ئەو چیرۆکەی کە دەبێ بخوێنرێتەوە -١
چەن خوێندنەوە بۆ چیرۆکی سییەکانم لە نووسینی ڕەسووڵ موحەمەدی – خوێندنەوەی یەکەم
ساڵح سووزەنی
.
خوێندنەوەی یەکەم؛ جوانیی ناسیی دەق
چیرۆکێک وەک تیشکی شینی مانگە شەو
“سییەکانم” بە هەڵبژاردنی گۆشەنیگای یەکەم کەسی تاک/ی دژەقارەمانی چیرۆکەکە/ دەست پێدەکا؛
” باوکم لە سەر موبلەکە دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە رۆژنامەکەی دەستی.. هەڵمێکی بۆر لە رۆژنامەکە هەڵدەسستێ و لام وایە بۆنێکی ناخۆشی هەیە..” هەر لێرەوە خوێنەر لەنگەر ئەگرێ٢ و یەکەم پرسیار ئاراستەی دەق دەکا؛ هەڵم چۆن لە رۆژنامە هەڵدەستێ لە دەقەکەشەوە لەرێوە پرسیارێک ئاراستە دەکرێ؛” بۆ لای نابا و شتتێکی دی بخوێنێتەوە”..و پرسیاری یەکەمی دەق بە وەڵامێکی ئاسایی وەڵام ئەدرێتەوە؛ ” نازانم” / ئەم نازانمانەتان لە بیر نەچێ.. بۆ وەی لە خوێندنەوەیەکی دیکەدا دێمەوە سەری/ ” تەرێق دەبمەوە. لەبەر چی؟ نازانم. من تاوانبارم.لەبەر چی نازانم. ئەی بۆ سەرای ئەوەی لە دوورەوە دانیشتووە.. ئەتزانی رۆژنامەکە هی ٣ی و چەند ساڵێک لەمەو بەرە.. “چۆن ئاوا دڵنیام؟ نازانم. کە دەکۆکم باوکم سەری هەڵدەبڕێ. لێم دەڕوانێ کە لێی تێناگەم. خۆشەویستی یە؟ لۆمەیە؟ بەزەییە؟ نازانم.”
هەر لە کۆپلەی یەکەمدا، دەق گۆشە نیگای یەکەم کەس دەکێشێ بە لای پرسیار و وەڵامدانەوەیەکی زێهنییدا.. ئەوەش لەباری سیستەمەکانی گێڕانەوە و جوانناسیی دەقدا جێی سەرنجە.. پات بوونەوەی نازانمەکانیش هەم لەحنێکی تایبەتی سازکردوە و هەم خوێنەر هان ئەدا بەرەو ئەوەی بزانێ و بەردەوام بێ لە خوێندنەوە.. بۆ وەی هەم خوێنەر نازانێ و هەم کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکە.. ئەم سازکردنی پێوەندییە لە نێوان خوێنەر و کەسایەتیدا.. بەشێکی دیکەی جوانیی ناسیی دەقە
٢ – ” بە خوا ئەم ئارەقەش تامێکی ناخۆشی هەیە.. ئەوە ئیتر با داخی ئەو کۆکەیەش بوەستێ..”
لە بەشی دووهەم دا گۆڕینی منۆلۆگ بۆ منۆلۆگی شانۆیی و هەست کردن بە بچڕانی بابەت و کات – شوێن ..هەروەها کەشی چیرۆکەکە جێی سەرنجە؛
” خانمی ژنی هەمیسان بۆ زەماوەند چووە. دەنگی دەهۆڵ و زۆڕناکە دێتە گوێ.هەردووکمان لەو دەنگە بێزارین.ئەوە نیە دەنگەکە باوکیشمی پەست کردوە. لە پەسا رۆژنامەکە هەڵدەگڵۆفێ.سەیر ئەوەیە هەڵگڵۆفینی رۆژنامەکە، کۆکە دوا بڕاوەکەی من زۆرتر ئەکا… با پێکێکی دیکەش هەڵدەم بەڵکوو لە ئازاری سییەکانم کەم کاتەوە.ئەگەر چی ئەزانم بێ کەڵکە”
لەم بەشەدا لەگەڵ ئەوەی کەسایەتییەکی دی دێتە ئارا/ خانمی ژنی/دایک/بەرە بەرە کەشی چیرۆکەکەش بەرەو وەڵام دانەوەی پرسیارەکانی بەشی یەکەم دەڕوا و خۆیشی زێدەتر ئەناسێنێ؛
ئارەق خۆرە.. سییەکانی نەخۆشە و لە بری فرەهاتی نازانم، ئەزانم بەکار دێنێ کە ئەوە پارادۆکسێکی جوانە تەنیا بە هێنانەوەی ” خانمی ژنی” بچڕانی دەروونی خۆی لەگەڵ دایکی دەنوێنێ و بەوەیدا کە ،دەنگەکان خۆی و باوکی پەست دەکا، پێوەندی دەروونی لەگەڵ باوکی دەنوێنێ و جگە لەو کورت بێژییە جوانە، لە درێژەی گێڕانەوەدا پرسیارگەل دیکە دەورووژێنێ؛
خانمی ژنی کێیە؟ بۆ ئەمان (خۆی و باوکی) بەو دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنایە پەستن؟ بۆ کاتێ ئەو رۆژنامەکە هەڵدەگڵۆفێ/ دیسان بۆ نیشان دانی تووڕەیی باوکی/ ئەم ئێشی سییەکانی و کۆکە دوا بڕاوەکەی، زیاتر ئەکا؟
ئەم پرسیارگەلە، خوێنەر زێدەتر بەرەو خوێندنەوە هان ئەدا و وەهمی بابەتییانەی چیرۆکەکەش دەباتە سەرێ/ ئەم “دایک” ەشتان لە بیر بێ بۆ وەی دواتر دێمەوە سەری/
٣ – ” …بریا هەموو ئەندامەکانی دیکەی لەشم، سییەکانیشم، لە باوکمەوە پێ بگەیشتایە. خۆزگە ئەو رۆژنامەیە فڕێ بدات و بێ، پێکێکم لەگەڵ بخواتەوە.”
لەم کۆپلەدا، ئەزانم و نازانمەکان دەبنە خۆزگە و بریا.. جگە ئەوەش “سییەکانم” وەک سەرەداوی سەرەکی، دەبێتە گرێیەکی چیرۆکەکە.. گرێی سییەکان وەک بەشێک جودا لە ئەندامەکانی دیکەی لەش.. و دەری دەخا کە ئەوەیانی لە باوکیەوە وەر نەگرتووە.. “بریا”ی یەکەم پێوەندە بە خۆیەوە و خۆزگە/یان هەمان بریا/ی دووهەم پێوەندە بە باوکیەوە.. ئەمە یەک لە تەمهیدە جوانەکانی ئەم چیرۆکەیە کە دیسان بە بێ درێژدادڕی راستەوخۆ و لە دوو دێردا، پێوەندی قووڵی خۆی و باوکی لە پلانێکی کورتدا ئاشکرا دەکا و سووچێ لە پێوەندیی سییەکان و رۆژنامەکەی دەستی باوکیشی ئەنوێنێنێتەوە و دەبێتە راهێڵان/ تعلیق/ بۆ خوێنەر/ سیی و رۆژنامە؟ کوجا مەرحەبا؟/
٤- “پاکەتی جگەرەکە کەمی تیا ماوە و ناوێرم بچمە دەرەوە. هەرچی دەکۆکم باوکم زیاتر تێک ئەچێ” جگەرە- کۆکە- سیی.. پێوەندییەکان بەرەبەرە چڕ تر دەبنەوە.. وەکوو دەنگیش؛ کۆکە و دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنا، باش پێکەوە تەنراون کە باوکی و ئەم شێتگیرتر دەکەن لێرەدا باوک وەک ئەمیش بەکار هاتووە و بریا و خۆزگەکانیش ئەوەیان لە سەرترەوە سەلماندووە..
” ئەی بۆ هەڵناسێ و بچێ ژنەکەی بە قژ بهێنێتەوە” لێرەدا خواستی خۆی، ئەکا بە خواست بۆ باوکی/ واتە خۆیشی حەزئەکا بچێژنەکە(دایکی) بهێنێتەوە/ هەر وەها هۆی پەست بوونی باوکیشی لەم پلانەدا،بەرینتر دەنوێنێ. واتە ئەمەوێ بڵێم چیرۆکەکە لە پاژەوە بۆ گشت تەنراوە و خوێنەریش بەو پێیە بەرەبەرە دێتە نێو گۆمی رووداوە زێهنییەکانەوە..
” سەڵا لە عەقڵی منیش. چۆن شتی وائەبێ؟ باوکم بیست ساڵ لەوەپێش مردووە. چۆن بچێت؟ نازانم. سەیرە مردوو چۆن رۆژنامە ئەخوێنێتەوە؟”
رووبەریی یەکەمی چیرۆکەکە یان گرێی یەکەم لێرەدا ئەکرێتەوە؛ منی یەکەم کەس لە منۆلۆگێکی حاڵەتی مەستیدا باوکی هاتۆتە بەر چاوی کە بە هۆی کۆکە کۆکی ئەم و دەهۆڵ و زۆڕنای دەرەوە پەستە.. ئەمە وەک پلانێکی روون و دیسان تەبا لەگەڵ سەرەتای چیرۆک، گەمەی بازنەکە روونتر دەکاتەوە و بە وەهم نواندنی گێڕانەوەکەس روونتر دەبێتەوە؛
” با پێکێکی دیکەش هەڵدەم” مەستی / کەشی نێوان وەهم و واقیع/ بۆتە کەشی گشتی چیرۆکەکە.. واتە کات و کەس و شوێن و رووداوی زێهنی، لە دۆخێکی وەهماویی – واقیعدا هاتوونەتە ئارا و کەش سازیی ئەم چیرۆکە، ئەوەند روونە کە ناروونێتیە وەهماوییەکەش، دەباتە حاڵەتێکی مەنتیقی بۆ خوێنەر و پرسیارەکانی دوایی لەم بەشەدا خوێنەر دەبەنە قۆناخێ دی و ئەیگەڕێنێتەوە بۆ ناواقیعی” مردوو چۆن رۆژنامە دەخوێنێتەوە” و سەرلە نوێ بۆ وەهم” نەخەیر سەیر نیە، نەمردووە و ئا. ژنەکەی وازانێ مردووە. کوڕە چاوی دەرهات. باهەر بزانێ مردووە. ئیشەڵڵا کاتێ زانی، هەناسەی چەقێتە قوڕگی. خۆزگە لە گەرمەی شاییەکەدا، تەنگە نەفەسییەک بە خزمەتی ئەگەیشت و لە زمان ئەکەوت. همم قسەی قۆڕ! ئەو چۆن ئەمرێ؟ تا بێ بەگۆڕتر ئەبێ”
کەوایە ئێستە بابەتی چیرۆک- پیەس کە هەندێ روونترە و تەنانەت خواستی دەروونی کەسایەتیش دێتە پاڵ خواستی دەرەکی یان با بڵێین رووداوی دەرەکی/ ئارەق خواردن و زەماوەن، گرێ ئەدرێن بە رووداوی دەروونی واتە قەڵس بوونی ئەم و باوکی بە دەهۆڵ و کۆکە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە زەماونەکە… هێشتا جەختم لەسەر تەکووزیی دێڕ بە دێڕی چیرۆکەکەیە وەک جوانناسیی دەق و جوان چنینی ئاجوورەکانی؛ وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕ و و کۆپلە بە کۆپلە.. بە پێی مێتۆدی پێکهاتەخوازیی.
٥ – دیسان بە پرسیارەوە دەست پێدەکا بۆ ورووژاندنی زێدەتری خوێنەر و جووڵە/بزاڤی/ی نێودەق؛
” ئەوە بۆ هەستا؟ لەبەر چی رۆژنامەکە وا بە رقەوە ئەمبار و ئەو بار ئەکا؟ کوڕە خۆ خەریکە دەخنکێم/جەخت کردنە لەسەر پێوەندیی رۆژنامەکە و سییەکانی خۆی/ قرخەم دەر نایە. ئائا ئەوە خۆ رۆژنامەکەی پارچەپارچە کرد. دڕاندی. ئێ ئیستا تێگەیشتم رۆزنامەی چی و شتی چی؟ئەوە سیەکانمە بە دەستیەوە. نا!! بوو بە هەڵمێکی شین. نا شین نیە نازانم پتر لە رەنگی تریفەی مانگەشەو دەچێ. ئائا ئەوە خۆ تیشکە شینە مانگەشەویەکە وردە وردە بزڕ بوو توایەوە”
لەم بەشەدا چیرۆکەکە ئیتر هەموو گرێکانی خۆی کردۆتەوە؛ سیی و رۆژنامە بوونەتە یەک. وەهم و واقیع تێکەڵ بوونە و بوونەتە چیرۆکێ بە رەنگی تیشکی شینی مانگە شەو/ راڤەیەکی شاعیرانە بۆ رازاندنەوەی جوانی کۆتایی. بە رای من ئەمە جوانترین وەسفە بۆ ئەم چیرۆکە خۆی بە بێ درێژ دادڕیەک کە مخابن لە دەقی چیرۆک و رۆمان و تەنانەت شیعری مەدا بۆتە باو و زۆرێ لە نووسەران و شاعیرانی مە لایان وایە ئەو دەقە بە شکۆترە کە ژمارەی لاپەڕەکانی زێدەتر بێ!!
٦- کۆتایی چیرۆکەکە رەنگە سەرەتای چیرۆکەکە بێ و لە نەستی دەقدا وەک سەرەتا سەرکوت کراوە.. بەڵام مەستی و راستی؛
” ئاااخ بریا وا زوو ون نەدەبوو. خەتای سییەکانم بوو.. نە تۆ بڵێی نا/ سەرنج بدەنە ئەو پرسیارە کورتە دەروونیگەلە/ خەتای ژنەکەیەتی. لەگەڵ ئەوەیدا کە بەراستی کورتن بوونەتە ئایرۆنی بۆ ئەوەی شتێکی دیکەیان پێ بڵێ.. جارێ زووە بۆ وەی دایک بە خوازەیەک بزانین و روویەکی دیکەی دەقەکە هەڵدەینەوە/ واتە خۆی پێ لە دایکی جوێ بکاتەوە و بچێتە سەر باوکی/ خوایە ئەو ژنە چەندە بێ شەرمە. جلی بووکێنی لەبەر کردوە دەستی کردۆتە ملی زاواکەی.. سەیر کە سەیرکە..تفففف.. لە ئێوەش و لە دایکیشتان/ بە خۆشک و براکانی دەڵێ/ پێتان ناخۆشە چش لەدەستم بێ دەیکوژم نانا نایکوژم بەڵام دەچمە شاییەکە. ئەرێ لە پێش چاوی زاوا زێڕینە و هەموو میوانەکانی سییەکانم دەر دێنم پارچە پارچەی ئەکەم و بۆی فڕێ ئەدەم. دەبمە هەڵمێکی شین و بەجێیان دێڵم و سەری خۆم هەڵدەگرم”
بە کورتی جوانی ناسیی لەم چیرۆکەدا؛
١- دەگەڕێتەوە سەر تەبایی نێوان هەڵبژاردنی گۆشەنیگا بۆ هەڵڕژانی نەست لە رێگەی منۆلۆگ و سێڵاوی هۆش و گرێ دانی وەهم بە مەستیی و سیی بە ژیان و خۆشەویستی باوکەوە
٢- “نازانم”ەکان بە “ئەزانم” و دواتر “خۆزگە” و “بریا” وەک کارکردی بە جێی زمانیی چیرۆکەکە
٣- پێچەوانە کردنەوەی سەرەتا و کۆتایی واتە مەیاندان بە دەرچوون لە بازنەی کاتی هێڵی و شکاندنی کات و ناهێڵی بوونی گێڕانەوە .. گەمە بە کات – شوێن
٤- لەبەر چاو گرتنی هۆکارێتی/ علیت/ بۆ قوڵف و بەس کردنی چیرۆکێک کە بە رواڵەت لە وەهم ئەچێ و لە راستیدا زۆر پێکهاتەمەندە بە پێی بزاڤی دەق لە پاژەوە بۆ گشت؛
شووکردنەوەی دایک….> بریندارکردنی سییەکانی ئەم و باوکی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا…> هاوزاتیی نێوان باوک و کوڕ و دابڕانیان لە ژن- دایک…> پەنا بردن بۆ خواردنەوە بۆ کەم کردنەوەی ئازاری دەروون و جەستە و لە هەمووی گرینگتر گێڕانەوەی ناراستەوخۆ و چیرۆکاندنی کات – شوێن – کەس- رووداو/ی واقیعی و زێهنی/ و هەروەها پاراستنی لەحن و بەکار هێنانی کەمترین وشە بۆ دەربڕینی زۆرترین بابەت و شوبهاندنی شاعیرانەی چیرۆک وەک تیشکێکی شینی مانگە شەو…..
ماویەتی
…………………………..
- سییەکانم – نووسینی رەسووڵ محەمەدی – ئەم چیرۆکە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٧ لە گۆڤاری ”ئیستا” لە سلێمانی چاپ بووە و ١٩٩٨ لە گۆڤاری ”گزینگ” لە ستۆکهۆڵم دیسانەوە بڵاو کراوەتەوە.
- پێشنیاری فورمالیستە کان بۆ خوێندندنەوەی دەق ئەمە بوو؛ بیخوێنەوە تا دەگەیتە یەکەم نامۆیی لە دەقەکەدا.. لەوێوە لەنگەری لێ بگرە و شرۆفەی بکە