مەرگی تاریکیی و ماچ و دەست و تۆ و شتی دیکەش | پێشەنگ شێرزاد

پێشەنگ شێرزاد

دەکەومە سەرچۆک
سەیری نیشتیمان دەکەم
جەستەم، کە بۆ باوەشێک ڕەنگی پەڕیوە
خاک دەبینم
دەڕوانمە گژوگیا
گوڵەکان پشکتوون
دانە دانە
ئارەزووم بۆ چنیین دەناسنەوە
ئاسمانی مەحاڵیش
کە تۆ وەک سەرەتا و کۆتا ئەستێرە
تێیدا نادرەوشێیتەوە!
بەڵکو
تێیدا وەک دواهەمین وێستگە پێمان دەڵێیت
پێم دەڵێیت ژیانم گرتە دەست…
ئیتر کێڵگە شین دەکاتەوە
لێیان دەڕوانم
تۆ وەک نیشتیمانی تازە دۆزراوەییت
تۆ وەک خاکی بەهارانیت
تۆ دڵبەری،
بمچنە
وەختێک دەڕوانمە تۆ..

بە فرمێسک و ئاهـ و ئەفسوسی سەردەمە تاریکەکەم
بە ئاڵۆزییەکانی زمان و زەمان و دونیا
بە ئەستووربوونی پێستی شەرمەزارییم
من دالی تاریکیی و مەرگم
بەڵام مەدلولێکم لە ژیاندا لەدایکبووە

تۆ بە باران و ماچ و زەردەی زەمەنێکی نەبڕاوەوە
بە سادەییەک لە گوتنی «خۆشم دەوێیت»
بە ڕوونی کە دڵت دەبیستم، کە دەتبینم لە غوباردا
سەما دەکەیت و ژیان لەوەی هەیە پاک دەکەیتەوە
تۆ کە مەدلولێکت لە ئەبەدییەتدا لەدایکبووە..

لەسەر دەم ڕاکشاوم
دەڕوانمە تۆوێک
لە قوڵاییەوە چەکەرە دەکات
لە قوڵاییەوە داو بۆ گرتنی ژیان هەڵدەدات
تۆ وەک تۆوێک دەتوانیت ڕەگەزی سەرزەمین بگۆڕیت
منیش ڕەگەزی خۆم بە تۆ دەگۆڕم،
جەستەم بە تۆ، ئەو جەستەیەیە کە بۆ جیهان دەشێت..
بەڵام بەبێ من، هیچ تۆوێک بەناوی تۆوە سەر لە خاک ناکاتە دەر…
بە ناوی خۆمدا پەنجەرەکان کە تۆم نیشان دەدەن، دەناسمەوە…
ئەو پەنجەرەیەی لە خاکەوە دەیبینم، دەیکەمەوە
گەنجینەکان دەدۆزمەوە
تروسکە لە خەرەنددا هەمووی لە تۆ دەچێت
بەڵام پەنجەرەکان هیچیان ناگەن بە تۆ
تۆ سەرزەمینی منیت
تۆ پەنجەرەیت
و
من غەمگین نیم
کە سەیرت دەکەم

لەسەر پشت ڕاکشاوم
دەڕوانمە ئاسمان و
هەورەکان دەبینم
هەورەکان نازانن بە چەند دڵۆپ لە بارانێکی بەخوڕدا بەشدار بوون!
منیش نازانم لە منداڵییەوە چەند بۆ ئارەزووی باوەشێک نوشتاومەتەوە
پەلکی درەختە باڵابەرزەکان دەبینم
بە چاوکراوەیی خەون دەبینم
بەسەر پێیەکانمەوە خەون دەبینم
تۆ هاوچەشنی ئاسمانێکی شینیت
من دەتوانم دەستەسڕت لێ بچنم
تۆ وەک ئاسمانی بەهارانیت
خەونت پێوە دەبینم….

ئاگرێک لە نزیک خۆم دەکەمەوە
بروسکە دەهێنمە دەشتایی
دەست لە ئاگر دەدەم
بروسکە ڕاو دەکەم
چونکە شەوە
چونکە شەو دەیەوێ بەناوت پشت لە ڕووناکی بکات بە ڕووناکییت…

دەست لە جەستەی ئاو دەدەم
وەک ئەوەی لە تاریکییدا خۆم بە شەپۆلەکان بناسێنم
وەک ئەوەی دەستگیرۆیی تۆم بووێت
وەک هێماگەورەکانی نقوم بوون
دەست بۆ قوڵاییت درێژ دەکەم
وەک ئاگرێکی هەڵگیرساو لە دەشتاییەکانی شەودا ڕاکشاویت
وەک نەیزەکێکی بەشەوق لە گەردووندا بێ وەستانیت
وەک ئاژاوەیەک تاریکیی بۆ خۆی هەڵگیرساندبێت،
نابڕێیتەوە
دەست لە تۆ دەدەم
لە تەنیشت مرۆڤترینی مرۆڤەکانەوە دەژیم…

مرۆڤ و شەو و نیشتیمانم خۆشدەوێ
بیرکردنەوە و جووڵەم خۆشدەوێی
تاریکی خۆم کە تۆ سەرلەبەریت داگیرساندووە
جووڵەم لەسەر لەشت خۆشدەوێ
تۆ جوڵەیی بەهارانیت
مرۆڤی بەهارانیت
دڵبەری من
تۆم خۆشدەوێت،
وەک چۆن ئەبەدییەت منی خۆشدەوێت بە تۆوە…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا