پەنجا و سێ گوڵ… لە چاپخانە هاتەوە!

هاوچەرخ

.

پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات، نوێترین بەرهەمی ئەنوەر عەباسی (هەرەس) شاعیری سەقزی لە چاپخانە هاتووەتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی باشووری کوردستان لە بەر دەستی خوێنەران دایە. ئەم کتێبە لە لایەن ناوەندی باڵندە وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

شاعیری ئەم کۆمەڵەشێعرە بە هاوچەرخی وت:

پەنجا و سێ گوڵ… ئەگەرچی چوارەمین ئەزموونی شێعری منە بەڵام لەم کۆمەڵەشێعرەدا بە شێوەیەک ئاوڕم لە سادەنووسین داوەتەوە و لە ڕاستی‌دا ئەم ئەزموونە لە باری فۆڕم و زمانەوە لە ئاراستەی ئەزموونەکانی پێشووم‌دا نییە و ڕەنگە لە داهاتوویش‌دا مەیلێکم بۆ دووبارە کردنەوەی نەبێ مەگەر بە پێی ویستی وەها ناوەرۆکێک و پێکانی وەها مەبەستێک کە لەم کتێبەدا هەمبووە. پێموایە و ئەمەم پێشتر لە نووسین و چاوپێکەوتنەکان‌دا باس کردووە کە هەر ناوەرۆکێک و هەر شێوازی ڕوانینێک، بە پێی باروودۆخ و ویست و کەڵکەڵەکانی شاعیر، فۆڕم و زمان و تەنانەت ستایلی تایبەتیی خۆی دەوێ و ئەمە تەنانەت کاریگەریی لەسەر بازنەی ئەو وشانەیش کە بەکاریان دێنێ، دادەنێ. هەر بەم پێیە وەکوو خۆم زۆرم باوەڕ بەوە نییە کە هەر شاعیرێک دەبێ فۆڕم و زمانێکی تایبەتیی خۆی هەبێت و هەموو ژیانی لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بێت. بێگومان هەر لەم زمان و فۆڕم و ستایلەدا کۆمەڵێک ئێلێمان پەیدا دەبن کە لە کاری شاعیرێک‌دا بەرجەستە دەبنەوە و دەبنە واژۆی تایبەتی شاعیرەکە و ئەمە باسێکی جیاوازە. شێعر بە گشتی و هەر تاکەشێعرێک بۆ من، ئەزموونی ژیانێکی سەربەخۆیە. ژیانێک کە ڕەنگە چەن چرکەیەک درێژە بکێشێ یان ساڵەهای ساڵ. پەنجا و سێ گوڵ… بەرهەمی بارودۆخێکی دەروونی و عاتفی ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێشی دوو ساڵەیە و هەر ئەم ئاڵۆزبوونی بابەتە وایکرد بۆ دەربڕینی پەنا بەرمە بەر زمانێکی ڕێک و ڕاست و بە دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزییەک کە تێکەڵێکە لە شێعر و پەخشان… لە ڕاستی‌دا لەم کتێبەم‌دا پتر لە هەر کتێبێکی دیکەم، دەمویست زۆرترین سەرەداو بدەمە بەردەنگەکەم… وەکوو تاوانبارێک کە هێندەی تاوان کردووە و پۆلیس هەر نەیتوانیوە دەستبەسەری بکات ئیتر ماندوو بووە و هەتا دەتوانێ سەرەداو لە خۆی بە جێدێڵێ. حەز دەکەم بمگرن!

 

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا