ڕنووی ناكامی – لاوێن موحەمەد / چیرۆک – لاونووس
لارا موحەمەد
.
چاو دادەخات.
دایكی دەبینێ، قاپێكی بەدەستەوەیە لە پاڵ عەلادینەكەوە وەستاوە. چاوەڕێیە ڕۆنی ناو تاوە فافۆنەكەی بقرچێ. ھێلكەكان دەكاتە ناو تاوەكەوە.
گوێی لە قرچەقرچی ھێلكەوڕۆنەكەیە، ھەڵدەستێت، ھێلكەكان دەژمێرێت.
-ئەی گیان… پێنج ھێلكەن! سەرو ھێلكەیەكمان بەردەكەوێ.
چاو دەكاتەوە.
سەیری پێیەكانی دەكات، لەگەڵ ھەر ھەنگاوێك بەفر تا ئەژنۆی دێت. ھەست بە ماندووێتی دەكات، وەلێ دەزانێ كە ھێشتا ھەورازێكی زۆریان ماوە بیبڕن. تەنھا شتێك كە بە ڕوونی لە پێش خۆی دەیبینێت ئەو بارە گەورەی كۆڵی براكەیەتی.
-كاكە؟ دەبێ ئەوانی دی زۆر لێمان دوور كەوتبنەوە؟
-نازانم. بەفرەكە زۆر خۆش دەباری بە ئەستەم پێش خۆم دەبینم. مەترسە، ڕێگەكە باش شارەزا بووم.
-زۆر برسیمە، لەتەبابۆڵەكەی خۆمم بدەیە بەڕێوە دەیخۆم.
-جارێ زوویە، دواتر دووبارە برسی دەبییەوە.
-دەی كاكە! بەخوای دوایی داوای لەتەكەی تۆ ناكەم. لێرە، لە پاڵ ئەو بەردەی كەمێك دابنیشین. ھەم بابۆڵەكەم دەخۆم و ھەمیش وچانێك دەدەین، خۆ ڕێگەكەی شارەزای.
چاو دادەخات.
خۆی لە كۆڵانە قوڕاوییەكەیان دەبینێتەوە. تۆپە تازەكەی لە بن ھەنگڵی ھەڵداوە و ڕووەوڕووی منداڵەكان ھەنگاو دەنێت. ھەمووان مەندەھۆش لێی دەڕوانن.
-تۆپەكەی جوانڕۆ چەند جوانە!
-چەكمەشی كڕیون!
-ئەیچۆن… دوێنێ ئێوارە كە بابم گەڕایەوە لە شار بۆی ھێنام. دەی با یاری بكەین.
لەگەڵ دەستپێكردنی تۆپێن، تۆپەكەی بەرەو گۆڵی بەرانبەر برد و شەقی لە تۆپەكە دا… چاوەڕێ بچێتە ناو گۆڵەوە…
چاو دەكاتەوە.
ئامەدی برای لە تەنیشتییەوە بە كۆڵەكەی پشتییەوە ھەڵتوتەكاوە. ئەویش چاوی داخستووە.
-كاكە… كاكە! خەوتووی؟
-نا. تەنھا كەمێك چاوم داخست.
-تۆیش كە چاو دادەخەی شتت دێتەوە بەرچاو؟
-ئھم…
-چیت ھاتەوە بەرچاو؟
-نوێنەكانی ماڵەوە. لەناو جێگاكەمدا بووم و بەتانیەكەمم بەخۆم دادابوو، خەریك بوو خەوم لێدەكەوت كە بانگت كردم. ھەر گەیشتینەوە یەكسەر دەخەوم. دەی، ئەوە بابۆڵەكەشت خوارد. ھەستە با بڕۆین.
-با كەمێكی تریش دانیشین، نابینی بەفرەكە چەند خۆش دەبارێ؟ ڕێشمان لێ تێكدەچێ.
-باشە، ھەر تۆزێكی تر. بەڵام چاو دانەخەی! خەومان لێبكەوێ و لە سەرما ڕەقدەبینەوە.
چاو دادەخات.
گوێی لە قیژە و ھاواری دایكیەتی. دەرگاكە دەكاتەوە، دەبینێ دایكی لە ھەیوانەكە بەسەر چۆكاندا كەوتووە و بە ھەردوو دەستی دەكێشێ بە سەری خۆیدا. مام شاخەوان بە غەمباری لە بەردەمی وەستاوە.
ژنەكانی ھاوسێ بەدەم قیژەیەوە خۆیان دەكەن بە ژووردا و ماڵەكە تژی دەبێ لە دەنگی گریان. بەرەو ڕووی مام شاخەوان دەڕوا. دەپرسێ كە چی بووە؟ بەرسڤی دەداتەوە: ھیچ نەبووە مامە گیان. ئەمجارە ڕوو لە دایكی دەكات.
-دایەگیان! كوا بابم؟ بۆ لەگەڵ مام شاخەوانی نییە؟
-گیانی دایە. بابت چیدی نایەتەوە لامان.
تا دەھات ماڵەكەیان زیاتر پڕ دەبوو لە ئافرەتی ڕەشپۆش.
چاو دەكاتەوە.
دووبارە ڕەنگی ڕەش باڵی بەسەر دنیادا كێشاوە. شیانی ئەوەی نییە قاچەكانی بجوڵێنێ، ھەست دەكا ھێشتا كابووس بەری نەداوە، وەلێ ھەڵلەرزینی لێوەكانی لە سەرما وەھۆشیان ھێنایەوە كە تاریكی شەوە.
-كاكە… كاكە؟!
گوێی لە دەنگی نییە. لایتەكەی لە بەریكی دەردەكا، سەیری كاكەی دەكا خەوتووە.
-كاكەگیان…كاكە! ھەستە، خەومان لێكەوتووە و شەو داھاتووە. خەونێكی زۆر ناخۆشم بینی… كاكە! بۆ وەڵامم نادەیەوە؟ دەڵێم شەو داھاتووە. گوێم لە دەنگی سەیر سەیرە لەوەیە دەنگی گورگ بێ. بەفرەكەش خۆشی كردۆتەوە. با بڕۆین، زۆر ساردە!
كاكە؟ دیسان برسیمە… كەمێك زەردێنەم لە بەشەكەی خۆت دەدەیە؟ ئەوەی من سپێنەكەی زیاتر بوو، ھەر كەمێك زەردێنە و تەواو.
باشە دەی زەردێنەكەشم مەدەیە، خۆت ھەمووی بخۆ.
ك…ا…ك…ە. خەریكە خەوملێدەكەوێ! ھەستە با بڕۆین. دەترسم، ناوێرم لێرە بخەوم. ھەر كە گەیشتنەوە ماڵێ دەخەوین.
بە چاوی خەواڵووەوە لە دوڕمەندوری خۆی دەڕوانی، پێكولی دەكرد خەو نەیباتەوە.
لە دوورەوە ڕووناكییەكی بەدی كرد… ئەسپسوارێك بە سواری ئەسپێكی سپییەوە لێی نزیك دەبوویەوە. دروست لە ئەسپە سپییەكەی خۆیان دەچوو. بەڵێ، ئەسپەكەی خۆیانە. نزیكتر بوونەوە ڕووخساری سوارەكەی ڕوونتر دەبینی، سەراسیمە لێی دەڕوانی.
-بابە؟!
لێی ڕوانی ھیچ ئاسەوارێكی خوێن نە بە جلەكانی ئەوەوە و نە بە ئەسپەكەوە نابینێ. سوارە لەسەر زینی ئەسپ دابەزی و بە بەتانییەكەی دەستییەوە بەرەو ڕووی ھەنگاوی دەنا.
-بابە؟! توخوا ئەوە خۆتی؟ ئەی تۆ لە بەھەشت نەبووی؟ چۆن ھاتییەوە بۆ ئێرە؟ باش بوو ھاتی، زۆرم سەرمایە. كاكە ئامەدیش خەوتووە و چەندی بانگی دەكەم خەبەری نابێتەوە.
-گیانی بابە… دەزانم، ھانێ بەتانیم بۆ ھێناوی تا گەرمت بێتەوە.
-با بگەڕێینەوە، دایكم چاولەڕێیە.
-چاوەكانت داخە و بخەوە! بابەگیان.
-ئەی ئەگەر چاوم داخست و خەوم لێكەوت، خەونی ناخۆش نابینم؟
-نا. چاوەكانت داخە، چیتر خەونی ناخۆش نابینی.
سەردێڕی ھەواڵەكان:- دوای پێنج ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوونیان تەرمی دوو مێردمنداڵی كۆڵبەر دۆزرانەوە كە بەھۆی سەرماوە ڕەقبوونەوە.