چاپی بەرهەمێکی شێعریی نوێی شوعەیب میرزایی | لێرە و لەوێ

هاوچەرخ

 

 

 

”با لە سەگ ساردترە من لە تەنیایی” ناوی نوێترین دەفتەری شێعریی شاعیری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوعەیب میرزایی و هەڵگری شێعرێکی درێژە کە لە باڵای ٩٢ لاپەڕەدا دەردەکەوێ و پەنجەمین کتێبی شوعەیب میرزایی دێتە ئەژمار.

شوعەیب میرزایی کە لە شاعیرانی پێشەنگی بەرەی نوێی شێعری کوردستانە لە بارەی ئەم کتێبەوە بە هەواڵنێری هاوچەرخی وت: سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان و سەرەڕای ئەوەی زۆری ماندوو کردم، بەڵام تەواو بوو و ئەم شێعرەشم هاتە سەر تاوانەکانی پێشووم! ئەوەندەی ماندوو کردووم کە تەنانەت گیانی لەسەر دوانیم تێدا نەماوە و تەنیا دەتوانم پێشەکییەکتان پێشکەش بکەم کە بۆ کتێبەکەم نووسیوە:

”ئەم کتێبە بە بێ پێشەکی دەست پێ ئەکات.لەم کتێبەدا هەرکەسێ بەعەرەبی ئەدوێ؛ یان خوایە، یان مەحموود دەروێشە یان خوای مەحموود دەروێش.

هەرکەسیش بە فارسی ئەدوێت با بدوێ کێ بە کێیە، لاڵ کە زمانی کارەسات بوو  مەجبووری تەنانەت بە زمانی سوورپێستەکانیش بدوێیت، کێ بە کێیە!
هەر کەسێ پێ وایە شێعر بایەخی ئەوەی نییە دڵی کەسی پێ بڕەنجێنی، دیارە نازانێ رەنج چییە، کەواتە وا باشترە، یا هەرگیز نەدوێت یان ئەوەندە بڕەنجێ تا چاوی دەرتێ، کێ بە کێیە!
لەم کتێبە لەوەتەی ون براو، ئەکبەر مەنسووری بە جگەرەیێ بەهمەن و جووتێ سەرپایی شڕەوە ون برا. وشەی رەنگ و رەنگی پریۆدی قەدەغە نووسراوە.

هەر کەسێ پێ وایە شێعر نووسین، گەمەیە و بە لاقرتێ کردن ئەتوانێ شاعیر بێت، دیارە  تا ئێستا لە گەڵ ژورژ باتایە سەری بە ناو قوونی هەتاوا نەکردووە، کێ بە کێیە.
ئەم کتێبە بە بێ پێشەکی دەست پێ ئەکا و گرنگ نییە کەس لە جوانیناسیم تێ بگات، گرنگ ئەوەیە فام بکا؛ با لە سەگ ساردترە، من لە تەنیایی”.

ئەم دەفتەرە شێعرییە لە چەن ڕۆژی داهاتوودا لە سلێمانی و لایەن چاپەمەنی ماڵی ڕۆنان ـەوە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا