باری واتایی

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

.

لە خەیاڵی خۆمدا بیرم لە سروودێکی شۆڕشگێڕانە دەکردەوە. شایانی باسە کە تەنیا بیرم لێدەکردەوە نەمدەوتەوە. واتە لە نێو مێشکی خۆمدا بۆ وێنە بیرم دەکردەوە کە شێعری ئەو سرودە دەبێ چۆن لە مێشکی شاعیرەکەیدا ساز بووبێ. دەبێ پێداگری لەسەر ئەم بابەتە بکەم کە من خوێنەرێکی جدی دەقە ئەدەبییەکانم و ئەگەرچی خۆم قەت دوو ڕستەم لەسەر یەک دانەناوە و شاعیر و نووسەر نیم بەڵام بە هۆی خۆشەویستییەک کە لە سەردەمێکدا و لە ناکاو بۆ وشەکان پەیدام کرد، ملم لە کتێب خوێندنەوە نا. سەرەتاکان هەرچیم بەر دەست بکەوتایە دەمخوێندەوە چونکا تاقە شتی گرنگ بۆ من وشەکان بوون نەک ڕستەکان و مانا و ناوەرۆکی کتێبەکان. دەمویست خۆم لەبەر لێشاوی وشە دابنێم. وەک چۆن کەسێک بچێتە ناوەڕاستی ڕووبارێک و ڕاوەستێ و سەیری ڕەوتی ئاو بکات. هەر وەکوو ئەو کەسە منیش جار جار سەرم لە گێژەوە دەهات. واتە بە تەواوی ئەم وێکچواندنەم لێوەرگرن. کەم کەم ئەو کتێبانەی دەمخوێندنەوە تایبەتتر بوونەوە. کەم کەم بەلای فەلسەفەدا کێشرام بەڵام دوایی دەرەتانێکم نەدیەوە بێجگە لە شێعر و لەو نێوانەیشدا شێعری کۆمەڵێک شاعیری تایبەت کە ڕێژەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕی نەدەکرد و ئێستا ساڵەهایە بە تامەزرۆییەوە هەرچی دەنووسن دەیخوێنمەوە و لەوان زیاتر ناوێرم کاتی بەبایەخم بە خوێندنەوەی شتی دیکە بە فیڕۆ بدەم و بەداخەوە ئەوانیش زۆر کەمکارن و جاری وایە چەندین حەفتە بێ شێعر دەمێنمەوە و ئەمە کارەساتە. دوای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر تێکەڵ بە دنیای وشە بووم کەم کەم توانیم متمانەیان بۆ لای خۆم ڕابکێشم و هەڤالتییەک لە نێوانماندا ساز بوو. ئیتر من و وشەکان وەکوو خەڵکی گوندێکمان لێهاتبوو. ئەوانەی خەڵکی گەڕەکەکەی خۆم بوونم زۆر چاکتر دەناسی و هەتا لە گەڕەکەکەم دوور دەکەوتنەوە ئاشنایەتیمان کەمتر دەبوو بەڵام بەهەرحاڵ چوونکا هەموومان خەڵکی گووندێک بووین دوور و نزیک یەکمان دەناسی. قەت ناتوانم تێبگەم خەڵک چۆن ناتوانن باری وشەکان لە مێشکییاندا هەرس بکەن و تێیبگەن. هەر وشەیەک وەکوو مرۆڤێک وایە، لە بارودۆخی جۆراوجۆردا جیاواز دەرئەکەوێ بەڵام بەهەرحاڵ کەسایەتی سەرەکی مرۆڤ وەکوو باری واتایی و دەرونی وشەکان وایە، نەگۆڕە. بۆ وێنە کە دەڵێی سەهۆڵ هەست بە سەرما دەکەی. کەسایەتی ئەو وشە ئەوەیە، کەسایەتییەکی ساردی هەیە بەڵام هەتا ئێوارە بڵێ شەختە، بزانە قەت هەست بە سەرما دەکەی؟ ئەوەیە جیاوازی باری وشەکان و دەی شاعیری باش دەبێ ئەمانە بزانێ. لە لایەکیتریشەوە وشە هاوواتاکان قەت هاوواتا نین. وەک چۆن دوو مرۆڤ قەت وەک یەک نابن. ”ژان” و ”ئازار” هاوواتان بەڵام باری واتایی و کاریگەرییەک کە هەر کامەیان بەجێیدەهێڵن جیاوازە. ئەمە تەنیا کەسێک تێیدەگا کە لەگەڵ کتێبەکان و وشەکان ژیابێ. هەر بەم بۆنەوە بە گشتی متمانەم بە هیچ وەرگێڕانێک نییە. وەرگێڕان قەت شتەکە وەک خۆی ناگوازێتەوە. هەڵبەت من زۆر هەستیارم دەنا خەڵکیتر کە ئەوەندە بەشێوەیەکی هیستریک و نەخۆشانە لە وشەکان ورد نابنەوە ئەم کێشەیان نییە.


بەڵێ دەموت. ڕاستە ماوەیەک بوو شێعری باشم دەستنەکەوتبوو بیخوێنمەوە هەر بۆیە لە مێشکی خۆمدا بیرم لە سروودێکی شۆڕشگێڕانە دەکردەوە و هەر بەم تاوانەیش دەستبەسەر کراوم و لاریم لێی نییە بەڵام بڕوا بکە جەنابی پشکنەر من شۆڕشگێڕ نیم. من تەنیا هۆگری وشەکانم. ئەتۆ گوێ بگرە؛ شاعیرەکەی دەڵێ: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان. ”ئەی” بارێکی ئاراستەکەری هەیە وەکوو فلش وایە. ”ڕەقیب” بارێکی واتایی ڕەق و تەق و ناباری هەیە باری دەروونی وشەکەیش ڕق و قینی مرۆ دەوروژێنێ. ”هەر” شتێکە وەکوو گوریس. دەڵێی دوو شتی پێکەوە بەستووەتەوە. ”ماوە” وەک پێ لە عەرز کوتان وایە. دەڵێی شەقەی پێی سێ چوار کەسی لای سەرچۆپییە کە پێکەوە زۆر هاوئاهەنگن و پێ لە عەرز ئەکوتن. ”قەوم” بارێکی شەرمێونی هەیە. ”کورد” کەمێک سەختە دڵنیا نیم چ بارێکی هەیە. جارێکییان لە کچێکی تارانیم پرسی کاتێک وشەی کورد دەبیسی بیری چی دەکەویتەوە؟ وتی پێوەندی بەوەوە هەیە بەسەرمەوە بێ یا بەسەرییەوە بم. من باش لە مەبەستەکەی نەگەیشتم بەڵام سوێند ئەخۆم ئەویش شۆڕشگێڕ نەبوو تەنیا کەمێک ماندوو بوو. ”زمان” یش وشەیەکی کەم بارە. واتە لەو نێوەڕاستە کەوتووە بۆخۆی و بە هیچ لایەکدا قورسایی نییە. نە نێر نە مێیە. ئێستە هەر ئەم وشەی ”زمان”ە ئەگەر وەرگیرین، لە فارسیدا دەبێ بە ”زبان”، باری واتایی زبان زۆر فێڵەبازانەیە، ئەها سەرنج بدە کاتێک ئەیڵێم ئەها: زبان… . لە ئینگلیزیشدا کە دەڵێن ”لەنگویج” زۆر بارێکی زاڵ و لوتبەرزانەی هەیە. بە گشتی وەک وتم وەرگێڕان کارێکی بێهوودەیە، نازانم چۆن ئەو خەڵکە کە هەر دوو زمانەکە دەزانن لە هەست کردن بەم جیاوازییە شێت نابن. ئینجا کە دەڵێ: نایشکێنێ دانەری… بۆ کوێم دەبەن؟ جەنابی پشکنەر بروا بکە من تەنیا بیرم لە سروودێکی نەتەوەیی دەکردوە خۆ شەرت نییە هەرکەس بیر لە سروودی نەتەوەیی بکاتەوە، نەتەوەییش بێت. جەنابی پشکنەر ئەمانە بۆ کوێم دەبەن؟ تۆ سەیری وشەی پشکنەر بکە هەر لە خۆوە بیری قالۆنچەت دەخاتەوە… . جەنابی پشکنەر من تەنیا بیرم دەکردەوە… جەنابی پشکنەر. جەنابی قالۆنچە. من هیچم نەکردووە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا