ناوت لەسەر دیوارێک سڕبووە | نەهرۆ جەرجیس | شێعر | لاونووس

نەهرۆ جەرجیس

 

کانییەکی درەوشاوە،
سەبەتەیەک میوە و
دەفتەری گۆرانیی سبەینان بوویت.
ڕەنگە تەڕەکانی ژیان،
لە قووڵایی ژێر چاوت ڕاکشابوون،
ڕووناکی سنگی چیرۆکێکییش بوویت،
دوا وشەی ماسیێکی کۆچەرییش
خوازیار بە ئاوەدانی.

براکانت لە سووری نینۆکەکانت،
ڕەش دەچوونەوە.
کرانەوە نا،
بێ ئابڕووییان
بە یەخەی کراسەکەتەوە چنی.
بڵێسەی وزەتیان لە چاڵێک شاردەوە،
زارتیان لە بەرینایی هەناسە کوشت و
سنوورێکییش
فڕینیی کرد بە یادگاری.

لە دڕندەترین کێڵگە گەورە بووی
لە نەمامگەی یادەوەرییت،
چەندان ڕێحانە سەربڕدرا.
بزمار لە تابووتی خەونەکانی
قەرەجێتیت درا
لەم نزیکانەش هیچ ئەستێرەیەک
بزەی بۆ خولیاکانت نەکرد.

چرکەیەک ونبوون تاریکی بەسەرداهێنایت،
هەناسەت تامی سوێرێتی دەدا
شکاندیان، باڵە هەتاوییەکانت.
نەتتوانی بڕێک ژیان بخەیتە جامی ڕووناکی
کاروانێک مەراقی شین نەگەیشت،
هەرگیزیش لە سەفەرێک
وێنەیەکی خۆتییان پیشان نەدایت.

ئەوە ناوی تۆیە
لەسەر دیوارێکی کۆن سڕ بووە
کاتێک پارچە شکاوەکانی
بێدارییت پێ کۆنەکرایەوە.
عومرت چیدی
جادە دوورە فێنکەکانی نەدۆزییەوە.
چاوت
هیوای گەورەبوونی لێ دەچۆڕایەوە.

دەشێ لەهیکڕا ڕۆحت
لە زەوی هێلانەی کردبێت
بۆیەش قژت لە گیرفانی دۆڵێک،
لەگەڵ چۆڕێک خوێن و
مشتێک قەوان، جێما.

دەزانم،
ژمارەی ژانە نەفرەتیەکانت
تیشکێکی هەڵقووڵاوە،
هەڵقووڵاو لەو ڕۆژانەی
چەقۆیەک خولیاکانتی ڕاو دەکرد.

ملیۆنێک هاوارت بوونە تارمایی،
خنکان و فریای ئەم زستانە نەکەوتن.
گۆڕێکیش نەیبردییەوە ماڵ،
ئەم هەسارەیە
گریا و
دۆڕا…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا