شانۆ لە ژووری تاکەکەسیدا

سارا سادق زادە

.

چۆن دەبێ ئەوەی بیری لێدەکەیتەوە وەڕاست گەرێ؟ خەون بێتە دی و ئەو جێگا و شوێنەی وا ساڵەها خەوی لێکردبوویە ناخۆشترین کارەساتی ژین، ڕاست لەوێدا خۆت ببینیەوە؟!

هەرچەن ئەرخەیانی ئەوە خەون نیە، بەڵکوو خەونێکە کە هاتۆتە دی. 

ئەشکەنجەکانیان شتێکی وا نیە؛ ژووری تاکەکەسی و سەرماو تاریکی. تەنیایی و بێدەنگی خۆراکی خۆت بوون، کەس وەک تۆ لەگەڵیان کۆک نەبوو.

لە یەکەمین دانیشتندا، کە دەستی یەکێکیان لە دەستت کەوتبوو، خۆت دۆڕاندبوو. ئەوە کارەساتێک بوو کە لێی دەترسای و دووبەشی ڕاچەنینەکانت لەو بابەتەوە بوو. دەتزانی نابێ بەوە بزانن، هەرچەن هەموو هەولی خۆت دابوو خۆڕاگر بی و نەهێڵی  لەو لایەوە زەفەرت پێببەن.

ببوویتە بەشێک لە ژوورەکە، بێ شک، ئەم ژوورەش وەک تۆ بیری کردبووەوە، بۆیە لەو ماویەدا خۆی لێ دوور خستبوویەوە و هەر ئەوە ببووە هۆی گەورە بوونەوەی ژوورە تاکەکەسیەکەت!

ئەو پرسیارانەی لە مێشکتدا دێن و دەچن، بە مێشکی ئەواندا نایا. بیر لەوە دەکەیتەوە، گەر بەوانەش بزانن چی دەبێ؟ 

***

دەیکوت: کۆتایی هیچ گۆرانیەک نابیستم 

جارێکیشیان کوتی: دەزانی گۆرانیەکان، ڕاستگۆترین و ڕاستەقینەترین شێوەی گفتووگۆن، گەر ڕاست نەبن، دەتخنکێنن، قرخەت لێدەبڕن، تۆ گۆرانیبێژی قرخنت دیتووە؟ قەت لەگەڵ گۆرانیبێژ دوواوی؟ دیتووتە چۆن بە ئارامی و بە دەنگی ناسکەوە لەگەڵت دەدوێن؟ دەزانی بۆ؟ وشەی درۆ، گەروو تووڕە دەکات، دیتووتە درۆزنەکان دایمە قرخەیان دێ؟ 

ئەودەم قسە کردنەکەیم زۆر پێ سەیر بوو. کتێبیی و قورس قسەی دەکرد جاری وابوو لێی حاڵی نەدەبووم! 

بەینێکی چاکی پێ چوو تا ڕاهاتم و وردە وردە لێی حاڵی دەبووم! 

ڕاستەکەی لەو دەمەوە کەمتر قسە دەکەم و گۆرانی هەر ناڵێم تەنانەت لە ئاودەست و حەمامیش!

یانی ئێستا لە کوێیە؟ بڵێی بە ڕاستی گیرابێ؟

ئەمبار و ئەوبارێک دەکەم، خەمی خۆم لەبیر چۆتەوە. بەدەم ژانی زگمەوە و قروسکە قروسکی ڕیخۆڵەکانم وەبیرم دێتەوە کە برسیمە و دەبێ دیسان وەک تاوانبارێکی مەحکووم بچم بەرامبەر قازیەکان دانیشم هەتا دادگایی بکرێم!

دایکم هێشتا دوو قسەم بۆ نەکردووە، کەوچکێک لە زەرداوەکەم ( چێشتەکەمان) بۆ تێ دەکا و دەڵێ: بریا هێندەی ئەم قسە زلانە دەست و مەچەکت کاری بکردایە…

دەمهەوێ بێ دەنگ بم و هێواش نانەکەم بخۆم و برۆم بەڵام گەر وەجواب نەیەم وەک شریتی کۆن هەر دەیڵێ و دەیڵێتەوە…

ـ  دایە گیان چی بکەم؟ کوا کار؟ هەیەو من نایکەم؟

وەک هەمیشە سەری ڕادەوەشێنێ و دەڵێ: بۆ کەسی دەستەوەستان، چ گەرمێن و چ کوێستان …

نانەکەم دەخۆم و لە گەڵ تەقەی درگای دەرێ، دیمەنەکە بە جێ دێڵم بۆ باوکم هەتا ئەویش لەو شانۆیە وەک دایکم لە سەر بێکاری و بێعاری من، دەور بگێڕێ. 

جاری وایە ئەم شانۆیە چاک یەکیان دەخات و دەمەقڕە و لووت و پووتیان لە بیر دەباتەوە. جاری واش هەیە هەر ئەوە دەبێتە جەنگی مەغڵووبە و نازانم کامیان لایەنی منە و کامیان لەو بەری جەبهە! منیش خۆشحاڵ دەبم کە بە لانیکەمەوە بە کارێک دێم و شەقڵی بێدەنگی ناو ماڵم ئاوا شکاندووە.

ـ ماڵتان نەشێوێ وەڵڵا لە داخی ئێوە ئیدی دەرسیش ناخوێنم یا دەچم بۆ سەربازی یا سەری خۆم هەڵدەگرم و دەڕۆم…

هەمیشە دەیکوت لە ژوورێکی تاکەکەسی دایە و تەنیا کەناڵی پەیوەندی ئەو و دونیای دەرەوە، مۆبایل و ئینترنێتە. کوتبووی:  تەنیا ترسێکم هەیە!

  لێم پرسیبوو: چی؟ 

کوتبووی: لەوەتا وەبیرم دێ لە دەستلێدان و ماچ و باوەش و هەموو چەشنە بەرکەوتنێکی جەستەیی، بێزار بووم. وەبیرم دێ، چەن کەڕەت لەسەر پێدانووسان و ماچ و مووچی کەسانی دەورووبەر، تەنانەت بنەماڵەکەم، دەستم وەشاندووە!

 کوتی:  ئێستا کە ئەم سەرئێشەیەشم بۆ خۆم ساز کردووە، چۆنی بڵێم لە دوای ئەو ( ببوورە ) گووکاریە…

ئەو قسەیەی تەواو نەکردو ئەمجار کوتی: جیرانێکم هەیە، ژنێکی گەڕاوەی تێ گەیشتووە و لەوەتا هاتوومەتە ئێرەوە و لە دوای زانینی ( گووکاریەکەم) هەر دەڵێ : خودا لە سوڵتان مەحموود  گەورەترە … 

دوایەش وەک ئەوەی بۆخۆشی بڕوای بە وتەکەی خۆی نەبێ دەڵێ : هەڵبەت ئەم ئاشە لە میزتن بێ هەر دەمیزێ.

٭٭٭

 چەن پیاوی کەڵەگەت و چوارشانەم دیت کە لە ماڵێک هاتنە دەرێ و سواری ماشێنێکی ڕەش بوون و ڕۆیشتن، هەڵبەت نازانم کێ و چ کارە بوون ! (دەتکوت فیلمی سینەماییە)

دیار بوو گێراونەوەی ئەوانەی زۆر پێخۆش بوو، ئاخە خێرا بۆ منیشی گێراوە… 

ـ ئەرێ وەڵڵا بەستەزمانەی داماوە، هەر دەیکوت گوویەکم خواردووە و پاشم کڵۆشە!

وێرای قسەکانی ئەو، من وەک ئاو دزەم کردە ژوورەکەی، بۆخۆشم نازانم چۆن بەڵام هەموو گیانم دەبێتە چاو!

 لەپێش هەموو شتێک چاوم کەوت بەو سەعاتەی وا هەمیشە دەیکوت بەرانبەرمە و لەکاتی قسە کردن دا وەک زەنگی کەنیسەکان لێی دەدا و لەوێوە لە نێو مێشکی منیش دا دەزرینگایەوە.

 وا دیار بوو لە کاتی ئافلاین بوونی لەسەر تێلێگرامەوە، کاتژمێرەکەش ڕاوەستابوو! 

ژوورەکەی هەر ئەو جۆرە بوو وا بۆی نووسیبووم.

پیرێژن هێشتا هەر دەمی دەجووڵێتەوە کە من لە داڵانە دوور و درێژەکەیان دێمە دەرێ.

 ئەو ترسەی ئەو کەوتۆتە دڵی منیشەوە. هەرچەن نازانم لە کێ و لەچی دەبێ بترسم؟!

چەن کەرەت پێی کوتبووم لەمن دوور کەوە، کە پرسیبووم بۆ؟ کوتبووی: کە لێیان پرسیت چۆن و لە کوێوە ئەو ژنە دەناسی دەڵێی چی؟

منیش بە گاڵتەم گرتبوو و کوتبووم: مەسەلەن کێ؟

کوتبووی:  هەرکەسێک بێ، ناسینی من بۆ تۆ باش نابێ.

چاوم هەنگاوێک ئەولاوەتر نابینێ، ئێرەش بە دەردی ئەهواز و ئابادان چووە، لە بەهار ناچێ، هیچ پاییزێکیش هێندە تەپ و تۆزاوی نییە!

سەرم لە ملم چەقیوە و بەزۆریش نایەتە دەرێ! بۆخۆشم نازانم بۆ چاویلکەیەکی ڕەش و کڵاوێکی شەبکەدارم لێداوە و وەک شێرڵۆک هۆڵمز، لە هەموو کەسێک و هەموو شتێک گومانم هەیە. کەس نیە پێم بڵێ ئاخە تۆ لەپای چی؟!

ژوورەکەی هەروا لەبەر چاوم بوو؛

 تەختێکی نووستن، تەلەفزیونێک، میزێکی چکۆلەی نان خواردن و لادیوارێک کتێب.

وەک کامێرا، وێنەی هەموو شتێکم هەڵگرتبوو. دەتکوت نابێ لەبیرم بچێتەوە!

من بۆ چوومە ئەوێ؟ ڕاست دەکا، لێم بپرسن ئەو ژنە کێیە و چ پەیوەندییەکی بە تۆوە هەیە چی بڵێم؟

 کە من چوومە ژوورێ پیاوەکان دەهاتنەدەرێ. دەڵێم بچمەوە و بەو پیرێژنە بڵێم لای کەس باسی من نەکا کە ئەنەهوو منی نەدیتووە.

شەقام بە شەقام دەڕۆم و جگە لە چۆڵەوانی و بێدەنگی، هیچ نایەتە بەرچاوم. زۆر لەمێژە کەس نابینم، ئەوەی دەیبینم کۆمەڵێک پێڵاوە کە بە هەڵاتن دێن و دەچن!

 بای دەدەمەوە بۆ شەقامێکی دیکە و لە ناکاو ڕوو وەردەگێرم؛ سێ پیاو لووتیان بە لووتمەوە دەنێن: ئاغای پ، ک؟ 

دەڵێم : نەخێر.

ـ ببوورن.

پێشم دەکەون و دەرۆن.

پێم وایە لە ژێر چاوەدێری دام و ئەوانەش بۆ شوێنەگومکێ وەپێشم کەوتن!

 تاکسیەک ڕادەگرم؛ ”دەی کەس کاری بە تۆ نییە، لەوە زیاتر خۆت شێت مەکە.”

چەن کاتژمێر لە ونبوونی تێپەریوەو من هەر چاوەرێم بێتەوە سەر تێلێگرام و پێم بڵێ هیچ نەبووە نیگەران مەبە.

 گۆرانییەک دەگرم و وەک هەمیشە مۆبایلەکە دەخەمە ژێر باڵنجەکەم و دەم لەسەر پشت ڕادەکشێم 

ڕەواڵەتی ئەو سێ پیاوە لە بەر چاوم لاناچێ، سێ پیاوی کەڵەگەتی زگ زلی زەلام.

لە غوررابی خەیاڵات دام کە مۆبایلەکەم لە ژێر سەرم وەک بۆمب دەتەقێتەوە! وا دادەچڵەکێم کە تا دەستم دەیگاتێ،  وەک نارنجەکێکی زامنەکەیت کێشابێ فڕێی دەدەم و هەروا بە قوونە خشکێ چەن هەنگاو لێی دوور دەکەومەوە! 

هەموو گیانم کەوتۆتە سەر ئارەقە، 

بۆ ماوەیەک هەروا حەپەساو چاو لە مۆبایلەکە دەبرم کە لەوسەری ژوورەکە پرش و بڵاو بۆتەوە، هاکا سێ پیاوەکە لە نێوی هاتنە دەرێ و کەلەپچەیان کردم!

***

دوای ئەوەی پیرێژنەکە درگاکەی بۆ کردبۆوە، سەر لە نوێ ئەوانەی ئەو ڕۆژەی بۆ گێراوەو کوتی: ئەز قەزا ئەو پیاوانەی ئەو ڕۆژەش دیسان هاتنەوەو لێیان پرسیم لەم دواییانەدا کێ هاتووچۆی ئەو خاتوونەی کردووە؟ منیش کوتم: وەڵڵا لەوەتا ئەو خاتوونە هاتۆتە ئەم نهۆمەوە، کەس درگای ماڵەکەی نەکوتاوە، زۆر غەریب بوو…

ـ ئەی لە منیان نەپرسی؟

ـ بۆ جەنابت خاتوون دەناسی؟

ـ نا

ـ ئەی بۆ لێرەی؟ 

ـ ئەو ڕۆژە ڕاڕەفتەنی بێرەدا هاتم، بۆ ماڵی دۆستێکم دەگەڕام، گوێم لە فەرمایشتەکانتان بوو، چەن پیاوی کەڵەگەت و چوارشانەشم دیت کە دەڕۆشتنە دەرێ ئەوانیش منیان دیت، کوتم لەوانەیە …

ـ ئێرە دووربینی دەورگیراوی لێیە، هەر ئەو ڕۆژە فیلمەکەیان دەرهێناو بردیان …

دەتکوت بەندی دڵی پچڕا؛ کە وایە تازە دیتوویانەو بۆ حاشا نابێ …

دڵی گەرم داهاتبوو و سەری سووڕی دەخوارد، لاتراسکەیەکی بەست، پیرێژن دەستی گرت و بە زۆر بردیە ژوورێ …

ـئەوە چ بوو؟ باشی ڕۆڵە؟ وەرە قومێک ئاو بخۆرەوە … 

*** 

باشە من ئێرە بۆ هاتم؟ 

ئەم ژنە کێیە؟ 

خودایە من ئێرە بۆ هاتم؟! 

جارێکیان کوتبوی، تۆ من ناناسی …

منی کەر و نەزانیش وەک گوێدرێژ پێکەنیبووم و لەبەر ئەوەی چەن خولەک زیاتر لەگەڵم چەت بکا، هەزار نەقڵ و نەزیلەم لە ناسێنی مرۆڤەکان بۆ هێنابۆوە… 

کوتبووی: تۆ من ناناسی، من بۆمبێکی چێندراوم …

باشە ئەوە یانی چی؟ نەکا لەو داعش و ماعشانە بووبێ؟ ئاخە خۆ منی کەر قەت ڕواڵەتیشیم نەدیتبوو، نەمدەزانی دەنگ و ڕەنگی چۆنە

دایە گیان، تۆ من دەناسی؟

ـ نا

ـ قەت منت دیوە؟

ـ بەم جارەوە، دەبێتە دوو کەڕەت تۆم بینیوە ..

