باسێکی گشتی لەسەر بەرەی نوێی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردستان

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

ئەم وتاره بە کەمەڵێک هۆکار بە بێ ئاڵووگۆڕێکی ئەوتۆ لە بەرنامەیەکی لایڤی ئەنوەر عەباسی لە کانونی نووسەرانی کوردستان وەرگیراوە.

.

لە مێژ بوو دەمویست لە دەرفەتێکدا بپەرژێمە سەر کۆمەڵێک تەوەری سەر بە ئەدەبیاتی ئێستاکەی کوردستان. دیاره کە دەڵێم کوردستان لێرەدا مەبەستم بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەبەر ئەوەی کە ئەگەرچی زیاتر له ١٠ ساڵه لە کۆمەڵگای ئەدەبی ئەوێ دابڕاوم بەڵام خۆیشم هەڵقوڵاوی ئەو کۆمەڵگا ئەدەبییەی ئەوێم و لە بناغە و ڕەچەڵەکەوە دەیناسم و لەگەڵ چەندایەتیی و چۆنایەتییەکەی زیاتر ئاشنام و لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پێوەندی دۆستانەوە هێشتا پەیوەندییەکی تا رادەیەک ڕاستەوخۆم پێوەی هەیە. بەداخەوە ئەم ئاشناییە قوڵەم لە بارەی ئەدەبیاتی باشوورەوە نییە و بێجگە لەوەیش بە هۆکاری ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵات کەم کەم لە کۆتایی نەوەدەکانەوە ڕێگایەکی دیکە گیرایەبەر کە جیاواز بوو لەو ڕێگایەی کە لە باشوور گیرایەبەر و ئەگەر ناوی دەگمەنی وەکوو ئەنوەر مەسیفی لێ ڕیزپەڕ بکەین بە تێگەیشتنی من لە باشوور لە باری تیۆریی گێڕانەوە و بوتیقاییەوە ئاڵوگۆڕێکی زۆر لە ئەدەبیاتدا بەدی نەهات، کەمێک سەختە بۆ من کە بمهەوێ بە بێ ئەوەی کە کاریگەریی بۆچوونی تاکەکەسیی خۆم لەسەر ئەدەبیات لە لێکدانەوەکانمدا ڕچاو بکەم باسی ئەزمونی باشوور بکەم و بە پێی تاقیکردنەوەی پێشووم دەزانم هەناسەی خۆشەویستیی شار و ناوچە و پارچەی خۆ، لە لای بەردەنگی ئەم باسانە ڕێگر دەبێ لەوەی کە ئەم کارە ئاکارێکی باشی هەبێ و وەک وتیشم زۆر بە وردی و بە باشی ئاگاداری هەموو لایەنەکانی ئەدەبیاتیی هاوچەرخی باشوور نیم و پێم دروست نییە خۆی لێبدەم. بۆیە لەم باسەی ئەمڕۆدا زیاتر کارم بە ئەدەبیاتی سۆرانیی ڕۆژهەڵاتە و فوکوسیشم لەسەر شێعر دەبێ. هەروەها لەم باسەدا ناپەرژێمە سەر ئەو بەشە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخ کە لە زمان و دەربڕین و ئافراندندا سەر بە بەرەکانی پێشووترە و هێشتایش چالاکە و لایەنگری خۆیشی هەیە. بێگومان مەبەستی من نرخاندن نییە بەڵکوو تەنیا تایبەت و دیاریی کردنی بوارەکەیە.

هەوڵ دەدەم لەم دەرفەتەدا بپەرژێمە سەر ئەم چەن پرسە و هەتا ئەو جێگایەی بکرێ وەکوو خووی هەمیشەییم هەوڵ دەدەم بە زمانی سادە و ڕوون و بە دوور لە ئاڵۆزکاندن بدوێم:

ئەدەبیات چییە؟ ئێمە بۆ ئەدەبیاتمان هەیە؟ ئەگەر نەمانبێ چی دەبێ؟ بۆ ئەدەبیات پێویستی بە نوێبوونەوەیە؟ بۆ بەرەی نوێی ئەدەبیاتی کوردی تووشی قەیرانی بەردەنگ بووە؟ ئەو قەڵش و کەندەڵانە گەورەیە بۆ کەوتووەتە نێوان ئەدیبان و کۆمەڵگایەکەوە کە دەبوو خوینەر و پاڵپشتی ئەوان بن؟

ئەدەبیات وەکوو زۆر چەمکی دیکه بە دەیان پێناسەی بۆ کراوە. لە مانا فراوانەکەیدا هەر شتێک دەگرێتەوە کە نووسراو و سەبتکراو بێت بەڵام ئەو واتایەی کە لای ئێمە مەبەستە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە چەمکی هونەرەوە. بۆ ئەوەی کە نەکەوینە داوی سووڕی بێهوودەوە، لە پرسیاری هونەر خۆی چییە و چی نییە تێئەپەڕم و لە کۆمەڵێک خاڵی بنچینەییەوە بابەتەکە بەڕێوە دەبەم. هەروا کە دەزانین بەشی هەرەگرینگی هونەر، ئافراندنی جوانییە جا بە مەبەستی چێژ یان گواستنەوەی پەیام و دانانی کاریگەریی لەسەر بەردەنگ و هەتا دوایی… . کەواتە ئەدەبیات لە پێناسەی سنووردارکراوی خۆیدا ئەو بەشە لە دەقی نووسراو دەگرێتەوە کە بایەخی هونەریی هەیە. ئێستا ئەوەی کە چی بایەخی هونەری هەیە و چی نییەتی بابەتێکی دیکەیە کە زۆر گرێدراوی چوارچێوەی ڕوانینی ئێمە و کات و شوێنەکەمانە کە لێرەدا ناپەرژێینە سەری. وەکوو ڕای تاکەکەسی خۆم، من لەم کات و شوێنەی که ئێستا ژینی ئەدەبیاتیی و کۆمەڵایەتیی تێدا دەکەم، بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕوانگەی فۆڕماڵیزمی ڕووسی لەم بوارەدا بە ڕێ پیشاندەر دەزانم کە پێیانوابوو ئەدەبیات لە واتای گشتی خۆیدا نوسراوەیەکە کە زمان بەشێوازێکی تایبەت و جیاواز بەکار دەهێنێ. بۆ وێنە پێناسەی یاکوبسۆن دەڵێ: ”ئەدەبیات نووسراوەیەکە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو زمانی ئاسایی تێک دەدا”. بێگومان دوای تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر ئەم پێناسەیەدا زۆر تێبینیی لەسەری هەیە بەڵام وەکوو وتم هێشتایش ڕێپیشاندەرە. بۆیە ئاماژەم بەم پێناسەیە کرد چونکا پێموایە بەشێوەیەکی ئاگایانە یان نائاگایانە ئەم ڕوانگەی فۆڕماڵیزمی ڕووسی و ئەم پێناسەیە، لە کەسایەتی ئەدەبیاتی پێشڕەوی هاوچەرخی کوردیدا لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە ڕوونی خۆی دەردەخا و لای بەشێکی گرینگ لە شاعیرانمان هێشتا ئاستێک لە ئیتواری هەیە.

گرینگی و جوانی ئەم پێناسەیە لە لای من بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەبێتە هۆی خولقانی زنجیرەیەکی بەردەوام لە داهێنان و هەوڵ بۆ داهێنان. لەبەر ئەوەی کە لێرەدا مەرجی سەرەکی بۆ ئەدەبیات ئەوەیە کە زمانی ئاسایی بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز و نائاسایی بەکار بهێنێ و لە ژێر فشاریی تەکنیک و فۆڕم و ئامادەکاریی ئەدەبیاتییدا، ئاشنایی لە زمان دەسڕێتەوە بەڵام هاوکات بازنەی توانایی زمان فراوانتر دەکاتەوە و هەر لێرەدا کارکردێکی تەنانەت ڕەنگە ناوشیارانە بە ئەدەبییات بە گشتی و شێعر بە تایبەتی دەدرێ: ئەم کارکردە ئەوەیە کە ئەدەبیات (بەو پێناسەی کە باسمکرد) بە خێرایی جەزبی زمان دەبێ و لە نێو خودی زماندا زمان دەئافرێنێتەوە. واتە لە بارودۆخی گونجاودا وردە وردە ئەو زمانە شێعرییە حاڵەتی تایبەت و نائاسایی خۆی لە دەست دەدات و دەبێ بە بەشێک لە زمانی ئاسایی. ئەمە بەو واتایە نییە کە من ڕەساڵەتێک بۆ ئەدەبیات قایل بم بەڵکوو ئەمە لە زاتی ئەدەبییاتدایە (دیسان بەو واتایە کە باس کرا) ئەمە یەکێک لە کارکردەکانی ئەدەبیاتە… بۆیە ئەم پێناسەم پێ پێناسەیەکی گرینگە. کەواتە بۆ ئەوەی کە بەرهەمێک وەکوو بەرهەمی ئەدەبی حسابی بۆ بکرێ دەبێ کاری تازەتر لە زماندا بکات و ئەمە بۆ من پڕ کەلەجانترین بەشی ئەدەبیاتە. هەر ئەمە وایکردوە که شاعیرانی هاوچەرخی بەرەی من قەت لەسەر یەک زمان و شێواز قەتیس نەوەستاون و بەردەوام خەریکی تاقیکردنەوەی ڕێگای نوێن. من وەکوو شاعیر و نووسەر و هەروەها وەکوو خوێنەر، هەر کاتێک ڕێگەم دەکەوێتە دەقێک کە بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ زماندا هەڵسووکەوتی کردوە شاگەشکە دەبم. دیارە که ئەم جیاوازبوونە دەبێ لۆژیکی ئەدەبیاتیی هەبێ و بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت. ئەم هەڵسووکەوتە جیاوازە که باسیم کرد لە ڕێگای دێکۆنسترێکشێن و هەڵهاتن لە واتا و پۆلیفۆنی و پارودی و کۆلاژ و هەموو ئەو تەکنیکە ئەدەبییانەوە دەکرێ که لە ئەدەبیاتی ئەم بەرەیەدا جوانی و جیاوازیی دەخولقێنن و ئاشنایی لە زمان دەسڕنەوە.

بۆ وێنە کاتێک دەگەم بەم کۆپلەی ساڵح سوزەنی:

”بازجووەکانم بە قەد ستالین ڕۆشنبیر بوون و

هەڵیاندەکابلاندم

منیش شێت بووبووم و

ئەمنیچاند.”

یان کاتێک کەماڵ شەنگالی دەڵێ:

” نەرۆیتە دێ  

کە مانگەشەو  مژ لە لا روخت ئەدا مەدا

چلۆن دەرۆی

کە پڕ بە خۆت زاویتە ناو گزە و مەزەم

لە ناو رەمزی ئاسن و منارەدا     

غەوارەی بێ قەوارەدا 

رم رم  هەی گوڵم  رم”

یان ئەو کاتەی شوعەیب میرزایی لە ئافراندنەوەیەکی تازەدا دەنووسێ:


”بۆ هەر دیوارێک پەنجەرەیەک بنووسە

بنووسە ئەگەر پەنجەرە نەبێ تەواو ئەبین گوڵە گیان

بمبەستە بە گریانی چارشێوەکەتەوە

من پشتی دەستم دیوار کردوە بۆ هیچ پەردەیەک پەنجەرە نەبم.”

بۆ بابەتی چۆنییەتی هاتنە نێو زمانی ڕۆژانەی ئەدەبیات نمونەیەکی ڕوونتر باس دەکەم: چەن ساڵ لەمەوپێش سەیری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیم دەکرد کە چاوپێکەوتنێک بوو لەگەڵ ئەکتەرێکی ئێرانی. (ناوەکانییان باش نازانم) لە میانەی بەرنامەکەدا ئەکتەرەکە بیرەوەرییەکی گێڕاوە و باسی لەوە کرد کە لە کاتی ساز کردنی فیلمێکدا لە ناکاو سەری درا بە ئاسنی درگایەکدا و سەری شکا و خوێنی لێهات. ئەو ئەکتەرە ئاوا باسی ئەو سەر شکانەی کرد: لە ناکاو زرمە لە سەرم هەستا و دڵۆپێک خوێن بە شەرمنی بە نێوچاوانمدا هاتە خوارەوە.

ئەگەر کەمێک ڕادیکاڵ و بێ ترس لە لێپێچینەوە و ”لەسەرکەوتن” ئەم بابەتە باس بکەم ئەبێ بڵێم: ئەوەی کە کەسێک سیفەتی شەرمن بوون بخاتە پاڵ دڵۆپێک خوێنەوە هەتا ئەو چرکەساتە کە ئەو ئەکتەرە نەیخستبووە نێو ڕستەیەکی ئاساییەوە دەیتوانی شێعر بێت بەلام لە دوای ئەوە ئیتر نا. ئەمە هەمان ئەو کارکردەی ئەدەبیاتە کە زمان بەرفراوان دەکاتەوە. پەنجا ساڵ لەمەوپێش لە نێو زمانی فارسیدا کێ بیری دەکردەوە ڕۆژێک کەسێک لە کاتی گێڕانەوەی بیرەوەریی شکانی سەریدا ئاوا باسی دڵۆپێک خوێن بکا؟ ئەگەر ئەم شێوازی تەعامول لەگەڵ زمانە پێشتر لە ڕێگای ئەدەبیاتەوە دروست نەکرابا ئایا قەت ئەم دەستەوشە دروست دەبوو؟ بەڵام بۆچی پێویستە درووست ببێ؟

بە پرسیارێک بابەتێکیتر کە لێرەدا گرینگە دێنمە بەر باس: ئایا تێگەیشتنی ئێمە لەم ڕستەیە لەگەڵ ئەوەی کە بڵێین ”دڵۆپێک خوێن بە هێواشی بە نێوچاوانمدا هاتە خوارێ” هەر یەک تێگەیشتنە؟ بێگومان نا. ئێمە ئێستا و لەم ڕستەدا لەگەڵ ئاستێکی جیاواز لە تێگەیشتن بەرەوڕووین کە هەم دەقیقترە و هەم مەحسوستر. ئەمە شاکاری ئەدەبیاتە کە زمان دەقیقتر دەکاتەوە، هەستپێکراوتری دەکاتەوە، لێمانی نزیکتر دەکاتەوە.

(ببوورن من وشەی عەرەبی و فارسی جار جار بەکار دێنم. بەڵام لەم بابەتەدا زیاتر هاوڕای کۆچکردوو ئەمیری حەسەنپوورم و پێموایە زمانی ئێمە ئەگەر دەیهەوێ گەشە بکات دەبێ نەترسێ لەوەی کە لە پەنا وشە داتاشراو و کەونارەکانی خۆماندا وشە بێگانەکانیش دەکار بکات بە تایبەت بۆ من کە دەقیق بوونی زمان زۆر بەلامەوە گرینگە.)

بگەڕێینەوە سەر باسەکەمان. لەو نمونەی باسیمان کرد تەنانەت دەکرێ خستنە پاڵی سیفەتی هێواش بۆ دڵۆپێک خوێن یش لە سەردەمێکدا سەدان ساڵ لەمەوپێش لە شێعردا یان لە دۆخێکی زمانیی نائاسایی دیکەدا ساز بووبێ و پاشان هاتبێتە نێو زمانی ئاساییەوە بۆ ئەوەی کە هێزی ئاخافتن زۆرتر بێ، بۆ ئەوەی مەبەستەکە دەقیقتر بگات و هەتا دوایی. بەڵام ئیتر کەس ناتوانێ بە وتنی ئەوەی کە دڵۆپێک خوێن بە هێواشی بە نێوچاوانمدا هاتە خوارەوە پیوابێ شێعرێکی وتووە. ئێستا ڕاست خەریکە بە شێنەیی ئەمە بۆ گوزارەی ”دڵۆپێک خوێنی شەرمن ڕوودەدا”. هەڵبەت لە زمانێکدا کە ئەم بە ئاساییکرانە ڕوویدابێ.

ئەم هەڵسووکەوتە جیاوازە لەگەڵ زمان لەم شێعرەی یونس ڕەزایی ببینن:

”ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ لیستی زه‌ردی هه‌ڵوه‌رین و
به‌ هه‌ناسه‌ی سواری پاییز
که‌ پیر ڕاده‌برێ به‌ خوێنماندا… شه‌وانه‌
که‌ ته‌قڵه‌ی به‌رزی بڵێسه‌دار وه‌ک سیاییی هه‌تاو و
جه‌سته‌ی گه‌رمی له‌رینه‌وه‌ی هه‌ناسه‌کان

ده‌نگم ده‌یه‌ خاتوون! با سه‌رکه‌وم له‌ لوتکه‌ی پیر
با لیستی بزه‌کانم درێژ بێت
هێندی مێژووی ئه‌و ڕووباره‌ی له‌ چاوتدا
با جه‌ماوه‌ری هه‌ناسه‌م هێور هێور… هه‌تا شه‌قام… هه‌تا شه‌وانی ئاویلکه‌… ”

بڕواننە جەماوەری هەناسە، لیستی بزە و پاییزی هەناسەسوار… ئەم داهێنانە نوێیانە ئەم شێعرە دەکەن بە شێعرێکی بەرز. هەڵبەت ئەمە تاکەرێگای نوێکردنەوەی شێعر نییە بەڵکوو تەنیا وەکوو ئاماژەیەک باسی ڕەهەندێکم کردوە کە کۆی باسەکەم ڕوونتر بێت.

لێرەدایە کە شاعیرەکەی ئێمە دەبێ واز لەوە بهێنێ کە بە لێکدراوەی ”دڵۆپێک خوێنی شەرمن” و هاوشێوەکانی دەقەکەی جیاواز یان بەرز بکات چونکا ئەم گوزارەیە یونیکبوون و شاعرانەبوونی خۆی لە دەست داوە یان خەریکە لە دەستی دەدا. یان بۆ وێنە بڕواننە ئەو دەستەوشەی کە هوشەنگ ئێرانی زیاتر له ٦٠ ساڵ لەمەوپێش دایهێنا: ”جیغ بنفش” واتە قیژە یان زریکەی بەنەوش. کاتی خۆی ئەم کارانەی هوشەنگی ئێرانی نەک هەر نەباو بوون بگرە دژەباویش بوون بەڵام ئێستا ئیتر ئەو جۆرە لە کارکردن و هەڵسووکەوت لەگەڵ وشە، لە شێعری فارسیدا خەریکە دەسوێ و شێعرییەتی خۆی لە دەست دەدا چونکا بە درێژایی ئەم شەست ساڵە دەستەوشەی جیغی بەنەفش چووەتە نێو زمانی ڕۆژانەی خەڵکەوە، نەک بە بەربڵاوی بەڵام لێرە و لەوێ دەبیسین که کەسێک ئەم لێکدراوە ئەنیمیستییە و هاوشێوەکانی لە زمانی ڕۆژانەدا بەکار بهێنێ. ڕەنگە ڕاست بە هەمان واتایانە نەبێ که لە شێعرەکەی هوشەنگی ئێرانیدا و بەو شرۆڤەیەی کە خۆی کردووەیەتی بوو و بە چەندین واتای جیاواز دەکار بکرێ بەڵام بەهەرحاڵ ئەمە شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕێ. لە بیرم دێ ساڵی ٢٠٠٥ کە ١٩ یان ٢٠ ساڵم تەمەن بوو لە تاران ڕۆژێک میوانی کۆڕێکی ئەدەبی بووم که زۆر بە ئاوانگاردبوون ناسرابوو بە ناوی ئەگەر هەڵە نەبم ئەنجومەنی ‘ئەرەسباران’. لەوێدا شێعرێکی خۆمم خوێندەوە کە لە ناویدا دەستەوشەی ”آه صورتی” تێدا بوو کە بە کوردی واتە ”ئاهی پەمەیی”.

شێعرەکە بە کوردی ئەمە بوو:

”ئەی دەنگی هەڵبڕاو نەک بە سڵاوی سەوز

نەک بە ماڵئاوایی زەرد

ئەی نەفرینی ڕەش

بیرمە ئاهێکی پەمەیی بووی لە سینگی ئاهویەکی دەستەمۆدا”

من قەت ئەو دەستەوشەی ”زریکەی بەنەوش”ەم نەبیستبوو بەلام هەر شێعرەکەم تەواو بوو یەک دوو کەس لە ئامادەبووان دەستییان لەسەر ئەو خاڵە دانا کە ئەمە لە هەنگاوی یەکەمدا کۆپی کردنە و لە هەنگاوی دووهەمدا شێعرییەتیی سواوە. گرنگ نییە من زریکەی بەنەوشم بیستبوو یان نا، گرنگ ئەوەیە کە ئەمکارە پێشتر کراوە. ئەگەرچی ئەوسا و ئێستایش پێموابوو و پێموایە ئەوان لەم بابەتەیا زێدەڕۆییان کرد بەڵام ڕاستییەکیشی تێدا بوو و باسەکەی من لەسەر ئەم ڕاستییەیە و ئێکسترێم بوونی بابەتەکە شتێکی دیکەیە. کارەکەی من ئەگەرچی بە ڕواڵەت تەواو جیاواز بوو بەڵام لە لایەکەوە لە هەمان مەنتقی شێعرییەوە هاتبوو و لە لایەکیترەوە لەو زمانەدا خەریکبوو پڕۆسەی چوونە نێو زمانی رۆژانەی تێدەپەڕاند. یان بۆ وێنە لەم ڕۆژانەیا لەسەر دیوارێک دەقێکی ڕێکلامییم بە ئینگلیزی دیت کە دەیوت: پەمەیی بیر بکەوە. دەی ئەمە بە ئەدەبیات نەبێ بە چی دروست بووە؟

ڕۆژانە هەر لە زمانی ئێستای خۆماندا کەڵک لەم وشانە و لەم تەعبیرانە وەردەگرین کە ڕۆژێک لە ڕۆژەکان لە بەیت و حەیران و فۆلکلۆر و چیرۆک یان شێعردا خولقێنراون و ئێستا ئیتر موڵکی زمانی ڕۆژانەی ئێمەن. دیارە ئەمکارە تەنیا بە ئەدەبیات ناکرێ و وشە و دەستەشە و تەعبیر بە زۆر شێواز ساز دەبن کە لێرەدا ناپەرژێینە سەر ئەوانە. مەبەستی من لە هێنانەوەی ئەو نمونەیە لێرەدا شرۆڤەی وردی پێناسەی ئەدەبیات بوو بە مەنتقێکی نزیک لە فۆرماڵیزمی ڕووسی کە بە بۆچوونی من ئێستا و لە نێو شاعیرانی دیاری هاوچەرخی کورددا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهەند وەرگیراوە و کاری لەسەر کراوە و خۆجێیی کراوەتەوە یان ئەگەر بمەوێ خۆم لە گشتاندن بە دوور بگرم لانیکەم بەلای منەوە پێناسەیەکی ورد و دەقیق و لە هەمانکاتدا ڕاشکاو و بە دوور لە کۆنسیرڤاتیزم و موحافەزەکارییە کە دەکرێ بە هێندەک دەستکاریی سەلیقەیی یان زانستییەوە وەکوو پێناسەیەکی سەرڕاست وەربگیرێ. بێگومان پێناسەی جیاوازیش هەن کە کۆنتر یان تازەتر لەم پێناسەیەن بەڵام لە کۆتاییدا من یەک کەسم و لێرەدا خەریکم لە تێگەیشتن و لە ڕوانگەی خۆمەوە بابەتەکان باس دەکەم.

هەروا کە دەبینن بەرەی ئێمە بەرەیەکی هەتا سەر ئێسقان ڕادیکاڵ و سەختگرە. بەڵام نابێ خراپ تێگەیشتن دروست بێ: ئەم بەرەیە شێعری جەلالی مەلەکشا و ڕەحیمی لوقمانی و شێرکۆ و پەشێو واتە ئەوانەی سەر بە بەرەی پێش خۆیانن لە بەستێنی خۆیاندا بە نمونەی هەرەبەرزی شێعری کوردی دەزانێ و قەت باس لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانە نەبووە و نییە، بەڵام تەنیا لە بەستێنی خۆیاندا. کات و شوێن لەم بابەتەیا دەوری سەرەکی دەگێڕن… ئەم بەرەیە ڕۆیشتن لەسەر ئەو شێوازەی که ئەدیبانی پێشوو پێیدا ڕۆیشتوون بۆ شاعیر و نووسەری هاوچەرخ بە ڕەوا نازانێ و بە دووبارەکاری و لاساکردنەوەی دەبینێ. واته بە پێچەوانەی ئەوەی لەسەر ئێمە وتراوە، ئێمە دژی ئەدەبیاتی پێش خۆمان نین، ئێمە دژی ئەوەین کە لە دوای ئەم هەموو ئاڵووگۆڕە و لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتاکە فۆڕم و ناوەرۆک و تکنیکی ئەدەبیاتی ئێمە لە سەدەی هەژدەدا مابێتەوە.

بەو پێیەی لەسەرەوە باس کرا ئاڵووگۆڕ لە لای بەرەی نوێ زۆر خێراتر ڕوودەدا، چاوەڕوانییەکانی ئەم بەرەیە لە خۆی زۆر زۆرە. بەرەی نوێی ئەدەبیاتی هاوچەرخ ڕەنگە بە هۆی گومانئەندێشی و تەجریدگەراییەکەوە کە لە دیارییەکانی پۆستمۆدێرنیزمە، بە ڕواڵەت دەقی بچڕ بچڕ و نایەکگرتوو و خۆ بە دەست شەپۆلانی هزرین و خەیاڵ سپاردووی بەرهەم هێنابێ بەڵام زاتی زانستتەوەری سەردەم و پێویستیی خۆ تەیار کردن بۆ تێپەڕین له دیواریی بەرزی سونەت وایکردووە ئەدیبی ئەم بەرەیە بەردەوام لە نێو تیۆرییە ئەدەبیاتییەکاندا خەریکی پیاسە بێت و هەموو ڕۆژێک هەوڵ دەدا هاوچەرخ بێت و هاوچەرخ بمێنێ. جۆرەکانی ڕەخنەی ئەدەبیاتی شەن و کەو دەکات هەتا دیدێکی فراوانتر و دیمەنێکی بەرینتری لە بەردەست بێ. هەر بۆیە هیچ شاعیرێکی ئەم بەرەیە نادۆزینەوە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا قەتیس و لەسەر یەک نۆڕم و فۆڕم مابێتەوە و بەردەوام خەریکی خۆ تازە کردنەوە نەبێ. لە چاوی ئەم بەرەیەدا سونەت قۆناغێک نییە لە بەرانبەر مۆدێرنیتەدا، بەڵکوو سونەت هەر شتێکە که پێش خۆی هەبووبێ، تەنانەت ئەگەر ئەو شتە خۆی بێت بۆیە ئەگەر سەرنج بدەن لە نێو شاعیرانی ئەم بەرەیەدا زۆر باوە که کاتێک کە شێعری پار و پێراری خۆیان بۆ بەردەنگ دەخوێننەوە یان لە شوێنێکی دەنووسن حەتمەن ڕێکەوت و مێژووی نووسینەکەی ئاماژە پێدەکەن کە واتە: من لەمە تێپەڕیوم بەڵام ئەمە بایەخی ئەدەبیاتیی خۆی لە بەستێنی خۆیدا ڕاگرتووە و نابێ لەو بەستێنە جیا بکرێتەوە هەر وەک چۆن شێعری نالی نابێ لە بەستێنی خۆی جیا بکرێتەوە ئەگەرچی ئێستایش شێعرەکەی جوان و خوێندنەوەی چێژبەخش بێت. هەروەها وەک چۆن هەمیشه و لە مێژوودا ئەدەبیات سیلەی چاوێکی لە فەلسەفە بووە، ئێستا و لەم سەردەمەشدا ئەم سیلەی چاوەی لە فەلسەفە هەیە بەڵام لە فەلسەفەیشدا چاوی لەو بەشەیە کە هاوچەرخترە. ئەم بەرەیە زیاتر کاریگەری لە باختین و بارت و ئاگامبێن و دریدا و فۆکۆ وەردەگرن هەتا لە سپینۆزا و کانت و هێگێل و مارکس. بە تایبەت دریدا و فۆکۆ و ئۆمبێرتۆ ئێکۆی نیشانەناس کاریگەرییەکی ئێجگار زۆرییان لەسەر بەرەی نوێی ئەدەبیاتی هاوچەرخ داناوە کە بۆ باس کردنی هەر کامەیان دەبێ چەندین کتێب بنووسرێ و لە باسێکی گشتی وەکوو ئەم باسەی ئێستای مندا جێگای نابێتەوە.

لە کۆی ئەم باسەی سەرەوەدا وێڕای چی بوونی ئەدەبیات، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیات یان باشترە بڵێین یەکێک لە سوودە مەحسوسەکانیشمان باس کرد کە هەمان بەرین کردنەوەی ڕووبەری زمان و دەقیقتر کردنەوەیەتی. بەڵام پێویستە دیسانەوە پێداگریی بکەم که ئەدەبیات هەر سوود و قازانجێکی هەبێ هەتا ئەو کاتە پێوەندیی بە ئەدەبیاتەوە هەیە که لە زاتی خۆیدا بێ نەک ئەوەی کە بە زۆری ڕەساڵەتێکی پێوە بلکێنین و پێمانوابێ ئەگەر ئەم ڕەساڵەتەی بەجێ گەیاند پلەی بەرزتر ئەبێتەوە. وەک باس کرا یەکێک لە گرینگترین رێگاکانی پێشکەوتنی زمان و بەڕۆژبوون و بەردەوامی و مانەوەی، گەشەی ئەدەبیاتی ئەو زمانەیە. من پێمم باشە کە بە جێگای ئەوەی کە لەم ماوە کورتەدا باسی هەموو لایەنەکانی ئەدەبیات بکەم، هێندەک بە جەختەوە لەسەر کاریگەری ئەدەبیات لەسەر زمان بڕۆم، بە تایبەت کە زمان بۆ ئێمەی کورد بابەتێکی هەرەگرنگە. ئەو زمانەی کە زۆرترین بەرهەمی ئەدەبی تێدا دەخولقێ شانسی بەردەوامی و مانەوەی زیاترە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئێمە ناتوانین لەگەڵ زمانە لاوازەکان پەیوەندی ساز بکەین هەر ئەم نەمانی ئاسۆی زمانییەیە کە لە ڕەهەندێکەوە بەرهەمی نەمانی ئەدەبیات لەم زمانەدایە. بۆ نمونە:

زمانی تاتی که زمانێکی نیوەمردوویە و سەردەمانێک لە ڕۆژهەڵات هەتا ڕۆژئاوای فەلاتی ئێران قسەی پێکراوە و پێی نووسراوە، ئێستاکە لەوانەیە کەمتر لە سێسەدهەزار کەس بە نیوەچڵی قسەی پێبکەن نمونەیەکی باشە. هاوڕێیەکی تات زمانم هەبوو کە بە باشی ئەم زمانەی دەزانی و خۆی بە تایبەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردبوو و منیش جار جار دەمدواند. کاتێک باسی ئەم زمانەمان پێکەوە دەکرد و بۆی شی دەکردمەوە و ڕستە و وشەی بۆ وەردەگێڕامەوە بە ئاشکرا دەمدیت کە ئەم زمانە بە مەنتقی زمانی ئێستای من چەندە بەرتەسک و ناڕوون و نادەقیق و ناتەندرووست و ڕوو لە مردنە و کاتێک سۆراخی شاعیر و نووسەری تاتنووسم لێ پرسی وتی کە زۆر لە مێژە بەشێوەی جدی کەس بە تاتی نانووسێ و ئەوپەڕەکەی چەن ساڵ جارێک ڕەنگە کتێبێکی شێعری کە هیچ سەنگێکی ئەدەبیاتیی نییە بەم زمانە چاپ بکرێ کە کەسیش نایخوێنێتەوە. تەنانەت یەکێک له گرینگترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی مێژووی زمانی تاتی کە ناوی ”عەزیز و نگار”ە بە زمانی فارسی چاپ بووە بەڵام بە زمانی تاتی نا. ئەمە کێشەی زاتیی ئەو زمانە نییە بەڵکوو کار پێنەکردن و نەخولقاندنەوەی بەردەوام بەم ڕۆژە ڕەشەی گەیاندووە. بێگومان هۆکاری دیکەش بۆ ئەم کەمایەسییە هەن وەکوو نەبوونی دەسەڵات و نەبوون بە زمانی زانست، بەڵام لێرەدا من لە سۆنگەی باسەکەی خۆمەوە ئەم بابەتەم هێنایە گۆڕ کە پێویستیی ئەدەبیات بۆ زمان ڕوون بکەمەوە. هەڵبەت ئەم باسە تەنیا دەتوانێ جێگای سەرنجی ئەو کەسانە بێت کە مان و نەمان و گەشە و نەشەی زمانی کوردی وەکوو یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی بوونیی نەتەوەیەک بەلایانەوە گرینگە دەنا هیچ.

قەیرانی بەردەنگ

ئەگەر پرسیار ئەمە بێ کە ئایا ئەدەبیاتی ئێستای کوردستان تووشی قەیرانی بەردەنگ بووە؟ وڵامەکە ئەرێیە. بەڵام ئەم قەیرانە زۆریش ناسروشتی نییە. بەشێکی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ کراژ خستنی بەژان و درێژماوەی ئەدەبیاتمان. ئێمە لە پەنجا ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا بەڕێگایەکی سەیر و سەمەرە و لە ناکاو زۆر جیاوازدا هەنگاومان ناوە. لە کاتێکدا کە خودی نووسین بە سۆرانی (کە ئێستا زاراوەی باوی نووسین لە ڕۆژهەڵات و باشوورە) بە نیسبەت شتێکی تازەیە لە ناکاو ئەو رێگایەی کە ئەدەبیاتی عەرەب و فارس بە هەزار ساڵ و زیاتر بڕییان ئێمە لە دووسەد ساڵدا بڕیمان و ئەگەر لە مەلای جزیری و بێسارانیشەوە حسابی بکەین دەکاتە پێنسەد ساڵ کە لە سەردەمی مەلای جزیرییەوە هەتا سەردەمی نالی و سالم واتە بۆ ماوەی نیزکەی سێسەد ساڵ، زۆر بە کەمی دەقی کوردیمان بە دەست گەیشتووە لە کاتێکدا ئەم سێسەد ساڵە ئەدەبیاتی نەتەوەکانی جیرانمان هێندە قەرەباڵغە ڕێی ڕێداری نییە. ئەگەرچی نابێ لەبیری بکەین کە ئێمەیش لە ئەدەبیاتی عەرەب و فارس و تورکدا دا پشکمان بەر دەکەوێ کە ئێستا و لەم بابەتەیا جێگای باس کردنی نییە.

گۆران کە زمانی ئینگلیزیشی دەزانی لە دوای هەوڵە کەمڕەنگەکانی سەیفولقوزات ئەگەرچی ئاڵوگۆڕێک و تازەگەرییەکی هێنایە نێو شێعری کوردییەوە و بەرگێکی تازەی بە بەردا کرد بەڵام ئەم تازەگەرییەی ئەو لە سەردەمی خۆیدا و لە لایەن شاعیرانی هاوچەرخییەوە و تەنانەت پاش ئەوانیش زۆر بە هەند وەرنەگیرا و دواتر لە لیریک و گۆرانی کوردیدا جێگە و پێگەی پەیا کرد. ئاڵوگۆڕەکەشی وەها ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی و لە باری هزریشەوە تیۆریک و بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبوو کە بتوانین بە ئاسانی شوێنپێی هەڵگرینەوە. بەڵام بەهەرحاڵ تەکان و شەکانێک بوو بۆ شێعری هەتا ئەو کات قەتیس ماوی کوردی لە چوارچێوەی عەروزدا. ئەگەرچی هێمن لە ساڵانی دواتردا لە ناوەرۆکی شێعری کوردیدا هێندەک تازەگەری کرد و هەتا ڕادەیەک غەزەڵی کوردیی نوێ کردەوە بەڵام هەتا سوارە ئیلخانیزادە و هاوڕێکانی دەستییان نەدایە قەڵەم، شێعری کوردی وازی لە فۆڕمە سەرەکییەکانی خۆی نەهێنا. یەک خاڵ کە لێرەدا جێگای ئاماژەیە و زۆریش گرینە لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی بەردەنگ و ئەدیبدا دۆخێکە کە کاک سوارە بۆ خۆی خولقاندبوو یان بە هەر چەشن بۆی خولقابوو. ئەگەر سوارە دەنگی لە ڕادوێی کوردی ئەو کاتەوە نەگەشتایەتە کۆمەڵانی خەڵک چ گەرەنتییەک هەبوو کە بتوانێ بەردەنگ بۆخۆی دەستەبەر بکات؟ ئەوش لە بن سێبەری مەزنەشاعیرێکی وەکوو هێمن و مێژوویەکی تژی لە شاعیرانی گەلی و گەلێکی گۆشکراو بە شێعر ئەویش لەو سەردەمە تۆفەدا. سوارە ڕچەی شکاند و لە دوای ئەو شێعر کەم کەم بەرگی تازەی پۆشی و زۆری نەکێشا کە لە زمانی شێرکۆ و هاوڕێکانیدا بە یەکجارەکی وازی لە کێش هێنا و زۆر خێرا شێعری ئازاد بوو بە ڕەوتی باو و زاڵ. لێرەیشدا دیسان گرنگە کە ئاماژە بکەم دۆخی شێرکۆ لە شۆڕش و لە حزبایەتیدا و سەردەمی خۆشەویستیی ئەو لە نێو دەسەڵاتی یەکێتیدا بۆ ئەوەی کە سەرنجی بەردەنگ بەلای ئەودا ڕابکێشرێ زۆر گرینگ و یەکلاکەرەوە بووە.

ئەم دوو ئاماژەیەم بە دۆخی نائەدەبییاتی سوارە و شێرکۆ بۆ ئەوە بوو کە ئاوارتە بوونی هەندێک کەس نەبێتە خەلەل لەسەر ئەو ئیدعایە کە هەمیشه داهێنانی نوێ هەتا جێگای خۆی دەکاتەوە سەردەمێکی بێ بەردەنگی پێوە دیار دەبێ.

لە کۆتایی نەوەدەکانەوە تۆزێک زووتر یان درەنگتر چەن بەرەیەکی نوێ لە ئەدەبیات بە گشتی و لە شێعردا بە تایبەتی ساز بوون کە هەڵبەت ناوی بەرە وا باشترە لەسەر هەموویان بنرێ نەک ئەوەی کە هەر کامە و بە بێ بنەمایەکی دروست خۆی بە جیا بە بەرە بزانێ و خۆی جیا بکاتەوە. بەرەیەک کە ئەگەر بمهەوێ خۆ لە موحافەزەکاری لابدەم و لە ناوهێنان سڵ نەکەمەوە ئەبێ بڵێم ساڵح سووزەنی لە یەکەمین دەنگەکانی بوو که بوو بە هۆی کرانەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە ئەدەبیاتدا. پێموایە ساڵح سووزەنی بە تایبەتی دەبێ سەرنجی وردی بدرێتێ دەنا چارەنووسێکی وەکوو هوشەنگی ئێرانی و ئەنوەر مەسیفی چاوەڕێی دەکات و هەموومان لەم بابەتەیا تاوانبارین، هەرچەن پێموایە بە چالاکی و ماندوونەناس بوونی خۆی لەو مەترسیە پەڕیوەتەوە. لە کەسانیتر کە سەر بەم بەرە نوێیە بوون و هەن دەتوانم بێهزاد کوردستانی و ساماڵ ئەحمەدی و یونس ڕەزایی و شوعەیب میرزایی و کەماڵ شەنگالی و برایم ئەحمەدینیا و چەن شاعیرێکیتر کە ئێستا ناوی هەموویانم لەبیر نییە ناوبەرم.

هەر لەم ناوانەوە دەردەکەوێ کە چەندە سەختە بەم تەیفە بەرینە بوترێ یەک بەرە و هاوکات چەندە نامەنتقییە کە بە پێی تایبەتمەندییە شێعرییەکانییان پێمانوابێ ئەمانە لە چەن بەرەی جیاوازن. ئەگەرچی ڕەنگە خۆیان وا بڵێن بەڵام من هەموو ئەم هەوڵە ئەدەبییانە لە ژێر نێوی بەرەی نوێی شێعری هاوچەرخی کوردستان ناودێر دەکەم. دیسان دەبێ هەوڵ بدەم خۆم لەم باسەیش نەدەم چونکا باسەکەی ئێستەم هەم پێویستی بە ئاماژەی کورت بەم پەراوێزانە هەیە و هەمیش دەبێ خۆ لە ئاوێتەبوون بەوانەوە بپارێزێ هەتا لە بابەتی سەرەکی دوور نەکەوێتەوە. وەک دیارە هەر کام لەم کورتەئاماژانە پێویستییان بەوە هەیە زۆر بە وردی کارییان لەسەر بکرێ و ڕای زۆر کەسی لەسەر وەربگیرێ.

بەڵام بەهەرحاڵ ئەم نەوە تازەیە جیاوازییەکی بنەمایی لەگەڵ بەرەکانی پێش خۆی هەبوو و هەیە. بەرەکانی پێشوو هیچییان بەشێوەی زانستی یان با بڵێین ئاکادمیک و تیۆریک لە سازکردنی ئاڵووگۆڕ لە ئەدەبیاتی کوردی نزیک نەدەبوونەوە. کەمێک نمونەی سوارە ڕەنگە جیاواز بێ. ئەم بەرەیەش وەک بەرەی پێش خۆیان واتە بەرەی گۆران و سوارە کاریگەریی لە ئەدەبیاتی بێگانه وەرگرتبوو بەڵام ئەم کاریگەرییە تەنیا لە ڕێگای دەقی ئەدەبیاتییەوە نەبوو. واتە ئاوا نەبوو کە دەقێکی ئەدەبیی هاوچەرخی فەڕانسە بخوێننەوە و بڵێن باشە ئێمەیش دەتوانین ئاوا بنووسین. بەڵکوو ئەمانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە دەقی ئەدەبیی ڕۆژئاوایان لە ڕێگای وەرگێڕان دەخوێندەوە سیلەی چاوێکیشیان لە فەلسەفەی هاوچەرخی ڕۆژئاوا لە لایەک و تیۆرییە ئەدەبییە نوێیەکان لە لایەکی دیکەوە بوو.

بڕوانن ساماڵ ئەحمەدی چۆن دەدوێ:

متووی گاشەی لە ئاوێنە

زۆر مەرگی چنگبەتەشوێی خستە شکەوە

ڕۆیی ڕۆیی تا هەتەر دەکا ڕۆیشتنی زارەکی

ڕووبەری خۆی گەیاندەوە سەر لاوی .. کە بەردەلۆکەی زەمانە

زەمانیش کە بەبێ ڕووبەرە .. هاتنی خستە سەر زاری با

تا بشنێ .. بگڤێ و .. بێ

بێخەبەر لەوەی کە هاتن .. ئەگەر بە سۆراخی جێیەکەوە نەبێ .. چ هاتن؟

 دیارە لەم بارودۆخەیا تەفسیر و لێکدانەوە و تێگەیشتنی جیاواز دەخولقێ و ئەمە جۆرێک پێشبڕکێی زۆرتر خوێندنەوە و زۆرتر هەوڵدان و جۆرێک شەڕی ساردی خستە نێوان ئەدیبانی ئەم بەرەیە لەگەڵ یەکترین و لەگەڵ بەرەی پێشتر کە هێشتا درێژەی بە ژیانی ئەدەبی خۆی دەدا کە ئاماژەم پێدا و گڕکانێکی لە موناقەشە و وتار و وڵامی وتار و شێعر و وڵامی شێعر و کۆڕ و دژەکۆڕ تەقاندەوە کە ئاکامەکەی بوو بە ساز بوونی چەن دوورگەی لە یەک دوورلە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەمەوێ لێرەوە بێمەوە سەر باسی بەردەنگ: ئەم بەرەیە کە یەکەم دەقەکانیی ئێستا نزیکەی بیست بۆ سی ساڵیان تەمەنە ئەگەرچی بەهۆی پڕچەکبوونی بە تیۆری، زۆر زوو لە گۆڤارەکاندا جێگای بە بەرەی پێش خۆی لێژ کرد و لە نێو ئەهلی ئەدەبدا خێرا تەشەنەی سەند بەڵام نەیتوانی لە لای بەردەنگ جێگە و پێگەیەکی جەماوەریی بۆ خۆی دەستەبەر بکا. هەتا ئێستایش زۆر کەسی تەنانەت کەمخوێندەوار بەردەنگی شێعری هێمن و هەژار و تەنانەت جەلالی مەلەکشا و شێرکۆ و پەشێون بەڵام بەو هەموو هەوڵە کە ئەم بەرەیە بە هەموو ڕەنگەکانییەوە لە پێناو ئەدەبیاتدا داویەتی هێشتایش نەیتوانیوە بە تەواویی جێگای خۆی لە نێو جەماوەر بکاتەوە. بەشێكی ئەمە بۆ تایبەتمەندیی زانستیی و بوتیقایی و  تیۆریتەوەر و زمان ناسانە و فەنی و فۆڕمالیستی بەرهەمەکان دەگەڕێتەوە و بەشێکی بۆ نەبوونی پێگەیەک کە لەوێوە ئەدەبیاتی ڕۆژ بە کۆمەڵانی خەڵک بەشێوەیەکی بەربڵاو بگەیەنرێ. ئەگەر لە ناکاو بەرهەمێکیش لە لایەن خەڵکەوە ئاوڕی لێ دەدرێتەوە ئەنجامی دەست تێکەڵ کردنی کۆمەڵێک ئێلێمانی ناجێگیرە. بۆ وێنە ئاوڕێک کە زۆرێک لە ڕەخنەکارانی ئەدەبیاتیی و نووسەران لە ڕۆمانی گابۆڕی سەید قادر هدایەتییان داوە وای کرد کە جەوەکەی لە بەرژەوەندی بازاڕی ئەم ڕۆمانە گۆڕی و بە خۆشحاڵییەوە زۆر کڕدرا بەڵام هیچ پێوەرێکمان نییە بۆ ئەوەی کە بزانین ئایا تەواوی ئەو خەڵکەی کە کڕییان توانیویانە لە بەربەستی وتم وتی وتییان تێپەڕن و بگەنە لاپەڕەی کۆتایی یان نا؟ ئایا دیسان ڕەغبەت دەکەن دەست بدەنە کڕینی بەرهەمی لەم چەشنە؟

دووسەد ساڵ لەمەوپێش کە نالی نووسیویەتی کەس نەڵێ خۆ کردییە خۆ کوردییە… کەمتر کەس بڕوای دەکرد ڕۆژێک ئەدەبیاتی کوردی زمانێکی ئاوا پتەو و سەربەخۆ بۆ خۆی دەستەبەر بکات. زمانێک کە دەتوانین بەرزترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی جیهانی پێ وەربگێڕین لە کاتێکدا بۆ ئەمکارە زۆر کەمتر لە زمانەکانی دەوروبەرمان پێویستمان بە وشەی بێگانەیە. ئەمە شاکاری ئەدەبیاتە. ئەمە ئەو کارکردە هەمیشەیی و خاکەڕایەی شێعر و چیرۆکە کە ئەم بوارە لەبارەی بۆ نوێبوونەوەی زمان خولقاندووە که ئێستا ئێمە دەتوانین ڕۆمانی هەرەپێشکەوتوو و شێعری هەرەبەرزمان لەم زمانی کوردیدا هەبێ کە وێڕای نەبوونی دەسەڵات و حکومەت و میدیا، دەقەکانمان لەگەڵ دەقی نەتەوەکانی دەوروپشتمان ملە دەکا. بەڵام هەر نەبوونی ئەو دەسەڵات و خێوە زۆری زیان پێگەیاندووین.

 من پێموایە و ئەم قسەیە بە پێی ئەزموونی خۆم دەکەم کە خەڵکی ئێمە لەم سەردەمەی کە تێیدان، نازانن دەبێ لە چ شتێکی بەرەی نوێی ئەدەبیاتی هاوچەرخ چێژ یان کەڵک وەرگرن. (دیاره لێرەدا چێژ و کەڵک لە واتایەکی گشتیدا بەکار دەهێنم، نەک لە واتای ڕەساڵەتێکی دیارییکراودا) ئەمە ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر بابەتی پەروەردە. ئەڵێی بیرمان چووەتەوە کە ئەدەبیاتیش وەکوو هەموو هونەرەکانی دیکه پێویستی بەوەیە کە فێری بین کە پێی ڕابێین. کەسێک کە گوێی بە موزیکی بازاڕیی ڕاهاتبێ ناتوانێ چێژ لە موتزارت و باخ وەرگرێ. کەسێک کە لەسەر ئەوە پەروەردە کراوە چۆن بتوانێ چێژ لە موتزارت وەربگرێ ناتوانێ لە موزیکی جاز و ڕاک شتێک هەڵکڕێنێ. ئەم پەروەردە تاکڕەهەندییە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی بەردەنگە.

مێشکی مرۆڤ بە پێی سروشتی خۆی کە بە ملوێنان ساڵ ڕاهاتووە، حەزی لە باڵانس و هاوئاهەنگی و ڕیتم و یەکگرتووییەکی سەرەتاییانەیە. بەڵام هونەری هاوچەرخ و لەو نێوانەدا ئەدەبیاتیش لە دژی ئەم ڕاهاتنە ڕاساوە و هەوڵی داوە ئاستی ئەم ئێلێمانانە بگۆڕێ یان بە گشتی لە دژییان ڕابوەستێ و بە دێکۆنستراکشێن، ئافراندنێکی نوێ و فرە مانا بکات. بۆ مێشکی ئێمە زۆر ئاسانترە کە چێژ لە دەقی گۆرانییەکی زەماوەند وەربگرێ هەتا لە شێعرێکی پێشڕەوی شاعیرێکی ئاوانگاردی هاوچەرخ کە ساڵانێک ئەزموونی کۆ کردوەتەوە و به زانستی ئەدەبیاتیی خۆی دەوڵەمەند کردوە هەتا ڕۆژێک بتوانێ کارێکی تازە لە ئەدەبدا بکات. واتە لێرەدا هەڵەیەک ڕوویداوە. لە خوێندنگاکان خوێندکارەکان فێر دەکرێن کە چۆن چێژ لە کلاسیکەکان و سەعدی و حافز و تا ڕادەیەک نیمایش وەربگرن. تەنانەت وردترین تکنیکە ئەدەبییە هەزار ساڵەکان لە کتێبی ئەدەبیاتی خوێندکارەکاندا بە وردی باس و شەن و کەو دەکرێن، تەواوی جۆرەکانی تەشبیه و ئیستعاره بە وردی فێری خوێندکار دەکرێن. بەڵام کە دەگاتە باسی شێعری پێشڕەوی هاوچەرخ یان هەر باسی ناکرێ یان بە سووکە ئاماژەیەکی لە ڕووی ناچاری ناوێک لە یەک دوانێکییان دەبردرێ و هیچیتر. خوێندکار فێر دەکرێ بزانێ چێژی فڵانە شێعری کلاسیک، فیسارە غەزەڵ و ئەو مەسنەوییە لە چیدایە. فێر دەکرێ کە جوانی نێو فڵانە تەکنیکی ئەدەبیی کلاسیک بدۆزێتەوە و پێی شاگەشکە بێت بەڵام بەداخەوە بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخ بە هیچ شێوە ئەمکارە نەکراوە.

خوێنەرێکی ئاسایی کە حەزێکیشی لە ئەدەبیاتە و شێعر و چیرۆک دەخوێنێتەوە بە شێوەی سیستماتیک فێر نەکراوە هەتا بزانێ بۆچی و چۆن کایە زمانییەکان جوانی دەخولقێنن. بۆچی و چۆن پارودی لە دەقێکدا دەتوانێ دەقەکە کاریگەرتر و تەنانەت دەقیقتر بکات یان ئاشنایی سڕینەوە لە کۆنەوە هەتا ئێستا چۆن شێوازی بەکارهێنانی بەرینتر بووەتەوە و بۆچی و چۆن دریدا فەلسەفە و ئەدەبیاتی لە یەک نزیک کردەوە و دێکۆنستراکشێن بۆچی بوو بە پێوەری ئەدەبیاتی ئاوانگارد و هەتا دوایی.

لەسەر هۆکارەکانی دیکەی کەم بوونەوەی بەردەنگی ئەدەبیات زۆر وتراوە. هەر خۆم پێموابێ دوو یان سێ وتارم لەسەر ئەمانە نووسیوە بەڵام پێموایە ئەم هۆکارەی کە ئێستا باسم کرد یەکێک لە پشتگوێ خراوترینی هۆکارەکان بێ کە هەتا ئێستا لانیکەم من نەمدیوە کەس باسی لێوە کردبێت. ئێستایش زۆربەی ئەو دەقە ئەدەبییانەی کە لایەنگرێک پەیدا دەکەن ئەو دەقانەن کە خوێنەر توانیویەتی لەواندا تێمایەک لەو شتانەی کە مێشکی خووی پێگرتووە بدۆزێتەوە. لەم بابەتەیا ڕۆژهەڵات چارەنووسێکی هاوشێوەی هەموو ئێرانی هەیە و تەنانەت تارانیشمان پێ ڕیزپەڕ ناکرێ. هەرچەن بە کۆمەڵیک هۆکار بێگومان دۆخی ئەدبیاتی هاوچەرخی فارس لە بابەتی بەردەنگەوە زۆر باشترە لە دۆخی ئەدەبیاتی کورد.

بۆ پەڕینەوە لەم دۆخە نالەبارە کە بەهەرحاڵ دەتوانێ ئاراستەی ئەدەبیاتی هاوچەرخ بەرەو ئاقارێکی جیاواز و نەباش بگۆڕێ پێموایە ئەرکی ئێمەی ئەهلی ئەدەبە کە بە جێگای ئەوەی دەقەکانمان بە ویستی بەردەنگ بگۆڕین هەروا کە دەبینین هێندەک لە هاوڕێیان تووشی ئەم هەڵەیە دەبن، بێین و کاتێکی زیاتر بۆ ئەوە دابنێین کە بەردەنگ زانیاریی ئەدەبیاتیی لە بارەی ئەدەبیاتی هاوچەرخ بەرز بێتەوە. پێموایە ئەو بەردەنگەی کە ئێستا هەیە هەر ئاکامی هەوڵی لەم چەشنەی کارگە و ئەنجومەنە ئەدەبییەکانە کە بە خۆشحاڵییەوە لە هەموو شارەکانی کوردستان هەن.

لە لایەکی دیکەوە دەبێ ”متمانە بە ئەدیب” بۆ بەردەنگ بگەڕێتەوە. لە جیهانی خێرایی و لە قەیرانی کات و هەبوونی دەیان بژاردەی وەکوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و سینەما و تەلەفزیۆن و سایتەکان بێگومان بەردەنگێک کە تۆزێک حەزی لە ئەدەبیات بێت و بیهەوێ کاتی خۆی تەرخانی ئەدەبیات بکات کەمتر ڕیسکی ئەوە دەکات سەرنجی ئەدیبانی هاوچەرخ بدات کە هێشتاکە لە بێژنگی مێژوو نەدراوە و کەس نازانێ کامیان بەڕاستی نووسەرن و بەردێکییان ناوەتە سەر بەردێک و کامیان نا.

هەبوونی گفتوگۆ و جەوی ڕەخنە و خۆ ماندووکردنی نووسەران و شاعیران بۆ خوێندنەوەی بەرهەمی یەکتری و باس لێوەکردنیان دەتوانێ یارمەتییەکی زۆر باش بێت بۆ سازکردنەوەی ئەم متمانەیە و پتەوبوون و بەرەوپێش چوونی ئەدەبیاتی هاوچەرخ کە بناغەی زۆرێک لە هونەرەکانی دیکەشە. هاوڕێیەکی ڕەخنەگرم هەیە کە هەمیشە گلەیی ئەوە لە نووسەرانی کورد دەکات کە هیچییان بەرهەمی یەکتری ناخوێننەوە. من ناڵێم هیچییان بەڵام بێگومان زۆر دەگمەن ئەدیبی کوردمان هەیە کە دەقی ئەدیبێکی هاوچەرخی خۆی بە وردی بخوێنێتەوە.

ڕوکنێکی زۆر گرینگی ئەدەبیات لە هەر وڵات و لە هەر زمانێکدا، ڕەخنەگرەکانن.

لەم سۆنگەیەوە گەورەترین کێشەی ئەدەبیاتی ئێمە لە کۆنەوە هەتا ئێستا نەبوونی ڕەخنەگری چالاک و بە ئەزمون و بە گشتی نەبوونی پانتایی و فەزای ڕەخنەیە. ئەگەر لە کۆندا ئەم پێویستییە زۆر بەرچاو نەبووبێ، ئێستاکە بە هۆی زاتی تیۆریکی ئەدەبیاتی هاوچەرخ و ئاڵۆزتر بوونی، ڕەخنەگری چالاک و بە ئەزمون و ڕاشکاو ڕۆڵێکی بێ حساب گرینگی لە گەشەی ئەدەبیاتدا دەبێ. ئەو کۆمەڵە ڕەخنەکارەی کە هەمانە لەگەڵ رێزم بۆ هەموویان، ئەگەر هەموو وەکوو یەک جەستە چاو لێبکەین بە نیسبەتی بەربڵاوی و گەورەیی و زایایایی و ڕاشکاوی و بەردەوامی ئەدەبیاتی هاوچەرخ، زۆر خاو و ناچالاک و کۆنسێرڤاتیڤن. بێگومان باسی تاک ناکەم. کاتێک لە ئەدەبیاتێکدا ڕەخنەکاریی ئەدەبیاتی نەبێ، خودی نووسەر و شاعیرەکان زۆرتر لە ئاستی پێویست تێکەڵی تیۆری و تەکنیک و زانستی ئەدەبیاتی دەبن. بێگومان ئاستێک لە زانینی ئەم بابەتانە بۆ هەر نووسەر و شاعیرێک پێویستە بەڵام کاتێک نەبوونی ڕەخنەگر دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هەر نووسەر و شاعیرێک بۆ پڕ کردنەوەی جێگای بەتاڵی ڕەخنەگر بەردەوام خەریکی خۆ تەیار کردن بە تیۆریی و زانستیی خوێندنەوە و ڕەخنەی ئەدەبیاتیی بێت بەرهەمەکەی دەبێ بەوەی کە ئەدەبیات میکانیکی دەبێتەوە. واتە ئەدەبیات دەبێ بە شتێکی وەکوو بیناسازیی و هەموو کەشف و شهود و دۆزینەوە و خەیاڵ و داهێنانی ئەدەبیاتیی لە نێو تەکنیک و تیۆرییەکانەوە دێنە دەرەوە. کاری ئەدیب دەبێ بە کارێکی ڕۆبۆتیک کە بەرهەمی سفر و یەکی بیرکارییە نەک مێشکێکی داهێنەر. ئێمە دەتوانین تیۆریی و تکنیکە ئەدەبیاتییەکان و دوو سێ فەرهەنگی وشە بدەین بە ڕۆبۆتێک و کۆمەڵێک شێعری باشیشمان بۆ بنووسێ بەڵام ئەمە ئەو چاوەڕوانی و پێناسەیە نییە کە ئێمە لە ئەدەبیات هەمانە. ئەو وتەی رێنواری فیلمساز هەمیشە دروستە کە دەڵێ: ”ئێمە دەبێ تەکنیک و تیۆری فێر بین و دوایی لەبیری بکەین بۆ ئەوەی کە بتوانین لە ناوشیاری مێشکمان کەڵک وەربگرین.” چونکا ئاوێتەبوونی هەمیشەیی و بەردەوام لەگەڵ تەکنیک و تیۆریی، هونەر لە هونەربوون بەتاڵ دەکاتەوە. تازە لێرەدا رێنوار باسی هونەرێکی وەکوو فیلمسازی دەکات کە ڕۆڵی تەکنیک و تیۆریی تێیدا زۆر بەرچاوترە و ئەگەر بێینە سەر باسی ئەدەبیات دەبینین کە ئەم ئامۆژگارییەی ئەو چەندە پێویست و بەداخەوە چەندە لەبەرچاو نەگیراوە.

ئەوەی کە ڕەخنە لە ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر لاواز و ناچالاکە لە لایەک، کێشە و نەخۆشییەکانی نێو ئەمەیش کە هەمانە، خۆی باسێکیترە. نان بە قەرزدان و حزبیگەریی و دۆستایەتی و و ڕق و خۆشەویستیی شەخسی و گروپ و مەحفلگەریی ئەگەرچی پەتای گشتیی ئەدەبیاتی ئێمەیە و تەنیا داوێنی ئەوانی نەگرتووە بەڵام دەبوو ئەوان زۆری لێ دوور بن کە بە داخەوە نین لەبەر ئەوەی که ئەوان لە هێندەک پۆزیشێندا ڕۆڵێکی هاوشێوەی دادوەر دەگێڕن. زۆر گرنگه کە ڕەخنەکار هەڵسووکەوتی بابەتییانە و زانستییانە لەگەڵ دەقدا بکات.  من ئەوەندە لەم بابەتەوە هەست بە مەترسی بۆ سەر ئەدەبیات دەکەم کە لە کۆڕە ئەدەبیاتیی و دۆستانەکاندا تەنانەت لە هێنانی ناوی کەسەکانیش خۆم نابوێرم بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئێرە شوێنێکی گشتییە و دەکرێ ناوهێنان لێکەوتەی نەباشی هەبێ واز لەم بابەتە دێنم. هیوادارم هەموو هاوڕێیانی ئەدیبم ئاگایان لەو مەترسییە گەورەیە بێت کە بەرزکردنەوەی دەقی نزم و پەستکردنی دەقی بەرز بە هۆکارگەلی وەکوو هاوڕێیەتی و خەمی نان و دوژمنایەتی و پەراوێزەکانی دیکە چەندە دەتوانێ زەرەر لە ئەدەبیاتی کوردی بدات. زەرەرێک کە بێگومان داوێنی خۆیشیان دەگرێتەوە. پێویست بوو لەم باسەدا ئاماژەیەکی کورت بەم بابەتە بکەم کە ئێستاکە کەم تا کورتێک و جاری وایە زۆر بە زەقی دەبینرێ. ڕاستە کە ڕەخنەگرانی ئێمەیش دەبێ نانی زەحمەت و ماندووبوون و خوێندەواریی خۆیان بخۆن بەڵام بیرییان نەچێ کە شاعیران و نووسەرانیش بە دەقەکانییانەوە ماندوو دەبن. یەک لاپەڕە شێعری باش لەوانەیە یەک ڕۆژ کاتی شاعیرێکی باش بگرێ و چەندین ساڵ ئەزمون و خوێندنەوە و سەرەتەقە لەگەڵ وشەیشی لە پشتە. ڕۆمانێکی باشی دووسەد لاپەڕەیی یەک ساڵ کاتی نووسەرەکەی دەگرێ و ئازای ئەنام و ڕەوان و ئاوەزیی ماندوو دەکا. ئەگەر شاعیرەکە و نووسەرەکە چاوەڕێی ئەوە نین بۆ دەقەکەیان پارە وەربگرن، پێموانییە ڕەخنەگریش چاوی لەوان ڕەشتر بێت. ئەمە کێشەیەکی گشتی ئەدەبیاتی ئێمەیە کە نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگر تەنانەت لە ئاستە هەرە باڵاکەشیاندا ناتوانن لە ڕێگای بەرهەمەکانییانەوە بژین.

لە کۆتاییدا بۆیە ئەمەم هێنایە بەرباس چونکا ڕۆژانە لە زاری ڕەخنەکارەکانمانەوە ئەوە دەبیسمەوە کە ئەگەر پارەی تێدا نەبێ ساڵی یەک وتاریش نانووسم، یان دەڵێن بە کوردی نانووسین چونکا پارەی تێدا نییە. من زۆر بە باشی لەوان تێدەگەم و نامهەوێ بابەتەکە ئەخلاقی بکەمەوە. بەڵام ئەوان لەبیر دەکەن ئەمە دۆخێکە کە دەبێ بخولقێ. بوونی ڕەخنەگری چالاک لە پانتایی ئەدەبیاتماندا دەتوانێ دۆخەکە بۆ هەردوو لا بگۆڕێ. دووانەی ڕەخنەگر و نووسەر لە جیهانی ئەمڕۆدا دوانەیەکی لێک دانەبڕاوەن.

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا