کوشتاری سینگەکانی مردوو – ئەرسەلان مەولوودی / شێعر – لاونووس

ئەرسەلان مەولوودی

.

داسێک بە درەنگەوت:
یانی کۆتایی
خەون
تا مەودات کە حەنجەرەیەک دەبێت:
یانی پڕچەک کە دە ئاوێنەدا
یانی تۆ بنووسمە دەستێکی بڕاو
مەرگ چ پڕسیارێکە
دەریا چ دوور
بەژنت فەرامۆش دەکەمە برینێک
لە دووریت
قەدەغەی باران
کوشتاری سینگەکانی مردوو
دەستێک تا ڕەوەزی نیگات
غەریبیم بنێژرێ
لە لەشمدا مەسخی مردنێکن
ئەو درەنگانەی تا باڵات
دەگەرێمەوە ئاوێنە
دیوارێک دەنووسم
قڵت و بڕ بکەومە کۆڵانی درەنگێک
تەنگانەی ڕەوێزێک تا فڕین
جگە لە تەنیا و فڕین
باڵندە چ ئیعترافێکە?
نا
خوێنرێزی نابێت بە ئیعتراف
دەگەرێمەوە پڕچێک بە بارانەوە
تا ئاوێنە بە مەودایەکدا کوێر
توێ توێ تا درەخت
تا مێشکی باڵندەیەک لە تەنیا
لە تەنیا حاسێ تا زەمان
دژوار دەبێت تۆ بانگ دەدەم
بەسەر منارەکانی شەیتاندا
سەرکەوتوو بی قەڵای خوێن
دەبرینمە توێیەک لە درەخت
باڵندە بە نیگا دا بوەرێن
ببرینم
دژ بە ئاسمان داڕستانێکی سووتاو
زستان
تاقانە بڕژێیە خوێنمەوە
خوێنم تا تۆ
کە تۆی ڕووبار
چۆڵی گڕێژنەیەکی وێران
خوودا کە نزیکە لە پەنجە
بنووسرێم بە وێڵێک
تا چاوەروان
فەرامۆش دەکەم بلوورێنم
بە ئەسپێکدا
بە سمێکدا ڕابکەمە جادەیەک
جادەیەک لە خوێنی مردوویەکان سەری هەڵداوە
تەنیایەک لە بەرد
شاخێک بفڕم بە چاوتەوە
تا داگیرسانی دوواهەمین کازیوە
بە چاوتدا قەدەغەن
ئەو دەستانەی خەریک بوون فریویان دەخوارد
مردوویەک بە گەرووتدا سانسۆر دەکەم
دەدنێژمە ڕۆژنامەیەک
بە خوێنی سپی
دواهەمین کۆرپە دەنووسێت
لە شاری ملەکانی پەڕیو
دەنێژرێتە تاریکی
کردەوەی ڕۆدانێک
بۆ ئاخرین گەنمەجاڕ بەڵێنم داوە
بەڵێنم داوە بە ئاوێنەیەک لەسەر دەمی مردن
کە بدرووم هەرچی خۆرە:
یانی لانکەیەک کە دەگریت
یانی خەون بە قەدەغە ببینم
تا
ژنێک دەبینم بە داسێکی چۆڕاو
لە ئاسمان
خەون بە چاوەکانی من ببینێت
دەبینم
هەموکات تا ئێستا مردووم
ڕابردوو مەرگێکە
ئەی خەونی زستان لە بەژنت خەندە
تا گوورگێک کە تاتۆت دەکەمە پەنجەرە
جادەیەک بە دڕندەیی مردوویەکان
هێمن دەرژێتە خۆر
خۆر دەنێژرێتە تاریکی
تاریکی دەمرێت
دڕندەت بە دنیا دەهێنم
ئەی چۆڵ بە قەدەغەدا
تەنیا سنووری پڕچێکە کە دەمهاژێنێت
تا ئاڵایەک بە سینگی درەخت
شاری باڵندەکانی وێران
چاوەروان

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا