وا بڕیار بوو – حەسەن کایا / لاونووس

حەسەن کایا

.

وا بڕیار بوو زەوی موڵکی هەموان بێت
ئاسمانیش موڵکی خودا
و
هەورەکانیش بۆ باڵندەکان.
هیچ شتێک وەکو ئەوەی دەمویست دەرنەچوو.
نازانم ئێستاکە ئەوانە موڵکی کێن؟
بەڵام من
ئێستا پیاوێکی گەڕۆکم،
ڕەنگیشە قەرەج!

هیچ شەوێک نامگرێتە خۆ،
گوایە من ئەو پیاوەم لامپای ماڵی مانگم دزیوە.
ئەو پیاوەم، لەگەڵ ڕۆژدا نوستوم
ئەمانە هەموو پاگەندەن
ئێوە نازانن. ماڵەکەی من، نە خەونی تێدا
نە ڕوناکی.!

خۆر گوتی:
خودا هاوڕێیەکی نزیکی باوکمە
پێم گوت:
پێی بڵێ، کە ئەم زەمینە بەرەو چ ئاقارێ دەچێ؟
شەو ئەم حیکایەتەم بۆ مانگ گێڕایەوە،
مانگ شانی گووشیم و گوتی:
نامەوێ نیگەرانت بکەم،
بەڵام خودا لە
هەمبەر ئەم پرسیارەدا
سەری دەخورێنێ و دەڵێت:
نازانم،
با پێغەمەرێ دی بنێرم….

نیشتیمانم خنییە گیرفانی سەر دڵمەوە،
لەسەر سنوور،
لەکاتی چەمانەوەم
بۆ بەستنی قەیتانی پێڵاوەکەم،
نیشتیمان لەگیرفانم کەوت و لەنێو دڕکەکان ونم کرد.!

من دەبێت لەم نێوەندەدا بمرم
ئەمە بڕیاری من نییە.
خەونەکانم
لە فیشەکدانی تفەنگێکدا چرووکی کرد.
یەک لەدوای یەک
ڕەنگیشە
لە ئەزەلەوە ئەم گولـلەیە
بارووتی تێ نەکرابێت.!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا