وتووێژ لەگەڵ نووسەر؛ کوردۆ شابان | چاوپێکەوتن
ئامادەکردن: بەسێ بەشیر
لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی بایەخی خوێندنەوە بە بوون و مانای مرۆڤ بدوێن، هاوکات بایەخدان بە پرسی “ڕێنووس و خاڵبەندی”. لە پاڵیشیدا چەند پرسێکمان لەبارەی ڕۆمانەوە ورووژاندووە.
بەسێ بەشیر:
”دەخوێنمەوە، کەواتە هەم”
بەسەرنجدان بۆ ئەم ڕستەیە (هاوکات ناوی یەکێک لە کتێبەکانی بەڕێزتە) دەمەوێت لە پەیوەندی نێوان خوێندنەوە بە بوون و مانای مرۆڤ بۆم بدوێیت. بەو واتایەی ئەمە کام بوونی مرۆڤە لە ڕێگەی خوێندنەوەوە پێی دەگەین؟
کوردۆ شابان:
کاتێک هەر خوێنەرێک ناونیشانی کتێبەکەم دەخوینێتەوە، سەرنجێکی خێرا و پاشان سەرنجێکی قووڵتر دێتە مێشکییەوە. سەرنجی یەكەم دەیباتەوە بۆ ڕستە بەناوبانگەکەی دێکارت: “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم.” بۆیە یەکسەر دەڵێت: داخۆ كوردۆ نازانێت ئێمەی خوێنەر ئەو ڕستەیەمان بیستووە، وا بە دەستکارییەکی بچووکەوە دزیویەتی؟ تەنانەت هەندێک ڕەخنەگرانی سەرپێیی، ئەم سەرنجە خێرایەی خۆیان کردووە بە هەوێنی پۆست و بابەتی سۆشیاڵمیدیا و لە دژی من بەکاریان هێناوە. هەندێکیش پەلەیان نەکردووە تا کتێبەکەیان خوێندووەتەوە، دەبینن لە پێشەکیی کتێبەکەمدا ئاماژەم بە ڕستەکەی دێکارت داوە و باسیشم لەوە کردووە کە بۆچی بۆ ناونیشانی بەرهەمەكەم سوودم لێ بینیوە. وەڵامی ئەم بۆچییە، سەرنجە قووڵەکەیە کە لە ڕستەی یەکەمی وەڵامەکەمدا گوتم و پرسیارەکەی تۆشە: خوێندنەوە چ پێوەندییەکی بە بوونەوە هەیە و مانای بوون چییە؟
بوونی فیزیکی، هەمان بوونی مەعریفی نییە. لە وانە سەرەتایییەکانی فیزیادا خوێندوومانە، هەر تەنێک بۆشایی لە گەردووندا گرتبێت، دەچیتە خانەی بوونەوە؛ بەم پێناسەیە، مێروویەک، تەختەیەک، مرۆڤێک و مۆبایلێکیش دەگرێتەوە. بەڵام ئێمە لێرەدا باسی بوونێکی تر دەکەین و هەمان تێڕوانینەکەی دێکارتیشە. لەسەر هەمان ئەو بوونە، قوتابخانەیەکی فەلسەفی بەناوی بوونگەرایی بونیاد نرا و گەورە فەیلەسووف و نووسەرانی وەک: کیەرکێگۆر، نیتچە، سارتەر و دەتوانین بڵێین دۆستۆیڤیسکییش بە قووڵی لەسەری گفتوگۆیان كردووە و سارتەر بونیادی فەلسەفە و ئەدەبەكەی لەسەر ئەو بوونگەرایییە دامەزراندووە.
بەکورتی لێرەدا دەمەوێت بڵێم، ڕستەی ناونیشانی کتێبەکەم (دەخوێنمەوە، کەواتە هەم) هەمان ئەو بوونەیە دێکارت باسی دەکات؛ منیش لەژێر سێبەری ماناکەی ئەو بۆ بوون، خوێندنەوەم کردووەتە پێشمەرجی ئەو بوونە. لە ڕوانگەی منەوە، بۆ ئەوەی بگەین بە بوونێکی دێکارتییانە کە مەرجەکەی بیرکردنەویە، پێویستە مێشکمان فێری بیرکردنەوە بکەین، ئەمەش بە ڕاهێنان دەكرێت. باشترین ڕاهێنان بۆ ئەوەی مێشک بجووڵێت و بتوانێت بیر بکاتەوە، بریتییە لە خوێندنەوە. هیچ شتێک هیندەی خوێندنەوە مێشک بۆ ورووژاندنی پرسیار هان نادات و خەیاڵی تێدا دروست ناکات. کەواتە دەتوانم بڵێم، ناوی کتێبەکەی من ئەگەر بە درێژی بینووسین بریتییە لەوەی: “من دەخوێنمەوە، کەواتە دەتوانم بیر بکەمەوە، کەواتە من هەم.”
وەک لە کتێبەکەشمدا ئاماژەم پێ داوە، لە سەردەمێکدا دەژین، بەلێشاو زانیاری دێنە بەر چاومان، ئەمەیش وای کردووە، بیرکردنەوە و بڕیاردانیان شڵەژاندووە. ئێستە هەر گوتەکەی دێکارت بێ پاشکۆ، سوودی نییە، ئاخر بیرکردنەوە لەو بازاڕی زانیارییە سەیر و زۆر و بۆرەدا، ئاسان ناتگەیەنێتە کەنار، پێویستیمان بە هاوکارییە. چاو ڕۆژانە دەبینێ و گوێ دەبیستێ، پێویستە چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە، تا کەمێک مۆڵەت بە هزرمان بدات، کەمێک کاتی بۆ بیرکردنەوە هەبێ! تەنیا چارەیەکمان لە بەردەمە، ئەویش خۆ ڕزگارکردنە لەو هەموو ژاوەژاو و ڕەنگە چڵکنە، بگەڕێینەوە بۆ بۆنی کاغەز و لاپەڕەکان هەڵبدەینەوە و دەست بە خوێندنەوە بکەینەوە! بگەڕێینەوە بۆ ئەو هاوڕێیەی هەرگیز لێمان بێزار نابێ، گەرچی ناحەقیشی نییە، لەم سەردەمە بێ ئەمەکەدا، بێزاریش بووبێ.
بەسێ بەشیر:
بەڕێزت سەرەتا بە دەقی “شیعری و چیرۆک” دەستت پێ کرد پاشان ڕۆمان، ئەمە پێمان دەڵێت ڕۆمان پێویستی بە لێزانی زیاترە یان کاتێک شیعر و چیرۆکت نووسی ئەوا نووسینی ڕۆمانیش ئاسانتر دەبێت، یاخود ئەمە پەیوەندیدار نییە پێیەوە؟
کوردۆ شابان:
ناتوانم بڵێم ئەو پلەبەندییەی بۆ ئەو سێ ژانرە ئەدەبییەت دانا، ڕاست بێت. هەر ژانرە یەکەیەکی داخراوی پێوەست بە خۆیەتی و لەگەڵ ژانرێکی تری ئەدەبی، ئەگەر پێوەندیشیان هەبێت، ناخرێتە سەر ڕیزبەندیی پلیکانەیەک تا بڵێی شیعر پلەی ئەوەندەهەمە و چیرۆک پلەیەکی بەرزتر و ڕۆمان لووتکەیە. ئێمە شیعری لووتکە و شیعری لاواز، ڕۆمانی لووتکە و ڕۆمانی لاوازا و بە هەمان شێوە چیرۆکی نایاب و چیرۆکی کرچوکاڵیشمان هەیە. ئەگەر چەترێک بۆ ژانرە ئەدەبییەکان دابنێم، شیعر دەکەمە ئەو چەترە، بەو مانایەی هەردەم زمانێکی شیعرییانە لە ژانرە ئەدەبییەکانی تریشدا جێی خۆی دەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە بە پێچەوانەوە، زمانێکی گێڕانەوە لە شیعردا جێی ببێتەوە. هەڵبەت ئێستە ئەمەش زۆر بووە و دەبینین وێنە و تابلۆی چیرۆکی لە شیعری نوێدا باڵی کێشاوە. ئێستە ڕۆمان و چیرۆک، لە ڕوانگەی سەرنجی زیاتری خوێنەران بۆی، پێشی شیعریان داوەتەوە، ڕەنگە ئەمەش هۆكار بێت بۆ ئەوەی ئەدیبان لەم ژانرەدا توانای خۆیان تاقی بكەنەوە.
سەرباری ئەوەی بەگشتی بڕوام بەو پلەبەندییە نییە کە شیعر، پاشان چیرۆک ئینجا بگەین بە ڕۆمان، بەڵام من وا دەستم پێ کردووە و دەتوانم بڵێم زۆرێک لە ڕۆماننووسانی بە ئەزموونیش هەر وایان کردووە؛ ئەمە مانای تێپەڕاندن نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندییەکانی ڕۆمان خۆی. ئەم ژانرە پشوودرێژییەکی زۆری دەوێت و هەوێنی هەستێکی ساتەوەختێک نییە وەک شیعر، بەڵکوو هێندەی ئەوەی سەلیقەیەکی ئەدەبیانەیە، تەکنیک و زانستە، قاڵبوونەوەی چەندان ساڵە لە نووسین، کەڵەکەبوونی تەمەنێک خوێندنەوە و دەیان گەشت و گەڕانە، هەر بۆیە دەگوترێت ڕۆمان ئەدەبی شارە. ڕەنگە هەرگیز لە گوندەکەی خۆت دەرنەچووبیت و ببیتە شاعیرێکی مەزنیش، بەڵام ناتوانیت ببیتە ڕۆماننووس، تا پڕ نەبیت لە ژیانی جیاوازی کۆمەڵگە و زانیاریی جودای هزری و کولتووری. بەڵگەیەکی تر کە هەرگیز ڕۆمان تێپەڕاندن نییە بەسەر شیعر و چیرۆکدا، زۆرێک لەو ڕۆماننووسانەی لە شیعرەوە دەستیان پێ کردووە (بە منیشەوە) هێشتا بەردەوامین لە نووسینی شیعر. هەموو ڕۆماننووسێک پێویستی بە شاعیرەکەی ناخی و شاعیرانی ترە، لە بەرانبەردا مەرج نییە شاعیر پێویستی بە ڕۆماننووس بێت. دۆستۆیڤسکی لە زینداندا، داوای دیوانی گۆتەی لە براکەی کرد بۆی ببات، كەچی قانع لە زینداندا داوای ڕۆمانێکی نەکردووە بۆی ببەن. ئەگەر پلەبەندیی شیعر، پاشان چیرۆک و دواتر ڕۆمان ڕاست بێت، کەواتە هەموو ڕۆماننووسێکی باش، بە دڵنیایی شاعیرێکی باشیشە، کەچی وا نییە؛ زۆر ڕۆماننووسی باشمان هەیە، شاعیرێکی خراپن. بەختیار عەلی ڕۆماننووسێکی گەورەیە و شیعریش دەنووسێت، ئایا دەتوانین بڵێین شیعرەکانی دەگەنەوە بە قولەپێی شیعری شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو. ئەم دوو زاتە ڕۆمانیان نەنووسیوە، دەکرێت بڵێین ئەوان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان؟ ئەگەر ئەم زێدەگۆیییە ناڕەوایە بکەین، ئەی چی لە نالی، مەحوی، وەفایی، گۆران و هێمن بکەین؟ لە کاتێکدا ئاستی هیچ ڕۆماننووسێکی کورد تا ئێستە، هێندەی ئاستی ئەو ناوە مەزنانە هەڵنەکشاوە. هەڵبەت ئەمەش نەنگی نییە، چونکە ڕۆمان لە جیهانی ئێمەی كوردەواریدا، ژانرێکی نوێیە.
من هەم شیعرم نووسیوە، هەم چیرۆک و هەم ڕۆمانیش. بەشێک لەو ڕەخنەگرانەی هەرسێ جۆری ئەدەبی منیان خوێندووەتەوە، پێیان وایە لە ڕۆماندا باشتر ئەسپی خۆم تاو داوە و “تاوانی پیرۆز” باشتر لە كتێبەكانی ترم توانیویەتی نوێنەرایەتیی من بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، من چێژی زۆر لە نووسینی چیرۆک و کورتەچیرۆک دەبینم و خەریکە بەشی کۆمەڵەچیرۆکی دووەمم تەواو دەبێت تا لەچاپی بدەم. چیرۆک لە ڕۆمان زیاتریش لە شیعرەوە نزیکە، بە دانیشتنێک دادەڕێژرێت و ئەوپەڕی دوو سێ دانیشتنی تری بوێت تا ڕێکوپێک دەبێت. هەردەم خەیاڵ دەتوانێت وێنەیەک دروست بکات و بیکاتە چیرۆکێکی کورت، یان هەستەکانمان زوو زوو دەبزوێت و شیعرێکی پێ دەهۆنینەوە، بەڵام هەموودەم ئەو خوڵق و کات و پشوودرێژییە دروست نابێت تا ڕۆمانی پێ بنووسین. بۆ نووسینی ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز” پێویستم بە شەش ساڵ بوو تا تەواو بێت. لەو ماوەیەدا دەیان شیعر و چیرۆکم نووسیوە، لەو ماوەیەدا ڕۆمانێکی گەورەی ژاندۆستم وەرگێڕاوە، سێ کتێبی ترم لەچاپ داوە. بۆ من ڕۆمان پرۆژەی ساڵانێکی تەمەنە، بۆیە خوێنەران چاوەڕێ نەکەن پاش بڵاوبوونەوەی یەکەم ڕۆمانم، ئیدی قەڵەمم لەسەری ڕابێت و ساڵانە ڕۆمانێکی نوێ بەرهەم بهێنم. دوور نییە ساڵی دوو کتێب چاپ بکەم، یان دوو بەرهەم وەربگێڕم، بەڵام هەرگیز ناتوانم بە ساڵێک ڕۆمانێک بنووسم.
بەسێ بەشیر:
لە ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز”دا باس لە کۆمەڵێک پرس و بابەتی وەک: کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، خۆشەویستی، دەروونی… کراوە.
لێرەوە دەپرسم: بەکارهێنانی پرسی ڕیفراندۆم لە ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز”دا بایەخی بۆ پرسی نەتەوەیی و ڕۆمان لە چیدایە؟
کوردۆ شابان:
ئەمە دوو پرسیاری سەربەخۆیە؛ یەکەمیان ڕیفراندۆم و پرسی نەتەوەیییە، دووەمیش ڕیفراندۆم و ڕۆمانە.
دووەمیان کە “بایەخی ڕیفراندۆم بۆ ڕۆمان لە چیدایە؟” بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر “ڕیفراندۆم” خۆی، پرسێکی نالۆجیکییە، ئەو کاتە لۆجیکی دەبێت، بڵێیت: تا چەند ڕیفراندۆمت وەک خاڵێکی ئایدیایی لە ڕۆمانەکەتدا بە باشی بەرجەستە کردووە؟ ئاخر ڕەخنەگر ناتوانێت لەوە بکۆڵێتەوە، بۆچی ئەم پرسەت کردووە بە هەوێنی ڕۆمانەکەت و ئەم پرسەی ترت نەکردووە؛ ئەوە بابەتێکی دەرەوەی ڕەخنەی ئەدەبییە. ڕۆماننووس ئازادە هەر پرس و هەر بابەتێکی بیەوێت، لە ڕۆمانەکەیدا جێی بکاتەوە. ئەوەی بۆ ڕەخنەگر گرینگە، لە ڕووی تەکنیکییەوە تا چەند توانیویەتی ئەو پرسەی دەیەویت بە بیانووی ڕۆمانەوە بیورووژێنێت، باش ئیشەکەی کردووە، بەبێ ئەوەی ڕۆمانەکە بکات بە شوێنێک بۆ هەڵڕشتنی کۆمەڵێک وتار؟ ڕەخنەگران کاتێک لە بابەتی وتاری سیاسیی ناو ڕۆمانی ژاندۆست و بەختیار عەلی دەدوێن، مەبەستیان لەوە نییە کە بۆچی ئەو بابەتە سیاسییەی لە ئەدەبدا بەکار هێناوە، یان بۆچی ڕای سیاسیی ئەو، بەو جۆرەیە! بەڵکوو ڕەخنەکەیان لەسەر ئەوەیە، پێیان وایە لە هەندێک شوێنی ڕۆمانی هەردوو نووسەری بەناوبانگ، لە تەکنیکی ڕۆمان دەچێتە دەر و دەبێتە وتارسازی. ئاسایییە ڕۆمان پەیامی هەبێت، ئاسایییە ڕۆمان وتارئامێز بێت، بەڵام مەرجە لە خزمەتی کۆی پرۆسەی ڕۆمانەکەدا بێت و ئەزێتی نەدات. پێم وایە تا ڕادەیەکی باش توانیومە ڕۆمانێکی وتارئامێز بنووسم، بەبێ ئەوەی ڕۆمانەکەم بکەمە قوربانیی ئەو وتار و پەیامانەی دەمەوێت بیگەیەنم. هەڵبەت ئەمەش ڕای جیاوازی ڕەخنەگرانی لەسەرە و هەندێک پێیان وایە هێشتا دەکرا چڕتری بکەمەوە و ئەو وتارئامێزییەی جێم کردووەتەوە، بە ڕستەی کورتتر بیبڕێنمەوە.
بێمەوە سەر بەشی یەکەمی پرسیارەکە و ئەویش ئەدەبی نییە، بەڵکوو پرسیارێکی هزرییە لەسەر ئەوەی تا چەند ڕیفراندۆم خزمەتی پرسی نەتەوەیی کردووە؟ دەزانم ڕەنگە تۆ وەک بابەتێکی سیاسی و لایەنداری بتەوێت بیورووژێنیت، بەڵام من نامەوێت لەو ڕوانگەیەوە لێی بڕوانم، بۆیە لەو لایەنەشەوە قسەی لەسەر ناکەم. نەتەوەکان بۆ ئەوەی بمێننەوە، پێویستیان بە ئاڵنگاریی بەهێزە لە بەرانبەر هەر شەپۆلێکی دەکەوێتە سەر ڕێیان. مانەوەی نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ناوچەکە بەبێ ئەوەی دەوڵەتی خۆی هەبێت، نهێنییەکی گەورەیە و هێشتا لێکۆڵەران گفتوگۆی لەسەر دەکەن. لەسەر خاکی ئەم ناوچەیەدا، نەتەوەی گەورە و ئێمپایەری مەزن هەبوون، وەک ئاشووری، کلدانی، ئەکەدی، سۆمەری، بابلی و زۆری تر، بەڵام لەناویاندا کورد تاکە نەتەوەیە کە ئێمپایەرەکەی ڕووخا، کەچی گەلەکەش لەسەر خاکی خۆی مایەوە و نەپووکایەوە. ئەمە مانای وایە کورد توانای خۆگونجاندنی هەبووە لەگەڵ هەر دۆخێکدا بەسەریدا هاتووە. چەكی گەورەی مانەوەی كورد، زمانەکەیەتی. بۆ ئەوەی كورد تەنیا بەو ناونیشانە نەمێنێتەوە کە یەکێکە لە گەلە کۆنەکانی سەر زەوی بەبێ ئەوەی دەوڵەتی هەبێت، پێویستی بەوە بوو ئەکتێکی جیاواز بکات، ئەکتێکیش بێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک بگرێتەوە، ئەویش تەنیا بە ڕیفراندۆم دەکرا؛ لە پرۆسەیەکی دیموکراتیانەدا پرسیار لە گەلی خۆت بکەیت: ئایا دەیەوێت لەگەڵ وڵاتی پێوەلکاودا جیا ببیتەوە یان نا؟ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، بەڵگەیەکی یاساییی گەلی کوردە بە ڕووی جیهاندا؛ ئێمە دەمانەوێت خۆمان خۆمان بەڕێوە ببەین و سەر بە هیچ وڵاتێکی تر نەبین. لە ڕووی سایکۆلۆجیشەوە، تاکی کوردی فێری سەربەرزییەکی بێوێنە کرد کە دەتوانێت بەشدار بێت لە پرۆسەیەکدا و بە بەرچاوی جیهاندا بڵێن من نامەوێت سەر بەو عێراقە بم کە بەبێ ویستی خۆم پێوەی لکێندراوم، ئەمە هەستی خۆبەکەمزانینی کوردی وەک تاکێکی بچووکتر لە تاکی هەر نەتەوەیەکی تر گۆڕی بۆ تاکێکی یەکسان. بەگشتی قسە زۆرە لەسەر ڕیفراندۆم بیکەم، پێم وایە بە کتێبێکی تایبەت لەسەر ئەو پرۆسە گرنگە، هەروەها بە جێکردنەوەی لەناو ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز”دا ئەوەی پێویستە، گوتوومە.
بەسێ بەشیر:
لە دونیای تەکنەلۆژیای ئێستادا گشت شتەکانی دەورووبەرمان خێرا و زوو تێپەڕن، بە جۆرێک وای لێهاتووە مرۆڤ خواست بۆ بابەتی کورت بڕ زیاتر دەچێت. دەمەوێت بڵێم ئایا ئەم کورت بڕییە کاری لەسەر ژانری ڕۆمان کردووە، بە جۆرێک کەمتر بخوێندرێتەوە یاخود کورتبڕی لە نووسینیدا بکرێت؟
کوردۆ شابان:
هەموو ئەوەی باسی دەکەیت، کاریگەریی بەرچاوی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی ئێستە کتێبی پوخت، کۆکراوەی زانیاریی چڕ و زۆر بە لاپەڕەی کەم بخرێتە بەردەم خوێنەران. دەتوانم بڵێم خۆم لەژێر سێبەری ئەو کاریگەرییەدا سێ کتێبم نووسیوە، بریتین لە: “دەخوێنمەوە، کەواتە هەم”، “پڕ بە پێست” و “چۆن دەنووسن؟”. ئەم کتێبانە هەر یەکەیان دەکرا بە شەش سەت حەوت سەت لاپەڕە تەواو ببن و لێ بە پوخت و کورتبڕی تەواوم كردن تا زوو خوێنەر پێیان بگەن و زوو لە خوێندنەوەشیان تەواو ببن. تەنانەت پێش ئەم کاریگەرییانەی سەردەمی تەکنۆلۆجیا، هەردەم کوردبڕی نیشانەی نووسەری جواننووس بووە. ئەو نووسەرانەی ناتوانن بە کورتبڕی مەبەستی خۆیان بگەیەنن، بەهرەی نووسینیان کڵۆڵە. لە کتێبی “چۆن دەنووسن؟”دا، بابەتێکم تێدا داناوە بە ناوی ” چۆن توانای نووسینت بههێز دهکهیت؟” لەوێ کۆمەڵێک خاڵم بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە خستووەتە ڕوو و هەمووشی پشتم بە سەرچاوەی گەورە بەستووە. لە خاڵی شەشەمدا نووسیومە: کات و هۆشداریمان، زرنگترینی ژیانمانن؛ ئهوپهڕی خۆویستییه، تۆی نووسهر وا له خوێنهرهکهت بکهیت، پازدە خولهک بهدیار نووسینێکی تۆوه دابنیشێت، له کاتێکدا دهکرا به چهند ڕستەیەک و کهمتر له خولهکێک ڕزگاری بکهیت. ئهگهر دهتهوێت متمانهی خوێنهر بهدهست بهێنیت و ههردهم ئهوداڵی بابهتهکانت بن، به درێژدادڕی پێی ناگهیت، کورتبڕی ڕێگە ڕاستەکەیە.
سەبارەت بە ڕۆمان، جیاوازە. هەرگیز قەبارەی ڕۆمان، مەرج نییە بۆ باشی و خراپییەکەی. واتە مەرج نییە ئەگەر ڕۆمانێک زۆر ئەستوور بوو، مانای ئەوە بگەیەنێت کە زۆر باشە. یان ئەگەر چاویلکەی کورتبڕی بکەینە چاومان و وا بزانین مادەم ڕۆمانەکە قەبارەی بچووکە، کەواتە ڕۆمانێکی باشداڕێژراوە. بە ڕای من، ڕۆمان لەسەر چوار پایە بونیات نراوە. یان باشترە بڵێم، کاتێک خۆم ڕۆمانێک دەخوێنمەوە و دەمەوێت ڕەخنەی لێ بگرم، پشت بەم چوار خاڵە دەبەستم تا بتوانم ڕۆمانەکە هەڵبسەنگێنم، ئەویش بریتین لە: یەکەم: زمانی نووسینی ڕۆمانەکەیە. واتە لە ڕووی ڕێزمان، ڕێنووس و خاڵبەندییەوە، تا چەند نووسەر بەسەر زمانەکەیدا زاڵە، هەروەها لە ڕووی وشەکاری و وشەسازیدا تا چەند زەنگینە. ڕەنگە لەم خاڵەدا کورتبڕییش جێی ببێتەوە و نووسەرێک بەسەر زمانەکەیدا زاڵ نەبێت، درێژدادڕ بێت. خاڵی دووەم بریتییە لە تەکنیکەکانی نووسینی ڕۆمان و لێرەدا وەک زانستێک دەڕوانمە ڕۆمانەکە، داخۆ ئەو بەرهەمە پرۆفیشناڵە یان نا. ڕۆمانی پرۆفیشناڵ، نووسەرێک دەینووسێت ئاگای لە هەموو ڕێبازەکانی نووسینی ڕۆمان هەبێت، باش بزانێت کارەکتەرسازی بکات، پڵۆت و فلاشباکی جوان بەکار هێنابێت، کات و شوێنی بە باشی بێ هەڵە جێ كردبێتەوە. دیالۆگسازییەکەی ڕەنگاوڕەنگ بێت و هەموویان دەنگی نووسەر نەبن، لەگەڵ زۆر وردەکاریی تری پێوەست بە تەکنیکی ڕۆمان. خاڵی سێیەم: تا چەند نووسەر لەوەی ویستوویەتی بیڵێت، بە باشی گەیاندوویەتی؟ واتە تا چەند بوێر بووە، تابووی شکاندووە و لە بڤەکانی کۆمەڵگە نەترساوە، تا چەند توانیویەتی ئەو پەیامەی دەیەوێت بیگەیەنێنت، بەتەواوی تێکەڵی چیرۆکەکان بکات بە شێوەیەک نەبێتە وتار؟ (وەک لە وەڵامی پرسیارێکی پێشتریشدا ئاماژەم پێ کرد.) خاڵی چوارەم: ئەمەیان هەڵسەنگاندنێکی تایبەتییە و لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێک جیاوازە، ئەویش ئەوەیە، تا چەند ئەم ڕۆمانە چێژی پێ بەخشیوم؟ هەڵبەت لەم خاڵەدا نووسەری بەهرەمەندمان بۆ دەردەکەوێت. چۆن؟ ئەگەر نووسەرێک مامۆستای زانكۆ بێت، لە تەکنیکی نووسینی ڕۆماندا پرۆفیسۆر بێت، زمانزانێکی باشیش بێت، خاوەنی ئایدیای بەرز بێت، بیرمەند بێت، وڵاتان گەڕابێت و زۆری خوێندبێتەوە، بەڵام سەلیقەی دەقی ئەدەبیدا، بەهرەكەی بەهێز نەبێت، هیچی دادی نادات و ناتوانێت ڕۆمانێکی بەچێژمان پێ بدات. ئەوپەڕی توانی ڕۆمانێکی بێ هەڵە و پرۆفیشناڵ لە ڕووی تەکنیکەوە ببەخشێت، بەڵام ڕۆمانێکی ساردوسڕ و بێ چێژمان دەداتێ. لێرەدا من ڕایەكی جیاوازم هەیە لەگەڵ هەردوو قوتابخانەكەی لە ڕۆمان دەڕوانن. یەكێكیان پێی وایە، ڕۆمانیش وەكوو شیعر، تەنیا سەلیقە و بەهرەی ئەدەبییە و یەكێ ئەدیب نەبێت ناتوانێت بینووسێت، قوتابخانە مۆدێرنەكانیش پێیان وایە، ڕۆمانی نوێ زانستە و وەكوو فیزیا و كیمیا، هەر كەس لە هاوكێشەكانی نووسینی ڕۆمان شارەزا بوو، دەتوانێت ڕۆمانێكی باش بنووسێت. من دەڵێم هەردووكیانە. دەبێت ئەدیب بیت بە مانای وشە، لە پاڵیدا تەواو شارەزای زانستی ڕۆماننووسین ببیت. كێشەی زۆربەی ڕۆمانەكانی كورد لەم خاڵەدایە، بۆیە بە ئاسانی وەرناگێڕدرێنە سەر زمانەیلی جیهانی، ئاخر ڕۆمانەكە ڕاستە چێژبەخش و جوانە، بەڵام هەڵەی تەكەنیكیی زۆرە.
بەسێ بەشیر:
کۆمەڵێک کتێب سەبارەت بە بابەتی “ڕێنووس و خاڵبەندی” نووسراون، هەنگاوی باشیان ناوە لام بوارەدا و جێگەی بایەخ پێ دانن.
تا چەند لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی حکوومەت پشگیری کراون، هەوڵدراوە ئەم کتێبانە بەپێی سیستەمێکی گونجاو بۆ ڕێنووسی کوردی بەکار بێتەوە؟
کوردۆ شابان:
حوکوومەت شوێنێکی باڵای هەیە کە تایبەتە بە بایەخدان بە زمان و ڕێگریکردن لە تێکدان و شێواندنی زمانەکە لەلایەن ڕاگەیاندنەکان و نووسەری کڵۆڵەوە، ئەویش بریتییە لە “ئەکادیمیای کوردی” لەبەر ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەو ئەکادیمیایە نەیتوانیبوو وەکوو پێویست بە ئەرکی خۆی هەستێت، هەموو ئەو گرفت و گلەیییانە دروست بوو، وای لێ هات ڕێنووسێکی هاوبەشمان نەبێت تا هەموو پێوەی پابەند بن. خۆشبەختانە ماوەی نزیکی ساڵێکە سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەکادیمیا گۆڕان بۆ تیمێکی نوێ و ئومێدی کاری باشیان لێ دەکرێت. جارێ با چاوەڕێ بکەین بزانین ئەم تیمە نوێیە دەتوانن چیمان بۆ بکەن!
بەسێ بەشیر:
ئایا بە پێویستی دەزانیت دەزگای بڵاوکردنەوە و وەشانخانەکان پێش چاپکردنی هەر کتێبێک بە “ڕێنووس و خاڵبەندی” کتێبەکەدا بچنەوە؟
کوردۆ شابان:
بەداخەوە ئێمە دەزگەی چاپ و پەخشمان نییە، بەڵکوو کۆمەڵێ کتێبفرۆشمان هەیە لەژێر ناو و لۆگۆی جیاوازدا. جاران دەزگەی ئاراس و دەزگەی سەردەم هەبوون، ئێستە ئاراس نەماوە و سەردەمیش بە هەمان تۆکمەییی پێشوو کار ناکات. ئەم کتێبفرۆشانە، توانای ماددیی ئەوەندەیان نییە پارە بدەنە هەڵەگر و ڕەخنەگر تا پێش ئەوەی بڕیار لەسەر چاپدانی کتێبێک بدەن، ئەوان پێیدا بچنەوە. بە سەلیقەی خۆیان بڕیار لەسەر چاپدانی کتێبێک دەدەن و هەوڵیش دەدەن نووسەرەکەی داوای مافی داراییی خۆی نەکات، ئینجا بینێرن بۆ ئێران چاپی بکەن، چونکە لەوێ تێچووی کەمە. بەم هەموو مەینەتییە کتێبێک دەخەنە کتێبخانەکانەوە، ئەگەر تێچووەکەی حەوت هەزار بێت و بە دە هەزار دینار بیفرۆشن، دەکرێن بە کێودا، خوێنەر لێیان دەکەوێتە هەڵا و دەڵێت گرانە. پرۆسەی چاپدانی کتێب لە کوردستان زۆر بە هەڵە ڕۆیشتووە، پێویستە لە بنەڕەتەوە ڕاست بکرێتەوە. خەو بەوەوە دەبینم، سێ چوار دەزگەی زەبەلاح توانای ئەوەیان هەبێت هەم پێداچوونەوەی زمانەوانی و هەم پێداچوونەوەی زانستی بە کتێبەکاندا بکەن، هەم مافی نووسەر بدەن، ئەمەش یان دەبێت کتێبەکەیان زۆر گران فرۆشن، یان دەبێت لەلایەن حوکوومەت و دەسەڵاتەوە پشتگیری بکرێن. وا پێ دەچێت دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان، کەمتر بیری لەمە کردبێتەوە، یان كتێب بە شتێكی ئەوەندە گرینگ نەبینن تا دەزگەی زەبەلاحی بۆ بكەنەوە. من مرۆڤێكی ئەرێییم، هیوادارم لە داهاتوودا ئاوڕ لەم بابەتە بدرێتەوە.
با ئێمە هەموو خەتاکەش نەخەینە سەر ئەو کتێبفرۆشانە. ئەگەر ئەکادیمیای کوردی، پۆلیسی زمانی هەبوایە، ئەگەر یەکێتیی نووسەران، ڕێکاری تۆکمەی دابنایە، هەموو کەس نەنووسێت، ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری، ژمارەی سپاردنی نەدایە بە هیچ کتێبێک پێش ئەوەی لیژنەیەکی پسپۆڕ پێیدا بچێتەوە، ئەو کاتە ئەرکەکە لەسەر کتێفرۆشانیش سووکتر دەبوو. بە کورتی، بازنەیەکە لە هەموو لایەکەوە بە هەڵە هاتووە.