ـ ئەگەر هاتوو لێیان پرسیت ئەو کورە کێیە، بڵێ هاتبوو نێونیشانێکم لێ بپرسێ …

ـ هین خاتوون؟

ـ نا نا دایەگیان، من چکارم بە خاتوونه …  دەگەڕام بە دووی برادەرێکمدا، بە هەڵە خۆم کرد بەم بینایەدا …

ـ ئەی ئەمڕۆ بۆ هاتووی؟

ـ نازانم، شێت بووم، وەڵڵا نازانم من بۆ لێرەم …

ـ باشە ڕۆڵە خۆت عاجز مەکە، لێرەی لێرەی، خۆ کفرت نەکردووەو بەردت بە کابەدا نەداوە  

ـ تکایە دایە گیان، هەر ئەو جۆرەی پێم کوتی، بڵێ نایناسم  

ـ وەڵڵا من درۆ بۆ بابیشم ناکەم

ـ بۆ دەمناسی؟

ـ نەوەڵڵا 

ـ ئەی درۆی چی؟ 

ـ دەی درۆ ناکەم ناتناسم ئیدی، ئەوە دوو جارە دەتبینم و ئێستاش نازانم کێی 

ـ دەی خودا شوکر، باشە دایە گیان، ڕاستە درۆ مەکە هەروا بڵێ، منیش نە تۆم دیوەو نە دەتناسم.

دیتی ئەگەر زۆری لەسەر بڕوا لەوانەیە بۆخۆی، خۆی بدۆڕێنێ 

دیسان کڵاوە شەبکە دارەکەی تا نێو چاوانی هێنا خوارێ، ملی خستەوە نیو زگی و کورمە کورم، پەنا دیوارەکانی گرتەبەر، لەم شەقام بۆ ئەو شەقام.

کوتبووی: جوان دەنووسی… 

منیش لە خۆشیان شاگەشەگە بووم و ئیدی دەستم لێ هەڵنەگرت. لە ماوەی ئەم چەن ساڵەدا، کەس نەبوو بڵێ دەسخۆش یا لانیکەم بڵێ ئەستۆو ڕانت  ورد بێ بۆ شتێکی دەینووسی. یەکەم کەس بوو ئاوڕی لە شیعرەکانم دەداوە. کە کوتی بیرو هزرێکی جوان و قەڵەمێکی بە هێزت هەیە، شەو و ڕۆژ دەمنووسی و پاکم دەکردەوە، بەو هیوایەی بینێرم بۆ ئەو و ئەو لایکی بکات و دوابەدوای قسەو باسەکانمان (چەت) دەست پێ بکات.

خۆی گەیاندەو ماڵێ و خزیەوە نێو پووکەکەی خۆی …

چاوی بە کتێبەکانی کەوت، قەڵاچنی کردبوون، بەو هیوایەی ڕۆژێکیان لە سبحەینێکەیەوە یەکە یەکە بیانخوێنێت و خۆی بۆ زانکۆ ئامادە بکات. بەڵام هەر شەو بەسەردا دەهات، سبحەینێیەکی نەبوو کە ئەو تاقەتی کردنەوەی لۆی کتێبی هەبێ. شیعرەکانی شەوی دووبارە دەخوێندەوەو ئەوەی وەبیری دەهاتەوە قسەکانی ئەو بوو. ئەوە سەیر بوو باسی هەموو شتێکیان دەکرد جیا لە خۆیان.  چەن کەڕەت حەولی دابوو لە مابەینی قسەکاندا، باسەکە بە لاڕێدا ببات و لێی پرسیبوو: تەنیای؟ 

ئەویش کوتبووی : ئەرێ 

هێندە کورت بریبویەوە کە نەیهێشتبوو شتێکی دیکەی لێ بپرسێ

لەم دواییانەدا تا بەرەبەیانیش قسەیان کردبا، نەیوێرا بوو هیچی دیکەی لێ بپرسێ.

مۆبایلەکەی خستەوە سەریەک و ژومارەکەی چاو لێکرد، نەیدەناسی! 

چەپۆکێکی دا بەسەر خۆیداو کوتی؛ بەخودا خۆیانن، تازە تەواو بوو، ئێستا من چی بکەم؟ بەدبەخت بووم، زانکۆی چی و داهاتووی چی. وا قوڕکرا بە سەرمدا، خودا دەزانێ ئەو ژنە کێیەو چ کارەیە؟! ئەویان ئاوا بێدەنگ و بێ هەرا گرت و بێسەرو شوێنیان کرد، بڵێی تۆ چی لێ بکەن؟ خودایە گووم خوارد، تۆبە، تازە کارم بە کەس نیە. 

 خودایە خۆت دەزانی نێوانی ئێمە شتێکی وا نەبوو، من تەنیا شێعرم دەکوت و ئەو گوێی بۆ ڕادەگرتم. خودایە دەزانم جاری وابوو دەمەویست بیبەم بە لاڕێدا، دەزانم کە دەزانی هۆگری ببووم، خودایە…

دیسان موبایلەکەی فڕێداو نەڕاندی: بەزیاد نەبێ ، گووم کردە تۆ گووم کردە شێعر، گووم کردە ئەو توڕەهاتەی وا ئەویش دەیکوت. دەتکوت شێت بووە، بە پەلە دەستی دایەو هەڵیگرتەوەو بەخۆی کوت؛ دەبێ هەموو شتێک بسڕمەوە!

*** 

بە هەر پەیوەندیەک دادەچڵەکی، دەنگی ئایفۆنی ماڵێ، زڕەی تەلەیفون. بە دایک و باوکی کوتبوو هەرکەس هەواڵی منی پرسی، بڵێن لە ماڵێ نیە، یا بڵێن خەریکی دەرسە.  کوتبووی دەمهەوێ بۆ زانکۆ بخوێنم، ئەمساڵ ئیدی دەڕۆم.

هێشتا نەرۆیشتبوو! نەیدەزانی لە کەیەوە ئەو کورتە نامانەی بۆ هاتبوو؛ ” سیمکارتە کۆنەکانتان بێنن بەبێ بەرامبەر بیگۆڕنەوە و چەن سەعات پێوەندی و ئینترنێتی خۆرایی وەرگرن”  

کێچ کەوتبۆوە کەوڵی، سیم کارتە کۆنەکەی هێشتا هەر مابوو…

“لەم دوواییانەدا لە خۆشم هەڵدەهاتم، خەونەکانم یەک لەدوای یەک دەهاتنە دی. نازانم لەکەیەوە بەڵام ناخم لە گەڵ ڕواڵەت و کردەوەم وەک دوو بەری کەوای ڕەش و سپی لێهاتبوو.

   دەزانی؛ جۆرێک چێژ هەیە کە پێویست ناکا تۆ وەدووی کەوی یا تەنانەت بیری لێ بکەیتەوە، بۆخۆیان سەرخۆشت دەکەن

  با شتێکت بۆ بگێرمەوە:

لە سەرەتای شۆرش دابوو شۆڕشی گەلانی ئێران، من منداڵ بووم، یانی تازە پێ دەگەیشتم، لەو دەمەوە زانیم کە من لە هێندێ شت چێژ دەبەم، ئەو شتانەی وا بۆ زۆرکەس شتێکی ئاسایی بوون.

باوەر ناکەی گەر بڵێم بە لەبەرکردنی لیباسی پیاوانەو سەر ڕووت کردن و دژ بە عالەم و ئادەم ڕاوەستان کەیفم دەکرد!

  یا جوان لەبیرمە لە یەکێک لە بۆردمانەکاندا( لە شەرەکەی نێوان عێراق و ئێران کە لەو سەردەمانەدا ڕوویدا)، بریندار بووم چەن کەسێک بووین لە قەراغی جادە، خاک و خۆڵاوی وخوێناوی،

 پیاوەکان حەولیان دەدا ژن و منداڵەکان دەرباز کەن بۆیە بە هات وهاوار و پاڵ پێوەنان ماشێنەکانیان پڕ دەکرد و بەڕێی شوێنە ئەمنەکانیان دەکردن. کە نۆبەی ئێمە هات، جیبە شڕێکمان لێ پەیدا بوو. یەکێک لە پیاوەکان دەستی بۆلای ئێمە ڕاداشت و کوتی: ئەو کوڕە لاوەو ئەو کچانەش ڕاگوێزن!(من جلی پیاوانەم لەبەر دابوو)

 لە پێشەوە خستمیانە بەری ڕانەندە، جوان لە بیرمە، لە پێشدا بە هەر جووڵەیەک ئێش و ئازار لێومی وەبەر زەبری ددانەکانم دەداو هاوارم لێ بەرز دەبۆوە. بەڵام دوای کەمێک ئێش و ئازار بۆم بوو بە چێژ! چێژم لە ژانەکان دەدی! بۆیە هەر نەمهێشت دەرمانیشم کەن! 

 ژنە ڕووتەکانم خۆش دەویست، ئەودەم فیلمەکانی زەمانی شا، قاچاغ بوون. کوڕە لاوەکان بە دزییەوە، ڤیدیۆیان بە کرێ دەگرت و شەوانە لە دوای خەوتنی دایک و بابەکان، (کە ئەوانیش بۆخۆیان حکوومەتێک بوون) تا بەیانی چاویان لێدەکردن. کچەکان شەرمیان دەکرد بەڵام من نا!

ئەوانەی ئێستا بۆ تۆیان باس دەکەم لەوانەیە ڕازە سەر بە مۆرەکانی ژیانم بن، ئەوانەی وا ساڵەهای ساڵە تەنیا و تەنیا لە مێشکی خۆمدا بوون.

چێژی باسەکەشی خۆشە، وەک قەند لە نێو دەمتدا دەتوێتەوە، بەرای تۆش وانیە؟

ئەی بۆ ئەوە دەڵێی چی؟ 

هەر جارەو کە گۆیم بۆ گۆرانیەک ڕادەگرت، هەستێک لە ناخمدا دەخرۆشا، بەبێ تۆسقاڵێک کەمبوون. خرۆشێکی پڕ لە هەیەجان و سەرخۆشیەکی شێتانە کە زۆر زیادە لە حەد کەیفم پێی دەکرد. پیت بە پیت و وشە بە وشەی جۆرێک چێژی تایبەتی بۆم تێیدابوو کە دەخوشیە نێو خوینمەوە، کاسی دەکردم و پێی لەخۆ دەبوومەوە. لەو دەمەدا ئیدی نەمدەزانی چی دەکەم و چیم بەسەر دێ!

نازانم ئەوەیان خەون بوو یا ڕاستی…  سەرخۆش بووم یا بەو سەرخۆش بووم! شتێک لە ناخمدا ڕووی دا

هەستێک کە بووە هۆی ئەوەی بقیژێنم( یا وام زانی قیژاندوومە)

 هەستێک کە بە گوێمدا چرپاندی: لە باوەشم کە … لە باوەشم کە…

لە باوشم گرت، ئارام بوومەوە… 

دڵم لە تەپ وکوت کەوتبوو یا تەپ وکوتی دڵی ئەو وەسەرووی دڵم کەوتبوو. تەواو شێوابووم، پرچەکانمی کردەوەو هێدی دەستی ترازاندە نێویانەوە

 چاوەکانی پڕ بوون لە من، یا من هوروژمم کردبووە نێو نیگاکانی ئەوەوە، ئیدی مۆڵەتی پێنەدام…

پێی دەڵێن هێرشی گازئەنبوری، نازانم کوردیەکەی دەبێتە چی، بەڵام ئەوەم لە دەقێکی فارسیدا خوێندبۆوە( هێرشی گازئەنبوری ) ئەو هێرشەی وا کوتوپر و لە ناکاوە..

…..

نووسیبووی؛ ئەوە بەشێک لە ڕۆمانێکە، ئەو ڕۆمانەی وا وەرگێرەکەی بە داوای لێبووردنەوە نووسیبووی: بە هۆی لە ڕادەبەدەر پەتی نووسینی نووسەر، ئەم بەشە لە ڕۆمانەکەمان لابردووە … 

بەخۆم کوت؛ با من ئەو بەشەی بنووسمەوە، نابێ؟!

دیسان خوێندمەوە، ئەو بەشەی وا دەبوو بینووسمەوە، زۆر ئاشنا بوو.

 دەزانی دەڵێم چی؟ 

بەلانی کەمەوە بەشێک بوو لەژیانی من یا ژنێکی وەک من.

 دوای ئەوە بوو زانیم منیش ئینسانم، ئینسانێکی ئاسایی. ئینسانێکی وا دەتوانێ و دەکرێ چێژ ببات. جا ئەگەر ئەو چێژە تاوانیش بێ!

نازانم بڕوای تۆ چۆنە؟

بڕوای من بە کات ( زەمان )، وەک ئیمانی ئیماندارەکانە، من پێم وایە هەموو شتێک  لە کاتدا دەقەومێ و هەر لەوێشدا دەمرێ ئەوەی دەچێتە کاتێکی دیکەوە، ڕۆح و جەستەیەکی دیکەیە چێژ و ئازاریش هەر لە ئەودا بەجێ دەمێنێ.

 تۆ بیری لێبکەوە، ئەو دانێنەرە بە توانایە، کاتی واداناوە کە گەڕانەوەی بۆ نیە، کە وایە تۆش بۆی مەگەرێوە!

چێژ، ئازار، تاوانیش هەر وایە”

کورتەنامەکان دوابەدوای یەک هاتبوون.

دوای ئەوەی سیم کارتەکەی نوێ کردبۆوەو خستبوویەوە سەر مۆبایلەکەی، هەموویان دوابەدوای یەک هاتبوون بۆخۆیان چیرۆکێک بوون!

چاوەکانی دەرپەڕیبوون و دەمی کرابۆوەو لەبەر خۆیەوە چەن جار دووپاتی کردەوە ؛ ئەوانەی کەی بۆمن ناردووە؟؟؟ خودا من بکووژێ، خودا لە ناوم ببا… ڕاست ئەو دەمەی وا شێت بووم و گووشییەکەم فڕێداو سیمکارتەکەم شکاند ناردوویەتی…ئاخ خودایە من چیم کرد؟ بڵێی چی کردبێ؟ ئێستا چی دەکات؟ باشە من بۆ وام کرد؟ قور بەسەری من، منی ترسەنۆک، منی هیچ وپووچ.

*

جارێکی دیکە کڵاوە شەبکەدارەکەی کردەوە سەری و بە پێچ وپەناکاندا ڕێگای سەعاتێکی بە نیو سەعات بڕی. کە گەیشتێ و سەری هەڵێنا، لە ژێر نهۆمەکاندا، لە جاران کورتەباڵاتر بوو!

هێشتا قامکی بە زەنگەکەوە نەنابوو، پیرێژن درگاکەی کردەوە، دەتکوت چاوەرێی ئەو بوو…

ـ بەڵێ

ـ سڵاو پوورێ گیان

ـ وە عەلەیکەسەلام

ـ منت لە بیرە پوورێ؟

ـ شێوەت دەکەم… 

ـ بە ڕاستتە، چۆن؟

ـ وەڵڵا نازانم، بە ناشکوری نەبێ چاوەکانم جوان نابینن.

دەست ڕادەدێرم بۆ ژوورەکەی ئەو و دەڵێم: فڵان کەس هاتەوە؟ 

دەڵێ : نەوەڵڵا

ـ ئاخریش نەتانزانی چی بەسەر هاتووە یا بۆ کوێ چووە؟

ـ باوەڕو ئێعتبارت بێ نازانم، بێ سەروو شوێنە، کەس نازانێ چووە بۆ کوێ 

یەک دەڵێ گرتوویانە، یەک دەڵێ ڕۆیشتووە. دەڵێن زۆر کەس ڕوویان لە هەندەران کردووە، ئەخباریش نیشانیان دەدا، داماوانە لە شیو و دۆڵ و ئاو و ئاوریان داوە. لە بوسوڵمان و جوو دەپاڕێنەوە تا بهێڵن بڕۆنە ئەودیو

دەڵێم : ئەی سێ پیاوەکە؟

چاوەکانی کز دەکات و دەڵێ: کام پیاوانە باوانەکەم؟

دەڵێم: ئەو پیاوە کەڵەگەتە چوارشانانەی وا ئەودەم هاتن

 سەری دەلەقێنێ یانی ئەها وەبیرم هاتەوە منیش پێش ئەوەی دیسان سەرلەنوێ دەست بکا بە گێرانەوەی دەڵێم: ئەی دووربین و فیلمەکانیان چی لێکرد؟؟

دەڵێ: وەڵڵاهی نازانم، هەر ئەودەم بردیان و ڕۆیشتن خەبەرێکیان نەبۆوە.

لەبەر خۆیەوە دەڵێ: جا وەرە شێت مەبەو فجە مەکە

ئەو ماوەیە وەک سەگ لە سێحبت بترسی و نەوێری سەردەربێنی بۆ هیچ!

ڕوو دەکاتەوە ژنەکەو دەڵێ:

ـ دەتوانم بچمەوە ژوورەکەی و چاوێکی لی بکەم؟

ـ بۆ چیتە؟

ـ هەروا

ـ دەخیلتم دەس لە هیچ نەدەی، ماڵی ئەمانەتە…

  *** 

لە دوای زوڵەماتێکی سەرسووڕهێنەر، خۆم لە ژوورێکی تۆ بڵێی لە سێ و چوار گەورەتردا دەبینمەوە. هەروا کە چاو دەگێرم، زیاتر نامۆیی دامدەگرێ.

بە زەحمەت دەتوانم هەستمە سەر پێ. سەرم سووڕدەخواو ژوورەکە لەبەر چاوم  دەسووڕێ.

دەست بە دارودیوارەوە دەگرم و چاو خورد دەکەمەوە. بە ڕاستی ئێرە کوێیە؟

 مێزیکی نان خواردن، لادیوارێک کتێب، تەلەفزیۆنێکی ئێڵ سی دی و تەختێکی خەوتن، تەواوی کەلوپەلی ماڵەکەیە.  گەرووم وەک قوروقوشم پێکدا نووساوە لەسەر مێزەکە پەلاماری لیوانێک دەدەم و لە شێرەکە پڕی دەکەم و دەینێم بەسەرەوە.

ئێستا لاقەکانم عەرز دەگرن و چاوم باشتر دەبینێ. 

لە ژێر پەردەیەکی بۆرەوە، تیشکێک دزەی کردۆتە ئەم دیو.

 بە پەلە پەردەکە لادەدەم، شەقامێکی وەک توولەمار بارێک و درێژ، ڕیزێک دووکان کە یەک دوانێک نەبێ هەموویان داخراون دێتە بەرچاوم. پەردەکە دادەمەوەو دێمە ئەملاوە،

شەکەت و ماندوو دەستێک بە پرچەکانم دا دێنم ویشک دەبم، قژەکانم کوا؟

هەڵدێم بەرەو لایەک کە پێم وایە ئاوێنەی لێیە…

بە قوڕ گیرێی ئەی کوا؟ یانی ئاوێنەیەک لەم کاول بووەدا نیە؟؟

مێشکم لەوانەیە بتەقێ. دەرکەیەکی چکۆلە سەرنجم ڕادەکێشێ، لەوانەیە ئاودەست بێ. خۆمی پێدا دەکەم…

بۆنی دەرمانی بۆنخۆشکەر لووتم پڕ دەکا، ئاودەستێکی پاک و خاوێن بەڵام بێ ئاوێنە! 

وەختە فجە بکەم، ئێرە کوێیە؟ من بۆ لێرەم؟؟

هیچم وەبیر نایەتەوە. دیسان دەستێک بە سەرمدا دێنم،  تووکە سەرێکی وەک ژیشک کە دیارە لە بندا ماشێن کراوە.

بەرامبەرم تەلەفزیونەکەیە. بە پەلە دەچمە پێشێ لێی، لەوێدا دەتوانم خۆم ببینم.

دڵم لە سینگمدا جێی نابێتەوە، هەر چی زیاتر چاو زەق دەکەمەوە، لە تاریکایی شاشەی تەلەفزیۆنەکەدا ڕواڵەتێکی نامۆتر دەمتۆقێنێ!

دەزانم من ژنم! یا بەلانی کەمەوە دەزانم کە ژن بووم! 

ڕواڵەت و قەڵافەتی خۆم لە بیرە، دەشزانم پرچەکانم درێژو بۆر بوون. 

   هەرچی دەکەم وەبیرم نایەتەوە ئێرە کوێیەو من بۆ لێرەم. ئاخە کون وقوژبنی ماڵەکەشمم لە بیرە، دەزانم ئێرە ماڵی من نییە وەبیریشم نایە سەفەرم کردبێ.

چاو لە دەست و قاچەکانم دەکەم، دەستەکانم تووکنن، پووتێک تووکی ڕەشیش بە قاچەکانمدا هاتۆتە خوارێ… بەخودا کراس و پاتۆڵیشم لەبەردایە! 

ئەوانە دەبێ خەون بێ، قەت ئەوە ڕاست نیە. حەتمەن خەونەو هەمووی هی ئاڵۆزی مێشکمە.

دەچمەوە بەر پەنجەرەکە، خەڵک وەک مێلوورە یەک یەک و دوو دوو دێن و دەچن. وادیارە لە نهۆمێکی سەرەوەی بینایەکی چەن نهۆمیدام.

چیرۆکێکم لە بیرە، باشە یانی منیان گرتووەو سەریان تاشیوم و ئەم جلانەیان لەبەر کردووم ؟؟؟

پەلاماری دەرکەیەک دەدەم و وەک شێت دەیکوتم: کەسی لێ نیە؟ 

دەستەوئەژنۆ لە سەر تەختی نووستنەکە دادەنیشم و چاو دەبڕمە دارو دیوارەکەی بەرامبەرم. سەعاتێکی قەدیمی لەو پاندۆڵ دارانە بێ وچان دەیکوتێ.

ئەملاشم لادیوارێک پڕە لە کتێب

گۆتە، کامۆ، چیخۆف، تۆڵستۆی…

هەموویان دەردەدەمە دەرێ و دەستێک بە دیوارەکەی پشتەوەیدا دێنم، نازانم چاوەڕێی چیم؟ ڕەنگە وەک فیلمەکان دەرگایەک لەو پشتە یا دەسکێکی شاراوەم لێ وەدەرکەوێ و پاڵی پێوەنێم و دیوارەکە بکشێتەوەو درگایەک بکرێتەوە! 

دیسان دڵم پێکدا دێ، کتێبەکان دەخەمەوە جێی خۆی، شتێکم لە کتێبەکان وەبیر دێتەوە بەڵام نازانم چییە…

 لە ناکاو کاتژمێرەکە وەک ناقووس دوازدە جار لێیدەدا، ئێرەی هەر زۆر ئاشنایە!

فرمێسکێکی لاسار چاوم لێڵ دەکا، نە ئەوەیە بێتە خوارێ، نە ئەوەیە ویشک بێتەوە. دەڵێی تەبیعەتیشم گۆڕاوەو نابێ بگریم.

دەست بە تەواوی ئازای ئەنداممدا دێنم. هیچ نیشانەیەک لە ژن بوون تێمدا نەماوە یا ڕەنگە قەت نەبووبێتم!

نێو زگم دەڵێی ئەژدیهای تێدایە، برسیەتی ژن و پیاو ناناسێ، خۆ دەکەم بە ئاشپەزخانەدا. 

هێندە بەرتەسک و چکۆلەیە لەوانەیە کەمێک پان وپۆڕ بایەم نەمتوانیبایە بە ئاسانی هاتوچوو بکەم. 

 بە خواردنی ئەو خواردەمەنیەی وا نازانم کێ سازی کردوەو کەی لە یەخچاڵی خستووە، کەمێک دەبووژێمەوە.

پێم وایە مێشکم هەنگی کردووە. دەچمەوە سەر تەختەکە و ڕادەکشێم. ماندووترم لەوەی کە ئیدی بیر لە ژن یا پیاو بوونی خۆم بکەمەوە.

فکرو خەیاڵ نایەڵێ خەو بێتە چاوم. نازانم بۆ چاوم دەچێتە سەر دەستم و شتێک دەیهەوێ وەبیرم بێتەوە! ئەها مۆبایلەکەم، مۆبایلەکەم کە دایمە لە قولی مستمدا بوو…

 وڵات تاریکەو من لەبەر نووری تەلەفزیۆنەکەو دەنگێکی بە حاستەمی فیلمێکی ڕەش و سپی، ڕاکشاوم..

چاوم دەقووچێنم و دەچمە سەرشان. بەخۆم دەڵێم؛ ئەم شان و ئەو شانی ناوێ، ژن بم یا پیاو، ئێرە هەر شوێنێک بێ، کە هەستم لە خەو هەموو شتێک تەواو دەبێ… هەموو شتێک.

.

وێنە: لە فیلمی ”ژووری ڤێرۆنیکا” وە وەرگیراوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا