پوورە مەستوورە!

بێهزاد قادری

.

پێی گوتم، سەردانی “پوورە مەستوورە” بکەین. من نەمدەناسی. دەیگوت، پیرێکی وا نییە، نزیکی شەست ساڵیەتی، بەڵام دەڵێی نەوەدی تێپەڕاندووە. لە زەینمدا وێنام دەکرد. ژنی کورد بێت و شەستی تەمەن بێت و نەوەد بنوێنێت، واتە ئەنفالی ڕاستەوخۆ دیوە و کاتی کیمیاییەکە لە شەقامەکانی هەڵەبجەدا هەنگاوی ناوە و لە پێی چی سێدارەی تارانە، پەلەقاژەی لەداردراوانی لە مێشکیدا تۆمار کردووە. هەڵبەت ڕەنگە هیچ یەک لەوانەشی بە خەونیش نەدیبێت، بەڵام خەیاڵە، وەک ئەسپی هەوسارپچڕاو غار دەکات. پێم گوت، بۆچی سەردانی بکەین؟

– پوورە مەستوورە، لەو کەسانەیە کە پێم خۆشە سەردانی بکەم. شتی چاکی پێیە بۆ وتن.

– نەمدەزانی ئەوەندە حەزت لە بیستنی حیکایەت و ئەفسانەیە!

– ئەو نە ئەفسانە دەڵێت و نە حیکایەت. مێژووت بۆ دەگێڕێتەوە.

– هەڵبەت نەمدەزانی حەزت لە مێژوویشە!

– پوورە مەستوورە فێری کردم حەزم لێی بێت.

– خۆ تەمەنێکی وەهای نییە، شتی چۆن چۆنینی پێیە بۆ گێڕاندنەوە؟

– کە لە لای دانیشتین، خۆت دەزانیت. وەها باسکردنی خۆش نییە.

هەمیشە پێی خۆش بوو سورپرایزم بکات. هیچکات باسی پوورە مەستوورەی بۆ نەکردبووم. لە خۆیشیەوە شاخ و باڵی بە شتێک نەدەدا. هەستی کونجکاویم وەک کرمەکانی مێشکم دووبارە وەجووڵە کەوتبووەوە. کتێبخوێنێکی وا، چیی لەو پیرەژنەدا دۆزیبووەوە کە ئاوا حەزی لە دیتنی بوو! پوورە مەستوورە چ وێکچوونێکی لە پیرەژنەکەی نێو ڕۆمانەکەی “داستایوفێسکی” هەبوو کە “ڕاسکلینیکۆف” تەورێکی دا بە تەوقی سەریدا! ئەرێ بۆ وەک “ڕاسکلینیکۆف” لەگەڵم هەنگاو هەڵدەگرێت و ڕەنگی شەقام و ماڵە مردووەکانی ڕووسیەی ئەوکاتی لێ نیشتووە؟!

لە دەرگامان دا. کوڕێکی هەشت نۆ ساڵان دەرگاکەی کردەوە. ڕووی لە ئەو کرد و وتی پوورێ لە ژوورەکەی خۆیدایە و کەسیشی لە لا نییە. چووینە حەوشەکەوە. حەوشەیەکی گەورە و ژوورێکی بچووک لە کونجێکیەوە کە هەنگاوەکانی بۆ ئەوێی دەبردین. منداڵەکەش بە هەڵاتن خۆی کرد بە ماڵی بەرامبەر ژوورەکەدا.

چووینە نێو ژوورەکەوە. ژوورێکی دوو لە سێ. پوورە مەستوورە لە لای سەرەوە ڕاکشابوو. ئاگاداری سڵاوکردنەکەمان نەبوو. پێی گوتم، نووستووە، کەمێک ڕاوەستێین خەبەری دەبێتەوە. گوتی، سەیری بکە لەو ژوورە تاریکەدا چۆن خەو لەگەڵ خۆی بردوویەتی! داخۆم ئێستا خەون بە چییەوە دەبینێت! دەڵێن خەونی ئێواران قورسە. دڵنیام خەونێکی قورس گەمارۆی داوە و دەنگمان نابیستێت. خەونێک بێ بۆنی ئەمڕۆ، بێ ڕەنگە مردووەکانی ئێستا! خەونێک وا نازانێت هەنار چییە و دەیدەنە شوو؛ شوویەک وا نازانێت مێخەک چییە و ساڕێژە لە سەودا. خەونێک وا ئێستا لاڵوپاڵە و قەوانچە.

پێم گوت، بچین، با خەبەری نەکەینەوە. گوتی، نا، تۆ سەیری بکە! شێوازی نووستنەکەشی تایبەتە. لە خەویشدا ئامێزی کراوەیە و چاوەڕێیە. ئامێزێکی چاوەڕوان بۆ کوڕانێک وا بەرهەمی “ئۆرەگاسم” نین. دڵم نایەت جێی بهێڵم. منیش وەک ئەوم، ماندوو. ماندووم. ماندووتر لەو پیرەژنەی ساڵانێکە نەیتوانیوە هەنگاو هەڵبگرێت. پیرەژنێک وا هەموو کێوەکان لەسەر پشتی مردوون، بە دڵێکی مرۆش و دەستێکی گرمۆڵە و چارەکەیەکی دیکتاتۆر. سەیری بکە، چاوەڕێیە. چاوەڕێی مەرگە. هەموو ڕۆژێک دەنگی مەرگ دەبیسێت، مەرگێک وا ناتوانێت ڕێگە لە هاتوچۆی خوێنی نێو دەمارەکانی بگرێت.

چووبوومە قووڵایی وشەکانیەوە. ببووم بە میوانی ژوورێک کە پیرەژنێک تێیدا نووستبوو. ژوورێکی کەشەنگ. چاوی بەستبوو، بەڵام سەیرکردنیم وێنا دەکرد،  نیگایەکی کز و هەڵکران، نووستوو و هەڵکرچان لە قوژبنێکی دوور. خەونەکانیم دەبینی، خەونێکی ڕەشبەڵەک، تارایەکی سوور و دەنگی زرمەی دەهۆڵ و قاترێک وا سمەکانی لەسەر بەفر جێ دەمێنێت… پێم گوت، با بچینەوە، ئەو وێنانە بۆ من زۆر قورسن. گوتی، نا، وەرە بچینە پێشەوە.

لە نزیکەوە سەیرم دەکرد. وەک ئەوەی وا بوو قەت پیرەژنێکم نەدیبێت! ئەم جیاواز بوو! بە لای چەپیدا نووستبوو و تەسبێحێک لە دەستی چەپیدا بوو، دەمی کراوە بوو. لە تەنیشتی دانیشتین. پێی گوتم، سەیری بکە، من دەزانم پوورە مەستوورە کێیە. پیرەژنێکە پڕ پڕ لە پیرەژن و پیاوانێکی تووکن و ڕاوچی و هۆرەبێژ. پڕ پڕە لە دێوەزمە و خورافات و نوشتە و گرێکۆڵەی بەندێخون. تاساوە لە بۆنی سەنێر و لەشی پیس. ساڕێژە لە ڕەنج و ئێش و سێکسی ناتەواو. پوورە مەستوورە ژنێکی قەرمچییە، لۆچەکان تەقەڵیان داوەتە عەرزدا؛ خەیاڵەکانی تەرابوونەتە نێو داڵانگەلێکی پڕ لە پیاسەی تەسبێحە شەلاخ‌ئاساکان. ئیزرائیل لە مەرگێکدا بۆی دەگەڕێت تا مەرگی لێ هەڵلووشێت. پوورە مەستوورە ژنێکی قەرمچییە، دیتوومە چۆن چۆنی بێزوو بە خشەی عەلاگەی دەستی کوڕەکانیەوە دەکات.

دەنگمان لێوە دەهات، بەڵام پوورە مەستوورە خەبەری نەدەبووەوە. خەونەکانی قورستر لەوەی بوو بیرم لێ دەکردەوە. گوتی، سەیری ئەو لۆچانەی ڕووخساری بکە هەڵزناون بە یەکدا! هەر کام و چیرۆکێک و ڕۆمانێکی تێدا نێژراوە. گوتم، یەکێکیان بگێڕەوە. سەیرێکی کردم، ڕەنگی گۆڕابوو وەک “ڕاسکلینیکۆف”!

گوتی، گەرمای شەڕ بوو. پوورە مەستوورە لە گونددا دەژیا. کیژێکی جوانی حەڤدە ساڵان. هەموو ئێوارەیەک چاوڕێ بوو: “ئەم ئێوارەیە نەیەن، سبەی ئێوارە بەدڵنیاییەوە دێن”. چاوەڕێی هاتنەوەی پێشمەرگەکانی دەکرد. “عەبدووڵڵا”ش پێشمەرگە بوو. بەڵام… بەڵام لەو لای ترەوە “ڕۆستەم” وازی لێ نەدەهێنا. مەستوورە عاشقی پێشمەرگایەتی بوو، چونکە عەبدوڵڵاش پێشمەرگە بوو. ڕۆستەمیش جاشێکی بەرەڵا بوو کە حەزی لە مەستوورە بوو و هەموو ڕۆژێک بە کۆمەڵێک پاسدار و جاشەوە خۆی بە گوندەکەیاندا دەکرد و بەر لە ئێواران، لە ترسی پێشمەرگە بزر دەبوون و خۆیان لە حەوت کوندا دەشاردەوە. عەبدوڵڵا مەستوورەی لەگەڵ خۆی نەدەبرد، پێی گوتبوو نانمان بۆ بکە، ئەوەم لە تۆ دەوێت. سەرتەنووریش لە مەستوورە ببووە جەهەندەم، لە ترسی ڕۆستەم. ئیتر بێزار ببوو، بە عەبدوڵڵای گوتبوو کە ئیتر نان ناکات و چەک لە شان دەکات. عەبدوڵڵاش پێی گوتبوو، ڕۆستەم بکوژە و وەرە. مینێکی بە مەستوورە دابوو و لە باخدا چاوەڕێی کردبوو. هەمان ڕۆژ ڕۆستەم پەیدای ببوو. مەستوورەش بە دزییەوە مینەکەی خستبووە نێو ترۆمۆبیلەکەی ڕۆستەمەوە و هەڵاتبوو. لەگەڵ عەبدوڵڵا لە شاخ سەر دەکەوتن کە لە گوندەوە دەنگی تەقینەوە هاتبوو. ڕۆستەم دەستبەجێ تۆپیبوو و چەند پاسدارێک لاق و دەستیان پەڕی بوو… چیرۆکێکی درێژی هەیە. عەبدووڵڵاش هەر زوو شەهید کرابوو و مەستوورە گەڕابووەوە و لە ترسی گیانیدا شووی بە جاشێکی تر کردبوو…

قسەکانیم پێ پچڕاند و گوتم، با بچین، خەونەکەی زۆر قورستر لەوەیە کە بەم زووانە خەبەری بێتەوە. لە جێی خۆمان هەستاین و چووینە دەرەوە. لەنێو کۆڵان بووین، گوتم، کەی سەردانی پوورە مەستوورە بکەینەوە؟ هات وڵام بداتەوە کە کوڕەکە بە هەڵاتن بە دواماندا هات و گوتی: “کاکە کاکە… پوورێ پوورێ…” ئەوەی گوت و بە هەڵاتن گەڕایەوە. کە چووینە ژوورەوە، دەنگی گریانی پیاو و ژن و منداڵ لە ژووری پوورە مەستوورەوە دەهات: “ئەی دایکە خۆشی نەدیوەکەم…”. حەپەسابووم. حەپەسابوو.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا