لە چاوەڕوانی شەمەندەفەردا

کامۆ ئاراز

.

کاتێک هەر بڕیارێکی گرنگی ژیانم دەدا، دەبوایە دایکم ئاگادار بکەمەوە، بێگومان ئەمە ئەو شتەیە کە هەموو کەسێک چاوەڕێی دەکات لە کەسێک کە خێزانەکەی لە بڕیاری گرنگ یانیش ناگرنگی ژیانی تایبەتی خۆی ئاگادار بکاتەوە. بێگومان ئەم ئاگادارکردنەوەیە دەکرا تەنها لە ڕێگەی نامەیەکی پۆستەوە بوایە، ئاخر زۆر کەس زاتی ئەوە ناکەن چاو لە ناو چاو پەیامەکەیان بگەیەنن، بەڵام من هەمیشە سەردانی دایکم دەکرد لە شارێکی دیکە کە دوو کاتژمێرێک لێمەوە دوور بوو. وڵات لە هەموو لایەکەوە لە ناو ئۆقیانووسی جەنگدا نوقوم بوو بوو. هەرچەندە جەنگ منی نە دەگرتەوە، وەلێ بڕیاری ئەوەم دا کە لەو شارۆچکەیەی لێی نیشتەجێم سەرهەڵگرم و بەرەو پیری مەرگ بڕۆم. خۆ مانەوە یان نەمانەوە هیچ جیاوازیەکیان نییە بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا هێڵی نێوان ئەو دووانە ڕەنگێکی تەواو ئاوییە.

سێ ساڵ لەمەوبەر هاتم بۆ ئەم شارە تاوەکو لە کارگەیەکی درووستکردنی کەل و پەلی جەنگ کار بکەم، کارگەکە کەل و پەلە جەنگییە درووست کراوەکان ڕەوانەی سەربازانی سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ دەکات. لێ ئێستا بڕیارم داوە لەباتی ناردنی کاڵای جەنگی ئەم جارە خۆم بڕۆم. جەنگ هەموو شتەکان وێران دەکات، با منیش بەشێک بم لەم وێرانییە. زۆر شتی دیکە هەیە لە ژیانمان وێرانمان دەکەن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە هێشتا لە ژیاندا دەمێنینەوە و چرکە بە چرکە ئازاری ئەم پەژارە بارانەمان پێ دەچێژێت، لە کاتێکدا مەرگی جەنگ بۆ یەک جارە. 

هەرچۆنێک بێت بابێمەوە سەر باسی بابەتە خێزانییەکەم. بڕیارێکی وا پێویستی بە ماڵئاوایی کردن بوو لە دایکم کە چەند وێستگەیەک دوور بوو لەشارەکەمەوە دەبوایە دوو کاتژمێرێ ڕێ بکەم. بێگومان دایکم بەم جلە خاکییە سەربازیانەوە بمبینێت واقی وڕ دەمێنێت، وا هەست دەکەم کە زۆر نیگەران نەبێت بە ڕۆیشتنم ئاخر وا جاڕ دەدەن کە ئەڵمانیا نیوەی فەڕەنسا و پۆڵەندا و چەندان ناوچەی دیکەی بایەخداری خستۆتە ژێر دەستی، ئێمە بە گوێرەی ڕۆژنامەکان و لێکدانەوەی وتاری سەرکردەکان لە ڕادیۆکان ئێمە براوەین، کەچی ڕاستیەکەی ئەوەیە براوە لە جەنگدا بوونی نییە، جەنگ بریتییە لە خۆکوشتنی مرۆڤایەتی. بەڵام تازە بڕیارێکە و داومە، لەوانەیە هاتنە ناو کایەکەی دنیاوە بە دەست من نەبوو بێت، خۆ چۆنیەتی یاریکردنەکە لە دەست خۆمە. بۆیە منیش بەو شێوەیە یاخی دەبم کە دەمەوێت یاخی بم، ئاخر ئەوە یاخی بوون نابێت بە دڵی یاخیلێبووەکە یاخی ببیت، بۆ ئەوەی دووهەمیان لەباتی جەنگ بۆی بڕۆ بۆ مەیدانی سەر تەختەی شانۆ.

لاپەڕەی دڕاوی ڕۆژنامەکان لەگەڵ ڕەشەبادا باڵیان گرتبوو، منیش تا دەهات هەنگاو بە هەنگاو لە وێستگەی شەمەندەفەر و مالئاوایی لە تاقە نیشتیمانەکەم: دایکم، و جەنگ نزیکتر دەبوومەوە.

***

لەسەر تەختێک دانیشتبووم لە چاوەڕوانی شەمەندەفەرەکەم بۆ ئەو شارەی پڕی یادگارییە. شاری هەموو یەکەمینەکان: یەکەمین فرمێسک، یەکەمین ماچ، یەکەمین ئامێز، یەکەمین پیسایی کردن، یەکەمین وشە و ئیتر هەموو یەکەمینەکانی دیکە، کە لیستێکی درێژی ناکۆتان. لە پاڵمەوە ئانا بوو لەگەڵ کۆرپە سێ ساڵانەکەی. ماڵیان لە شوێنەکەی منەوە دوور نییە و هاوسەری هاوڕێکەمە کە سێ ساڵە هیچ وشەیەکم لێ نەبیستووە لەو نامانەوە نەبێ کە بۆ ئانا دێن لە مەیدانی جەنگەوە.

”ئەوە چی دەکەیت لێرە، بۆ کوێ دەچیت، ئانا؟”

”شوێنێک نییە بۆی بچین. هەفتەیەک پێش ئێستا نامەیەکم پێگەیشت لە ئاداڵاردەوە ئەمڕۆ کاتژمێر یەک و نیو دێتەوە ماڵەوە”

”بەڕاست؟! هەواڵێکی خۆشە دوای ئەم سێ ساڵە ماریش ئەبینێتەوە”

ئانا خەندەیەکی کرد و بێدەنگ بوو وەک ئەوەی بڵێ لە چرکەی ڕەوانەکردنی نامەکەوە تا ئێستا دەکرێت زۆر شت ڕووبدات کە ئەم خۆشیە تەواو سەراوژێر بکاتەوە. ئیدی ژیان ئاوایە پڕیەتی لە ڕووداوی لە ناکاوی پێشبینیکراو. هەرچەندە پێشبینیکراون، لێ هێشتا توخمی ئەوەی واقمان وڕبکەن و لە وشەمان بخەن لە دەست نادەن. بێ دەنگیەکەم شکاند.

”من ئەمڕۆ شەوەکەی ڕێ دەکەم بۆ بەرلین و لەوێ کۆماندەکەنەو و دەنێردرێن بۆ بەرەیەکی جەنگ، خۆشحاڵ دەبم هەمووتان ببینم پێش ڕۆیشتنم.”

”جەنگ زۆری پێ لەدەست داین، نامانەوێ هاوڕێیەکی ئازیزی دیکەش لەدەست بدەین. زۆرم حەز دەکرد ڕێگەی چوونە جەنگت بزر کردایە”

”ئێمە هەموو بزرین، چوون بۆ جەنگ بزرتری ناکات”

”هەرچۆنێک بێت من و ئادالارد و ماری چاوەڕوانی نامەکانت دەبین، نامەکان وەکو هەناسەن بە گەیشتنی نامەکانت دڵنیا دەبین لەوەی هەناسە دەدەیت و سەلامەتیت”

”بێگومان ماوە ماوە بەشێک لە ڕۆحم لە سندوقی پۆستەکەدا دەدۆزنەوە”

لەو کاتەدا بوو دەنگی شەمەندەفەر وردە وردە زیاتر دەبوو تا گەیشتە بەردەممان و خوداحافیزیم لە ئانا و ماری کرد و کاتژمێرەکەی دەستم ١:١٠ خولەک بوو.

***

لەگەڵ ڕۆشتنی شەمەندەفەر و ڕووانین لە سرووشت و گوندە بێدەنگەکان، ئەوەم دەهاتە هزر شاری یەکەمینەکان لەوانەیە، کە تاڕادەیەک دڵنیام، دەبێتە شاری دواهەمینەکان. درۆیە گەر بڵێم فرمێسەکانی دایکم ئازاری مەرگیان نەدام. هەمیشە بیرم دەکردەوە بۆ خودا ئێمەی لە دار و ئاسن درووست نەکرد، تاوەکو ئازامان نەچەشتایە، بۆ ئێمە لە سۆز درووست کراوین. خۆزگە لە یەک مادەی خشتەی خولی زیاتر نەدەبووم.

لەگەڵ ئەوەی وردە وردە لە وێستگەی ئەو شارەی لێیدەژیام نزیک دەبوومەوە لە کاتژمێرەکەی دەستم ڕووانی کات شەشی ئێوارە بوو، دەبوایە سەردانێکی مالی ئاداڵاردی هاوڕێشم بکردایە و باوەشی هاتنەوە و مالئاواییم تێکەڵ بە یەک بکردایە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەی لە ویستگەکە نزیک دەبوومەوە سێبەری ماری و ئانا ڕوونتر دەبوونەوە و لە شوێنەکەی خۆیان نە جوڵا بوون، لەگەڵ ئەوەی چاوەڕێی گەیشتنی شەمەندەفەر بوون.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا