گوێچكە

پێژمان شەريعەتى

.

بابە بابە لەگەڵ تۆمە

كەڕ بووى!؟

بۆ تێناگەى لەگەڵ تۆمە بابە

بابە بابە بابە بابە ھەستە

چاوێكى بە دەور ديوەكەدا گێڕا و لە پڕ ھەستا،گوێچكەيەكى نەيدەبيست.

دەسى برد بۆ لاى ملى،ديتى گوێچكەيەكى نەماوە.ھاتەوە بيرى كە مانگێكە ھيچ نابيستێ.بڕيارى دا لەم ڕۆ بەيانييەوە بە دواى گوێچەكەى دا گەڕێ.

ماوەى مانگێك،بێ وچان بە دواى گوێچكەى دا گەڕا،تەواوى ماڵێ،ژێرخان و كووچە و كۆڵانى شار ھەمووى گەڕا،ھيچى نەدييەوە.لە ناكاو بيرێك بۆ مێشكى ھروژمى برد،بە دەم ڕۆيشتنەوە كوتى:

خۆ كاك عەزيزى زاوامان كەڕە،لەوە دەچێ ئەو گوێچكەكەى دزى بێ.

نا بۆچى ئەو؟

ھەزار كەسى كە لەم شارە ھەيە كەڕە،بۆ كاك عەزيز بكەم بە دز!

نا ھەر ئەو دەبێ دزيبێتى،چونكە ھەمووى تڕوتايەفە دەزانێ عەزيز دەست پيسە،منيش ھەر گومانم ھەر لەو ھەيە.

تێنەفكرا،يەك ڕاست چوو بۆ دادگا،شكايەت لە عەزيزى زاوايان بكا.ھيچ لەوە نەدەترسا بچێ بۆ دادگا،چونكە عەزيزى زاويان ئێستا ھەموو شتێك دەبيستى.

چووە ژوورێ كوتى:

سڵاو

ئاغاى قازى من  و گوێچكەكەم دزراوە،ھەر بۆيە تكات لێدەكەم بە دەنگێكى بەرزەوە قسەم لەگەڵ بكەى.

قازى سەرى سوڕمابوو بە دەنگێكى بەرزەوە كوتى:

بــــــەخێـــــر بــــێــــى

كـــــێــــشە چـــيــيــــە؟

ئەمر فەرمـــــوو!

كوتى:ئاغاى قازى ئەوەى ڕاست بێ ماوەى مانگێكە گوێچكەكەم دزراوە،شەقام و كۆڵانى ئەم شارەش نەماوە نەچم و بە دواى دا نەگەڕێم.

ئيدى ھومێدێكم نەماوە،پەنام بۆ جەنابت ھێناوە شكايەت بكەم.

ديسان بە دەنگێكى بەرزەوە كوتى:

شـــــكــــايــــەت لــــە كــــێ!؟

كوتى زاوايەكمان ھەيە دەس پيسە و كەڕە!

ئێستا مانگێكە كەڕ نەماوە،ھەر بۆيە ھەست دەكەم ئەو دزيبێتى،گوێچكەكەشى زۆر لە گوێچكەى من دەچێ!ھەر بۆيە ئاوا بە دڵنياييەوە قسە دەكەم.

ئاغاى قازى كوتى:   

بـــــڕۆ عەزيز بــــێــــنە و وەرنـــــەوە.

***

نا پيوەكە چۆن شتى وا دەبێ!؟

نانا ئەو نەيدزيوە،بۆ خۆم ئێوارە لە ماڵ شەھلاى خوشكت بووم،كاك عەزيزى ماڵ وێران لە جاران كەڕترە!چۆن دەڵێى ئەو دزيويەتى!؟؟

ئەى ھاوار مەگە چەند ڕۆژ لەمەوبەر گوێچكەى نەيدەبيست؟

با دەيبيست،خۆ ماڵت بە قوڕنەگێرێ،ناھێڵى قسەكانم تەواو كەم.

دەى فەرموو

پياوەكە ئەوە شتێكى نەھێنييە لە نێوان خۆمانا بێ

دەى باشە 

كاك عەزيز  چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە قەپان گوێچكەيەكى لە پياوێكى دەست بڕ و زۆڵ كڕيبوو!

لەم شەوانەدا سەعات ٥ـێى بەر بەيان،ھێزەكانى پۆليس ماڵيان گەمارۆ دابوو

ھاتبوونە ژوورێ و گوێچكەكەيان لێ كردبووە و دەست گيريان كردبوو،ڕەوانەى زيندانيان كردووە،ئێستا گوێچكەكەى مام عەزيز لە سووچى زيندان بۆ خۆى ھەر دەلاوێتەوە.

ئەى كوێر بم.ژنەكە من ئەوەم پێ سەيرە گوێچكەكەيان چۆن فرۆشتووە!؟دەبێ ئەو كەسەى فرۆشتوويەتى پەيدا كرێ،چون لەوە دەچێ ھەر ئەو گوێچكەكەى منى دزيبێ.

گوێچكەكە داھێزابوو،دەيكوت بۆ بۆ بۆ بۆ بۆ،تاوانم چييە؟گوناحم چييە لەم سووچى زيندانەم؟!

بڵەى ئێستا ئەو برايەى كەم وەزعى چەندە خۆش بێ،ئێستا نە دزراوە نە لە زيندانە،بۆخۆى فەقەت دەبيستێ و ژيانى زۆر خۆشە.

ئەوە منى ماڵ وێران و چارە ڕەشم وام بەسەر ھاتووە،ئااااااخ بێ زمانى خۆ براكەم ئەو كاتەى لێيان كردمەوە ديتمى بەڵام ماڵ وێرانە وەك خۆم بێ زمانە،ھەر ئێمە نا ھەموو گوێچكەكانى دنيا بێ زمانين و ناتوانين لە سەر مافى خۆمان بە جواب بێين،فەقەت خەڵك دەتوانێ بە ھۆى ئێمەوە ببيستێ و لەسەر مافى خۆيان بە جواب بێن.

قامچييەكيان پێدا كێشا و كوتيان كاتى دادگايتە،نەھرەتەى دەچوو بە حەوادا بەڵام خۆ كەس نەيدەبيست.پياوێكى سمێل زل و ناحەز گرتى و فڕێى دايە ديوێك.

ماق مابوو ئێستاش داھێزرابوو،ھۆشى بە لاى خۆيەوە نەبوو،باشە بۆ؟بۆ وام لێدەكەن؟گوناحم چييە؟چى ڕووى داوە؟

ئاغاى قازى ھات و چەند پرسيارێكى لێكرد،ھەرچى دەيكوت بە جوانى دەيبيست بەڵام نەيدەتوانى وڵام داتەوە،نەيدەتوانى بە ئيشارەش قسە بكا چون دەستى نەبوو،ھەر دەبوايە لە باوشيان كردبا چونكە پێى نەبوو.

قازى ھەر پرسيارى دەكرد و ھەر بێ وڵام دەماوە.

يەك بە خۆى ھااااوارى كرد و كوتى:

ئەم گوێچكە نەزانە دەبێ لەسێدارە بدرێ،تاوانبارە ھەرچى لێى دەپرسم وڵام ناداتەوە.گوێچكەكە مات مات

لە سەركورسييەكە دانيشتبوو.نەيدەتوانى ھيچ بكات،نەيدەتوانى لە سەر مافى خۆى بە جواب بێ.

خستيان ناو مشتيان و ديسان ڕەوانەى زيندانيان كرد.

قازيش حوكمى لە سێدارە دانى دەر كرد.

حوكمەكە نووسرابوو:

«گوێچكەيەك لەم ڕۆژانەدا دەست بەسەر كرا،بە ھۆى ئەوەى كە لەگەڵ قاچاقچييەكى لەشى مرۆڤ ھەڵسوكەوتى كردووە و ھەر پرسيارێكى لێدەكەين وڵاممان ناداتەوە.ھەر بۆيە بە پێى مادەى ١٠٥ـى قانوونى ئەسساسى وڵات ٥ـى بەيانى ڕۆژى سێشەممە لە سێدارە دەدرێ.

حوكمى قازى سرنجى تۆڕى كۆمەڵايەتى و شەبەكە ھەواڵنێرييەكانى بۆ لاى خۆى ڕاكێشا،گوێچكەى ھەمووى خەڵك لەم حوكمە پڕ بوو.

سپێنێكەى ھەمووى خەڵك كاتژمێر ٥ـى بەربەيان لە گۆڕەپانى سەرەكى شار كۆ بوونەوە،بۆ ئەوەى لە سێدارە دانى گوێچكەيەك ببينن.

ئەم ھەواڵە گەيشت بە براكەى،دڵ نيگەران بوو،كوتى:

بە خودا ئەوە گوێچكەى برامە لە سێدارە دەدرێ.

ژنەكە و پياوەكە و شەھلا و عەزيز ھەموو ڕۆيشتن بۆ گۆڕەپانى سەرەكى شار تا لە سێدارە دانى گوێچكەيەك ببينن.

پەتيان لە گوێچكەكە كرد و پێيان كوت دوايين قسەت چييە؟بەڵام گوێچكەكە بێدەنگ بوو،نەيدەتوانى ھيچ قسەيك بكا.

براكەى لە ناو ئەو حاشاماتە،ناسييەوە ديتى براكەيەتى،سەرى داخست و داى لە كوڵى گريان.

پپاوەكە دەستێكى برد بۆ لاى ملى و ھەڵاماتێكى سەير ھروژمى بردە سەر لە ناو ئەو ھات و ھاوارەدا چوو پاڵى نا بە ديوارێكەوە،تێر تێر تێر تێر گريا

دواى سێ مانگ لە بيرى ھاتبووەوە ھەر بۆخۆى لە بەر نەدارى و كەند و كۆسپى ژيان گوێچكەكەى فرۆشتووە.

پياوەكە و گوێچكەكە ھەر دوو بە دڵێكى پڕەوە،سەرى خۆيان داخست و بەرەو ماڵێ تلۆ بوونەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا