هێشتا من لەسەر ڕێگەی ڕاستم – شوان سەعید / شێعر – لاونووس

شوان سەعید

.

هێشتا من لەسەر ڕێگەی ڕاستم
کاتێک دەتوانم بە لوتبەرزییەوە
لەبەردمی
هیوا و خەونی گەورەی ئێوەدا، بتەقمەوە.
دەستی شکاوم بەسەر شانی ڕزیوی
ژیاندا شۆڕدەکەمەوە و
بەدیار پێکەنینە ژەنگاوییەکانتانەوە پایپ دەکێشم.
بەدەستهێنانی ماتەمینی
پێویستی بە نەختێک ژیری زیاترە،
من زیاتر لە خۆتان
دەربارەی داهاتووی ئێوە دەزانم
ئێوە وەکوو من
کرمەکانی ناو لوتی خۆتان نابینن
بێ ئەوەی خۆشم بوێن،
بەیانی دەتوانم بە چاوی داخراوەوە
وێنەی گوڵی وشکی سەرگۆڕەکانتان بکێشم.
بێ ئەوەی بەفریادڕەستان بزانم
هاتووم
بەردی گەورە بخەمە سەر سێبەرەکانتان،
چاڵی گەورە لەبەردەمی ئەسپەکانتان
هەڵبکەنم
بۆئەوەی دەریا نەسووتێ،
هاتووم کەشتییەکانتان کون بکەم
بۆئەوەی باڵندەکان بەسەر دۆزەخی ئێوەدا
نەفڕن،
هاتووم بە تەنیا،
وەکوو داهۆڵ لەناو کێڵگەی
گوڵەگەنمەکانتان بە پێوە بمرم.
نامەوێ من دوا کەس بم
سووکایەتی بە دیوارەکانتان بکەم،
شەقامەکە تەنها یەک کەسی لێیە
میز بە دروشمەکانتاندا بکات،
یەک کەس بەتەنیا هیچی پێ ناکرێ،
یەک کەس، تەنها دەتوانێ
بەدیار گەمژەیی ئێوەوە پایپ بکێشێ و
چەند ڕۆژێک زووتر بمرێ.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا