ڕووناکییەکان

سۆران محەممەدە سوورە

.

 ڕووناکیی

لەسەر تاتەبەردەکە ڕاکشا

پێڵاوەکانی خستنە ژێر سەر

لە ڕووناکیی چاوانی دەترووکان

شەو نمنم دادەزێتە چاوانی

هەنگاو نێوان خۆی و ڕووناکییی دەستەچن دەکات

دایک لە ڕووناکیی پەنجەرەکە خەون دەچنێت

تۆیش لەو دوورایییەوە

لانەی خۆت بە تاریکیی هەڵدەخەیت

ئەم بێسەبووریییەی بەر پەنجەرە و ناسۆر

بە دەستی چ ئومێدێک بەرەو دواوە پاڵ دەخەیت؟

.

 پشیلە

پاڵدەخرێیت

مینا شاعیرێک بۆ دۆزینەوەی پەراسووەکانی

شەوانێکی زۆر، گۆڕی زۆر و تەرمی زۆری هەژمار کردبن.

هاڕە دەکەیت، دەزریکێنیت

قەپ بە پەنجەکانتدا دەگریت

ئەژنۆ لێکترازاوەکانت، ناتخەنە پێکەنین.

سەرت لە هاوڕێیەک هەڵناسووێت، دەگریت.

شوێنێک وەک تاریکیی شکنابەیت چاوانتی تێدا گڕبدەیت

پشیلە ئاسا بترووسکێنەوە.

دوورییش، ڕووی کارێزی هەوارێک… دەخەمڵێت.

وچانێک… پەنایەک لە کوێ؟

هەست بە ماندوویەتیی دەکەم:

نەدەکرا خۆشبویسترابام؟

.

ڕوانینوان

خۆشنەویسترام 

منداڵییش بیری خستمەوە؛

ئاسمان ئەو خودایانەی هەن

قوڕگیان ئاخنراوەتە چنگێک لیتە

زەوییش هی ئەو خودایانەیە

دەنگیان لە ئایندە دەبیسترێت

لەبەر دڵنیاییی زۆری مرۆڤ

ڕێ هەردەم لە تۆفە.

دڵنیاییی چ زۆر چ کەم،

هەمیشە مەترسییدار بووە.

ئاخۆ ئەم دڵنیایییە

بەڕووی چ بێگوناهیییەک دەمخرۆشێنێت؟

دەرنابەم.

ڕێ بەرەو کوێیە؟

تێمڕژاوە، مەترسییی ئاورێ.

.

نەبان

لێرەبیت ئەم ئاگرە داناییسێت.

ئەوینت داتریکاندنی غەرییبیییە.

دەبا لەوێ، ئەم سەهۆڵی غەرییبیییە، چاوەکانت نەبن

چون خۆشەویستیی ناگێڕدرێتەوە.

پەراسووەکان ئاڵا/بوونە دەستت

بە ڕووی تیرێژی بەیانیان چاوت هەڵدەگڵۆفی

شوێنێک، سەرگەردانم بووی،

دەمێ ئەوین پەراسوو،

دەمێکیش خۆڵەمێشی پەراسووەکان بووی،

ئەها، جوانیی لە هەر شتێکی تر، به‌رترستره‌.

بێۆقرە، دڵ نا، مشتێ خوێنه‌

پەراسووەکان گەرەکمن.

کات کەوتووەتە هەڵەتەی شوێن.

وتم: لە عادەتی شوێندا دەکرێ باشتر ڕێ بکەین.

وتت: دەکرێ خۆتی لێنەبان بکەی.

ڕابکشێی،

لەژێر هەور بێت، یان ئاسمانیبڕک.

جا با هەر خۆشنەویسترابێتی، چش

پەراسووەکان، منداڵییتن.

.

وێ/نەگەیشتوو

منداڵ بوویت

چڵە زەیتوونێکت دایە دەستم

وتت: سەفەر بچنە، ئومێدێک هەیە.

دەبێ ڕابێی، ژیان بەیەکداکەوتنی ترسە.

ترس سەرەتا و کۆتاییی گەشەی مرۆڤە.

– مەگەر مرۆڤ لە درەنگییدا چ شتێک مەیسەر دەکات؟

– درەنگییش هیوایەکی لەزووە.

.

 شاعیر

درەنگیی دێ، تۆ بە باوەشەکان ڕاناگەیت.

پەرۆشیی لێتدەبێتەوە،

شتێک دەستپێناکەیت، بۆ؟

ئەمە نە خۆشەویستییی وشەیە

نە نییەتپاکییشە بۆ مرۆڤ.

وتم: مرۆڤ درزی تۆی تێکەوتووە.

وتت: ئەفسانەکان تازە دەستپێدەکەن.

ده‌بێ ناته‌بای ئه‌وانی تر بیت.

گرێیەکانی ئەم دوایییە بە مێژوو مەکەن،

با هەر ئایندە بن.

مرۆڤ، لەهەنبەر نەینۆکدا، جوانتر چاو دەترووکێنێت.

وتم: دەنگێک زایەڵەی گوێچکەم بووە

وتی: كه‌ زانیت شاعیریت، ڕابمێنە نەفرەت.

.

خەون

شەیدایییەکی نەفرەتتێنوو سەرت پێهەڵدەگرێت؛

زوودەری ئەم بەیانیانەیت خۆشبووێت.

شاعیران بە خەونی سەیر،

هەواڵی مەترسییدار دنیا دەڕوانێنن

بەربەیان هەردەم لەنوێیە،

بەڵام تاڵەتیشکەکانی هی دوێنێ و پێرن.

کاتێ واتکردبێت، بە ڕکەوە خۆشبویسترێیت

بجمێ

بەربەیان ڕۆژێکی نمەکتێنووە.

.

 خەونی ڕووناکیی

بوورین سه‌خته، وه‌ك ئه‌وه‌ی برینێك له‌دڵم نییه‌

له‌وڕا ئازار به‌ته‌نیا ڕێكردنه‌.

ڕێكردن نه‌بێت، چ شتێك له‌ هێشووی خه‌ونی منه‌؟

کە لە ڕووناكییی ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتووی ڕێگه‌ ترستە

بۆ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینیت!

خه‌ون بینین به‌ ڕووناكیی، ده‌سپێكی شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ خودا.

مرۆڤ؛ ڕووناکیی تراژێدیایە.

.

 شەکەتبوون

بەڵام ڕووناکیی! چ تایەک گرتوومی،

چ چرایەک بەنێوخۆیدا ڕووحی کێشاومەتەوە

تا ئەوها خەمسارد، کەوتبینە پەژارەی ڕۆیشتن.

ڕۆیشتن؛ سەر هەڵگرتنە لە ئاشنای زۆر،

مرۆڤی ماڵدار.

مرۆڤی دووبارە.

بەڵام خۆشەویستیی، چزووێکی ژەهراویی بوو.

.

 پەرست/دراو

ئای ئۆرۆر 

بیرمە خانۆچکەمان دروستدەکردن

کەمێک دواتر تێکمان دەدانەوە، منداڵبووم

بە ڕێڤیان٭ خوودارم کرد، نهێنییەک کە سازاندم لێی

هەم خۆشم ویست، هەم تاساندمیشی:

ئەوینی خۆتت خۆش بووێت

مرۆڤ، بەربەیان دوور نابینێت.

.

 دایکە

چ دایکێک شیری خۆیت لێحەڕام ده‌كات؟

خۆشەویستییت تەوقێک بوو لە ملمدا.

بووه‌ كه‌پت، بووه‌ گرێی خۆشنه‌ویستران.

بێزەوەرییم بانگ کرد

دەستم ئاڵاندە ملی تاوان

سروشتم بۆ ئەوە گۆڕا:

بەربەیان، ئاگردانەکەم خۆڵەمێشی کەم نەبێت.

.

 بەرهەست

کاتێ ئەستێرەکان توابوونەوە، دەکرێ “هەڵفڕیوو”بن

پرسیی: دەتوانیت ڕستەیەک بیت؟

)بڵێی ئێستا)، لەنێو مژی زستان، دڵەخورپەی لێڕەوار

گوێبیست بە لوورەی چ گورگێک ببین

ڕێگەی هەتەرمان لێبگرێتەبەر

دەبینین ئاسمان کەوتووەتە وەرزی نوێ،

هیچ وشیاریییەکیشمان لێی نییە.

.

 دامان

ئەهۆی بێپەراسوو:

بەلاڕێی کام لەم وشانەدا تێپەڕ دەبین،

کە گۆمان نەکردوون؟


٭ ڕێڤیان: چۆنیه‌تیی دروستبوونی؛ ڕێ+ی+ڤیان.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا