چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی گێڕانەوەناسی | جەلال پوورحەسەن

هەواڵی هاوچەرخ

کتێبی گێڕانەوەناسی بە ناونیشانی لاوەکی دەلاقەیەک بەرەو گێڕانەوەی کوردی لە نووسینی جەلال پوورحەسەن لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی گوتار ـەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەو کتێبە لە چوار فەسڵ پێکهاتووە و وەکوو نووسەر ئاماژەی پێدەکات هەولی ئەوەیە لەم کتێبەدا بە شێوەی پێکهاتەیی، گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆمانە هەڵبژێردراوەکان لێکبداتەوە.
لە گێڕانەوەناسیدا لایەنی گرینگیدان بە گوتاری گێڕانەوەیی و ئەوەی کە چیرۆکێک چۆن دەگێڕدرێتەوە مژاری سەرەکی هەر لێکدانەوەیەکە، بۆیە پێکهاتەی بگێڕەوە و جۆرەکانی یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەو کتێبەیە. هەوڵی نووسەر لە فەسڵی یەکەمدا ئەوەیە کە باسی بگێڕەوە و گوتەکانی بکات، بۆ ئەوەش بەپێویستی زانیوە دوو بابەتی کات لە گێڕانەوە و شێوازەکانی ناوەندییکردن کە لایەنی دەق دیاری دەکەن بتوێژێتەوە. لە فەسڵی دووهەمدا هەول دراوە پێکهاتەی گێڕانەوەی سێهەم کەسی لە مێژووی چیرۆک و ڕۆمانە کوردییەکان بداتە بەر سەرنج و بۆ ئەو مەبەستە سێ قۆناغ بۆ لێکدانەوەی مێژوویی ڕۆمانەکان تەرخان کراوە. لە فەسڵی سێهەمدا نووسەر هەولی داوە ئاوڕ لە گوتەی کاراکتێرەکانی چیرۆک و ڕۆمان بداتەوە، تا لەو ڕێیەوە بتوانێ دەستەبەندییەکی گونجاو لە شێوازەکانی گوتاری کاراکتێران بە دەستەوە بدات و پێداگری ئەو فەسڵە زیاتر لە سەر گوتەی ناڕاستەوخۆی ئازادە کە دەکەونە نێوان گوتەی بگێڕەوەوە، چوون لەو دۆخەدا ناتوانین بە ڕوونی گوتە بە هی بگێڕەوە یا کاراکتێر بزانین و بەمشێوەیە دۆخێکی تەمومژاوی درووست دەبێت کە دەبێتە هۆی چەنددەنگی بوونی گێڕانەوە. فەسڵی چوارەم هەول دەدات لە پێگەی ئەزموونی ژیاو لە نێو گێڕانەوە بتوێژێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە چووەتە سۆراغی چەمکە هۆشەکییەکان لە زمان‌ناسی هۆشەکیدا. ئەو چەمکانەی جهانی ئێمەی کوردیان پێک هێناوە و بەشێکی زۆری توانست و فامی ئێمەیان لە جهان درووست کردووە. نووسەر لە مابەینی چەمکە هۆشەکییەکان و بابەتە گێڕانەوەییەکاندا پردێکی پێوەندی درووست کردووە تا نیشانی بدات کاتێک جهانێکی شیمانەکراو و خەیاڵی لە پەنا جهانی ڕاستەقینە بەرپا دەبێت خوێنەر چۆن نیشتەجێی ئەو جهانە دەبێت و گوزاەکانی وەک ڕاستەقینەیەکی قەبڵێندراو وەردەگرێت.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا