بە بێ من | ڤان شێرزاد | شێعر | لاونووس

ڤان شێرزاد

دەبێ بە بێ من 

بازنەی خەوە ڕەش و سپیەکانت 

لەناو سەری پڕ خەیاڵی ڕەنگا ڕەنگت 

چۆن سەما بکات؟

دەبێ بەبێ من

زمانی شیعریت لەسەر لاپەڕەی 

دڵدانەوەی ڕۆژانەت چۆن شێوەن بکات

ئەو ڕۆژانەی کە نیم! 

دەزانم بەچیدا تێدەپەڕی

دەزانم شەڕ بە هەموو دۆستەکانت دەفرۆشی 

دەزانم پڕ دەدەیە سێبەرەکەشت و دەتەوێت داخی نەبوونی منی پێ بڕێژی

دەزانم دەتەوێت دەجار بەسەر یەکەوە تف بکەیتە ڕووی بوون

دەزانم بێ منی، کراسی هەموو حەزە ڕەنگاوڕەنگەکانت بەبەردا دەکاتەوە بە ڕەش

لە دڵی خۆتدا دەڵێی ئەمجارە دەستم پێت بگاتەوە

تەواوی بوونت تووند تووند دەگرم و دەتڕژێنمە ووجودمەوە

ئیدی لەهیچ ئێوارەیەکی پڕتەقاڵی،

ونم ناکەیت و

لە سبحەینانێکی شیندا بەدوامدا ناگەڕێیت 

 وەک نێرینەیەک بۆ ئەبەد ڕازی دەبیت

بە دۆزەخی مێینە کافرێکی وەک من…


پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا