”هۆڤ” بەمزوانە لە چاپخانە دێتەوە | لێرەولەوێ

هاوچەرخ

“هۆڤ” ناونیشانی یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی بەڵێن سابیرە، بەمزوانە بڵاو دەبێتەوە.

نووسەر لە بارەی ئەم کۆمەڵەچیرۆکەوە دەڵێت:

هۆڤ لە هەشت چیرۆک پێکهاتووە. هەر چیرۆکێک فەزایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لە هەموو چیرۆکەکان دۆخێک هەیە کە وەک ئەوەیە دوای ئاوازێکی بزربوو بکەویت، سوودفەی دەنگی شکانی ئێسک و پێکەنینی خنکاو بکەیت. سارد و ڕاڕا، یەک چرکە وێنەی خۆت زووم بکەیت، زۆر شت نەبینیت، تەنیا هەر خۆت و ژوورێک، خۆت و تاریکییەک، خۆت و هەزار چیرۆک. کارەکە هەوڵ نییە بۆ کردنەوەی هیچ گرێیەک، بەڵکوو کۆشانە بۆ دۆزینەوەی گرێیەکان، ئەو گرێیانەی دەکرێ قوڕگ بگرن و لە قسەمان بخەن، ئەو گرێیانەی ڕەنگە نامەی مەرگمان بن. لەم دنیا ئاڵۆزکاوەدا، واز لە هەموو شتێک دەهێنن، دێین لە مەتبەخ بەیەکەوە، تووڕەبوون بە چەقۆیەکی تیژ قاش دەکەین و پێکەنینیش دەشارینەوە. ترسی گەورەی ناو چیرۆکەکان ئەوەیە ژیان بەو جۆرە نەبینین، کە دەمانەوێت.

لە ناو چیرۆکەکاند تێکەڵ بە مۆنۆلۆگى زانین و نەزانین دەبین. بەردەوام كەسێك پرسیار لەخۆى دەكات، یان لە زمانى كەسێكى ترەوە پرسیار لەخۆى دەكات و بەردەوامیش نازانێت.

هۆڤ کە دیارە ناونیشانی چیرۆکەکانە. وشەیەكى خنكاوە، وشەیەك كە هێشتا نەهاتووه‌تە دەرەوە، بەڵام هەیە. لێرە لە باشووری کوردستان، لە ناوچەی بادینان بە مانای وەحشیی دێت.

دیزاینی بەرگی ئەم کتێبە، شۆڕش غەفووری کردوویەتی و بەهجەت حەسەن بە ڕێنووسەکەیدا چووەتەوە کە زۆر سپاسیان دەکەم.”

بەڵێن سابیر لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٢ی هەولێر، دەنگێکی نوێی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردییە. لە کارنامەی خۆیدا خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەبینرێ کە بۆ چیرۆکی”چەند تەقەیەک و سەد پلیکانەی” ساڵی ٢٠١٨، پێی دراوە. هەروەها لەم ساڵانەدا چەندین چیرۆکی لە بڵاوکراوەکان بڵاو کردووەتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا