پیاسەیەک لە ماسیدا دەخنکێ | جێگر بەختیار | چیرۆک

جێگر بەختیار

 

یەک

‎شازدە هەنگاو بۆ پێشەوە. دوو هەنگاو لە لای ڕاستم بەجێ دەهێڵێت و بەژێر دیوارەکەدا شەش هەنگاو بۆ لای چەپی. ئەوە ئەندازەی ئێرەیە.

– بە یارمەتیتان، ئەمڕۆ لە شەقەی باڵ دەدەم و دەفڕم.

سەیری دەوروبەری دەکات و لەبەر خۆیەوە ئەم ڕستەیە دووبارە دەکاتەوە.

‎دیوارەکان سپین. ڕووناکییەکان سپین. پەنجەرەکان، نا ئێرە پەنجەرەی لێ نییە. دەرگاکە سپییە.

‎پێ پەتییە لەسەر ئەو زەوییە ڕووتە.

‎بێجامەکەی لەسەر کەمەری شۆڕ بووەتەوە، خەریکە لێی بکەوێتە خوارەوە.

چەند پەڵەیەکی شین لەسەر قۆڵی هەیە .‎ئەوە یەک، ئەوە دوو، ئەوە سێ، ئەوە چوار. ئەوانی تر شوێنەکانیان دیار نەماوە. ئەوانە جێگای دەرزین.

بە نینۆکی چەرمی سەر لێوی لێ دەکاتەوە. بە خوێندا دێت. بە یەخەی کراسەکەی دەیسڕێت. سوور دەڕژێتە سەر سپی.

ڕوو دەکاتە من. هەتا نێوقەد دەنوشتێتەوە. بە دەست هێمای سوپاس نیشان دەدا.

– بە خێربێن، بە خێربێن. سوپاس بۆ ئامادە بوونتان.

سەیری دەوروبەرم دەکەم تەنیا منم. گسکەکەم بە دەستمەوەیە و دەمەوێت ئێرە پاک بکەمەوە.

– تکایە بێدەنگ بن، تکایە گوێگرن. بە یارمەتیتان ئەمڕۆ باڵم لێ دەڕوێت، لە شەقەی باڵ دەدەم و دەفڕم.

دەست دەبات بۆ لووتی، وەک ئەوەی شتێکی لێ بکاتەوە. دەست دەبات بۆ سەری وەک ئەوەی قژی دەربهێنێت. سەری بەرز دەکاتەوە وەک ئەوەی لە ئاسمان بڕوانێت، بەڵام لەژێر ئەو بنمیچە ئاسمانێک بوونی نییە. باڵ و باسکی ڕادەوەشێنێت وەک ئەوەی بفڕێت.

سەرەتا دەستەکانی دەلەرزن. دواتر هەموو گیانی. بە پشتدا دەکەوێت، کەف دەچەرێنێ.

(هەستی بە تەنیایی دەکرد. کاتێک دڵی پڕ دەبوو دەهات قسەی دڵی خۆی بۆ دەکردم. کە قسەی لەگەڵ دەکردم ئاسوودە دەبوو. پێی دەگوتم: ماهی، ناوێکی چەند خۆشت هەیە. ماهی واتە ماسی.

پێی دە گوتم: قووتت دەدەم، باڵندەیەکی نێری نەوسنم.)

ڕادەکەمە لای. بێجامەکەی تەڕ بووە. هاواری دکتۆرەکان دەکەم. دوو پەرستار بەخێرایی دێنە ژوورەوە. هەڵی دەگرن و لەسەر قەرەوێڵە درێژی دەکەن. یەکێک لە پەرستارەکان دەرزییەک لە گیرفانی سەدرییەکەی دەردەهێنێت. بە دوای دەمارێکی گونجاودا دەگەڕێت.

دەرزییەکەی لێ دەدەن و دوای ئەوەی زەوییەکە پاک دەکەمەوە، پێم دەڵێن: با بڕۆین.

لە دوای چوونەدەرەوەمان دەرگەی لەسەر قوفڵ دەدەن.

(هەموو ڕۆژێک کە دڵتەنگ دەبوو دەهاتە لام، دەملاواندەوە. هۆگرم بوو، بە بێزارییەوە باسی ئەو کچانەی دەکرد کە ڕۆژانە دەیبینین. پێی دەگوتم: نا تۆ وانیت، بۆنی قەنەفڵ و مێخەکت لێ دێت. پرچە کاڵەکەت بەسەر شانتدا پەخش دەکەیت. خۆم دەڕازاندەوە، کراسی کوردیم دەکردە بەرم و کۆڵوانەم دەکردە شان. کڵاوم لەسەرم دەنا و لاسەرم دەبەست. بسکم بەر دەدایەوە سەر ڕوومەتم. ڕێک ئەوەم دەکرد کە حەزی لێ بوو.)

 

پەراوێزی یەکەم: سەرم لەناو کۆشم نابوو. بە ئاستەم چاوم هەڵهێنا. تەنیا دیوارێکی سپیم دەبینی، لەناو دونیایەکی مات. هەوڵمدا لەو زیندانە بێمە دەرەوە. دەنووکم لە دیوار دەخشان، چڕنووکم لێ گیر دەکرد. ماندووکەر بوو، بەڵام بەردەوام بووم، تاکوو هەڵم دڕی. هەر کە لەو دیوی دیوار سەرم دەرهێنا، تیشکی خۆر لە چاوی دام. چاوم دەکردەوە و دامدەخست، دەمویست ڕابێم لە بینینی ڕووناکی. وردە وردە ڕاهاتم و چاوم کردەوە، باڵندەی خۆڵەمێشی دەفڕین، شەپۆلی ئاوم بینی، گوێم لە جریوە بوو. تەنیا سەرم لە دەرەوە بوو، سەیری دەوروبەرم کرد، لەناو گۆیەکی سپی پەڵەداردا بووم. بەردەوام بووم تا زیاتر دیوارەکەم شکاند و هاتمە دەرەوە. ماندوو و برسی بەسەر پووشەکانەوە خۆم گرمۆڵە کرد.

دوو

دوو پۆلیس قۆڵەکانیان گرتبوو. کە هێنایانە ئێرە پەرێشان بوو. کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی سپی لەبەردا بوو. سەر قۆڵەکانی بە بۆیە ڕەساسی کردبوو. جلەکانیم لە بەری داکەند. شوێنی لێدان بە جەستەیەوە دیار بوو. لە پۆلیسەکانم پرسی: ئەو داماوە بۆ وای لێهاتووە؟

گوتیان: خەڵکی هێرشیان کردووەتە سەری.

هۆشی لای خۆی نەبوو. چەند جارێک ناوەکەیم پرسی. وەڵامێکی دروستی نەدەدامەوە. دەیگوت: من باڵندەم، دەفڕم.

پۆلیسێک زانیارییەکانی پێدام، فایلێکم بۆی کردەوە.

پیاوێکی سەیرە! هەندێک جار مات دەبێت و هیچ قسەیەک ناکات، هەندێک کاتیش بە ڕادەیەک هۆشمەندانە دەدوێت کە نازانین ئایا هەر بەڕاستی نەخۆشە یان نا؟ هێندە عاقڵانە دەدوێت مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەڵسوکەوتی نامۆیە.

(دەمویست پرچم لەسەر ڕوخساری پەخشان بکەم و پێی بڵێم: بۆنی بکە، بە پەنجەت دای بهێنە، بە هەناسەت تاڵ بەتاڵی لەسەر ڕوخسارت لادە. نەمکرد، نەمدەتوانی لە خەیاڵی بێمە دەرەوە و سەرم لەسەر شانی دابنێم.)

ناوی دارا یە. پێشتر چەند کتێبێکی چاپ کردووە. فەرمانبەرە. ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە و دوو منداڵی هەیە. ماوەی ساڵێکە لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە. دوای ئەوە زۆربەی کاتەکانی بە تەنیایی بردووتە سەر. ماوەی مانگێک بە بەردەوامی هاتووچۆی باخچەی ئاژەڵانی کردووە.

لە سەرەتاکاندا، لەبەر خۆیەوە ورتەورتی زۆر دەکرد.

دەرمانی هێورکەرەوەمان پێی دەدا.

سەیری ڕەفتاریمان دەکرد. کاتێک خواردنیان لەبەردەمی دادەنا، دەستی بەکار نەدەهێنا. وەک ئەوەی کۆتر بێت و دانەخۆرکە بکات، نانی دەخوارد. شەوانە درەنگ دەنگی دەهات، هاوار و قیژەیەکی ئاسایی نەبوو. پێمان وا بوو کابووس دەبینێت، بەڵام کە زەردەخەنە دەکەوتە سەر لێوی ئیتر تێنەدەگەیشتین کابووسە یان خەونێکی بە چێژ.

(دەمویست پێی بڵێم: ئێستا قسەی دڵتم بۆ بکە. سەیری چاوەکانی بکەم و بڵێم: دەی ئەوەتا، ئەو خاڵەی لە خوار برۆی چەپمە. پەنجەتی لەسەر دانێ.)

داوام کرد ژوورەکەی سپی بکەین، هەموو شمەکەکانی ناو ژوورەکەش، تا دەروونی ئارام بێتەوە. ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک پێڵاو لە پێی بکات. جگە لە ڕەنگی سپی بە هەر ڕەنگێکی تر وەک شێتانی لێ دێت، دەست دەوەشێنێت و هاوار دەکات.

بەردەوام وەک باڵندەیەک ڕەفتار دەکات. دەچێتە سەر قەرەیۆڵەکەی و خۆی فڕێ دەدات. دەڵێت: دەفڕم، سەیر بکەن دەفڕم.

(دەمەوێت سەری بخەمە ناو مەمکەکانم و پێی بڵێم: ئەوەش بۆنی قەنەفڵ و مێخەک. ناتوانم بیگەیەنمە خۆزگەکانی!)

پەراوێزی دووەم:

دەمم باش کردبووەوە. چاوەڕێی ژەمێکی باشم دەکرد. کە گەیشتە لام، ماسییەکی بە پشتدا دا، بە دەنووکی هەناوی ماسییەکەی دەخوراند. هێشتا دەمم کراوە بوو. پارچەپارچە ماسییەکەی لە دەمیدا دەجوو و دواتر دەڕشایەوە ناو دەمم. لێم نزیک بووەوە و خۆم خزاندە ژێری، پەڕی ژێر سینگی لە جەستەی ڕووتم دەخشا و ختوکەی دەدام.

سێ

ماوەی مانگێک بە بەردەوامی سەردانی ئێرەی دەکرد. سەرەتا کە دەهات پارەی هاتنە ژوورەوەم لێی وەردەگرت. دواتر کە بارودۆخیم بینی بەزەیم پێیدا دەهاتەوە. پارەکەیم پێی دەدایەوە. داماوێک بوو بۆ خۆی. پێشتر خاوەن کارەکەم ئاگاداری کردبوومەوە، کە چیتر نەهێڵم بێتە ژوورەوە. کەچی پێداگری دەکرد کە هەر دەبێت بێتە ژوورەوە. بە ناچاری ئیزنم دەدا. بەڵام زوو دەمکردە دەرەوە.

هەمیشە دەچووە لای حەوزەکە ڕادەوەستا. سەیری باڵندەکانی دەکرد. لەبەردەم حەوزی باخچەکە، لەسەر یەک قاچ دەوەستا و چاوەکانی دادەخست. وەک ئەوەی پەیکەرێک بێت لەوێ دانرابێت. دواتر بە بێدەنگی ئەوێی بەجێ دەهێشت. کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو، تووڕە نەدەبوو.

(ماوەیەک نەهاتەوە لام، ئۆقرەم لێ بڕا، ترسام ئیتر نەیەتەوە، لەناو خەیاڵی خۆیدا بەندی کردبووم. نەیتوانی بمخاتە ناو ڕاستی ژیانی. تووڕە بووم، ئەو بارودۆخەم پێ قبووڵ نەدەکرا. چەندین جار هەوڵمدا خۆم لە ناو خەیاڵی ڕزگار بکەم، نەمتوانی ئەو سنوورە ببڕم، بەر دیوارەکانی ئەو زیندانە دەکەوتم. ڕۆژانە دەگریام و بە چڕنووک دیوارەکانی ئەو زیندانەم بریندار دەکرد. دەمقیژاند و لە جێگای خۆم پێم دەکوتی. دەگریا و توند سەری خۆی دەگوشی. نەدەبوومە فرمێسک و لە چاوانی بتکێم. هەستم دەکرد پێم دەڵێت: لێرە بمێنەرەوە، لەناو حەوزی چاومدا، تۆ ماسی بێیتە دەرەوە دەمریت.

پێی دەڵێم: ئەگەر غەریبیتم کرد، چیکەم؟)

کاتێک بینیم قەرەباڵخی لە دەوریەتی. خێرا خۆم گەیاندە لای. خەڵکەکە پەشۆکابوون. ئافرەتەکان توند دەستی منداڵەکانیان گرتبوو. پیاوێک هاواری دەکرد: شێتە! منداڵەکەمت ترساند!

پێی دەگوتن: باڵەکانم بدەنەوە، کێ باڵەکانی بردووم؟ بۆ ناتوانم بفڕم؟

ڕای دەکردە لای منداڵەکان و داوای باڵەکانی دەکرد. هەوڵمدا خەڵکەکە ئارام بکەمەوە و بە بێدەنگی لەوێ دووری بخەمەوە. بێ سوود بوو. هێرشیان کردە سەری و ئازاریان دا. پۆلیسی باخچەکەم ئاگادار کردەوە. هاتن بردیان و لێرە دووریان خستەوە. پێیان گوتم: دەیبەینە نەخۆشخانەی دەروونی.

(بەڵێن نەبوو وا بێت، وای لێ هات، کاتێک کەوتە ناو ئاپۆرای کچە مادییەکان، لە خشتەیان برد. لەش و لاری درۆیینە هەڵیانخەڵەتاند. شیعرەکانی هەموو بوونە درۆ، ئیتر نە چاوی هەنگوینی، نە لێوی بارێک و نە پرچی خورمایی جێی سەرنجی نەبوون. ئیتر لە ناو شیعرەکانی کچێکی ئەسمەر، کە زەردەخەنەی لێ دەکەوت، نەما.)

پەراوێزی سێیەم:

لەسەر بەردێک وەستابووم، با بەنێو پەڕە تازە دەرهاتووەکانمدا تێدەپەڕی. سەیری دەوروبەرمم دەکرد، تا چاو بێزار دەبوو هەر ئاوم دەبینی. هەموویان دەفڕین و دەنیشتنەوە. باڵەفڕێکەم کرد و لەسەر بەردەێکەوە خۆم هەڵدا. ماندوو بووم و بەدەمدا کەوتم. دووبارە هەوڵم دایەوە، ماندوو بووم و کەوتم. هەوڵمدا.. هەوڵمدا تا مەودایەکی کورت فڕیم و نیشتمەوە.

ئێستە دەتوانم تا مەودایەکی درێژیش بفڕم، دەفڕم و دەڕۆم دوور دوور، بەڵام لە کۆتایی هەر دێمەوە ماڵۆچکەکەی خۆم، ئەو دەریاچە بچووکە. جریو جریو.

چوار

بەر لەوەی دایکی بمرێت، بە ئاسایی ژیانمان دەبردە سەر. هەمیشە پیاوێکی لەسەرخۆ و گوێڕایەڵ و هێمن بوو. بە دەگمەن تووڕە دەبوو. ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک کتێبی دەیخوێندەوە، یان شیعری دەنووسی. دواتر دەهات و کاتی بۆ من و کوڕەکەمان تەرخان دەکرد. لە ڕۆژانی پشوو دەیبردینە دەرەوە و پیاسەی پێ دەکردین، گەشتمان دەکرد و دەگەڕاین.

(بیانووی لاوازی چاوانی و نەخۆشی تۆڕەی چاوی لەیزەری لێ دان، پێڵووی چاوەکانی بەرز کردەوە، گوتی ئەگەر چاوانم کوێر ببن کتێبم بۆ دەخوێنیتەوە؟ گوتم تا ماوم بەس کتێب بۆ تۆ دەخوێنمەوە. گوتم: ژیانم بۆ تۆ تەرخان دەکەم. عەینەکەکەی مرد و تەنیا مامەوە)

دوای مردنی دایکی، لە پڕ هەموو شتێک گۆڕا. زیاتر خووی بە خوێندنەوە و نووسین گرت. منداڵی دووهەمم بوو، هێدی هێدی بارودۆخی ئەویش تێکچوو. کە منداڵەکەم دەگریا هاواری دەکرد بێدەنگی بکەم. زوو هەڵدەچوو و تووڕە دەبوو. کە دەیخوێندەوە و دەینووسی حاڵی پەرێشانتر دەبوو، گۆشەگیر و شپرزە لە سووچێک هەڵدەکوڕما، خۆی بەسەر کتێبەکانی بەردەمیدا شۆڕ دەکردەوە. بیانووم پێ دەگرت و سەرقاڵی شتێکی ترم دەکرد، ماڵەکەمم خۆش دەویست و نەمدەویست تێک بچێت، بۆیە پێداگریم دەکرد دەست هەڵبگرێت لەوشتەنەی کە لە وانەیە لە من و منداڵەکانمی دوور بخەنەوە. شەوانە بە نهێنی سەیری نووسینەکانیم دەکرد. نووسینەکانی گۆڕابوون. ئیتر من کچەکەی ناو شیعرەکانی نەبووم. کچەکانی ئەو چیتر لەمن نەدەچوون. کچی ناو نووسینەکانی لە هەموو کچانی دەوروبەری دەچوون تەنیا لە من نەبێت.. غیرەم لە هەموو ئەو کچانە دەکرد کە لەناو شیعرەکانیدا دەمبینین.

(چاوە بچووکەکانی نەما و دوو چاوی بادەمی هەن. لە چاوی باڵندە دەچن. بوو بە باڵندە و دەیەوێت بفڕێت. دەیەوێت خۆی ڕزگار بکات، بەڵام نە من دەتوانم لە زیندانی ئەو دەربێم و نە ئەو دەتوانێت بفڕێت).

من کە بە دەگمەن کتێبێک دەخوێنمەوە، هەستم دەکرد نووسین و خوێندنەوە وای لێ دە کات لەمن دوور بکەوێتەوە. داوام لێی کرد واز لە نووسین و خوێندنەوە بهێنێت. بە شەڕ دەهاتم لەگەڵی، کتێبەکانیم دەدڕاند.

(جوانکاری لووتی کرد، دەیگوت: جیبوم هەیە. ئێستا خاوەنی لووتێکی باریکە، سەری لووتی بەرز کردووەتەوە، هەست دەکەم دەنووکە بەروخساریەوە.)

دوور کەوتەوە لە نووسین و خوێندنەوە. بەڵام ئەوە بەس نەبوو. وەکوو خۆی لێ نەهاتەوە. نەیدەتوانی سەرجێیم لەگەڵ بکات. دواین جار کە بەیەکەوە خەوتین دوو جەستەی ڕووت بووین، لە باوەش یەکتردا نامۆیانە لە یەکترمان دەڕوانی. دوو پەیکەری سەهۆڵی تینێکی گەرمی نەبوو پێی بتوێینەوە، قاچەکانمان لەناو قاچی یەکتردا پەرت کردبوو. سەرنجی کەوتە سەر چاوەکانم، وەک ئەوەی لە دونیایەکی تر دابێت و جەستەیەکی بێ گیان بم لەژێری. ڕووی کردووە لای چەپی و نیگای لە شوێنێکی دوور گرت. هەستا و لێم دوور کەوتەوە. شۆڕتە ڕەشەکەی لەبەر کرد. جەستەیەکی ڕووت بوو، تەنیا شۆرتێکی ڕەشی لەبەردا بوو. پەراسووەکانی و ماسولکە لاوازەکانی بە دەرەوە بوون، ئەو چەند تاڵە مووەی سەر سینگیم دەبینی کە لەگەڵ هەناسەدان سینگی بەرز و نزم دەبووەوە، جگە لەو بەشەی شۆرتەکەی دەیشاردەوە هەموو لەشی دیار بوو. چووە حەسار، لە پەنجەرەوە سەیرم دەکرد، چوارمەشقی دانیشت و ئەژنۆکانی لە باوەش گرت، هەموو گیانی لەبەر باران تەڕ بوو. لە پڕمەی گریانیدا، هەر زوو جلەکانم لەبەر کردەوە و چووم لای. پێم گوت: پیاوەکە وەرە ژوورەوە جیرانەکان بتبینن، حەیامان دەچێت. دەیگوت: بیری دایکم دەکەم.

تا دەهات سەیر تر ڕەفتاری دەکرد. یەکەم ڕۆژی جەژن چووینە سەر گۆڕی دایکی، یەکەم جەژنی بوو بەبێ دایکی بەڕێ بکات. باڵندەیەکی سپی هێنا بوو. من دەمگوت: ئەو باڵندەیە حاجی لەقلەقە. ئەو دەیگوت: تۆ باڵندەکان ناناسیت ئەوە حاجی لەقلەق نییە. لە یەک دەچن بەڵام حاجی لەقلەق گەورەترە لەسەر تاوەرە بەرزەکان هەڵدەنیشێت. ئەوە لە دەور و بەری ئاودا دژیت. سەیری دەکرد و بە قووڵی لێی ڕادەما.

باڵندەکە لەسەر کێلی قەبری دایکی هەڵنیشت بوو، لەپڕ لە شەقەی باڵیدا و هەڵفڕی. سەری بۆ ئاسمان بەرز کردەوە، بەدوای باڵندەکە کەوت و بەسەر قەبرەکان بازی دەدا. دەستەکانی بەرز دەکردە و نزم دەکردەوە وەک ئەوەی بیەوێت بەدوایدا بفڕێت. جریوەیەکی سەیری لێوە دەردەچوو، وەک ئەوەی لەگەڵ باڵندەکە بدوێ. تا دوور دەکەوتەوە ترسناکتر دەبوو، ترس لە گیانم نیشت! بانگم کرد، گوێی پێ نەدام و لە ڕاکردنی بەدوای باڵندەکە بەردەوام بوو، تا لە چاوم ون بوو. ڕۆژی دواتر گەڕایەوە ماڵەوە، توند باڵندەکەی لە دەستیدا دەگوشی. نازانم هەمان باڵندەی دوێنێ بوو یان یەکی دیکە. بەڵام ئەوەیان ملی لار ببووەوە و مردارەوە ببوو. بردییە ژوورەکەی خۆی و لەسەر مێزی خوێندنەوە و نووسینی دانا، قووتیەک ماسی هەڵپچڕی و لەبەردەمی دانا، لەگەڵ جامێک ئاو. لەو ڕەفتارە سەیرەی سەرم سوڕما بوو.

(هەوڵمدا زیاتر بیلاوێنمەوە، زیاتر سەرنجی بە لای خۆمدا ڕابکێشمەوە. نەکات تەنیام بکات و جێم بهێڵێت، بکەوێتە سەر سینگی پڕ لە سیلیکۆن. لێوی لە دوو لە بی لاستیک بخشێنێت و بە تامی شەرابی کۆن، سووراوی ئێکسپایەر بنۆشێت. ترسام ئیدی نەیەتەوە نێو خەیاڵەکانی و باقی ژیانم لە تەنیاییدا بەسەر بەرم. ترسام، بەدەست خۆم نەبوو، من تەنیا لە خەیاڵیدام و ناتوانم ببم بە جەستەیەکی فیزیکی. ناتوانم سەر بخەمە سەر سینگم و توند بە چەمییەوە بگوشم. کەمایەسی منە، کە نەمتوانی چێژی جەستەیی پێ ببەخشم، لە جەنگی ماددەدا دۆڕام!)

هیچ چارەیەکم نەمابوو. شەوێک دوای ئەوەی نووست. مۆبایلەکەیم کردەوە و سەیری هاوڕێکانیم کرد لە مەسەنجەر. لاپەڕەی هاوڕێکانیم دۆزیوە لە فەیسبووک. قسەم لەگەڵکردن و لەگەڵیان بە شەڕ هاتم، تا دووریان بخەمەوە لە مێردەکەم.

بەو شێوەیەش نەمتوانی چارەی بکەم و بیکەمە هەمان پیاوەکەی پێشوو. هەموو دەم دەیگوت: من دایکمم لێ ون بووە. ناتوانم ئەو لە تۆدا بدۆزمەوە..

زۆر جار بە قووڵی ڕادەما، وام هەست دەکرد دایکی لە کچێک دۆزیوەتەوە. کچێک کە من نایناسم، دواجار داوای جیابوونەوەم لێی کرد. بێ ئەوەی ڕێگری هەبێت، لێم جیا بووە.

(لێرە لەو زیندانەی خەیاڵیدا مامەوە، لەناو خەیاڵی باڵندەیەکی نێر کە دەیەوێت بفڕێت. کچێکی ڕووتی تەنیا، پرچم بەسەر شان و ملمدا پەخش بووە. خاڵێک لەسەر لێومە، پێ بکەنم دەکەوێت. ئەرێ بە ڕاست ئەو خاڵە شوێنی ئێرە نەبوو! ئەو خاڵە چۆن گەیشتە سەر لێوم؟ پرچم ڕەش نەبوو، ئەو پرچە ڕەشە چییە؟ ئەو لێوە ئەستوورە، هی من نییە. لووتم چی بەسەر هاتووە؟

مێشکم تەقی! ئەو شەقەی باڵە چییە؟)

 


 

* ناوی چیرۆکە لە دێرە شیعرێک لە کتێبی نا ـی دابان عەتار ـەوە وەرگیراوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا