نەخۆشێک لە نێو گیرفانمە – ڕێزان فەتاح / چیرۆک
ڕێزان فەتاح
.
لە پاسەکە دابەزیم، لەگەڵ دابەزینی من سەرنشینەکان پێکڕا ئاوڕیان داوە! وەک ئەوەی دەمێک بێ سەیری من بکەن و منیش ئاگادار نەبووبم، گوێم پێ نەدا. ڕۆیشتم و خۆم گەیاندە بەردەم دوکانەکە، تا ئەوەی بۆی ڕاسپێردرابووم، بیزانم. پرسیارم کرد، گوتیان: ناونیشانەکەت هەڵەیە، گوتم ئاخر…؟ دووبارە گوتیان: ناونیشانەکەت هەڵەیە. قسەیەک لە من یەکێک لەوان، بووە دەمەقاڵێ و شەڕ و هەڵڵا…
ئەوێم جێهێشت و گەڕامەوە سەر جادە، دەڕۆم و ناشزانم بەرەو کوێ! ئەگەرچی ناونیشانێکم لە گیرفانە… جار جارەیش لۆمەی خۆم دەکەم و دەڵێم: بەدبەخت، ئەو هەموو قڕە قرەت لەچییە؟ ئەگەر بەمشێوەیە بیت خۆت لەدەست دەدەیت، دەبیتە کەسێکی ڕقاوی! لەبەر خۆمەوە دەڵێم: پێدەچێ هی ئەو عیلاجانە بێ کە دکتۆر بۆی داناوم بەڵام ئەوەی گوتم تەنیا بۆ دڵدانەوەی خۆم بوو، دەنا لەوەتەی فامم کردووە ئاشنای ئەو جۆرە دەرمانانەم.
هەموو شتێک لەوەوە دەستی پێکرد، بەڵێ ئەو هەموو ڕووداوانە لەوەوە دەستی پێکرد، کاتێ ئەو پارچە کاغەزەیان پێدام، پێشتر قەت پێم وانەبووە پارچە کاغەزێکی بچووک بتوانێت ژیانی کەسێک سەراوژێر بکا. بۆ ئەوەی بگەمە ئەم ناونیشانە، لە هەموو شوێنێک بەدوای سەرەداوێک دەگەڕێم، هەر ئەمەیشە وایکردووە سەر بەهەندێک شوێندا بکەم کە هەرگیز بە خەیاڵم دانەهاتووە ڕۆژێک بڕۆم بۆ ئەم شوێنە. بەردەوام دەگەڕێم، دەگەڕێم و دەگەڕێم… چونکە هیچ سەرەنجامێک نییە، بۆیە هەمیشە یەک جۆر وەڵامم چنگ دەکەوێت. نازانم و بۆشم لێک نادرێتەوە هەڵەکە لەکوێیدایە، لە گەڕانی بێکۆتام، یان لەو شوێنانەی بۆی دەڕۆم، یانیش لەو دەستوخەتەی کاغەزەکەی پێ نووسراوە؟ تا دێ من توڕەو دڕدۆنگ تر دەبم، گەڕان و دۆزینەوەش سەخت تر، وەک شێت بەڕێدا دەڕۆم و دادەنیشم و دەکەوم! هەموو زەین و بیرکردنەوەم بووەتە ئەم پارچە کاغەزە. کوچە بە کوچە دەگەڕێم، ئەم گەڕانە بە ڕادەیەک کپی کردووم، تەواوی قسەکانم ئەم چەند وشەیەیە: ئەرێ بێ زەحمەت…؟ هەموو وەڵامەکانیش یەک جۆرە: ناونیشانەکەت هەڵەیە.
لەسەر شۆستەیەک دادەنیشم، پەنجەی دۆشاومژەم دەخەمە ناو کونە گوێم، نامەوێ گوێم لە هیچ دەنگێک بێ، چونکە نزمترین دەنگ پەست و بێزارم دەکا. خۆم بە ژماردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە بەردەمم تێدەپەرن سەرقاڵ دەکەم، بیر لەوەیش دەکەمەوە، ئۆتۆمبێلەکان بە سەرنشین و شۆفێرەکانەوە لە مەکینە بدەم، تێکەڵەی ئامێر و مرۆڤ، ئەوکات بوونەوەرێکی لێساز بکەم بە دڵی خۆم، بزە دەکەم و دەڵێم: خۆ ئێستاش مرۆڤ هەر ئامێرە، ئامێرێکی قسەکەر و گوکەر.
ئەوکاتەی خۆم بە ژماردنی ئۆتۆمبێلەکان سەرقاڵکردبوو، یەکێ بە نووکی پێڵاوەکانی ئاگاداری کردمەوە، هێی تۆ ئەوە چی دەکەی لێرە! لەگەڵ منتە؟ ئا تۆ، نازانی دانیشتن لەسەر ئەم شۆستەیە قەدەغەیە؟ مەگەر کوێری ئەم هێمایە نابینی! خۆشم نازانم چۆن بوو بێ ئەوەی بەڕوویدا هاوار بکەم، پێکەنیم و ئەوێم جێهێشت. دەمێک بوو هێندە پێنەکەنیبووم، قاقام لێدا… لەبەر خۆمەوە دەڵێم: قەدەغە! قەدەغە، قـ ە د ە غغغغە، چەند ترسناکە!
ئارەقە لە ڕووم دەتکێ، بەر لەوەی بپەڕمەوە ئەوبەر، لە سۆندەی باخچەی سەر شۆستەکە دەموچاوم دەشۆم. دەڕۆمە دوکانێک چەند جامێکی پەنجەرەی پێشەوەی شکاوە، هەرچەند پێشم وایە دوورە لەو ناونیشانەی لە گیرفانمە، بەڵام سورم لەسەر ئەوەی بپرسم. پرسیم و هەمان وەڵامیان دامەوە: “ناونیشانەکەت هەڵەیە”، ئێ ئاخر بۆ دەبێ هەڵە بێ؟ دیاربوو کڕیارێک منی بەو حاڵە بینی بەزەیی پێمدا هاتەوە، بەنیگەرانی و کەمێک ترسەوە لێم نزیک بووەوە، پرسی: بەدوای چیدا دەگەڕێی؟ گوتم: ئا ئەمە، کە کاغەزەکەم نیشاندا دەمی داچەقی، دەتگوت ئاوی ساردی پێداکراوە، بۆ دواوە کشایەوە، بێ ئەوەی هیچ وشەیەکی تر بڵێ دوورکەوتەوە! بە دەست خۆم نەبوو ئەمجار وەکو کورە دەسوتام، بەڕووی دوکاندارەکە هەڵشاخام، خەڵک کەوتە نێوانمان، ئەوجاریش بەحاڵ بۆی دەرچووم و نەمدۆزییەوە.
گەڕامەوە گۆڕەپانی پاسەکان… پاسێکی ژەنگاوی پڕ نەفەر تێپەڕی، هیچ کوشنێکی بەتاڵ نییە، لەدواوەی نوسراوە”……..” لەبەر خۆمەوە دەڵیم: بڕۆن بۆ دۆزەخ، ئەوەی تەنیشتم دەڵێ لەگەڵ منت بوو؟ نا کاکە تۆی چی، تۆ چ سەروبچمێکی تا لەگەڵ تۆم بێ؟ بۆکسێک لە حەواوە بۆ ناودەمم، دیسان شەڕو دەمەقاڵێ! من ئاگر لەچاوم دەبارێ و بێ ئۆقرەم، لەسەر کورسی چاوەڕوانی هەڵدەستم، گورج دێم و دەچم، پاسێکی تر دێت و ئەویش پڕ نەفەر، پاسێکی ترو یەکێکی ترو یەکێکی تریش، دەڵێم بڕۆن بۆ دۆزەخ. دواجار پاسێک دێت زۆرینەی سەرنشینەکانی ژنن، منگە منگم دێ و دەڵێم: ئەگەر سەرو فیشەکێک بنێی بە ناوچاوانی ئەم ژنانە، ڕەنگە دونیا ئیسراحەت بکا! ئەوێم جێهێشت و ڕۆیشتمە بەردەم دوکانێکی تر هەمان وەڵام… شوێنێکی تریش هەمان وەڵام… یەکێکی ترو یەکێکی ترو یەکێکی تریش… هەمان وەڵام.
دەڵێم نازانم بۆ هەر لە خۆمەوە ڕقم لە هەموو شتێک دەبێتەوە؟ نەء، هیچ لە خۆوە نییە، هەرکەس لە جێی من بێ ئێستا ئێسک و پروسکیشی نەمابوو، هەر دەڵێی شتێکم بزرکردووە، ڕاستی مرۆڤەکان یان شتێکیان ونکردووە یان خۆیان! ئەگەر وانەبێ بۆ من ئەوهام؟ هەمووی بەهۆی ئەو پارچە کاغەزە نەفرەتییەوەیە، خەڵکی بۆ لەم دێڕەی سەر ئەم کاغەزە ڕادەکەن، بۆ تۆقیون! تەنانەت بەتەواویش نایخوێننەوە!
یازدە ساڵان بووم، کاتێ دکتۆر بە باوکمی گوت، حەب و دەرمان دەرەقەتی دەردی ئەو منداڵە نایەت، ئەم منداڵە…!
هەست دەکەم لە ناو چاڵێک گیرم خواردووە، ڕزگاربوونیش تەنیا دۆزینەوەی ناونیشانەکەی سەر ئەم کاغەزەیە، بۆ هیچ کەس ئەو ناونیشانە نازانێ؟ هەڵەیە، سوێند دەخۆم ئەو خۆی بە دەستی خۆی ئەم کاغەزەی پێدام. چۆن دەکرێ هەڵە بێ، کەس هەیە ناونیشانی خۆی بە هەڵە بنوسێ!