پیانۆژەن – کامۆ ئاراز / چیرۆک

کامۆ ئاراز

.

سڵاو ئەمیلیا،

دیسان نازانم چۆن نامەکانم لەگەڵ تۆدا دەستپێبکەم، دوای هەموو ئەو شتانەی ڕوویاندا. دەزانم لای ئۆلیڤیا باست کردبوو کە لە فەیسبووک چاودێریت دەکەم. لە ڕاستیدا نەخێر، بۆ ماوەیەک مۆبایلەکەم لێکەوتبوو. بۆیە لەوانەیە لەلایەن کەسێکی دیکەوە بەکارهێنرابێت. ڕاستیەکەی ماوەیەکی زۆرە ناتوانم بێمە سەر فەیسبووک، چونکە لەو جیهانە تەکنەلۆژیەش چەندان بیرەوەری ئەلکترۆنیم هەیە. نامەوێت وەکو بورکانێک ئازارەکانم بتەقێنیتەوە و ئاگراوێک لە ناو ناخم بڵاوە پێبکات. هەرچەندە هاوڕێ نەماوین، بەڵام هیوام وایە باش بیت.

باش بە،

دێسدۆمۆنا

*****

سڵاو ئەمیلیای هاوڕێم،

هاوڕێ جوانەکەم، زۆر بیرت دەکەم، دەنگ و باست چۆنە لە هۆنگ کۆنگ؟ دەزانم هیشتا لە گەشتیت دوور لە من. پۆستکارتەکەتم پێگەیشت، هەڵبەتە شارێکی زۆر ناوازەیە، بێشک دەبێت منیش سەردانی بکەم. 

نامەوێ لە گەشتەکەت کاتت بگرم و سەرقاڵ بیت بە خوێندنەوەی نامەیەکی دوورودرێژم، بەڵام ئەمڕۆ هزرێکی ناوازەم بۆ هات. دەمەوێت پێکەوە کۆتری نامەبەر پەیدا بکەین و بەخێویان بکەین، چی دەبێت گەر کۆتری نامەبەریش هەبێت لە نێوانمان؟

هەرچەندە کۆتری نامەبەر ناگاتە ئەو شوێنە جوگرافیەی کە تۆ ئێستا لێی لە گەشت و گەڕاندایت لەگەڵ ئەنتۆنی. بەڵام، کۆتری پەیامهێنەر لە نێوان هەمان شاری من و تۆدا باشتر دەتوانێت ئاسمانی نیوانمان ببڕێت. ڕاستیەکەشی ئەوەیە ماوەیەکە تاقەتی بینینی مرۆڤەکانم نەماوە. تەنانەت پۆستەچیش بەو نامە وەڕسکەرانەی بۆم دەهێنێت بێزاری کردووم. تکایە هاوڕێ جوانەکەم بیرێ لە کۆتری نامەبەر بکەرەوە، گاڵتەناکەم.

هاوڕێی خۆشەویستت،

دێسدۆمۆنا

*****

سڵاو ئەمیلیا،

هیوادارم ئەم نامەیەt پێ بگات لە کاتێکدا کە خەندە بەسەر سیماتەوەیە. دەزانم ناتەوێت چیدیکە لەگەڵم بدوێیت، منیش زاتی ئەوە ناکەم جارێکی دیکە چاوەکانمان نیگای یەکدی بکەنەوە. بەڵام ئاگادارم لەوەی مەرگ هەمیشە خۆی لە کوچە و کۆڵانەکانی ئەم شارە خۆی مەڵاسداوە. ئەو ڕۆژە بە ڕێوەیە کاتێک بۆ دواجاریش یەکتری لە دەست دەدەین، جگە لەوەی هاوڕێیەتیمان لەدەستدا. ئیدی ئەمە ژیانە، نامەوێت لەم پەرەگرافە زیاتر بنووسم بۆت، ئەوە نەبێت دەمەوێت بزانیت کە زیندووم، وە دەمەوێت بزانم کە زیندوویت. دەزانم گەر زیندوو نەبی ئەوا کەسێکی دیکە بەو ناونیشانەی جێمهێشتووە وەڵامێکم بۆ ڕەوان دەکات، یانیش گەڕانەوەی نامەکە بۆخۆی هێمایە کە چیدیکە لە ژیاندا نەماویت. 

لەیادنەکراویت،

دێسدۆمۆنا

تێبینی: هیوادارم نامەکە نەگەڕێتەوە.

*****

ئازیزترینم مامۆستا،

هیوادارم لێوت دەم بەخەندە بێت لە ئانی کردنەوەی نامەکەم، مامۆستا. دەزانم هەمیشە فێرت کردووم کە بە ناوی خۆت بانگت بکەم، بەڵام دەمەوێت لەم نامەیە ئەوە دووپاتبکەمەوە کە بەڕاستی مامۆستای من بوویت. هەرگیز بەبێ تۆ نەمدەتوانی لە کلیلە سپی و ڕەشەکانی پیانۆ تێبگەم، میوزیکێکم بۆ داناویت، هەرچەندە ئەمە نامەی ئەلیکترۆنی نییە تاوەکو فایلە دەنگیەکەت بۆ بنێرم بەڵام پەڕەی میوزیکەکە هاوپێچی نامەکە دەکەم.

پارچەکەم ناو ناوە (دەرگەوان)، ئاخر هەموو مرۆڤەکان وا تیدەگەن کە دەرگاوانی کارێکی کەمبایەخە، بەڵام لە ڕاستیدا تۆ دەرگاوانی من بوویت و جیاهنێکت بەڕوودا کردمەوە کە دەکرا بە غافڵی لێی بمردمایە، بۆ ئەوەش مەرگەکەم مەرگێکی ئاسایی دەبوو، بەڵام تۆ مەرگێکی سەرکێشیت کردە خەڵاتم. بۆ ئەمە تا ماوم هەرگیز لە نێوان پەنجەکانم کە پیانۆ دەژەنن لە بیرەوەری دەرباز نابیت.

بە شانازیەوە قوتابییە دڵسۆزەکەت،

دێسدۆمۆنا

*****

سڵاو،

نەمزانی چیت بۆ بنووسم. ئاخر هیچ شتێکمان نەماوە باسی بکەین، بەڵام خوم گرتووە بەوەی نامەت بۆ بنێرم، هیوادارم قبوڵی بکەیت و ئەمەش بخەیتە ناو چەکمەجەی یادگارییەکان.

دڵخۆشبە،

دێسدۆمۆنا

*****

سڵاو دێسدۆمۆنا،

لە کاتی نووسینی ئەم نامەیەم بۆت، ئەی ئازیزترین قوتابیم، گوێ لە پارچە میوزیکەکەت ڕا دەگرم، چەندین جار میوزیکەکەتم ژەنی و ئێستا تۆمارم کردووە و لە کاتی نووسینی ئەم وشە دڵسۆزانەیەم بۆت گوێی لێ دەگرم. بڕوا ناکەیت چ هەستێکم هەیە بۆ ئەم دیمەنە ناوازەیە: تێکەڵبوونی فرمێسکەکانم لە فۆڕمی نووسیندا لە پاڵ میوزیکە بە فرمێسک ئاوڕژێنەکانی تۆ.

ئازیزەکەم لە کاتی ژەنینی پارچەکەت ڕێک هەستم کرد کە نۆتە بە نۆتەی پارچەکەت لە قوڵایی ناختەوەیە، بۆیەشە هەستم بە تنۆکی دڵۆپەی ئەو فرمێسکانەت کرد کە ڕۆژانە لەسەر پیانۆکەت دەیان ژەنیت.

بەمزووانە ئەم پەڕی میوزیکەت لە چوارچێوە دەگرم و لە ژوورەکەم هەڵیدەواسم. سەد ئەفسووس کە پۆلی وانە گووتنەوەم نەماوە لەوێ هەڵی بواسم و بە شانازییەوە بە قوتابییە نوێیەکانم بلێم کە ئەمە قوتابییە ناوازەکەم بووە و ڕێنوێنی هەموویان بکەم کە وەکو تۆ پارچە میوزیکەکانی ناخیان بهێننە بوون و بکەونە هەلەکەسەما لەگەڵ شەپۆلە نۆتەکانی ئۆقیانووسی ناخیان. دڵنیام کە لە بیرت ماوە یەکەم ڕۆژ کە لەگەڵ بەڕێز تەیڵەری باوکت هاتیت، چەند چکۆلە بوویت خودایە! هەرگیز لە یادم ناچێت کە بۆ یەکەم وانە پیانۆمان نەژەند بەڵکو کۆمەڵێک وشە، ئاوازی ئەو وانەیەمان بوو، بە ئەسپایی پێم گووتیت ”میوزیک مۆنۆلۆگە، بەڵام مۆنۆلۆگێک هەموو دەوروبەرت گوێبیستی دەبن، کەچی مەرج نییە تێی بگەن. کچە جوانەکە، هەڵەین گەر میوزیک بژەنین، ئەوە میوزیکە دەمانژەنێت.” 

ئازیزەکەم دێسدۆمۆنا، ئەو کات چونکە منداڵ بوویت وتەکەم تەواو نەکرد، هەرچەندە لەسەر دڵم بوو بووە گرێ و کە وردە وردە گەورە بوویت لە شوێنێک لە شوێنەکانی ئەندێشەم ئەو قسەیەم هەر هەڵگرت بوو بەڵام ئیدی کاتێک کات ساتەکان گات* دەدات بیرەوەرییەکان هەلیان نامێنێت بە ڕوونی بێنەوە یاد. بەهەرحاڵ، ئازیزم، لە دوای ئەو قسەیەمەوە ئەو ڕۆژە لە جاری جاران دەموویست بڵێم ”هەروەکو چۆن هەڵەین گەر لامان وابێت ئەوە ئێمەین کۆرپە لە بێشکەدا ڕا دەژەنین، بەڵکو ئەوە سۆز و پاکیزەیی کۆرپەکەیە ڕامان دەژەنێت.” دڵنیا بووم کە لێم تێنە دەگەیشتی ئەو ڕۆژە، ئاخر تەمەنت ڕێگەی نەدەدا، ئێستاش دڵخۆشم  لەوەی کە کۆتاییمان بە وانەی یەکەم هێنا پێش ئەوەی کۆچ بکەم بۆ دونیا کەی دیکە.

هەمیشە لە بیرت بێت ئەی قوتابی و هاوڕێی ئازیزم، هاوڕێیەکی باش بە بۆ پیانۆکەت، چونکە دڵنیام کە پیانۆکەت هاوڕێیەکی باش دەبێت کە لە هەموو ڕاز و نیازەکانت تێدەگات. وەها بژی کە ژیان پارچە میوزیكێکە خەریکی نووسینیت.

مامۆستاکەت،

جەین

*****

سڵاو دێسدۆمۆنا،

دێسدۆمۆنا گیان هیوادارم باشتر بیت، دەزانم کە کەمێک نیگەرانی بە نامەکەتەوە دیار بوو، نەخێر دڵە ئازیزەکەم تۆ هەرگیز بێزارم ناکەیت، من و ئەنتۆنی، بەتایبەتی من، دڵخۆش دەبین هەردەم کاتێک نامەی تۆ دەخوێنینەوە. بشمبورە لەسەر پۆستکارتەکە ڕێکەوتم نە نووسیبوو، خۆت باش دەزانیت ئێمە لە نامەکانمان هەرگیز بەروار نانووسین، ئەو فەلسەفەیەی تۆشم بەسەر پۆستکارتەکەدا سەپاند. لەبیرتە لە سەردەمی ئامادەیی کاتێک لەگەڵ جاسمینی هاوڕێمان بووین گوتت: هەرگیز نامە واژۆ ناکەم بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ، چونکە چیرۆکی نامەکە بۆ خۆی نائاگاهیانە کات و بەرواری نووسینەکە لە ئەندێشەماندا دەچەقێنێت. جا دڵەکەم ڕاستت کرد، ئۆقیانووسێکی شێوانشێو لە نامەی تۆم هەیە هەموو بێ بەروار کەچی وشەکان جگە لەوەی ڕۆحی قسەن، میلی کاتژمێر و خانەی ڕۆژژمێریشن.

 ئەوە ماوەی مانگێکە لە هۆنگ کۆنگین، لە کاتی گەیشتنی ئەم نامەیەوە لەوانەیە هەفتەیەک بخایەنێت تا دەگەمەوە لات، ئەی هاوڕێ خۆشەویستەکەم. 

شتێک لە شەقامێکی هۆنگ کۆنگ سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە پیانۆژەنێک ئەو پارچەیەی دەژەنی کاتێك تۆ بۆ یەکەمجار لە زانکۆ بۆت ژەنیم. فرمێسک لە چاوەکانمەوە دەهاتە خوارەوە، ئەنتۆنی کەمێ نیگەران بوو وای زانی شتێکم لێ بەسەر هاتووە.

دێسدۆمۆنا گیان، سەبارەت بە کۆتری نامەبەریش، بیرۆکەیەکی ناوازەیە! لە دوای خوێندنەوەی ئەو نامەیەت، چەند کاتژمێرێکم تەرخان کرد تاوەکو بە ماڵپەڕەکاندا بگەڕێم بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەتاوەکو بتوانین ئەو بیرۆکەیە بهێنینە ژیانەوە. بەهەرحاڵ زۆرم هەیە بۆ گووتن و باسکردنی چیرۆکەکانی من و ئەنتۆنی لە هۆنگ کۆنگ و شەنگەهای و بەیجینگ، با بگەڕێمەوە هەموویت بۆ باس دەکەم، دەریایەک لە چیرۆک لە ناو بەندەری ئەم نامە چکۆلەیە جێگەی نابێتەوە. هەردەم باش بە ئازیزترینم.

هاوڕێ دڵسۆزەکەت،

ئەمیلیا

*****

نازانم چۆن ئەم نامەیە دەست پێ بکەم، دێسدۆمۆنا. ئەوەی کە لە نێوانماندا ڕوویدا هەڵە بوو، نەمدەویست ئاوا نامەت بۆ بنووسم لە کاتێکدا پێنووسەکە لەگەڵ پەنجەکانم تێکئاڵاون، ئاخر نامەنووسین گەلێک زەحمەتە. تێکستکردنێک لەسەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ئاسانتر دەبوو، وەلێ تۆ هیچ هەژماریکت نەماوە منت ناچاری نووسینی ئەم نامەیە کردووە، لەگەڵ هەر جاریک لە ڕاوەشاندنی پێنووسەکە بۆ نووسینی پیتێک، دەڵێیت خەنجەرێک دەچێت بە دڵمدا. گرنگ نییە چەند ڕۆمان و داستانی درێژ دەنووسم، هیشتا ئەو زام و برینانەی ئازاری ئەو خەنجەرە ناگات بەو ئازارەی کە بەسەر ئەمیلیایا هێنامان.

زۆر بیری دەکەم، وەڵامم ناداتەوە، دەزانم بەهەمان شێوەشە لەگەڵ تۆ. زۆر دەترسم شتێک لە خۆی بکات. زۆر بە ئازار بوو دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە دوو هەفتەیەک پێش کۆچی دوایی مامۆستا جەین کلاڕکەوە، ئێمە ئەو شەوە پێکەوە ئەو تاوانە نابەجێیەمان دەرهەق بە ئەمیڵیا کرد. خوێندنەوەی ئەم نامەیە بۆ تۆ چەند بە ئازارە، هێندەش بۆ من مایەی ناڕەحەتی و پەژارەییە نووسینی. وا هەستدەکەم هێشتا مەبەستی نامەکەم بۆ ڕوون نەکردوویتەتەوە، نامەوێت لە ڕێی ئەم نامەیەمەوە سوێ بە زامی برینەکەدا بکەمەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کولانەوەی برین نییە چونکە من هەموو ڕۆژێک ئەم مەسەلەیە دەمکوژێت، ناتوانم بخەوم، تەنانەت ناتوانم بڕۆم بۆ دووریش، ئاخر لەبیرمە کاتێک لەگەڵ ئەمیلیا لەسەر جێگە ڕا دەکشام کاتێک نیگەران دەبووم بە گاڵتە پێی دەگووتم با دوور بکەوینەوە لەم هەموو سترێسە و ڕێ بکەین بۆ چین، تەنانەت لە کاتی گەشتەکەی هۆنگ کۆنگماندا ئەوەمان بە بیری یەکدی دەهێنایەوە. ئەهـ … ئێستا ناتوانم سەری خۆم هەڵگرم بۆ ئەوێش. 

دێسدۆمۆنا دەزانم هەردووکمان هەڵە بووین، دەشزانم تۆ هەرگیز ناتەوێ نامەم بۆ بنێریتەوە، منیش نەمدەویست، تەنانەت لەوانەشە سەیرت لێ بێت کە چۆن ئەم ناونیشانە نوێیەتم زانی، هەرچۆنێک بێت هیچ ئەدرێسێکم جێ نەهێشتووە تا نامەم بۆ بنێریتەوە دڵنیاشم ناینێریت، وە بەمزووانە ئەدرێسیشم نابێت، وڵات  جێ دەهێڵم لە دایکم زیاتر نامەوێت کەسی دیکە شوێنم بزانێت، تەنها ئەوەندە دەڵێم کە بمبەخشە. تکایە گەر ناونیشانی ئەمیڵیات دەستکەوت یان هەواڵێک تکایە لە باتی من نامەیەکی بۆ بنێرە، تکایە گەر هەموو دنیا و تۆش نەمبەخشن گرنگ نییە بۆم، تەنها دەمەوێت ئەمیلیا بمبەخشێت. گرنگ نییە گەر نەیەوێ بشمبینێتەوە، تەنها وێڵی بەخشینێکی ئەوم.

ئەنتۆنی

*****

سڵاو دێسدۆمۆنای ئازیزم،

ئازیزترین هاوڕێ لە ژیانمدا، تکایە هەرگیز خەم مەخۆ، ئەمڕۆ بیستم کە خاتوو جەین کۆچی دوایی کردووە. بەڕاستی جێی داخە دەزانم کە چەند بۆت زەحمەتە، ئەو یەکێک بوو لە کەسە هەرە گرنگەکانی ژیانت. تکایە ئازیزم خەم مەخۆ، ئیدی ئەمە ژیانە ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموومان یەکدی جێ دەهێڵین، هەروەکو چۆن دوای تەواو بوونی شانۆیەک، خامۆشی باڵ بەسەر هۆڵەکەدا دەکێشێت. ئازیزەکەم خۆت سەغڵەت مەکە، بەڵێنت پێدەدەم کە هەموو شتێکی ناخۆش کۆتاییان دێت.

با  پەژارە و ئازاری زیاتر نەخەمە سەر برینەکەت، وەلێ هەروەکو دەزانیت وا لە باشووری سودانم و کاری خۆبەخشانە دەکەم، تەنانەت چووم بۆ گوندی ئایۆد، ئەو جێگەیەی کە کێڤن کارتەری فۆتۆگراف وێنەی منداڵە سیس و لاوازە برسییەکەی گرت بوو، لە کاتێکدا باڵندە لاشەخۆرە ڕەشەکە چاوەڕێی مەرگی منداڵەکەی دەکرد تاوەکو بیکاتە ژەمی خۆی. بڕوا بکە ئازیزترینم، مەرگ بریتی نییە لە دەردەسەریەکی مەزن، خەڵکە برسی و هەژارەکانی ئێرە، منداڵە چکۆلە گوناهەکان هەموو چرکەساتێکیان مەرگەساتە، ئەمان هەموو سەری چرکەیەک گیان دەدەن. ئەمەم بۆیە بۆ باسکردیت، تاوەکو پێت بڵێم کە مامۆستا جەین بۆ دواجار ڕۆحی ئارامی بەخۆیەوە بینی.

مانگێکی دیکە دەگەمەوە لات، بڕوا بکە گەر بە دەستی من بووایە ئێستا دەهاتم و لە باوەشم دەگرتیت.

تکات لێ دەکەم خەم مەخۆ،

ئەمیلیا

*****

سڵاو ئەمیلیا،

بمبەخشە گەر ئەم نامەیە گەلێک کورتیلە بێت، بەڵام تاقەتی نووسین، پیانۆژەنین … ئەمیلیا، تاقەتی هیچ شتێکم نییە. ئەمیلیا، دەزانیت کە چوومە ماڵی جەین لە دوای پرسەکە، ئەو وەکو ئەوەی پێی گوت بووم ئەو پارچە میوزیکەی بۆم دانا بوو، بە دیوارەکەوە هەڵیواسی بوو، کاتێک نۆتە بە نۆتەی پەڕی میوزیکەکەم دەبینی نەمدەتوانی فرمێسک نەڕژم. دەتگووت فرمێسکەکانم بریتیین لە وەرگێڕانی نۆتەکان بۆ فرمێسک. سەمفۆنیایەکم ژەنی لە تراژیدیا. تکایە بمبورە هاورێکەم.

 ناتوانم خەم نەخۆم ئەزیزم، بەڵام گەر دەتەوێت هەست بە باشی بکەم، تکایە هاوڕێکەم باشووری سودان جێ مەهێڵە و خەمی ئەوانت بێت، هیوادار بووم کە بمتوانیایە منیش لە پاڵتدا کەمێک لە خەمی ئەو منداڵ و مرۆڤە بێچارانەم کەمتر بکردایەتەوە.

تکایە بمبورە ئەمیلیا،

دێسدۆمۆنا

*****

سڵاو،

تکایە دێسدۆمۆنا چیدیکە نامەم بۆ مەنێرە. ئەوە دە ساڵە نامەی هەموو ڕۆژێکتم پێ گەیشتووە، درۆ دەکەم گەر نەمخوێنبێتنەوە. نامەکانی ئەنتۆنیشم پێ دەگەشت تا مانگێک پێش ئێستا هیچ نامەیەکی نە دەهات، دواتر زانیم لە هۆنگ کۆنگ خۆی کوشتووە. لە دوای ئەم بارودۆخەوە و کە دوو جار هەوڵی خۆکوشتنم دا دە ساڵ پێش ئێستا، مێتۆدی خۆکوشتنەکەم گۆڕی، چی دیکە مەچەک بڕین و دەنکۆڵەی خەوتن و خواردنەوە کهولییەکانم بەکار نەهێنا، دەستم دایە فێربوونی پیانۆ. دوایین نامە و وەڵامم بۆ هەموو نامەکانی تۆ و ئەنتۆنی ئەم پارچە مۆسیقایەیە کە دامناوە. 

تکایە چی دیکە نامە بۆ کەسێکی مردوو مەنێرە،

ئەمیلیا


پاشکۆ:

*گات= تاو.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا