ژاوەژاو

جێگر بەختیار

.

ئاخر بە تۆ چی، چیم کرد ، چی بکەم، چی دەکەم؟ 

بە تۆ چی ، چی بوو، چی چوو ، چی دەبێ؟

بە تۆ چی، چۆن بوو، چۆن دەبێ، چۆنە؟

بە تۆ چی، ئیتر من ئاوا ژیام، ئاوا لەدایک بووم؟

بە تۆ چی، کە تێگەیشتم و فامم کرد منداڵێکی ترسنۆک بووم، لە ترسان زۆر جار میزم بەخۆمدا دەکرد، کە بەشەر دەھاتم لە دواوە ھێرشم دەبرد، کە دەمزانی لێم دەدەن ھەڵدەھاتم؟ 

بە تۆ چی، باوکم بە سەرخۆشی شەوانە دەگەڕایەوە ماڵەوە و لە دایکمی دەدا؟ بە تۆ چی، لەژێر بەتانی ھەڵدەلەرزیم و خۆم گڕمۆڵە دەکرد؟ بە تۆ چی،  لە ژێر نوینەکەم سەیری باوکمم دەکرد، کە دەرگای دەکردەوە و لەسەر دەرگا پەلامیزی ھەڵدەدا و زنجیری پانتۆڵەکەی ھەڵدکێشایەوە خۆی ھەڵدەدایە سەر سینگی دایکم؟

بە تۆ چی، گوێم لە ھانکە ھانی ڕەحەت بوونی  باوکم و نڕکەی گریانی دایکم دەگرت؟  

بە تۆ چی، بەیانیان کە دەبوو بچمە خوێندنگە خۆم دەدزیەوە و نەدەچووم؟ بە تۆ چی، کاغەزی تاقیکردنەوەکانمم دەدڕاند و نەم دەبردەوە ماڵەوە؟ بە تۆ چی، بە دوو ساڵ پۆلێکم دەبڕی و دەرنەدەچووم؟ بە تۆ چی، باوکم شەڵاقەی دەکردم لەسەر تەمبەڵی و ھاروھاجیم، چاک نەدەبووم؟

بە تۆ چی؟ کە شەیتانی بووم، دەرپێ و ستیانی کچە دراوسێیەکانم لەسەر تەناف دەدزی و لە نێو سەرینکەم دەمشاردنەوە؟ بە تۆ چی، شەوانە بۆنم دەکرد و لە ناوگەڵمم دەخشاند؟ 

بە تۆ چی، توکەبەرم بە موسی باوکم دەتاشی تا بەرم بێ؟ بە تۆ چی حەزم دەکرد زوو باڵغ بم؟

بە تۆ چی، دایکمم خۆشدەویست و لە باوکم دەترسام؟ 

بە تۆ چی، باوکم کە ئیشتیایی لە خواردنێک نەبایە نەدەبوو لە ماڵەکمان لێ بنرێت؟ بە تۆ چی، لە سەر سفرە باوکم قاپی خواردنەکەی بە دایکم دادەدا و جنێووی پێدەدا، منیش لە جێگەی خۆم دەستمم دەکردە مشت و ھیچم نەدەکرد؟ 

بە تۆ چی، باوکم کە مووچەکەی وەردەگرت بە چەقەنە لێدان و گۆرانی دەھاتەوە ماڵەوە؟ بە تۆ چی، دایکمی دەلاواندەوە و ئێمەی ماچ دەکرد؟ بە تۆ چی، ئەوکاتانە ھەستمان دەکرد زۆر دڵخۆشین؟

بە تۆ چی، دایکم ڕەمەزانان بەڕۆژی دەبوو و نیوڕۆیان خواردنی گەرمی بۆ باوکم حازر دەکرد؟ 

بە تۆ چی؟ 

دایکم دەیگوت: «”پیاوەکە بە ڕۆژوو بە بەرەکەت لە ماڵماندا نەماوە.” »

بە تۆ چی؟ 

باوکم دەیگووت: “پیاو حیزی نەکا و دزی نەکا ئەوەندە بەسە.”

بە تۆ چی؟ 

دایکم دەیگووت: ” ئەگەر بە ڕۆژووش نابی ڕێزی ڕەمەزانەکە بگرە.”

بە تۆ چی؟ 

باوکم دەیگووت: ” دڵم پاکە ئەوەندە بەسە.”

بە تۆ چی، دایکم  فتاری تەنیا بە ئاو دەکردەوە و باوکم فستەق و پاقلەی دەکردە مەزە؟

بە تۆ چی، دایکم دەستی بەرز دەکردەوە و بەسەر باوکمدا دەینەڕاند؟

بە تۆ چی، باوکم خوشکە گەورەکەمی لە قومار دۆڕاند؟ بە تۆ چی، خوشکە بچووکەکەمی لە چواردە ساڵی بە شوو دا؟ بە تۆ چی، خوشکە گەورەکەم خۆی سوتاند؟ بە تۆ چی، باوکم بە سەرخۆشی چووە مەڕاسیمی ناشتنی خوشکەکەم؟

بە تۆ چی، باوکم ھەندێ شەو لەگەڵ ھاوڕێکانی لە ماڵی ئێمە دەیان خواردەوە؟ بە تۆ چی، کە ھاوڕێیەکی باوکم دوای مەستبوونی ھەموویان ویستی دەستدرێژی بکاتە سەر دایکم و دایکم زلـلەیەکی لێدا و تفی لێکرد؟ 

بە تۆ چی، باوکم بە قایش کەوتە گیانی دایکم و لێیدا؟ 

بە تۆ چی؟ 

پێی گووت: ” ویستوویەتی گاڵتەت لەگەڵبکات ، کەچی تۆ تفت پێداکردووە.”

بە تۆ چی؟ 

دایکم گووتی: ” ئەو خوێڕیە ویستی تەعدام لێبکا.”

بە تۆ چی، باوکم ھێندەی تری لێدا؟ بە تۆ چی، من تەنیا دەستم دەکردە مشت و خۆمم دەخواردەوە؟

بە من چی، دایکم باوکمی جێ نەدەھێشت و بەرگەی لێدان و سوکایەتییەکانی دەگرت؟ بە من چی؟ دایکم جلەکانی خۆی پنی دەکرد و جلکەکانی باوکمی مەکو دەکرد؟  بە من چی، دایکم مەزەی بۆ باوکم حازر دەکرد؟ بەمن چی، دوای ئەو ھەمو لێدانە دایکم خۆی لە ژێر باوکم ڕادەخست؟ 

بە من چی، دایکم لای دراوسێکان گلەیی لە بەختی خۆی نەدەکرد  و شەوانیش چوار مشقی دادەنیشت و لەبەر خۆیەوە منگە منگی دەکرد؟ 

بە من چی، دایکم درۆی دەکرد و ھەڵەکانی ئێمەی دەشاردە نەکا باوکم لێماندا؟ بە من چی، باوکم شەوانە ئافرەتی دەھێنایەوە ماڵەوە و دایکم ھیچی نەدەگووت؟

بە من چی؟ 

خاوەن قەرزەکان دەھاتنە سەرماڵمان و دایکم دەرگەی نە دەکردەوە و دەیگووت: ” با وابزانن لە ماڵەوە نین خۆیان دەڕۆن. “

بە من چی؟ 

خاوەنی دوکانی سەر سوچەکە  بە دایکمی دەگووت: ” ڕێگای تریش ھەیە تا قەرزەکانتان ساف کەن.”

بەمن چی، دایکم سەری شۆڕ دەکرد و ھەنیسکی قوت دەداوە؟ 

بە من چی، باوکم ئارد و برنجی بەشەخۆراکی دەفرۆشتەوە و دایکم بە قەرز لە دووکانی سەر سوچەکە دەیکری؟

بە تۆ چی، کە دایکم چوو بوو ھەندێک قەرزی تر بکات، خاوەنی دووکانی سەر سوچەکە دەستدرێژی کردە سەر دایکم؟ بە تۆ چی، دایکم توانای سەربەرزکردنەوەی نەما؟ بەتۆ چی، دایکم بەرگەی ئەوەی نەگرت؟ بە تۆ چی، دایکم  خۆی سوتاند؟ بە تۆ چی، کە لاشەی قەقنەسی دایکمم بینی و قەترە قەترە فرمێسکم دەتکا و دەستم دەکردە مشت و پەنجەکانمم بەناولەپم دەگووشی؟ بە تۆ چی، ھۆکاری ئەو ڕوداوەم دەزانی و دەمەویست تۆڵەی دایکم بکەمەوە؟ بە تۆ چی، چووم چەقۆیەکی تیژم لە ناندینەکە ھەڵگرت چووم باوکم بکووژم؟ بە تۆ چی، کە سەیری چاوەکانی باوکمم کرد نەوێرام و چەقۆیەکەمم لە پشتم شاردەوە؟

بە تۆ چی، لە کاتی پرسەی دایکم لەسەر پردەکە پیاسەم دەکرد؟ بە تۆ چی شریتی ڕابوردووم دەھاتە بیر و ئاھم ھەڵدەکێشا؟ بە تۆ چی،  لەسەر پردەکە خۆم فڕێدایە خوارەوە؟ بە تۆ چی، ویستم خۆم بکووژم؟

بە تۆ چی، ئێستا میز و گوو لەبن خۆم دەکەم؟ بە تۆ چی،  تەواوی لەشم شەلەل بووە جگە لە سەرم ھیچ بەشێکی ترم ناجوڵێ ؟  بە تۆ چی، دابان عەتار داوای کردووە ئەو چیرۆکەی پێشکەش بکەم؟

ئەوانە ھەمووی بە تۆ چی؟!

ده ئیتر  بڕۆ بەلای کاری خۆتەوە و گیانم بکێشە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا