ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

خەبات ڕەسووڵی

.

جیبە شینەکە لە دەوری فەلەکەی ئەسکەندەری، لە قەراغ شەقام ڕایگرت و باوکم خێرا دابەزی. چەند خولەکێک دواتر بە خۆی و بە مەنجەڵێکی گەورەوە گەڕاوە. مەنجەڵەکەی لە پشتەوە و ڕێک لە بن لاقی ئێمە دانا. بۆنی کەباب و نانی گەرم نێو جیبەکەی پڕ کرد. کردمانە قاوقیژ و چەپڵە و هەڵپەڕین.
دایکم گوتی: وست، کەس دمی لێ نادات. لە گەڵ کوڕەکان دەیخۆین.
بێ دەنگ دانیشتین و خۆمان مات کرد. ئێوارێ ئاگام لێ بوو کابرایەک لە دەرکەیدا و لە گەڵ دایکم قسەیەکی کرد و ڕۆیشت. باوکم کە هاتەوە پاش کەمێک دیسان ڕۆیشتەوە دەرێ و کە هاتەوە لە گەڵ دایکم هەر سرتوخورتیان بوو. تۆمەز باسی جیب و کەبابیان کردووە و ئێمە حاڵی نەبووین، یان نەیانویستووە ئێمە حاڵی بین.
پورم گوتی: براژن ئەگەر منداڵەکان بەقسەمان بکەن و هەرچیمان گوت وابڵێن ئێستا سەر و کەبابێکیان بۆ دەکەم بە بابۆڵە. 
ئێمەی منداڵ بە بیستنی ئەو قسەیە بووینە سەد چاو و هەر سەد چاومان لە مەنجەڵەکە بڕی و بە نیشانەی قبوڵ کردنی ئەم گرێبەستە دوو سەر و سەد چاومان زوو زوو ڕادەوەشاند.
بابۆڵەی یەکەمی کە پێچاوە گوتی: هەر کەس پرسی دەچن بۆ کوێ بڵێن دەچین بۆ سەر شایی باشە؟
هەر دووکمان گوتمان: باش.
بابۆڵەی دووەمی کە پێچاوە پرسی: ئەگەر پاسدارەکان پرسیان بۆ کوێ دەچن چی دەڵێن؟
گوتمان: دەچین بۆ شایی. 
گوتی: ئافەرین ها ئەوەش بابۆڵەکانتان نۆشی گیانتان بێت.
شۆفیرەکە ئاوڕی داوە و سەیرێکی مەنجەڵەکەی کرد و گوتی: براژن لە منیش بپرسن هەر دەڵێم دەچین بۆ داوەت. پورم بزەیەکی کرد، بەڵام دایکم خێسەیەکی لە کابرا کرد و لە بنەوە بۆڵاندی : منداڵە.
نازانم چۆن چووین و چیمان بە پاسدارەکان گوتووە و بە کامە ڕێگادا ڕۆیشتین. بەڵام لەبیرمە کە ئێوارێ گەڕاینەوە لە بازدیدەکەی میراوا پاسدارێک ملی هێنا ژوورێ و پرسی لە کوێ بوون؟ کە گوتمان لە فڵانە گوند لەسەر داوەت بووین. گوتی: جادەکان ئەمن نین و زیدی ئینقلاب لە ناوچەکە دایە. کارێکی باشتان نەکردووە بەم درەنگ وەختە هاتوونەتەوە. هەموومان وەباڵمان بۆ کێشا و لە ملماندا کە ئەشەدوو ڕاست دەکەی. ماشێنەکە هەر کەمێک لە پاسدارەکان دوورکەوتەوە، کاک عومەری مێردی پورم مەنجەڵە بەتاڵەکەی ئاوەژوو کردەوە و کردی بە تەپڵ و لە سەر ڕیتمی ئاوەدان مەهاباد گوتی: قوربانت بم وام لێ مەکە وەی زیدی ئینقلاب، بەقسەی خەڵکیم لەگەڵ مەکە…..ئێمەش هەموومان بە چەپڵە و پێکەنینەوە گوتمان وەی زیدی ئینقلاب
لای نیوەڕۆ لە نێو دارستانێک ڕایانیگرت. لە گەڵ ئەوەی جیبەکە ڕایگرت، بە هەڵەداوان دابەزیم. چ ببینینم هەوایەکی ساف و دارستانێکی جوان، دەنگی خوڕەی ئاو و جریوە جریوی مەل و باڵندان. لە بن هەر دارێک چەند پێشمەرگەش ڕوا بوون. باوکم هەواڵی مامی لە یەک دوو کەس پرسی. منیش خۆم کێشاوە و گوتم : ئەوەیە ئاو و هەوا. دوو پێشمەرگە کە لە پێشەوە دانیشتبوون و لە من نزیک بوون . پرسیان بۆ هەوای شار چۆنە؟
گوتم: هەمووی دووکەڵە.
یەکیان گوتی: کوڕە دووکەڵی چی پیاوی چاک بە.
گوتم: دووکەڵی کارخانە!
گوتیان: جا کوا بۆکان کارخانەی لێیە؟
باوکم گوتی: سواربن مامتان لە سەرەوەترە.
من لە خۆشی ئەوەی نابێ جوابی ئەو پرسیارە قورسە بدەمەوە، خێرا سوار بوومەوە. هێشتا جیبەکە وەرێ نەکەوتبوو وەبیرم هاتەوە دووکەڵەکان هی ماشێنەکانن. بە زەحمەت وەرسووڕام و ڕووم کردە شووشەی جیبەکە و بە دەستم وەک فەرمانێکی خەیاڵی ماشێنێک هەڵسووڕێنم ئاوا نیشانی پێشمەرگەکەم دا کە ماشێن لێ دەخوڕم. بە دەستەکەی دیکەشم دووکەڵێکم لە حەوا کێشاوە. بەڵام ئەوان نەیاندیت و دواتر لەسەر دڵم بوو بە گرێ بۆ فێرم نەکردن ڕاستە کارخانەی لێ نییە بەڵام خۆ پڕە لە ماشێن.
جاران کە بیرم لە مامم دەکردەوە وام دەزانی جێگاکەی زۆر ناخۆشە. ئێستا دەمدیت لە نێو دڵی سرووشت دایە و نان و کەبابیش دەخوات. بۆیە لە دڵی خۆمدا گوتم : شەرتە منیش ببمە پێشمەرگە. هێندە نەبوو دانیشتبووین باسم کرد.
پێشمەرگەیەک گوتی : دەی من ئەوە پاسدارم بزانم چی دەکەی؟ بێ سێ و دوو خۆم پێدادا و دەستم کرد بە مست هاویشتن. باوکم گوتی: هەتیوو کاک محەمەد ئەزیەت مەکە. کاک محەمەد کە چەند ساڵ دواتر زانیم شۆرەتی عەلیزادە بووە و زۆر درەنگتر زانیم شەهید بووە. ماچی کردم و پێکەنی و گوتی: نا لێی گەڕێ ئەزیەت نابم.
که گەڕاینەوە باوکم و دایکم هەر پێدەکەنین. دایکم گوتی : من سەرەتا نەمزانی کچە و ماچم نەکرد. دواتر کە لەسەر جۆگەکە کە چووین مەنجەڵەکە بشوێن، قۆڵی هەڵکرد و بازنەکانیم دی، زانیم کچە و ماچم کرد. باوکم دەیگوت: ویستوومە وێڕای کوڕەکانی دیکە ماچی بکەم کەچی تەنیا یەڵڵای لە گەڵ داومەتەوە. باسی کچێکی پێشمەرگەیان دەکرد. کچێک لە ڕەگەزی لووتکەکانی کوێستان،کوێستان.
مامم لەسەر شاخێک نیگابان بوو. بێ سیمیان بۆ کرد و هاتە خوارێ. ئێمە بەرەو پیری چووین. لە داوێنەکانی یەکترمان گرتەوە. مامم چەک و ڕەخت و دەمانچەی پێوە بوو. دوو سێ شتی خڕ خڕیشی بە خۆیەوە هەڵواسیبوو. دواتر زانیم ئەوانە نارنجۆک بوون و ئەو شاخەش تەرغە.
پاش نەهار لە سەر ئەرزی بەشێوەی بازنەیی دانیشتین. پرسیم: مامە کێ سەرگەورەکەتانە. 
مامم گوتی: چاو لێ بکە بزانە کێ سەری لە سەری هەموومان گەورەترە.
یەکێکی سەرفڕیان لەگەڵ بوو. گوتم: ئەوە. هەموو پێکەنین. قامکم بۆ وەستا ئەحمەدی فەرماندە ڕاداشتبوو. ڕووم تێکرد و گوتم : دەمەوێ ببمە پێشمەرگە. بزەیەکی کرد و گوتی: نا تۆ مەیە بۆ لای ئێمە . ئێمە دێینەوە.
گوتم: نا تۆخودا تازە من هاتووم و ناگەڕێمەوە. کاک جەعفەر گوتی: باسەرت بگاتە ئەو لقی دارە جا وەرەوە. 
سەیرێکی دارەکەم کرد، ئەو لقەی ئەو دەیگوت زۆر بەرز بوو. گوتم: جا خۆ ئێوەش هیچتان ناگەنە ئەو لقە. دیسان هەموو قاقا پێکەنین. کاک عەلی ڕوویکردە دایکم و بە برۆ ئاماژەی بە من کرد و گوتی: چەند ساڵە؟ وەپێش دایکم کەوتم و گوتم: هەشت ساڵم.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا