وەک چۆن بیابان لە دڕکەکانی هەڵدێت | سەرکەوت جەبار

سەرکەوت جەبار

 

١

ئەی پەڵەهەورێک کە لە خۆت بێزاربوویت
ئەی ئەو خۆرەی تاقەتی درەوشانەوەت نەماوە
ئەی دارێک کە لە سەوزبوون ماندووبوویت
ئەی ئەو منداڵەی ناتەوێت زمانت بپژێت
ئەی شاعیرێک کە لە وشە هەڵدێیت
ئەی ئەو باڵندەیەی وەک نەفرەت لە باڵەکانت دەڕوانیت
ئەی ئەو کرێکارەی بە دەست ژیانەوە گیرت خواردووە و
بارەکەی سەرشانت بڕستی لێ بڕیویت.

٢

دەریا چۆن فێر بوو دەریا بێت؟
مانگ چۆن فێر بوو ڕووناکی لە خۆر بدزێت و
بە دزییەوە پێشکەشی ئێمەی بکات؟
ڕووبار چۆن فێر بوو بەرەو
نادیار بئاژوێت؟
باڵندە چۆن تێگەیشت باڵەکانی بۆ فڕین دروست کراون؟

٣

دەڕۆم وەک مەلێکی باڵشکاو
وەک پشیلەیەکی پیری کوێر
وەک بەرازێکی برینداری هەڵهاتوو لەدەستی ڕاوچییەکان
وەک پەپوولەیەکی باڵشکاو
وەک بایەکی شێت کە نازانێت بۆچی هەڵیکردووە
وەک کەروێشکەی گەنمەجاڕێک
لە شەوێکی تاریکدا دەڕۆم
تەنانەت ناهێڵم مانگ شوێنپێیەکانم هەڵبگرێت
بەدزییەوە تا جاسووسەکانی شەو نەمناسنەوە
تا باڵندەکان شوێنم ئاشکرا نەکەن.
درەنگ فێربووم کە مرۆڤبوون
بەڵایەکی گەورەیە
فێربووم پێویستە باجێکی زۆر بدەیت،
کاتێک مرۆڤیت
شارەکە لە پشتمەوە جێدەهێڵم و
هەرگیز ئاوڕی لێ نادەمەوە.

٤

من تەرمێکم
تەنانەت سەرنجی کرمەکانیش ڕاناکێشم
نە پەلکەگیایەک دەملاوێنێتەوە
نە تیشکی خۆر گەرمم دەکاتەوە
تۆوێک بووم هیچ جێگەیەکم نەبوو بۆ ڕوان
باڵندەیەکی تەزیو بووم
هیچ شوێنێک نەیگرتمە خۆی
هەورێک بووم
هیچ شوێنێک نەبوو بەسەریدا ببارێم
زەردەپەڕ بووم و هیچ کەسێک لێی نەڕوانیم
نمایشکارێک بووم و هیچ کەسێک بانگهێشتی نمایشەکەی نەکردم
بنجێکی وێڵ بووم هەمووان لێم هەڵهاتن
لە شەوێکی تاریکدا بریسکەی ئەستێرەیەک بووم و
هیچ کەسێک ستایشی نەکردم.

٥

خوایە بۆچی هیچ شتێک لە ژیانمدا ڕوونادات؟

٦

چەقەڵەکان داگیریان کردیت
خشڵ و زێڕەکەتیان تاڵان کرد
بسکە خوێناوییەکەتیان پیشانی هەموان دا
تا وەک سۆزانییەک لێت بڕوانن
کۆڵان و شەقامەکانتیان تاریککرد
بۆ ئەوەی هەموان لێت هەڵبێن
کەڵبەکانیان لە پێستت گیرکرد
چاوە فرمێسکاوییەکانمم لێت بڕی و
بۆ شکۆی لەدەستچووت گریام
لەبری ئاو ژەهریان دەرخواردی دارەکانت دا،
تا هیچ باڵندەیەک هێلانەی تێدا چێ نەکات
ڕووبارەکەتیان بە خوێن سوور کرد،
بۆ ئەوەی بریسکەکەت بشارنەوە
دەستە پیسەکانیان لە گەردنت ئاڵاند،
بۆ ئەوەی لە جوانییەکەت بسڵەمینەوە
‌حیلەی ئەسپەکانتیان دزیت
وەرزەکنتیان دزیت
باڵندەکان لەسەر دارتێلەکانەوە لێت دەڕوانن و
خۆزگە دەخوازن سەریان لە هێلکەکانیان دەرنەهێنایە
ئاو و سەوزایی لێت هەڵدێن
بە تەلارە بەرزەکانت فریویان دایت
دەروازەکانیان گۆڕیت بۆ ئەوەی نەتناسینەوە
باڵەخانە بەرزەکانت نیشانەی پێشکەوتنت نین
گڵۆپەکانت شەوان نابریقێنەوە
چیاکانت لێت هەڵدێن
چەقەڵەکان بە گوێتدا دەچرپێنن ،
کە تۆ جگە لە وێرانەخاکێک هیچی دیکە نیت
تۆ بیابانێکیت لیوانلێو لە دڕک
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک شەهیدەکانت لێت دەڕوانن؟
چەقەڵەکان درەختەکانت بە دەروازەکەتدا هەڵدەواسن
شەپۆل و هاژەکانیان لە خاچدایت
کۆڵانە دێرینەکانیان خاپوور کرد
ئەستێرەکانت لە خۆت تاراند و
لەبری ئەوە کەڵبەی چەقەڵەکانیان پێت دا
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک
سواڵکەرەکانت تەماشات دەکەن؟
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک
بێلانەکانت هیچ شوێنێکیان نییە تێیدا بسرەون؟
باڵی ئازادییتیان کرد
بوویت بە ئەشکەوت
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک
ئەستێرەکانت خۆیانت لێ دەشارنەوە؟
ئاو بیرەوەری لەدەستداوە
با و خۆڵەمێش بیرەوەرییان لەدەستداوە و
وەک شێتێک لە کونجی بەندیخانە دەناڵێنن
خاک لە بیرەوەرییەکانی هەڵدێت
سەوزایی نایەوێت سەوزببێت
تەنانەت شێ لێت هەڵدێت
گوڵەباخەکان ناوەکەتیان لەبیرکردووە
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک
لاسکی گوڵەکان لێت هەڵدێن؟
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک
بەدزییەوە سەیری ئەو منداڵانە دەکەیت
کە خەونەکانیانت بەتاڵان برد؟
بیر لە چی دەکەیتەوە کاتێک
لەو گەڵایانە دەڕوانیت کە ڕۆژێک نیشتیمانیان بوویت؟
هەورەکان بەسەرتدا تێناپەڕن
سۆزانییەکان گاڵتە بە ئابڕووی تکاوت دەکەن
جریوەی چۆلەکەکان و گمەگمی کۆترەکانت
لەناو خۆتدا لە خاچدا
سپێدەکانیان لەباربردیت و
وەک زۆڵێک فەرامۆشیان کردیت.
ئەمە شارێکە
وەک شێتێک وڕێنە دەکات
لە تاریکیدا نووقم بووە و
بە شمشێرێکی ژەنگاوییەوە خۆی وەک پاڵەوان نیشان دەدات
بەجۆرێک خەوتووە هەرگیز بەخەبەرنایەت
ئەمە شارێکە بەردەوام دەنووزێتەوە و
ددان بە شکستەکانیدا نانێت
وەک چۆن بیابان لە دڕکەکانی هەڵدێت،
وەک چۆن ئاو لە بەردەکانی هەڵدێت،
وەک چۆن دارستان لە تارماییەکانی هەڵدێت،
ئەمیش لە ئابڕووی لەدەستچووی هەڵدێت
ئەمە شارێکە لە پیسایدا نووقم بووە
ئەمە شارێکە چاوە زەقەکانی لێم دەبڕێت و
ئارامیم دەشێوێنێت
وەک خواوەندێکی دڵڕەق
چارەنووسم سەراوژێر دەکات.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا