تاسەی بۆنی دار گێلاسێک لە سێبەردا | یونس مەولوودپووری | شێعر

(بۆ بۆنێک بە رەنگی هەڵوەرین لە مندا)

یونس مەولوودپووری

 

دارا، دارا !!!
دارێک پر، پر…
زۆر پر
پرە
لە گێلاس… لە ئاوێنەی سەفەرێک
کە خۆم هاوپێچی پرچی گێژەڵوکەم کرد
گەرەکمە تان و پۆی رازی
رازێک
ڕ…ا…ژ…ا…ن
بانگ بدەمەوە لە رۆژانی سەر خستنە سەر سینەی بیابان… شۆڕابەی باران
گەرەکمە بەسەرهاتێک بشۆمەوە لە بێدەنگی
لە دادگای سەربازی پەشیمان چونەوە
لە گەڵ دار گێلاسێک
پر لە گێلاس
پڕتر لە بۆن
پڕتری پڕتریش لە پاییز…
…لە خێڵی شەراب
قەست و نیەتمە بەسەرهاتێک بپەڕێنمەوە…خۆم
اقرا…
من
اقرا…
خۆم
اقرا…
خۆمان
اقرا…
خۆم، خۆت
اقرا…
خۆمی خۆت
اقرا…
هەر خ…ۆ… ت
دەرژێمەوە خۆم لە دووریانی هەڵچوون و هەڵوەریندا
لە فەسڵی کڕ کەوتنی سێبەر لە زستاندا
…لە سەر هەڵمی سینەی توێ توێم لە تۆ…
دەرۆمەوە قەدەرێک؛
لە وەرزی داڕمانی دەستەکانم لە باڵایەکدا
لە فەسڵی شەق کردنەوەی شەو لە مەیخامەی بەفر
شەپۆل؛
شەپۆل…
بە دەریادا
سنورداشی خاکی یادت کەنار دەبمەوە
تنۆک؛
تنۆک…
بە ترپەی دڵدا
دەزێمە ناو هەرێمی شەوت… ساڵان
تاقیکردنەوەیەک گرێوو دەبەمەوە لە رێگا…
هەناسەم تلۆر دەبێتەوە لە هەورازی تۆدا
پیاسەی سەر پشکۆ لە شایی پەشیمان…یدا
دەخۆمەوە پرسیار
لە مەزادخانەی جنێو بە خۆڕایی… ؛
لە ئاوازی نوێژ… لە سەر تاتەبەردی کفرانەیەکی گەڕۆک
هەرێمێک جەغز دەدەم بەرەنگی تۆ… لە مندا
بۆنێک هەڵدەدەم بە ئاڵای لە وەرزی تۆفان
تارماییەک دەشوبهێنم لە روتی، روتدا
لە سەر رومەتی روتی دیوار
بە یادی ئەو شەوانەی
لە هەنگاوی رۆژم دا، شەکەت چون
بە یادی ئەو رۆژانەی
لە هەنگاوی شەوم دا، بە چاوەروانی چون
سەمفۆنیایەک قاڵ دەبمەوە
بە تامی لەنجەی گێلاس لە سەر سینەی سەما
هەڵدەگرمەوە شەرم
لە سنوری ماچ… بە درێژایی تاسە
دەرم کێشە لە دڵم
ئەی یەکەمین کۆتایی شەوێک لە مندا
سەفەرێک دەخۆمەوە بەتامی بۆن
بۆ زێدی ساڵانی لەرەی گێلاس لە بزەدا
بمکێشەوە لە نیگاتدا ئاگرم کەوە
دەرمکێشە لە ژێی دەنگتدا هیلاکم کەوە
نیەتمە بمجوڵێنە بە مانشێتێک لە خەومدا
لە یەکەم لاپەڕەی ژمارە سفری حیکایەتتدا
هاوارێ جاڕ بدە…
اقرا…
تۆ
اقرا…
تۆی من
اقرا…
توێی، توێم من لە تۆ
اقرا…
منی، منی تۆ
اقرا…
تۆی، تۆی من
اقرا…
توێی، توێی تۆ لە من
؛؛؛
بۆ… نیت
بۆن… یت
بۆنی
بۆنی… تۆ
بۆنیت و…
لە میژوی هەڵمژین لە مندا کۆچەریتری
هەناسەیت و لە فەزای ئەبەدی دا لە من غەریبتری
حەزیت و لە مندا لە لوتکەتری
هەوری … ت و لە باران تەڕتری لە دەنگمدا
سەمفۆنیایەکی سەیر ماندوتری لە مندا
بێرەوە
با لە دار گێلاسدا سێبەر بڕوێنمە
لە سیماتدا مانگ شەتڵ کەم… چواردە
لە بەر دەمتا هاوارێک ئیمزا دەنوسمەوە…
تاسەیەکم خەمم لای تۆ بێ تاقەت تر
خەمێکم پرسەی پەشیمانیم لە مەرگ قەرەباڵغتر
بە گەردنی جادە هەڵدەواسم گەڕان لە دویی تۆ
تۆ بۆ
بەردەوام لە مندا هەڵدەوەری؟
فاتیحایەک بە نیەتی تۆ بۆ رابردوو
زکرێک بۆ ئێستام بەر لەوەی چرایەک لە گۆرستان وەنەوز بدا
مێژویەک لە دەنگت دا خوسل دەدەم
مێژویەک لە بۆندا دەنێژم
وێنەیەکی هەتا چاو دەبینێی کۆنی تۆ
لە خۆم دەدزم و لە چاوم دا دەیشۆم.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا