دیدار لەگەڵ بەهار حسەینی | چاوپێکەوتن

ئامادەکار: ئارام حاجی

بەهار حسەینی، لە دایکبووی ساڵی 1983 لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی ـدا زانکۆی تەواو کردووە. خاوەنی بڕوانامەی وێنەگرییە لە سینەمای لاوانی ئێران و چەند خەڵاتێکیشی لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەبیاتدا پێ بەخشراوە. بەهار حسەینی ساڵی 2010 بە هۆکاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە یەکجاری بەجێهێشت و ماوەی پێنج ساڵ لە باشووری کوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجی بووە و ئێستاکە نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمانە. بەهار حسەینی بۆ یەکەمجار لە هەولێر کۆمەڵەشێعرێکی بە ناوی پشیلەیەک لە جانتادا چاپکردووە.

کتێبەکانی دیکەی بەهار حسەینی بریتین لە:

نەهەنگی ٥٢ هێرتز (شێعر)
ڕاسانی خاک (شێعر)
چیرۆکی ورچە پانداکان (وەرگێڕان)
چیرۆکی ناتەواو (وەرگیڕان)
باشترین ساڵی ژیانتان (وەرگێڕان)

 

ئارام حاجی:
جگە لە ناونیشانی سەربەرگ، هیچ ناونیشانێکی تر لەسەر دەقی نێو کتێبەکانت نابینرێ، بۆ؟

بەهار حسەینی:
بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە دەبێت باسی دوو ڕوانگەی خۆم بکەم سەبارەت بە ناو و نیشان و هەر وەها چۆنیەتی ڕوانگەم بە نیسبەتی ئەو باسەی کە ناو لە نیشان جیایە یا نا؟ هەروا کە دەزانین هەر ناوێک لە هزری هەر تاکێکدا بە پیی ئەزموونی و خوێندنەوەی بۆ ژیان هەڵگری دونیابینی و چیرۆکێکی جیاوازە. ناو زۆر جار هێزی ئەوەی هەیە هێمایەک بێت بۆ ئەزموونی تاکەکەسی و پەلکێشی خەیاڵمان بکات یان خۆ هاوکات دەتوانێت زۆر جار هێمایەک یا ئۆبژەیەک بێت کە ڕاستەوخۆ باس لە سوژە بکات و دەرفەتی بیر کردنەوە و خولقاندنی نوێ لە بیسەری خۆی بستێنێت. من لاموایە ناو تەنانەت دەتوانێت وەک باسی سێبەر و ئەشکەوتی ئەفلاتوون ئەو مانایەی کە شاعیر مەبەستیەتی لە شیعرەکە بستێنێتەوە و زاڵ بێت بە سەر مەبەستدا. دیارە ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە من دەمەوێت لە شێعرەکانمدا ڕێی خەیاڵ لە خوێنەر ببەستم، بە پێچەوانەوە من دەمەوێت لە ڕێی ناوەوە ڕێگای سەفەر کردن و ئەزموون و بینین لە نیشاندا لە خوێنەرم دانەخەم. بەڵام من سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ناودانان بۆ نیشان کۆک نیم و مانا کردنەوە و نەخشاندنی نیشان لە هزر و هەستی خوێنەرم لە ئەوپەڕی ئازادیدا لا گرنگە، بەڵام هاوکات بەو هێڵی قەتارەی پێویستە هەموومان کۆ بکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەمە جادەیەکە بۆ تێپەڕ بوونی قەتار کۆکم. واتە لاموایە منی شاعیر دەتوانم بە ناونیشانی کتێبەکەم بە خوێنەرم بڵێم؛ فەرموو ئەم هێڵە، قەتاری ژینگەی ئەم بەشە لە ژیانم بەسەریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئاگاداربە واگۆنەکانی هەر کامەیان چیرۆکی خۆیانیان هەیە و دەتوانن ساتەکانتان لەوێدا بەپێی ویست و هزری خۆتان بژیێنن و لە پەنجەرەکانییەوە دیمەنی دەرەوە ببینن، چاوەڕێی گەیشتن بن یا بتانەوێت تا ئەبەد لە سەفەردا بن، بەڵام هاوکات لە بیرتان بێت ئەمە منم.

ئارام حاجی:
کۆمەڵێک کەرەستەت چەندین جار پاتە کردووەتەوە، وەک: ڕەنگی ڕەش، جانتا، سەفەر، ڕێگە و ڕۆشتن و پێکهاتەکانی کۆچ..تاد.
ئەمانە ڕەنگە بە خوێنەر بڵێ: فەرهەنگی شیعریت ڕەنگە وەک پێویست نەبێت؟ یاخود کۆچ بەشێکی فراونی ژیانی کۆمەڵایەتی تۆی داگیر کردبێ؟

بەهار حسەینی:
بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە دەبێت سەرەتا لە تۆ بپرسم بۆ ڕەنگی ڕەش، یاخۆ سەفەر و ڕێگە و ڕۆیشتن لای تۆ بە کەرەستە ناوبردراون؟
و من لاموایە زمان هەموو نیشانەیە و هەندێک لە نیشانەکان کە دەبنە کۆد ئەمانە دەتوانن یارمەتیدەری مرۆڤ بن، بەتایبەت مرۆڤی بێ‌کات و بێ‌تاقەتی ئەم سەردەمە کە دەیانەوێت لە کورتترین کاتدا درێژترین چێرۆکەکان بخوێننەوە. من دوو کۆمەڵە شێعرمدا کە ئاماژەی تۆ زیاتر بۆ ئەوانەیە، لە فەرهەنگی شێعری شاعیرێکەوە نووسراون کە جادە و سەفەر و جانتا پێنووسی بوون. لە کۆچدا نووسراون و کۆچەری بوونی وشەکان هەموویان دەیانەوێت بە ناسراوترین و لەوانەیە سوواوترین وشەکان بیرمان بێننەوە ئەم گۆی زەوییە بەردەوام بە نیشانە بچووکەکان دەمانپێکێت و ئێمە لە بەرانبەر هێرشیاندا تەنیاین. منی کورد کە وشەی جانتا بەکار دێنم، بەردەنگی کوردی من خۆی هەندەران و کۆچ و ئاوارەیی هێما دەکات. منیش بەشێکم لەو کۆمەڵگەیەی کە کوردبوونم ڕەنگی ڕەشی زۆرجار هێناوە بە ئاسمانی ئەندێشەمدا و هیچکات شیعر لە ژینگەی ئەندێشە و هزری من جیا نەبووە و هۆکاری دووبارە بوونەوەیان ئەمەیە کە هێشتا من جانتاکەم لە شوێنێک دانەناوە.

ئارام حاجی:
جەختکردنەوەیەکی زۆر هەیە لەمەڕ چەمکی ژن و ژیانی ژن لە نێو دەقەکاندا، لەکاتێکدا من وای دەبینم درووستر ئەوەیە: ژن وەک مرۆڤ جەختی لێبکرێتەوە لەنێو دەقیشدا، نەک هێنانە ناوەوەی ڕەگەزێک جودا، چی لەم بارەوە دەڵێن؟

بەهار حسەینی:
وەڵامی ئەم پرسیارە باسێکی قووڵ و دوورودرێژی پێویستە کە من هەوڵ دەدەم تا ئەو جێگایەی بتوانم پوختەیەک لە خوێندنەوە و روانگەم لێرەدا باس بکەم. ژن بە گشتی وەک رەگەزێک و ژیانی ژن لە دەقدا و ژیانی ژن وەکوو خۆی و ئەوەیکە ئەو ژیانە لە دەقدا چۆن شوێن بۆخۆی دەکاتەوە، لە لای من سێ باسی جیان کە هاوکات لەیەک جودایش نین.

هەموومان دەزانین مرۆڤ بوون لە سەرەوەی هەموو دابەشکارییەکانەویە کە دەسەڵاتەکان بەسەرماندا دەیسەپێنن بۆ ئەوەی بێ‌هێزمان بکەن. یەکێک لەو دابەشکارییانە، دابەش‌کردنمانە بەسەر ڕەگەزدا. سەرەتا بین خۆمان داماڵین لە ڕواڵەتی فیزیکیی مرۆڤ کە بە بیستنی دوو وشەی ژن و پیاو دێتە مێشکمانەوە، کە ئەویش لەخۆیدا دابەشکارییەکی بەرتەسکە و شوێنی بۆ بێ‌ڕەگەزخوازەکان دیاری نەکردووە. باسی ژن بکەین کە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بۆ نموونە لە وڵاتێک وەکوو ئاڵمان ئەو مانایەی بە بیستنی وشەی “ژن” دێتە مێشکی کەسێکی ئاڵمانیەوە جیاوازە لەگەڵ منی ڕۆژهەڵاتی و یا تەنانەت کەسێکی نۆروێژی، جا لەمەوە بینە سەر ئەوەی ئەم ژنە چۆن دەتوانێت ژینگەی خۆی مانا بکاتەوە؟ چەندە دەسەڵاتی هەیە بۆ دەربڕین و ناسینی ژنایەتی خۆی؟ بۆ نموونە منی ژن لە ڕۆژهەڵات لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەلاکاندا چەندە دەتوانم بەپێی یاسا سەپێندراوەکان بەسەرمدا، دەسەڵاتی چێ کردنی ژیانێکم هەبێت کە مەکە و نابێت بەسەریدا زاڵ نەبێت، یان منێک کە لە باشوورم چەندە دەتوانم لە یاساکانی دیار و نادیاری کۆمەڵگەکەم خۆم دەرباز بکەم و خۆم نووسەری سێناریۆی ژیانم بم!؟ هەموو ئەم پرسیارانە لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەڵام یەک شت کە لە هەموو ئەمانەدا نەگۆڕە ئەوەیە کە؛ چۆنیەتی ژیانی ئەم ژن بوونە وادەکات کە زۆرجار ژنایەتی کردنی لە تێکسدا ڕەنگ بداتەوە. وەکوو شوێنێکی ئەمن کە لەودا ئەم مرۆڤە سەرەتا وەک مرۆڤ خۆی دەبینێت بە پێنووسێک کە بۆ یەکەمینجار لە دەسەڵاتی خۆیدایە و دەتوانێت یاساکان و هەستەکان و چۆنیەتی ژیانی خۆی پێناسە بکات و وێنا بکات و واژۆیان بکات. دەمەوێت بڵێم ناتوانین بڵێین ژنێک کە ڕەنگ و بۆنی خۆی بە دەقەکانیەوە دیارە ئەوە ئەو جیا دەکاتەوە لە ناسینی خۆی و دۆزینەوەی خۆی وەک مرۆڤێکی خاوەن مافی ژیان و یا مرۆڤێک کە دابەشکارییەکەی قبوڵ کردووە .

من وەکوو ژنێک کە ئەزموونی ژیانی رۆژهەڵات و باشوور و هەندەرانم هەیە و شەڕم بۆ مافەکانی خۆم وەکوو مرۆڤێک کردووە، مافی ئەوەم بە خۆم دا کە ژنایەتی بکەم و ئەگەر ئەمە لە شێعرەکانمدا ژیانی ژنێک هێما دەکات، خۆم بە سەرکەوتوو دەزانم .

ئارام حاجی:
زمان “پریاسکە”یەکە هەموو بوونی لەخۆیدا جێکردووەتەووە، دەکرا کە تاراوگەیشتان هەڵبژارد، نیشتمانیشتان
  لەناو زماندا لەگەڵ خۆتاندا هەڵگرن.
مەبەستی من ئەوەیە لەنێو دەقەکاندا کاتی دووربوون و کاتی نزیکبوونت لە نیشتیمان، بەڕوونی هەست پێدەکەم

بەهار حسەینی:
من لە هەندەران کتێبی ڕاسانی خاکم چاپکرد کە کۆمەڵە شێعرێکن کە دەکەونە بازنەی شێعری بەرنگارییەوە و پێشمەرگە و نیشتمان لەودا باسی سەرەکین. بەڵام ئەم پرسیارە دەتوانم جۆرێکیتر لێی بڕوانم، واتە پەرۆش بوونی خوێنەرێک یا رۆژنامەنووسێکی نەتەوەیی لەهەمبەر پرسی نەتەوەیی .

ئەمە باسی ژینگەیە. ژینگەی ئەندێشە. ئەگەڕێتەوە بۆ وەڵامەکان لە پرسیارەکانی سەرەتادا کە باسی نیشانە و کۆد بوون. من دووجار کۆچـم کردووە کە لە هەردوو کۆچمدا نەمتوانی هەموو ژیانم لەگەڵ خۆم ببەم و بەشێکی گرینگ لە هەست و خولیاکانم لە ڕۆژهەڵات بەجێما و دواتر بەشێکی زۆر لە بریا و هزرم لە باشوور. من لاموایە کۆچ لە دووشوێندا ڕوودەدات، لە دەروون و لە دەرەوە. ئەوەی لە دەرەوە ڕوودەدات گوڕینی شوێن و کەرەستەن، بۆنموونە لە کۆمەڵە شێعری “پشیلەیەک لە جانتدا” کە لە باشوور نووسراوە و باسی کۆچی یەکەمی منە، وشەی دەریا نابینی کەچی لە کۆمەڵە شێعری “نەهەنگی ٥٢ هێرتز” دا کە کۆکراوەی شێعرەکانی ساڵە سەرەتاییەکانی کۆچی دووهەمی منە بەرەو هەندەران. ئەم وشەیە بەرچاو دەکەوێت. کۆچێ دووهەم لە ناوەوە و لە ناخی مرۆڤدا ڕوودەدات، لە ناوەوە ئەو دەریا مانا دەبێتەوە بە سنووری نێوان تۆ و خاکت. ئەو کاتەیە کە تۆ نیشتمانت گواستووەتەوە بەڵام هاوکات لەگەڵ بەرفراوانتر بوونی دنیابینیت، بریاکانیشت زیاتر بووەتەوە، ئەو کاتەیە تۆ هەوڵەکانت بۆ بەدیهاتنی خەونەکانت بۆ تێکشکاندنی ئەم سنوورانە و گەڕانەوە جیاوازتر دەردەکەون .

ئارام حاجی: بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەران کە پێیان وایە دەقی ئەوینداری کەمبایەخترە و بەشێوەیەکی کاتی دەژی، بەڵام من پێم وایە دەقی ئەوینداری(ئەڤینی) دەقێکە لە هەموو سەروەختێک باوی هەیە، هەموو بارودۆخێک بۆی گونجاوە. بەوپێیەی ئەوینیش وەک خواردن و خەو..تاد. پێویستییە و شیاوی پڕکردنەوەیە.

لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە دەڵێم: لە شیعرەکانی خۆتدا لە باشوور، لە ڕۆژهەڵات لە تاراوگەیش ئاوڕێکی باشت لە دەقی ئەوینداری داوەتەوە، ئێوە چی دەڵێن؟

 

بەهار حسەینی: من دەڵێم ئەگەر ئەڤین نەبێت خواردن و خەویش پێویست نیە. ئەڤین حەزی پێداویستییەکان لە ژیاندا چێ دەکات. جا چ پێداویستییە سەرەتاییەکان بن چ ماف. لەگەڵت هاوڕام، ئەڤین هەموو بارودۆخێك بۆی گونجاوە، بەڵام بەداخەوە هەموو بارودۆخێک بۆ ئەڤین گونجاو نیە. هەمیشە لە نێوان دەنگ و مانا، لە نێوان وشە و شیکردنەوە، لە نێوان واقێع و خەیاڵدا جیاوازییەک هەیە. ئەمە دیوە ڕەشەکەیەتی، بەڵام دیوە سپیەکەی ئەوەیە کە لەو نێوانەدا نێوانێکێش هەیە کە دەمارەکانی ئەڤین لەوێدا پارێزراوە بۆئەوەی لەکاتی خۆیدا بتوانێت دیسان چرۆ بکاتەوە. بۆیە هیچکات ئەڤین کاتیی نییە و کەم بایەخ نیە، بەڵکۆ کۆد و نیشانەیە. 

من دەژیم وەکوو هەر بوونەوەرێکی دیکە و زۆرجار بیرم هەندێک  لە بڕگەکانی ژیانم جیا دەکاتەوە و لە مێشکمدا دێت و دەچێت، لە بەرچاوم هێما دەبێت و ترپەی دڵ و یا تەزینی دەست و پەنجەم ئاماژەم پێدەدەن کە هەستێك لە مندا لەدایک بووە. دواتر فۆڕم و وشە و هەست و هزرم دەبنە کامێرا و ئەو بڕگەیەی من دەچرکێنن، ئەو وێنەی دەبیندرێت و ناوی شێعرە دەتوانێت زۆرجار نەخشەڕێی خوێندنەوەی ڕێگایەک بێت کە ئێمە دەگەیێنێتە گەوهەری ئەڤین. جا ئەم ئەڤینە دەتوانێت خۆزگەی درەوشانەوەی تیشکی خۆرێک بێت لە نێوەراستی ڕەنگێکی سپیدا و خولیای کۆتایی هاتنی ڕەنگی سوور بێت و ئاوەدان بوونی ڕەنگی سەوز، یان چرکەساتی دانانی سەرت لە سەرشانی دڵدار.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا