ئه‌فسانه‌ی مانگ! – عادڵ قادری

عادڵ قادری

.

بە پێچەوانەی ئەوەی کە باوکم دەیڵێت گوایه‌ من کۆمۆنیست یان به‌ قه‌ولی ئه‌و کۆمیسیۆنم، له‌ ناخی خۆمدا ده‌زانم شتێکی گه‌وره‌تر له‌وەی‌ که‌ ئه‌و ده‌یڵێت و تا ئێسته‌ش بیستوومه‌ و بینیومه‌ و خوێندوومه‌ته‌وه‌، هه‌یه‌. ناڵێم خوداپه‌ره‌ستم به‌ڵام هه‌ستێکی دوور پێم ده‌ڵێت ناتوانم بێ خوداش بم! ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه‌م له‌و شه‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد که‌ مانگم له‌ شکڵ و شوێنگه‌یه‌کی سه‌یردا دیت! شه‌وێک که‌ باوکم فڕاندمی و ده‌ستم له‌ زه‌مین و ئاسمان بڕا! ته‌نها حه‌وشه‌ گچکه‌که‌ی ماڵی خۆمان نه‌بێت! ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌ویش به‌ موڵکی ئه‌و حسێب ده‌کرا به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ له‌ ژێر چاودێریدا نه‌بوو! به‌ په‌له‌پڕووزێ هەڵاتم! نۆزده‌ یان بیست ساڵان بووم! نۆزده‌ بۆ بیست هه‌نگاوی خێرا و گه‌وره‌ هه‌ڵاتم! مانگه‌شه‌وێکی هاوین بوو، نه‌ من ده‌متوانی زۆر هه‌ڵبێم، نه‌ ئه‌ویش ده‌یتوانی زۆر بمفڕێنێت! له‌ دواجاردا باوک و کوڕ بووین! سێبه‌ر و مادده‌ که‌ لێک ده‌رنه‌ئه‌چوون! هه‌ر عه‌یب بوو! وه‌کوو دایکم ده‌یوت: شووره‌یی بوو! له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نها تا حه‌وشه‌ هه‌ڵاتم! ئه‌ویش هه‌ر تا ئه‌وێ دوام که‌وت!

: ماڵی ئاوه‌دان!

حه‌وشه‌ش هه‌ر ماڵی ئه‌و بوو! ناچاربووم له‌وێ بارگه‌ی لێخه‌م! ده‌ره‌وه‌ پڕ بوو له‌ سه‌گ و دز و وه‌کوو دایکم ده‌یوت: ڕه‌نگه‌ گورگ یان پیاوی خراپه‌کار! یش. حه‌وشه،‌ ئارامترین شوێنی دونیا بوو! گڵۆپێکی زه‌رد تیشکێکی دڵنیاکه‌ره‌وه‌ی ده‌به‌شاند به‌ به‌شی باشووری دا، گڵۆپێکی وه‌کوو گونه‌به‌ران! تیشکه‌که‌ی لێ به‌ده‌ر که‌ی که‌ چاوی ده‌دزی گونه‌به‌رانێکی ته‌واو بوو!…

: چاوت خۆش و گه‌ش خانمی ڕێبوار!

…خڕ و خۆش و خوازراو! به‌ خوێوه‌! وائه‌زانم له‌ به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌وشه‌ نیشته‌جێ بووم، ئه‌و شوێنه‌ی ڕۆشنایی گونه‌به‌ران زۆر نایگرێته‌وه‌ و تاریکییه‌کی ڕزگارکه‌ری له‌ ده‌ست باوکم پێ به‌خشیوم! شوێنێک که‌ دارتووه‌که‌ تێیدا چه‌قیوه‌! له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئینسافم هه‌بێ ده‌بێ بڵێم ئه‌و شه‌وه‌ من میوانی ئه‌و بووم! هیچ توویه‌کیشم نه‌خوارد که‌ بایه‌کی هێواش و نه‌رم و نارین دایده‌خست بۆم، ته‌نها به‌ حوزنێکی نه‌ناسراوه‌وه‌ تێر له‌ باوه‌شیدا ڕاکشام! کاتێ به‌ ئه‌رخه‌یانی و هاوکات خه‌فه‌ت و ماندوویه‌تی لە سەر موزائیکەکان هه‌ڵاژیام، مانگی چواردەم لە نێوان دوولقیدا بینی، دوو لقی گه‌وره‌ و دیار! دوو لقی زۆر ڕێک و خواکردوو! هەر دوو لقەکە پێکەوە حەوتێکیان دەکێشا…

: خۆ تۆ ئه‌هلی مانگ و موقه‌ده‌س نیت!

…هیچکات مانگم ئاوەها نەبینیبوو، کەم شەو هەبوو چاو لە مانگ نەکەم، باوکم شەوێک دەیوت: “بڕوانه‌ شێته‌! خودا تاقەگڵۆپێکی هەیە هەموو دونیای پێ ڕۆشن کردۆتەوە، تۆ نه‌بێ که‌ به‌ هیچ ڕۆشن نابیته‌وه‌، تۆ خودا درووستی نەکردووی بۆیه‌ به‌ر تیشکی ناکه‌ویت! شەیتانیت! ڕیت لێ ون بووه‌!”

گونه‌به‌ران ده‌دره‌وشایه‌وه‌ و مانگ له‌ نێوان دوولقدا ڕاوه‌ستابوو!

 ئه‌و شته‌ی کە باوکم لە سەر مانگ ده‌‌یوت شەیتانیی ده‌کردم! به‌ڵام ئه‌و خۆی نه‌یده‌زانی چ هیدایه‌تێکی خراپی ده‌دام!

: نووری ئه‌و گڵۆپه‌ ده‌بێته‌ پردێ پێوه‌ندی نێوان تۆ و شه‌یتان!

: من یان تۆ؟!

 زۆر کات که‌ له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌ ده‌که‌وتمه‌ ژووره‌وه‌ و باوکمم دەدیت، ئانوسات بیری خودا دەکەوتمەوە. نەک لە بەر ئەوەی ئەو زۆر موسڵمان یان نوێژخوێن یان ده‌م به‌ تالیله‌ بووبێت به‌ڵکوو ئەو وا ده‌ریده‌خست خودای باشتر ناسیوه‌، خودایه‌ک کە بەپێی زانیارییەکانی من هیچ پێغەمبەرێک باسی نەکردووە و خودای لەو شێوەیە تەنها تایبەت بوو بە بنەماڵەی باوکم کە دەچنەوە سەر ڕەگەزی پاشایەکی نەناسراو بە ناوی خەسرەو، هه‌ڵبه‌ت به‌پێی حیکایه‌تی خۆی و پشتڕاستکرد‌نه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌کانی دایکم! خودای ئه‌وان له‌ ڕه‌شاییه‌وه‌ جیهانی درووست کردووه‌، هه‌موو بنه‌ماڵه‌ پێستیان ڕه‌ش بوو، تیڵماسکێک له‌ نوور نیوه‌شه‌وان ده‌خزایه‌ ژێر پێستیان و ته‌نها من که‌ شه‌وبێدار بووم ده‌مزانی. دایه‌ گه‌وره‌م ده‌یوت دەڵێن: ” شەوانی هاوینی به‌ره‌و پائیز، کاتی پێگەیینی هەرمێ، خودا لە قەوارەی تەشتێکی گەورە له‌ نوور خۆی پیشانی کوڕان و کچانی باڵق دەدات، لە سەر تەپۆڵکەیەکی که‌ونینه‌ی قەڵایەکی کۆن و ڕووخاو ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئێسته‌ ڕه‌ش و زووخاوه‌”…ئێسته‌ش ئاسەوارەکەی لە گوندێکی سەرسنوور ماوەتەوە و هەمووی بیست کەس تێیدا دەژین، له‌و شوێنه‌ چه‌په‌که‌ که‌ کەن و کەندڕێکی ناکۆتا دەکەوێتە دامێنییەوە، دواماڵی گوند کە دەکەوتە لێواری کەندڕەکە دەکات باواگەورەم، باواگه‌وره‌م کاتی خۆی وتوویەتی: “دونیائاخری لێرەوە دەست پێدەکا و پرساوجواویشمان نابێت له‌ هه‌مبه‌ر خوادا چوون بڕیارە کەژ و کێو هەموو بڕمێن بە سەر مرۆڤدا و بێ زیندووبوونەوە هەموومان نەجاتمان بێت! به‌م شوێنه‌ش‌ ده‌ڵین مانگه‌زه‌رد!” ئەوان ئایینێکی وایان هه‌بوو، زۆر قسەیان نەدەکرد، زۆر کات تەنها بە ئاماژه‌ی قامک و دواجار کردەوه‌ ده‌تزانی له‌ ڕازێک به‌رگری ده‌که‌ن. کاتژمێریان له‌ ده‌ست بوو به‌ڵام نه‌یانده‌زانی چه‌ند پیشان ده‌دات! ته‌نها شه‌وان ده‌یانتوانی کات دیاری بکه‌ن!…

: قامک بۆ مانگ وه‌کوو نموونه‌!

…باوه‌ڕێکی زۆریان به‌ ئاو و ئاسمان و دار هه‌بوو! بۆ نموونه‌ ئەگەر تۆ گوێزێک لە دارگوێزێکیان ببەیت یان لە جۆگەلەیەک ئاو بخۆیتەوە کە سەرچاوەی لە کانیاوێکی ئەوانە و بە سەرتا بهاتبان، سه‌ره‌تا تەنها لێیان دەڕوانیت، توند، تووڕە و ڕەشتاڵە و …هێندە بە گرژییەوە دەیانڕوانی کە برۆکانیان پێکەوە پەیوەست دەبوو و مەودای نێوان دوو برۆ نەدەمان و بوونەوەری ترسناکی نائاساییان لێ درووست دەبوو، هه‌موو ڕوخساریان ده‌بوو به‌ جه‌غزێکی ته‌واوی تووکن و ڕه‌ش، له‌ مانگێکی ڕه‌ش ده‌چوون به‌ بێ خه‌رمانه‌ و نوور! باوکیشم له‌ ڕه‌گه‌زی ڕه‌سه‌نی ئه‌وان بوو! یەکەمجار دایکمی لە سەر جۆگەلەئاوێک و لە بن دارگوێزێکدا گرتووە، وایزانیوە جنۆکەیەکی موسڵمانه، بیسمیلی لێکردووە و ئەمیش هەڵاتووە و تا سەر ترۆپکی مانگەزەرد نەوەستاوە، شوێنێک که‌ ده‌ڕوانێته‌ قووڵاییه‌کانی خوار که‌ن و که‌ندڕه‌که‌ و له‌ زاری باپیری مه‌زنمان؛ خه‌سره‌و پاشا! به‌ قه‌ڵشتی نێوان دوو دونیای ئینس و جن ناو براوه‌! دوای ئه‌م ڕاکه‌ڕاکه‌ له‌ سه‌ر ترۆپکی مانگه‌زه‌رد گرتوویەتی و وتوویە دەبێ لە ژێر مانگی چواردەدا چواردە جار چواردە ئارەزوو بکەیت و دەبێ یەکیان ئەوە بێ کە ببی بە هی من!…

: له‌ ئاره‌زووی حه‌وته‌مدا دایکم بووه‌ به‌ هی ئه‌و!

… و دواتریش ئیمان بێنی به‌ شانی محه‌مه‌د و ئه‌وجا بێیته‌ باوه‌شم!

: جنۆکه‌که‌ش وه‌های کردووه‌!

باوکم وا ژنی خواستووە و هەر لە بەردەم مانگی شەوی چواردەدا بووە بە پیاو! دایکیشم لەوێدا بووه‌ بە ژن! کاتێ لە سەر ترۆپکی مانگەزەرد دەهاتنەوە بەو نیوەشەوه‌ لە گۆڕستانی مورادحاسڵ لایان داوە و لە سەر گۆڕی خاسکرده‌یه‌ک به‌ناوی ئیبراهیم نزایان کردووە کە یەکەم منداڵیان کوڕێک بێت و ناویشی دەنێن؛ هەڵکەوت.

هەڵکەوت ئێستا منم.

: دوای ساڵانێک هه‌ر منم!

له‌ ژێر دارتووی حه‌وشه‌که‌ی باوکمدا ڕاکشاوم! زۆر جار خۆم بۆی زیت ده‌کرده‌وه‌ و پێیم ده‌وت سڵاو! به‌ڵام ئەو هیچکات باوەڕی بە سڵاو نییه‌! وەک چۆن هیچ وشەیەکیش بۆ خواحافیزی بە کار نابات، نوێژی بەیانیان کاتژمێر یازدە دەخوێنێت یان دە، کاتێک کە خۆر یەک لە سێی ئاسمانی بڕیوە و داویە لە نێزیک تەوقە سەری دارتووەکەی مانگ. نه‌مبینیوه‌ شه‌وانی مانگی چوارده‌ قه‌ت نوێژ بکات! جێژنانی ڕه‌مه‌زان و قوربانیش زوو هەڵدەستێ و دەچێتە مزگەوت و بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دێتەوە بۆ نانخواردن، زۆر حەزی لە پەراسوو و بەزی مه‌ڕه‌‌، کاتێ پەراسوو دەخوات بەرچاوی زۆر ڕۆشنتر دەبێتەوە وەکوو ئەوەی لە تاریکییەکی نووتەکدا مانگی چواردە بۆی هەڵاتبێ!

: گونه‌به‌ران به‌رده‌وام ده‌دره‌وشێته‌وه‌!

جارێک دایکم گوتی: شەوێک لە خەودا وڕاوەی کردووە کە دەبی بتخۆم! دواتر خەوەکەی گێڕابوویەوە بۆی و وتبووی لە ساجەکەدا خه‌ریکبووی مانگت دەبرژاند بۆم و هەر ویستوویە هەڵبێ بەرەو ئاسمان! کەچی تۆی نەگبەت لە خەو ڕاتپەڕاندم! و…!

ئه‌و شه‌وه‌ی فڕاندمی مانگێکی زۆری خواردبوو، پێش ئه‌وه‌ی گڵۆپه‌که‌ی ناو هاڵه‌که‌ بزڕێت! سێبه‌ری گه‌وره‌تر ده‌رده‌که‌وت له‌ به‌ر تیشکیدا‌!

له‌ هاڵه‌که‌وه‌ بۆ ژووره‌ گچکه‌که‌ی من نۆزده‌ بۆ بیست هه‌نگاوه‌، له‌وێ دوو پرته‌قاڵ و له‌ته‌ مۆزێک و چه‌ند دانه‌ پووڵی ئاسنم شاردووه‌ته‌وه‌! چه‌ند کتێبم له‌ سووچێکی ژووره‌که‌ وه‌کوو خشتی شوێنێکی پیرۆز له‌ سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که‌ کردووه‌ و بۆنێکی ناخۆش دێت! هه‌ستم ده‌کرد ڕۆژێک ده‌بم به‌ که‌سێکی …!

: ناڵیم له‌مه‌ زیاتر!

ژووره‌که‌ دوو جێگه‌گڵۆپ به‌ڵام یه‌ک گڵۆپی هه‌بوو! کاتێ بۆ خه‌وتن کوژاندمه‌وه‌‌ زڕا! شه‌و تاریکتر بوو! بینیومه‌ گڵۆپ له‌ کاتی ڕۆشنکردنا ده‌زڕێت!

: ده‌بوو هه‌ڵبێم؟!

: ئا!

: نا!

: با!

: با!

هه‌ڵاتم!

 تا حه‌وشه‌!

 له‌ ده‌ره‌وه‌ شه‌و بوو، زۆرتر شه‌و بوو! مانگ ڕۆشن بوو! شه‌و مانگین بوو! هه‌ڵاتم تا نێزیک ده‌رگای ده‌ره‌وه‌، وه‌ستام، به‌ پێ دزکێ و پێ خشکێ هاتمه‌وه‌ بۆ گۆشه‌ی تاریکی حه‌وشه‌! لێدانی دڵ و عاره‌قه‌ی سه‌ر ته‌وێڵم شوێن پێیان ئه‌وه‌نده‌ نه‌ماوه‌! ده‌بوو زوو بخه‌وم و زوو هه‌ستم! ئه‌مه‌یان یاسایه‌ک بوو له‌ ژێر هه‌ر ئاسمان یان بنمیچێک بوایەم ده‌بوو جه‌سته‌م پێڕه‌وی لێکردبا‌! به‌ پێی یاسای پاشای گه‌وره‌ باپیری مه‌زنمان! تۆزێک پاشتر به‌ ته‌واوی شل و شۆڵ ببووم بۆ خه‌و، لە حەوشەدا ڕاکشام، نییه‌تم کرد بخه‌وم، خەوتم.

 دەنگێکی زۆری چپە دەهات، بە وردی گوێم لێ نەبوو بەڵام دەمزانی دوو که‌س خەریکی کارێکی نهێنین.

کتێب و پرته‌قاڵ و مۆز و پووڵی ئاسن! له‌ ده‌نگی ئه‌وانه‌ ناچێت!

: پاشان شاردراوه‌ته‌وه‌ به‌ باشی!

مانگ و گو‌نه‌به‌ران ده‌دره‌وشانه‌وه‌، بێ بالیف بووم! به‌ڵام شتێک له‌ ژێر سه‌رما بوو!

: گوناح!

بە پێکەنین یان چێژ یان خەمگینییەوە شتێکیان ده‌گوت.

: پرته‌قاڵ و مۆز و…؟

 هه‌ستم کرد بووم به‌ بالیف!…

نیوه‌ی شه‌و له‌ باوه‌شی دارتوودا خەبەر بوومەوە، هەستم بە ڕامووسانی شتێکی نزیک لە سەر جەستەم کرد، له‌ سه‌ر ڕوخسارم، شتێکی وەکوو با بەڵام گیاندار، هەناسەی دەدا، ئەگەر مانگ بە تەوقە سەرمەوە نەبوایە دەتۆقیم لە ترسا، چەندین چڵی بچووکی سەوز لە قەدپاڵی دارەتووەکە دەدرەوشانەوە، هەستم کرد شتێک لە چێژ بە گیانما تێدەپەڕێ، گه‌ڵایه‌ک شایه‌تیی ده‌دا ژیان له‌ گه‌ڕ دایه‌!

…گوڵێکی زه‌ردی چه‌ند په‌ل که‌ له‌ زه‌عفه‌ران ده‌چوو به‌ سه‌ر ڕووبه‌رگه‌که‌مه‌وه‌ بوو! ده‌توت به‌ به‌رماڵێک قامه‌تی به‌ستووه‌ بۆ شوێنێکی نادیار و له‌ سه‌ر به‌رده‌نوێژێکی گوێی جۆگه‌له‌یه‌ک…!

: یه‌کێک له‌ دووره‌وه‌ ده‌نگی ده‌هاته‌وه‌ که‌ خودا حه‌ی و حازره‌!

مانگ خه‌ریکه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دا له‌ باوه‌شی لقی دارتوودا! بۆنێکی توندی دوور له‌ شێ ده‌هات!

یه‌کێک له‌ سه‌ر جۆگه‌له‌یک گیرابوو! پێم وابوو خەونە یان جنۆکەی کانییەکەی ئەوسەر کۆڵانە کە وا حاجی محەمەدی تێدا خنکا! حاجی، مانگ لە ئاودا دەبینێ و ئەوەندە چاوی لێدەکات، نوقم ده‌بێت! شەوەکەی درەنگان کە دەچنە سەری دەبینن کە خنکاوە بێ ئەوەی هیچیش تەڕ بووبێت! تاسا بوو! خەو نەبوو، بێدارییەکی تەواویش نەبوو بەڵام هەر چییەک بوو ڕاست بوو! مەزووکەیەکی بچووک بە پەنای دیوارەکە بەرەو پلوورگی سەر ئادابخانەکە دەچوو، سەر ئادابخانەکە بە قیر تەختەبانی گیرابوو، مەزووکە خه‌ریکبوو خۆی دەگەیاندە جێی مەبەست، بەرەو مانگ وەستا بوو، جوانتر لەوەی بوو کە بێزم لێی هەڵبسێ! خەریک بوو ئیمان بهێنم بە شتێک یان لە چێژێکدا بخەوم یان تەنانەت گیانم به‌ ئه‌رخه‌یانییه‌که‌وه‌ دەرچێت، شتێک بەردەوام ده‌دره‌وشایه‌وه‌.

: مانگ یان گونه‌به‌ران؟

: الله‌ اعلم ڕۆڵه‌! به‌ دایکت بڵێ!

 بایەکی گیاندار دیسان گەڵاکانی نێوان دوو لقی دارتووی وێک دەنا و پێک دەنا، مانگ هاتووچۆی دەکرد، دەچوو و دەهات، ون دەبوو، دەهاتەوە.

ده‌ڵێن: شه‌وێک پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی مانگ له‌ بیابان، بۆ خۆشتن ڕۆشتووه‌تە سەر جۆگه‌له‌یه‌ک!

” مانگ پێی له‌ سه‌ر به‌ردێ دانا، مانگ نوقم بوو! ئاو وه‌ک شێت و هار هه‌ستا/ بۆ مانگ گه‌ڕا/ سه‌ری کرد و خواری کرد و ده‌ستی به‌ ناو بنیا گێڕا/ هه‌ر چووه‌ سه‌ر/ هه‌ر هاته‌ خوار/ مانگ هه‌ر نه‌بوو/ له‌و شه‌وه‌وه‌ هه‌ڵچوون و داچوونی ئاو له‌ دایک بوو!

بیری دایکم که‌وتمه‌وه‌، دڵته‌نگ بووم، زەوین لە ژێر جه‌سته‌م بۆش و بنکۆڵ بوو، خەریکبوو قووتم دات! گو‌نه‌برانی حه‌وشه‌ کوژرایه‌وه‌، مانگ…

…کتێب و پرته‌قاڵ و مۆز…

باوکم دەرگای هاڵەکەی کردەوە، هاتە حەوشە، وتی: ئەوە لێرەی؟ شێت بووی؟ خوا شێتت کا! ئەوە تۆزێکی دیکە نوێژە، بڕۆ ماڵەوە بتۆپە!

چوومە ماڵەوە، ئەویش چووە ئادابخانەکەوە، ده‌بێت بڕوات بۆ مزگه‌وت نوێژەکەی بکات!

له‌ ماڵه‌وه‌ بووم!

مانگ خه‌وتبوو!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا