەلی. 

ھەواڵێکی بەپەلە. شریتێکی سوور . ڕەنووسێکی سپی. 

ـ تا دێ قوربانیان بوومەلەرزەکە ڕوو لەزیادبوون دەکا.

دڕامای دۆبلاژکراو. پڕوپاگەندەی برنج، سانتی، ڕۆن، دایبی. ھەواڵێکی بەپەلە، شریتێکی سوور. ڕەنوسێکی سپی.

ـ تەرمی چەند قوربانییەک لەژێر باڵەخانە ڕوخاوەکان بەجێ ماوە.

تێبینی: «ھەڕاجە ھەڕاج. پارچە پارچەی ئەم نیشتمانە ھەڕاجە، تەنیا جارێک بەکار ھاتووە. کڕیار خۆی بەرپرسە. فرۆشراو وەرناگرینەوە.»


*بەشێک لە گۆرانییەکی مەرزیە فەریقی، شیعری تاریق فەقێ عەبدوڵا.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا