”کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ”

هەواڵی هاوچەرخ

.

کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ دووهەمین بەرهەمی شێعری سەلاح موحەمەدی لە لایەن چاپەمەنی خانی یەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. سەلاح موحەمەدی لەم بارەوە ئاوای نووسیوە:

رەنگە ئەم وتەیە وتەیەکی زۆر دووپاتکراو بێ کە هەم خۆم و هەمیش زۆرێک لە شاعیران و لایەنگرانی شیعر ئەڵێن شیعر رێگەیەکە بۆ دەرباز بوون لە رەنجەکانی مرۆڤ و دوور کەوتنەوەی لە واقیعی تاڵی ژیان؛ زاویە و خەتێکی ستاتیکی و هەستی‌ناسانەیە بۆ جۆش خواردنی دونیای شاعیر و خوێنەر لە رێگەی زمانی کار لە سەر کراو و دژە عورف و واقیعەوە. بێگومان بۆ ئەم رۆژانی نەهامەتی و پڕ لە ترس و نیگرانیە شیعر ئەتوانێ هۆکارێک بێ بۆ هێمن بوونەوە و جیا لەوەش هەلێک بێ بۆ ریکاڤێریی ئەو دونیا زەوت کراو و خنکێندراوانەی دەستی ژیانی پڕ لە قەرەباڵغی و سەرئێشەی رۆژانەیی کە خوازراو و نەخوازراو زاتی پێکەوەنەری دونیاکان و بەردەوام خەلقکردنەوەی جیهانە زەینیەکانی خستۆتە فەرامۆشییەوە.
کتێبی ” کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ” لە یەکەم چرکەی نووسینیەوە تا چاپ بوونی بە داخەوە تووشی زۆر تەئخیر و دواکەوتن و کێشە هات و سەرەڕای ئەوە زۆر دۆست و هاوڕێ یارمەتیدەرم بوون کە لە کۆتاییا گەیشتە ئەوەی ئێستا لە رێگەی ئەم ئاگادارییەوە هەوالی چاپ بوونی بە دۆستان و خوێنەران بدەم.
ئێستا کتێبی “کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ” لە 76 شەش لاپەڕەدا لە لایەنی ناوەندی چاپ و بڵاو کردنەوەی خانی لە چاپ درا و ئامادەیە بگاتە دەستی خوێنەران. راستیەکەی پێم خۆش بوو لە کۆڕێکی شیاوا بە رێک و پێکی لە خزمەتی لانیکەم هەندێ لە خوێنەران و دۆستانا بم و راستەوخۆ پێشکەشیان بکەم ، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئەم قەیرانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە و لە بەرچاو گردنی تەندرووستی دۆستان و مەترسیی کۆبوونەوە چاو پۆشیم لەوە کرد و بۆ گەیاندنی کتێبەکە بە دەستی خوێنەران لە رێگەی کتێب فرۆشیەکان و هەروەها ناردن لە رێگەی پۆستەوە لە لایەنی ناوەندی خانی و خۆمەوە لە خزمەتتانا ئەبین.
زۆر سوپاس بۆ ئەو کەسانەی یارمەتییان دام. سوپاس بۆ ئەو هاوڕێیانە کە پەیگیری چاپ بوونی کتێبەکە بوون .

دوو شێعری نێو ئەم کتێبە لێرە بخوێننەوە:


ئەم خەوه
هێنده پێچەکانی توندن
تلم ئەکاتەوه له مۆتەکه بەرزەکانی.
ئەوەنده ترساوم
بەیانیم داچڵەکاوه و
ئاو قەندی هێناوەته سەر خەوتنم

تاوێ پیره باخەوانێکم
بۆرییەک له تەختەکەیا شکاوه و
پشت به ژنێ له خەویشا
چیمەنەکان ئاو ئەدا
چاوێکیش نیگام
به پەنجەرەوە گلی کردووه

گەرەکمه
لەم دێڕا پپسییەک بنووسم و
تایەک له حەنجەرەم بکەمەوه
تکایه!
هێواش بمخوێنەوه
ماندووم تا هەزارماندووه


نیگەرانم
له ناوەڕاستی خەوێکا
سەرت داخەی
بوغزت بشکێ و
تەختەکەم رەش کەی
یان
بەیانی دەستم له قژتا جێمابێ و
کەمێکم بۆت راست بێتەوه
ئەویترم
له ئاوێنەی ئۆتۆمبێلەکەما
لێو هیچ، پیاوی پێوه نەمابێ!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا