ئاوات

هەتاو خورشیدی

.

سەرداگرە سەر قابڵەمەکان
تاوەکان
تاوانەکان
سەرداگرە سەر جووکەی لێبووت
بەسەر بۆگەنی هەوەسێکی مەتین!
هەوەسێکی حەڵاڵ!
سەر داگرە سەر سێرامیکەکانی توالێت
سەرداگرە سەر مەلاقە و پێلاقە و فڵچە و مڵچەی شەریف!
سەرداگرە سەر ماڵ و حاڵی خۆت!
چش ئەگەر چاوەکانت بەتاڵن
ئەگەر دڵت بەتاڵە
ئەگەر دەستت…
بە ڕواڵەت ئەوە ماتیکە بە لێوتەوە
ئەوە خرینگەی بازنەی دەستتە و
دڵیش قسەی قۆڕە و
ڕۆڵە ئێمەش هەروا مرداوین!
کراسێکی درێژ لەبەرتا و
بەهەشتێکی پان لە ژێر پێتا و
نەوی نەوی نەوی … ئاواتەکان!
گوڵی کراسەکەت سڵامەت!
خۆ بخافڵێنە بە سوانەوەی پەنجەرەکان
بە پەڵەی سەر کریستاڵەکان
خۆ بخافڵێنە بە سەوزی بۆ جەمێک زگ!
قێڕەی دیوار سڵامەت!
پارچە پارچە بووی دڵت سوور کەوە بۆ ئێوارە ساتێک
بیگۆڕەوە بە : چەند ژنی چاکی کە پێت هەڵواسن
کە پێی هەڵتواسن!
قرچەی ئێسکەکانت سڵامەت!
خۆت بدۆشە تا باڵا کەن
نوقم کە خۆت لە ناو سینکا
هێندە تا کەف بکەی
هێندە کە هەواڵی ئاوێنە نەزانی و
قەدت تانە لە دارێکی سەدساڵە بدات و ماڵ :
گۆرانی قەد باریکەی مەمک فینجانی سڵامەت!

ئەرێ چەند هەتاو قەرزاری بەخۆت؟
چەند قاوەی سەگی؟
چەند شێعری تاڵ؟
چەند ترپەی دڵ؟
خۆزگە دەستێک لەو قەبرە ڕاتکێشێ!
مەگەر چەند ساڵە نەماوی؟
کە هیچ شێعرێک لەم شارە هەرات ناکا؟!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا