فیشەک، ڕێگا، بیانوو و دڵمان | ڕاهۆز کامەران | شێعر

ڕاهۆز کامەران

من درەنگ کەوتووم
وەک هەموو بەیانیانێکى قوتابخانە..
وەک هەموو دیدارەکانى نێوانمان
دوا کەوتووم..

بیانووم زۆرە و
ئەگەر شاخەکان لە نێوانماندانەبوونایە دەمنوسى:
لەبەر باوەشى قوڵ
لەبەر زمانمان کەنەخۆشى نێوزارى یەکە
لەبەر گیانم کەگیانت دەوایەتى
لەبەر گوڵ و گیاو وێستگەکان
لەبەر کوپ وکورسى وکافێ کان
لەبەر دەرگاو
دڵمان، کە ئەم جیهانەقەدرى ناگرێت
لەبەر ئاشتى کە دواى ڕۆیشتنت لەبەردەم جەنگدا بەخۆیداشکایەوە
پێک بگەینەوە با
بەڵام چى لە بارستایى شاخەکان و دوورى دەستەکانمان بکەم خۆشەویستم..؟

 

دڵم تەنگە و بەخۆم دەڵێم گریمان گۆى زەوى ئینجانە دەبوو تۆ چیت لێدەکرد.؟
ئاوم دەدا..

تفەنگێکم پێیەو کەسێک دەبێت هەڵبژێرم لە
دووژمنەکانم
بێ دوودڵى..
خۆم.

بەڵئ..
کات ڕۆیشتووە و
من بەشى پێویست گۆڕاوم
تۆ، لەبەشى پێویست زیاتر بەڵام!

دەردم هەیە
بەڵام کەس نایبینێت
چونکە دەرد جگەرە نییە بیگرم بەدەستمەوە
وەک شاعیرە بەتاڵەکان.

دژى ئەم دنیایە کاردەکەم کە هەمووشتێک تێیدا لە مرۆڤەکان گەورەترە
قۆندەرە
خانوو
پەرداخ
بیرە
ئۆتۆمبێل
خواردن
هەزارەها شتى تر کە لەپێناو مرۆڤدا دروست کران
لەمرۆڤ گرانترن
بۆ؟

دەردم زۆرەو وا لە ژێر نیگاکانمدایە
لە زەردەخەنەکانمدا کە تۆ هەرگیز نەتدى خۆشەویستم
لە ژێر مووە زەردەکەى سەر ڕومەتمدا کە تۆ دەستت تێوە نەدا
لەو ڕێگەیەى کە بەیانیان بۆ گەیشتن بەکار بەپێیەکانم دەیبڕم و
لەو ئازارەى کە شەوان پێیەکانم بەدڵمى دەدات..

وەک ئەو فیشەکەى ڕامبۆ ناى بە قاچییەوە
ئەم شێعرە دەنێم بەناوچاوى ژیانەوە

من،دژى ئەم ژیانە سەرى خۆم بەرزدەکەمەوە
ناڕازیم.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا