هوو…!

برایم ڕەسووڵی (غەوارە)

.

دەڕشاوەو دەنگی دەگیرا هەموو شەوێ لە نێو جۆگەلەکان دا دەرم دەهێناوە، ڕۆژانی کۆنیم دیبوو بەڵام حاڵی پەرێشانی ئێستای لە چ بوو نەم دەزانی.

بە ئەو کزیو لاوازیەوە و کۆخە ئیشکەکانی کە لە کۆخەی وەبا دەچوو ناوی دەهێڵمەوە با شتێ بمێنێ بۆی، سەرعی هەبوو یا نا بەڵام لە کاتی تووڕەیی دا وەها گیانی دەلەرزی بە خۆم دەگووت هەر ئێستا دەمرێ. سەری لێدەدا سەری دەسووڕاند وێنەی دەروێشێ بوو دووبارە لە خانەقا.

{هوو هوو یا ئەڵڵا هوو هوو یا ئەڵڵا هوو هوو رەسوڵ ئەڵڵا}

ئەو دەڕۆیی لە نێوە ڕاستییان ڕادەوەستا ئیزنی منیان نەدەدا، هەر لە خوارەوە لە پەنا دەرگا سەندەڵێکی داری لەقم دادەنا و دەم دی چ سەمایەک دەکەن.

ساڵانێ بۆم پرسیار بوو، بۆ دەبێ سەما بکەن؟سوونەت و شەریعەت هەر دوو تەعبیرێکی جیاوازیان هەبوو لە سەما کردن و مرۆڤی پێداچوو بیرێکی جیاواز، سەما شێوە ئیعدامێک بووە شایەد، شایەدیش سەما کردن لە سووتان و ئاورتێبەربوون هاتووە، لەوە کە تاقەتی چ ژانێکت نامێنێ، لاقێ بۆ سەرێ، لاقێ بۆ خوارێ و لەدوایان ئاوازێکیشیان خستۆتە پاڵی.

هەر کاتێ مرۆڤ گەلە ژانێکی هەبوو با سەما بکا تا لەبیر دەکاتەوە ئەوەندەی دەتوانێ، ئەوەندەی تەواو دەبێ… تەواو بوون یانی مردن لە هەمان کات دا دەنا بەو هەموو تەعبیرەی شاعیر لێیان هێناوەتەوە دەکرێ ساڵانێک پێش مەرگ بمری.

چەن جارێکیان زانیم شێعر دەنووسێ جار جارەش نیگارێک دەخووڵقێنێ، لە نێوان تابڵۆ و کەلووپەلە کۆنەکانی ماڵەکەی دا، پیاوێکم بینی سەر سپی و پرچ درێژ، لە نێوان ئاگر، سپی پۆشێ تازە بووک، لێدەچوو سەما بکات… وێنەکێشەکەم نەناسی، کاری خۆشی نەبوو؛ لە بن هەموو کارەکانی ناوی خۆی دەنووسی بەڵام هەرکەسێ بوو پیاوەکە دەگریا، سینەی سوور بوو… چەقۆ تیژە.

لە ناوەڕاستی شەقام لە نێوان حەشامەتێکی زۆر لەسەر ئەرز ڕاکشابوو، ڕووت بێ لیباسێک… لەوێ زانیم شێتە، یەکەم دیدار، یەکەم سەحنە، ئەگەری عەشقێک کە پاڵتۆیەکت دەکاتە بەر جەستەت، گەرمت کا لەو زستانە ساردە.

کاتێ ڕێم لە خانەقا کەوت کە ناسیم؛ بە بۆنەی وی منیش دەچووم بەڵام من پرچی درێژیانم خۆش دەویست… خۆم قژم درێژ نەبوو ئەویش هەر بەو شێوەیە،

 دەی گووت : پرچم درێژ کەم کە زوولفم پەرێشان حاڵیم بن و ڕووی زەردم نەبینن، چ کارێکە ئێمە چەقۆ لە سینەی خۆ دراوین هەر وێنە ئاوا جوانترە …

 لە ئاخرا کاتێ  چەن ساڵ لەمەوبەر هاتمە دەر لە شارەکەم، خۆم لە تاران  دۆزیەوە بەڵکوو ئەو ئاوارەییە کەوتبۆ گیانم ببینمەوە.ئاوارەیی نە لەوانەی کە ڕاستین لەوانەی کاتێ شتێکت لە کیست دەستێ دێتە سینەت ئەگەر سینەشت هەڵدڕی هەرچی هەیە بیخەیە دەرێ، وا لێ دەچێ هەر زیندوو بی، هەناسە هەڵکێشی، نەختێ لە جاران زیاتر بەڵام نازانی بۆ؟

تاران دەریایەکی بێ بن بەو هەمۆ مرۆڤە چۆنم دەدۆزیەوە لە نێوان  چەرخەکان و کاسکێتەکان دا لەشوێنێ مرۆڤی زیندووی بە لای لایەی مەرگ دەخەواند لەو گێژیە دا هاتە بیرم جارێکیان پێ گووتبووم : دەبێ ڕۆیشت، دەبێ لەو وڵاتە ڕۆیشت، دەبێ بڕۆی، دەم هەوێ تەببەتی بم بۆ شتێک بەشەڕ بێم شتێک ڕابگرم شتێک کە حەقی حەقدارم بداتێە مەشرووع و بێ شەرت نە لە ناو خانەقاکان سەر بسووڕێنم بۆ هەر لایەک بەڵکوو بیبینم؛ کەم ئاوارە نەبووم هەر بیرم نایاتەوە کەنگێ بوو، سەددام تازە سەردەشتی کیمیاباران کربوو گەیشتمە ئێرە، شاری غەریب و ئاوارەکان…

نەدەگەیشتە تەببەت بەڵام تاران با

هەردووک هەر یەک دیمانەیان هەیە لەوێ ئەگەر بەشەڕێی، ئەگەری وەی هەیە بەخاتر جوانی مەرگەکەت وئەوەی باوەڕت پێی هەیە بە کۆتا بگەی، ئێرە کە هەر دێیە ژوورێ کۆتایە…

 وێنەی دێتە پێش چاوم چەن جارێکیان داوای لێکردم، قەولنامەی بۆ ئیمزا کردم و بۆی دەناردم

 دەی گووت : تاقەتیم نەماوە، خەریکە بە ملم دا دێتە دەرێ، پەلە دارێکی ئیشکە ئەو بووغزە بێ ساحەبە ناتەقێ بمرم،شایەد ببێ بە جەڵتە ببێ بە شتێ، نازانم،ناتوانم،خۆم ناتوانم تەواوی کەم تۆ ئەو کارەم بۆ بکە…

سەرم گەیشتە پاکدەشت و شەقایقی چەند و خیابانی نازانم چی و چی بەڵام خانوویەکی گڵی بوو بە دەرگایەکی شینی کاڵ، تاق تاقەی دەرگاکە بێ ڕەنگ و ڕوو لەگەڵ هەموو تێک شکاوی دەرگاکەو دەنگی پیرەژنێک کە گووتی وەرە ژوورێ کوڕم یەک سەدا بوون.

حەسارێکی گەورە حەوزێکی بچووک خوڕەی ئاو لە نێوان میر جۆگەلەکانا و درەختەکانی هەمووی ژیانی هەڵدەڕشت.

چەن ساڵ یان چەن سەد ساڵ تێپەڕبووە بەڵام پیرەپیاوێک بە پشتێکی چەماو و جانتایەک و پرچی درێژی سپی لە پشت تابڵۆیەک ڕاوەستا بوو ڕەنگی لێک دەدا و بە بوومی دادەکرد…

 دەستێکم لە کەمری خشاند نە چاوی لێکردم نە وشەیەکی هاتە دەر لە زاری ڕەنگەکانی داناو لە ئامێزی

گرتم.دەکرا بڵێم : ماندووی ماندوو بوون چی لە شڵەژان و مەجنوونی و بێ دەنگی، پێبکەنە ڕەنگەکان تێکەڵ کە….

چاوێکی لێکردم نیگاهی دوور دەڕۆی دوور …ئیشاڕەی دام بە پیرێژنە.

لەناو دەستەکانی دا تابڵۆیەک بوو بێ ڕەنگ.

گووتی:کاتێ هات لەمێژ ساڵ لەوەی پێش هیچی نەدەگووت قسە دەزانێ بەڵام تەنیا چاو لێدەکات …

سارد بوو یان زستان، تەزوویەکی سارد جەستەی داگرتم خەریک بوو دەیڕینم و برینداری دەکردم. لە پەنا مۆبڵەکەم تابڵۆیەکی کاڵی بێ ڕەنگ کەوتبوو، پیرە پیاوێکی سپی پۆشی قژ سپی، لە دەستی دا دەفێ دیار بوو. لەسەر سیمی بڕق دوو قشقەڵە خەریک بوون چاویان لێ دەکردم، یەکیان هڵفڕی ئەوەی دی پێش وەی هەڵفڕێ جێگای خۆی گۆڕی هەر پێی گەیشتە سەر سیمەکە بە ملێکی خوار بەر بۆوە سەر ئەرز.

پەنجەرەکەم داخست لە ماڵەوە چەن شەقام و لە شەقامەوە چەن ڕێ ڕۆیشتن لە دەرگام دا چوومە ژوورێ

هەموو چاوەڕێ ڕێگەیان بۆ ئاوەڵە کردم چوومە نێوەڕاستیان سەرم داخست و چوومە سەر سەندەڵێکە

مناڵێک لەبە دەرگاکە لەسەر سەندەڵێکی دار چاوی لێدەکردم، کەسێ دەستی لەسەر چاوی دانا، ئەڵقەی تەنافەکەیان خستە ملم… کە گریان بۆ هەموومانە پێکەنینە لەسە رلێوم.

هوو هوو یا ئەڵڵا

کێیە لە دەرگام

انا الحق و انا الحق، جد الحق…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا