بۆشایی | ژاندۆس | شێعر | لاونووس

ژاندۆس

گریانم دێ

منی ورد و پردی پلیشاو

کە لە ئێوارەیەکی زستانا

شێعرم لێ ون بوو و هەستم چیدی نەبزوا

زۆر لە پڕ بەهارم ناسی

مەخابن پەپوولەم تیا نەمابوو بۆ چ گوڵێک

ئەستێرەم نەمابوو

تا فڕێی دەمە کەشکەڵانی ئەوین

بارانم نەمابوو

تا ببارێمە ناو لیوانە چاییەکەی بەر پەنجێرەکەت و

بمئاڵێنی لە دەروونت..

گریانم دێ ئازیز.. گریانم دێ..

لە ناسینی خۆما نامۆ ماوم

وەک ئاربەبا کە بابۆس ناناسێ

وەک چیلکەیەکی شکاو کە نازانێ وەرین چییە

وەک ژیان کە نازانێ بۆچی هەیە

بۆچی هەم؟

بۆچی نەبوونم لێ ون بووە؟

کام هەناسە بوو هێزی دا بە ئەژنۆم؟

کام جووڵە بوو خوێنمی مژییە خۆیەوە

بۆچی هاتم؟

کام ویستن بوو شەوقی نەویستنی پێ دام؟

کام زریان بوو بە ڕێنوێنم؟

ڕاست یا چەپ؟

پاش یا پێش؟

کام لەتر بوو کە خواردم؟

کام هێما بوو بە ئامانجم؟

گریانم دێ..

ئەم بۆشاییە کۆڵەوارە قەرەبووی بە کام پڕکردن ئەکرێتەوە؟

بە کام زمان ئەبێ بگریم، تا بێ زمانیم نەکولێتەوە؟

کام چاوانەن فرمێسکەکانی منیان پێیە؟

خۆم پڕم لە بوغز

گەرووم دەستی زاڵی خنکاویی شینی کردووە

من وشکەساڵییەکی بێ یووسفم

تۆ لە جێی من بگری

گریانم دێ و نایا..

وەک خاکەلێوەم

پڕم لە برووسکەی بێ باران

لە ژێر تاشەبەردی گەرووما

تەنیا کارگی بوغزم هەڵ ئەتۆقێ

گریانم دێ و نایا..

مرۆڤ بوونم بەسە تا وشک ببم لە فرمێسک

خۆم پڕم لە بوغز

تۆ لە جێی من بگری..

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا