ژەنیاری دروشمی بێدەنگی

برایم ڕەسووڵی (غەوارە)

.

تۆ ئەی هەورینەمل

ئاڵەی بووکی تاوانی من

سێبەرێکم، بێ دەنگی هەموو بەڕاکی نەزەی سیینەکەمە

 دیوێکی تاریک لە سەر تەرمی ئەشکەوتێکی بەردینەم

 خەوم  تاریکە، تاریکە

پەیمانی ئاشتی بە دەستی پڕ لە ئاسن لەو خەوەدا دەهۆنمەوە

 لە ژێر شەپۆلی ئاگری پەژارە ی هەرێمی بێ خەمی

 پەیکەری خواکانی بێ ڕەنگم

ئاوردوم بۆ کیمیاییێک لە غووربەت

ئاڵگی خەنجەرێ  لە سەر سینەم

کانی کۆرکی قەسیدەیەکی بێ دایکە

واریپاڵێکی سەر لووتکەی چاوێکی کوێرم

خوڕەی بەردێ  لە کاتی ڕوانینت بە دڵ

قاقرێکم قەزای شاربەدەری دەنووسێتەوە

ئاوازی ون بوون لە چاوی مناڵیم ببینە

کراژی مارێ دەکەمە بەرت

دەستەکانت دەکەم بە شووشەکەی قەسیدەیەک و لێوەکانت دەکەم بە ماچێ

با بە هەوادا بڕۆی

ڕووخانی کڕبەی گریانێ نەبینی

تۆ ئەی ڕەشپۆشە جوانەکم

 بە خرخاڵی سینەی سپی کوێستانت سوێندت دەدەم

گەرم باوێیە سەر وەم لێ بستێنی

با تۆ بمخوێنی  گۆرستانت بم

پر بە ئامێزی گۆڕستانەکان باوەشم پێ بگری

با هەموو تاوانێک بەو شەکرە سێوە بفرۆشم

لە سووچمەی خۆڵێ نیگارێکم لێ بکێشەوە

من ئەوەتەی هەم شەتاوێکم لە سنووری دەریا هەڵدێم

زایەڵەی دەنگی ماسیێکی بچووکم لە گەرووی بێ دەنگی هەڵدێم

من ئەوەتەی هەم تاوانی درۆم

گڕی هەنسکێکی خۆر لە قەبری مندا باسی عەشق ناکات

فریشتەکەم

چەرخ دەندەکانی تەنیایی عۆسیانی پەلەخۆر زەمانێ  بێ ڕۆخساری رۆژی نییە

لە ژوورەکەی دوو قاشی ئاسمانەوە مانگ

پەلەسۆرکە

هەڵوەرینی شاور بێ هەڵدەوەرێ

خۆشەویستم

ئێواران لە بەر دەرگای ماڵێ

چرا زەردکەی شەقامی دڵتەنگیم بە جانتای رووحی ئاڵوزی پەژارە دادەپۆشم

میوانداری هیچ زامێکی دیکە ناتوانم بکەم

سەبووری بەرانبەر بە داخەکانەوە خەونێکی تاڵە، تەنیا دوای چەن چرکەیەک تێپەڕ دەبێ لەو خەوە ڕادەچەنی بەڵام جەستەت شەکەت شەکەت هێزی دەبڕێ.

هەناسەکانت دەبن بە هەڵمی ساردی سینەت لە سەرمای زستان و رۆحت بە و هەڵمەوە دەردەکەی و وشەت نەرم نەرم لە بوونت دا دەمرێ

بۆنی بێکەسی بە خۆوە دەگرێ

پر بە هاواری کاتژمێرەکەی دوورە دیارم

لە قەراغی شار باوەشێ لە گریان و تەنیاییم

ماسێکانی ئەو ڕووبارانەی دێن و دەچن هەموویان هەر دەمناسن

چرکە بە چرکە تەنیایی خۆم بە شێعری هەناسەکانی وان دەڕازێنمەوە

ئەوەنەدەی دەنگ لە خۆرە دێ ئەوەندەش دەنگ لەوان هەڵدێ 

شەوان لە بەر دەمم تەمووزێکی

چیرۆکی خۆم بە زمانی تۆ بۆم نوێیە

گەرمای هەناسەکانت لە ناخم دا تا بڵێی ساردە

چیبکەم

بەڵێنەکان لە کوێ نەهاتییەوە بۆنە تەوارێ

درێژ درێژ بە درێژایی  ژیانی ماهۆتەیەک

ڕادەمێنم

چاوەڕوانی پرچەکانی تۆ دەکێشم …

ئەو ڕۆژانە هێندی بڵێی لە نێو شاری خۆم دا غەریبم

من نازانم دایکم بە زمانی کێیە دەدوێ لە گەڵم

من نازانم پەنجەکانی باوکم بۆ هێندە دوورە بۆ سڕ و ساردە

من نازانم خوشکم هەورێ بۆ داییم لە سەر سەری دێتوو دەچێ

من نازانم برام بۆ لە و لانکۆڵەیەدا قەد هەڵنادات گەورە نابێ

ئێوارانە لە بەر سەرچاوە کەی ئێوارە سەرجەم حەوت جار خۆم دەکووژم

بۆ وەی بێدەنگی دڵوپە ی باران لە سەر پەنجەرەکەی یانەی دڵتەنگی لەبیر نەکەم

یەکم جاریان لە شەقامێکی ئیستانبۆڵدا

لە بەر دەرگای ئەیاسووفیا دا هاتوو چۆ دەکەم

سەگێکی برسیمە

بە گاشە بەردەکەی حەوت پەڕێ لە شەقام دا خۆم دەمرێنم

سەدان سالە کەسێ ئاوڕم لێ ناداتەوە ؛

دووهەم جار لە نێو دارستانێ لە ڤیێتناما دەبم بە دارێک و چاوەڕوانی بیوری عەسکەرەکانم تۆزێ گەرمای دڵم هەڵقوڕێنن

سەرما سەختە

باوڕەت بێ ،  باوەڕت لێ دەستێنێ

لە دوایان  کاس بە سەر چاوی دەریایە دا دەگوڕێنم

تا ئەوندەی خوێن بپرژێ بە سەر مۆمی هاوارم دا

نیگارکێشێ فریاکانم ڕەسم ناکات

سێ هەم جاریان دەبم بە درووشمێک و دەچمە دەستی کێژێ لە ئیرلەندا

هاواری بێدەنگی بێدەنگی تا یەک ڕەنگی سەر دەدەم

دوا ماوەیەک خۆم تەک و تەنیا لە نێو میر جۆگەلەیەک دەبینمەوە

 تەڕی ئاوی پیسی خەیانەتم

رۆژیی وایە ئیمان دەهێنم بەو قاناوانە

هێندی بڵێی پیس و چڵکنن بەڵام زاتیان ئەوە نییە

 بە دڵ پاکن …

 لە ناو قاناوەکان دا تا ئەو شوێنەی بتوانم

ئاوەکان دەمبەن لە گەڵ خۆیان

هەرگیز هەرگیز لە هیچ شوێنێ جێم ناهێڵن

گەر کوو دیسان ببمەوە درووشمێ و بچمە دەستی کێژێ

هاوار دەکەم فڕێم بدەن با قاناوەکان نەجاتم دەن

 خێڵی دووژمنم ناهێڵن بە بێ هومێدی بمرم

چوارەم جاریان زۆر جار بیرم دەچێ لە کۆوە هاتووم

ئەو سا بە ترپەکانی دڵی کیژێ نازدار دەبمە زووخمێ و لە سەر گوڵێ چاوەڕوانم هەتاو هەڵبێ

بە شەبەقی خەونێکی پڕی ئاور بمکووژێ 

لە ئەو کات دا من لە ئستووکهۆڵمم و ناوم شاربەدەرە و  زاتم هەر غەوارەی تەنیاییە

پێنجەم جاریان خۆم بە بەردێ لە ساحیلێکی دوور دەبینم

 ماوەی چەن ساڵە نە دڵۆپێ لە باران و نە شەپۆلێ لە دەریا نەکەوتۆتە سەر جەستەم  هەر لە بۆیە بە دڵ خەستەم

هەموو ئاواتم ئەوەیە کەسێ بێتوو بە دەم غەمەکانی هەڵم گرێ

 دوور دوور تا سنووری دەریاکان بم هاوێ

من کوڕی ڕووبارێ بووم ڕوو بە دەریا دەهاتمە پێش ڕووبار منی بە گاشە بەردەکانی سەددێ فرۆشت

 بیری نەما منی جێهێشت ،منی جێهێشت

شەشەم جاریان هەر خۆمم

لە سەر شەقامێ دانیشتووم و چاوم لە چراکانی زەرد و سوور و سەوز و سپی ئەو شارەیە

 چەندە جووانە  نەبوونی خۆت بە ڕەنگەکان بشارێوە کەس نازانێ زاتت مردۆ

دێن و دەچن باڵەندە کان ،مێروولەکان ،سەگە کان و پشیلەکان

ئەوەی بۆ جارێ بێرە دا نەهات مرۆڤە

ئەو سا لەو شەقامە  دوا ماوەی چەن ساڵێ هەڵدەستم بۆ سەر پێیەکانم ئیدی بۆنی پیسی گۆشتی مندارەبووی جەستەم خەریکە ئازارم دەدات

بۆ حەوتم جار دەبمە کاتژمێرێ لە ساڵانی شەڕی ڕەش و سپی

نیشتمانم پێستی  ڕەشی مرۆڤێکی بێ دەنگە

هەر کە لە ماڵی سپی پۆشی خاتوونەکەمان دێینە دەرێ دەبینە گڵوڵەیەک لە خوێن و خیزەڵانی دەوری ڕێگەی هەڵاتنمان سوور دەکەین هێدی هێدی دەمرین

گوولەکە لە چەکی شانی هاوڕێی لەمێژینەی هاتۆتە دەر

من کاتژمیرێ لە دەستی ئەو

ئێستا خەڵکی یانەی وەستا کارێکی کوردم

لە سەر چەن چەرخ دەندەی

 برسی برسی دەخولامەوە

چاوەڕێم ئەو وەستاکارە هەڵم وەشێنێ

با بە پەرداخی زەمان چەن شێعری نوێ بخوێنمەوە و چاوەڕوانی ژوانی ئەو چەرخ دەندانە بم

نێگاری بکێشمەوە  لە عەشقی ڕۆن و چەرخەکان

من تینوی دەس کێشانی دەستەکانی ئەو وەستا کارەم

ئێمە لەو دووکانە دا وا تێ گەیشتووین ئەو شۆلمێتی ئێمەیە

بۆ ئێمە کاتژمێرەکان جیاوازی نیە لە ژیانی پێشوو لە دەستی نووسەرێ دا بووینە یان خۆ

لە سەر دیوارێ لە ناو شەڕی جیھانی دووهەم دا عەسکەرەکان  چاویان لێ کردووین کەی شەڕ بە کۆتایی دەگات

ئێمە ئێستا پابەندی یاسای ئەو دووکانەین

نیشتمانمان ئەو یانە سێ و چوارەیە و خواکەمان ئەو وەستاکارە

جانتاکەی هەرچی پیستر بێ بۆ ئێمە خۆشەویست ترە

چاوەکانی هەر چەنێ خەراپ تێمان ڕامێنێ بۆ ئێمە خۆشەویست ترە

بمان شکێنێ مۆرەی یێکتریمان لێ بگۆڕێ

بەسەرمان دا بگوڕێنێ هەمووی وشەی عەشقی ئەوە و ئێمە فێر بووین نیشتمانەکەمان چەنێ جانتای ئاڵۆز بێ زیاتر خۆشمان بوێ

من خۆم  لە دوای نیشتمانی پێشووم لە دەستی مناڵێ دا بووم …

ساپیتەی دیوێکم دێتە بیر سووڕەتی بە چرا ی شینی بێ کز

نەزەی هەوای دیوەکە ڕوو لە هەتاو بوو

دایک و باوکی مناڵەکە لە حەوشەی پیاوێکی دەوڵەمەند منیان دیتەوە و خستیانمە دەستی ئەو مناڵەوە

ئەو سا نیشتمانی من پێستی  ئەو مناڵە بوو

دڵم بە ترپەکەی دڵی ئەو کاری دەکرد ڕانەدەوەستام هێزم هەبوو

لەبیرمە رۆژێ لە قوتابخانە کەوتمە بەر شەپی  مامۆستایەک کە پێی وابوو مەشقی شەوی نەنووسیوەتەوە

ئەو سا لە نیشتمانەکەم هەڵبڕام و کەوتمە ئەو نیشتمانە تازەیە 

لەت بە لەت بووم

ئێرە بە ڕەنگ ڕەشە بە دڵ سپی و بە چرا زەرد

شووشەی بەر دەرکی نیشتمانەکەم پڕی هەڵمێ لە هێلیۆمە

ئێستا هەناسە بڕکەمانە

بەڵام چیبکەم نیشتمانمەو خۆشەویستە

گەر کوو ئێستا بەو جۆرە بم خنکێنێ هەر خۆشم دەوێ

ئەوە یەکەم یاسای ئەو وڵاتەیە

هەر دۆنێ بوو بە خۆم دە گووت

گوڵێکم بێ ناوی دەنێم ڕەهوودآ

بە خوێناوی چەرخ دەندەکانم سووری دەکەم پێشکەش بێ بەو وڵاتە تازەیەم …

فەرهەنگۆک
.

شولمیت: هێمای جوانی لە ئینجیلدا

Rhoda: گوڵێکی سوورە لە تەوڕاتدا

ئاڵه: شەوە. جن یان بوونەوەرێکی خەیاڵی کە ژنی زەیسان یان منداڵەکەی دەکوژێ.

بەڕاک : تراس

نەز: هەناسە

ئاوردو: سوتەمەنی

ئاڵگ: غودە، گرێ

کانی کوڕک :کانییەک کە دوای بەهار وشک دەبێ.

واریپال: وەنەوشەی کێوی

قاقڕ: باهێر، شوێنێک کە هیچی لێ شین نەبێ. وێرانستان.

کراژی: کراژ، پێستی وشک و لێبووەوەی مار

سووچم: سووچ، تاوان

شەتاو: آبی کە از برف سرچشمە میگیرد

پەلەخۆر: ژیلەمۆ

پەلەسۆرک: گەڵای زەرد و سووری داران لە پاییزدا پێش کەوتنەخوارەوە

شاور: فیکەکێشان، جۆرێک ساز.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا