حەپەسان | شەهاب شێخی | شێعر

شەهاب شێخی

 

«میدیتاسیۆنی حەپەساوی هەوری لار»

 

حەپەساو
تەواوی پاش نیوەڕۆ
بە ناو پیاوەکەدا تێپەڕ دەکرێت

لە پاڵم دا بە
جگەرەی ئینگلیزی خۆشە…
خۆش بۆ
بۆنی خۆشی هەنگوین و جگەرە و
تامی مژ و تەمی لەندەن

پێستی جەستەی
بۆنی هاوڕێشمی توند

مرۆڤ دڵگیرە!
بەپەلە نەبم
ئەگەر
تەنانەت هەمان ئەو ڕووبارەش
لە کاتی تێپەڕ بووندا
دەیزانی فریوم دەدات

چ من چ کەسێکی تر
لە هەر حاڵەتێک دا فریوی دەدا

 

خۆشحاڵ لە دان پێدانان بە هەموو شت دا
دەیشڵەژێنێت
جنێوی زامدار بوو
ستایش ئەنگێز و پڕ بە پێست
وەک خوویەکی بەردەوامی ژیان
وەک ئێشێکی ڕۆژانە
هەمان دەڵێت کە دەبێت بێژێت
هەرزە
جەستە بەرەڵا
و
من ئەوینەکەی ئەو، لە یەکەم نیگا دا

هەموو ڕێبوارەکانی شار
بە ناو ژوورەکەی ئێمەدا تێ دەپەڕن و
دەریا دوور دەکەوێتەوە

جگەرەیەکی داگیرساند و
بە نەرمی و هێواشی لە گوێم دا
قسە
دە ژەن ێت
دە ژن ێت
دەم ژن ێت
دە ژەن م
دە ژن م
من
ژن
م

بۆ من، بۆ مان پێکەوە
زەردەخەنە
دە ژەن ێت
دە ژەن ین
دە ژن ێین

دەمپرسێنێت:
ئایا ئەمە سروشتی و ئاسایییە
کە مرۆڤ تا ئەو ڕادەیە غەمگین بێت؟
ئەو جۆرەی کە ئێمە هەین
دەپرسێت: لە ڕۆژدا…..
وێنەکانم بە پێچەوانەی ژیان…
من لە تەواوی وێنەکانم دا
غەمگین بووم
تەنانەت کاتێک پێ دەکەنیم

گرنگ نییە، کە شەو داهات
هەموو شت کۆتایی پێ دێت
قەحبە بی یان شاعیر
عاشق بی یان شۆڕشگێڕ

کە خەو لە باوەش دزرا
پێویستە بکەومە دوای «تاگسشاین» * ێک

بەرلین ١٩٦١ کچێکی خەڵکی «پانکۆ» **
مۆڵەتی ڕۆژانە،
کاتژمێر ١٢ تەواو دەبێت
ئێمە تەواو نابین
بە پێچەوانەی تەواوی وێنەکانمان
لە پاڵ «ئەلێکساندر» *** دا
لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا
چێژی کۆنسێرتێکی ڕاکی سەر شەقام
لە نێوانی ڕانەکانی سەرشەقام
بەرەو ڕێگا باریکەکانی چەناگەت

ڕووبار بە پانایی دڵمدا تێپەڕ دەبوو
و دەمزانی فریوم دەدات
ئەمە سروشتییە
کە غەمگین بین

مامۆستای قوتابخانە لە دێهاتێکی مەریوان تەنیا ژوورێکی هەبوو
پەنجەرەکانی لە بریتی شووشە،
بە ڕۆژنامە داپۆشرا بوو
باوەڕە کۆنە خۆرافیە سکاندیناڤیاکان
دەڵێن:
هەمان ڕۆژنامەکان وایان کرد ژیانی بە قوڵایی فەلسەفەی ئەڵمانیدا ڕۆ بچێت

لە کافێیەکی فرە کولتوری
لە بەرلین لە نزیک وێستگەی میترۆی هێڵی هەشت
حەسەن زیرەک گۆرانێکی شەش و هەشت دەڵێت.

ئەمە ئاساییە کە ئێمە خەمگین بین

حەپەساو تەواوی پاشنیوەڕۆ….

 


* تاگس شاین بە کارتێکی ڕۆژانە یان پاسی ڕۆژانە دەگوترێ کە لە کاتی دابەشکراوی ئاڵمانەوە لە ١٩٦١ بە دواوە، بە هاوڵاتیانی هەردوو دیوی بەرلین و تا کاتژمێر ١٢ی نیوەشەو مافی گەشتکردنیان هەبووە و دواتر دەبوو بگەڕێنەوە.
** پانکۆ ناوی گەڕەکێکە لە ڕۆژهەڵاتی بەرلین.
*** ئەلێکسکاندر ناوێکی کۆنی گۆڕەپانێکە لە شاری بەرلین کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی زایینی کاتێک کە تێزار ئەلێکساندری ڕوسی سەردانی بەرلینی کرد ولەو مەیدانەدا پێشوازی لێ کرا.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا