دیدار لەگەڵ کارۆ حوسێن | چاوپێکەوتن
بابانی شەن
لە دیدار لەگەڵ رۆمانووسی گەنج کارۆ حوسێن ـدا لەبارەی گەشەسەندن و دەرکەوتنی ڕۆمان لە کوردستان و تێپەڕاندنی قۆناغی کلاسیک و ڕۆمانی تاکدەنگ لەناو کورددا دواین. هاوکات پرسی ناسینەوەی خەیاڵ و درۆ و وەهم و چەند پرسێک پەیوەست بە بابەتەکەمان بەسەر کردووەتەوە. خوێنەری گفتگۆکەمان بن.
بابانی شەن:
لە کام دەیەدا ڕۆمانی کوردی، ئیتر بوو بە ئەزموونێکی باش و چڕوپر، ئەزموونێک کە ئیتر شەرم لەوە نەکەین تێکستەکە بە ڕۆمانێکی باش ناوی ببەین و بەراوردی بکەین بە ڕۆمانی وڵاتانی دەراوسێ، وە بۆ؟
کارۆ حوسێن:
چەند پرسیارێک هەن و بەرەو چەند پرسیارێکی تر ئاڕاستەمان دەکەن؛ گونجاوە ڕۆمان بەسەر دەیەکانی ساڵدا پۆلێن بکەین؟ ئەی دروستە ڕۆمان بەسەر باش و خراپدا دابەش بکەین؟ گریمان لەگەڵ بەراوردکردنداین، پرسیار ئەوەیە، ئەو شتەی کە شەرم دەکەین بەراوردی بکەین، ڕۆمانە؟ ئایا ڕۆمانی وڵاتانی دراوسێ ئەوەندە لە پێش ئێمەوەن، تا شەرم بکەین لە بەراوردکردنی (ڕۆمانی کوردی) بە ڕۆمانی ئەوان؟ … لەگەڵ ئەو پۆلێنەشدا نیم؛ ڕۆمانی کوردی، فەڕەنسی و تد…مان نییە. هیچ زمان و نەتەوە و وڵات و کولتوور و کۆمەڵگەیەک لە دەرەوەی ڕۆمان نین، پێچەوانە هەموویان لەناو ڕۆماندان و هەموانیش بەو جیاوازیانەوەی کە هەیانە تێیدا دەمێننەوە، ئەوەی کە پێویستە ئەو بوونە بسەلمێنێت گێڕانەوەیە.
کە دایک و باوک بەهرە و توانای منداڵەکانیان نابینن، بە منداڵی تر بەراوردیان دەکەن. پێچەوانەش جاری وا هەیە بەهرەی منداڵی خەڵک نابینن. ئەگەر لە خێزاندا گفتوگۆ و تاقیکردنەوە و کەشی جیاواز نەبوو، بەهرەی منداڵەکان دەر ناکەوێت. یان ئەگەر کەسێک نەگەیشتبووە تێگەیشتنێک کە هەموو تاکێک بەهرە و توانای هەیە، تەنیا بەهرەی منداڵەکانی خۆی دەبینێت، چونکە ئەوان بەردەوام لەبەر چاویدان و بەهرەکەی بینیون بەتایبەت لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا کە بەهرە و تواناکان لە منداڵییەوە لە تاکەکاندا دەگۆڕدرێت بۆ ژیانێکی کولەمەرگیانە! بەلایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە جارێ پێویستە ئێمە خۆمان بخوێنینەوە. بۆ نموونە ڕۆمان و بەرهەمە کرمانجییەکان، جیا لە چەند نموونەیەک، نەک هەر گفتوگۆمان دەربارەیان نەبووە، بگرە نەشمانخوێندوونەتەوە.
بە زۆر هۆکار خۆمان نەخوێندووەتەوە، هەر لە بە کەمزانینی هونەر و ئەدەبیاتەوە هەتا لە کۆتاییشدا هونەر و نووسین لای هونەرمەندان و نووسەران وەک خۆسەرقاڵکردن نەک وەک پیشە، بەڵام لە هەر ئاست و پێگەیەکی کایەی هونەری و ئەدەبیدا بین، چ لە نێوان دوو بەرهەمدا بێت یان دوو نەوەی نووسەران یان وڵاتانی دیکە، من لەگەڵ بەراوردکارییدا نییم، بەڵکوو هەر بەرهەمێک لە خۆیدا گفتوگۆدەکرێت.
لە قوتابخانەکاندا کۆبوونەوەی دایک و باوکان دەکرێت، لەوێدا کەسێکی تر (مامۆستا) پشتبەستوو بەو تاقیکردنەوانەی ڕۆژانە کردوونی، قسەیەک لەسەر توانا و بەهرەی منداڵەکان (خوێندکارەکان) دەکات، ئەو لەو چوارچێوەیەی کە تاقیکردنەوەکەی تیادا کراوە بڕیارەکەی دەدات. بێئەوەی لەبیری بێت لەدەرەوەی وانەکانی قوتابخانەدا دەیان کایەی تر هەیە و هەندێک لەوانە ئەگەر ڕێکخستنێک هەبێت ڕەنگە وەک وانە بخوێنرێن؛ نازانم ئێستا، بەڵام کاتێک ئێمە خوێندکار بووین، مامۆستا بەشێوەیەک قسەی دەکرد وەک ئەوەی هەموو ژیانی تۆی لێ دیاربێت. تۆ فاشیلی یان تۆ نەوەی داهاتووی! نە ڕۆماننووس خوێندکارەکەیە و نە ڕەخنەگریش مامۆستاکە.
پۆلێنکردن بەسەر باش و خراپدا واتە حوکمدان، حوکمدانیش واتە ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ. تاکی ئێمە هەر لە منداڵییەوە لەسەر ئەوە ڕاهێنراوە و مامۆستای سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنیش بە ئاگایی بێت یان نا ئاگایی بەردەوام خوێندکارەکانیان لەسەر پەروەردە کردووە. بەشێک لەو خوێندکارانە کە بوون بە نووسەر و هونەرمەند بەو شێوەیە کاریان کردووە.
ئێمە گفتوگۆ ناکەین، چونکە ماندووبوونێکی زۆری بەدوادا دێت.(ماندوو دەبین، چونکە ئەقڵ و دەروونی ئێمە پێی نامۆیە) پۆلێنکردن بەتایبەت پۆلێنکردن بەسەر باش و خراپدا ئاسان و بێ گرفتە و چێژی لێ دەبینین، چونکە هەست بە پارێزراویی پێگەکەمان دەکەین!
گفتوگۆ ڕێگەمان پێ نادات خۆمان، خۆمان بە مامۆستا، یان خۆمان، خۆمان بە (خوێندکارێکی خاوەن بەهرە و توانا یان بێ بەهرە و بێ توانا) بزانین. گفتوگۆ ڕێگەمان پێ نادات بە پێی دڵ و بیرکردنەوە و حەزی خۆمان نەوەیەک بەسەر نەوەیەکدا و ڕۆماننووسێک بەسەر ڕۆماننووسێکی تردا و دەقێک بەسەر دەقێکی تردا باڵاتر نیشان بدەین، بەڵام پۆلێنکردن ڕێگەی هەموو ئەوانەمان پێ دەدات و وەک گوتمان، چونکە تاکی ئێمەش لەسەر پۆلێنکردن پەروەردە کراوە، کاتێک کەسێک دەبینن گفتوگۆ دەکات ترسیان لێ دەنیشێت و وردە وردە پێکەوە(بەگروپ) ڕەتی دەکەنەوە.
بابانی شەن:
فرەیی زانیاریی و شارەزایی لە بوارەکانی تردا، لە کوێدا بە کەلکی ڕۆمانووس دێت؟
کارۆ: خەیاڵ مەرجی ڕۆماننووسینە، هەر ڕۆماننووسێک پێش هەر شتێکی تر پێویستە کار لەسەر فراوانکردنەوەی خەیاڵی بکات. کاتێک ڕۆماننووسێک بە هەر هۆکارێک ڕێی دەکەوێتە نەخۆشخانەیەک، بە کۆمەڵێک کەرەستەی نووسینەوە دێتە دەرەوە، ئایا لەبەر ئەوەیە زانیاریی یان شارەزاییەکی لە پیشەی پزیشکیدا بەدەست هێناوە؟ نەخێر، چونکە بەر زۆرترین نەخۆش کەوتووە کە هەر یەکێکیان چیرۆکێک یان چەند چیرۆکێکی هەیە و هێناونەتییە ناو نەخۆشخانەکەوە.
هەڵەبجە کیمیاباران دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕۆمانێک بنووسین و ئەو کیمیابارانەی تێدا ڕووبداتەوە، پێویستمان بە چییە؟ شارەزایی لەوەی کیمیایی چۆن دروست دەکرێت، شارەزایی لەوەی جەستە دوای مردن چی بەسەر دێت؟ یان بچین دەربارەی ئازار و مەرگ، کۆی زانستەکانی تر وەک دەروونشیکاری و کۆمەڵناسی و دەروونناسی بخوێنینەوە؟ هیوادارم کەسانێک هەڵە لێمان تێنەگەن هەموو زانست و کایەکانی دیکە گرنگن و بۆ پاشخانی مەعریفی خۆی پێویستە ڕۆماننووسێکیش زیاتر لە هەر کەسێکی تر خوێنەریان بێت.
کاتێک ڕۆمانێک دەنووسین وەڵام و ڕاستییەکانی پێشتر دەخەینە خزمەت گێڕانەوەوە، بەڵام لە خەیاڵی هونەرییدا پشتیان پێ نابەستین. بە نموونە پزیشکەکان، دەیان تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە دەکەن تا بگەن بە چارەسەری شێرپەنجە. ڕۆمانێک دەخوێنینەوە دەبینین ڕۆماننووس ئەو تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوانەی خستووەتە خزمەتی گێڕانەوەکەی و بە خەیاڵیش پێش پزیشکەکان کەوتووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ واقیعی دەرەوەی گێڕانەوەکە کە هێشتا نەگەیشتوون بە چارەسەر، چارەسەری شێرپەنجەمان نیشان دەدات! … لە واقیعی دەرەوەی گێڕانەوەدا ڕەنگە جەستەی هەمان نووسەری ئەو ڕۆمانە بەهۆی شێرپەنجەوە لە چالاکی بکەوێت!
ئاماژە بە خاڵێک بکەین، کە ڕووداوێک یان کەسایەتییەکی واقیعی دەرەوەی گێڕانەوە دەبێتە هەوێنی گێڕانەوە، بە بۆچوونی من نابێت لە گێڕانەوەکەدا ڕاستییەکانی دەرەوەی گێڕانەوە بنووسینەوە، بەڵام ڕاستیەکان ناشێوێنین. بۆ نموونە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕاستییەکی مێژوویی هەیە. خەم و ئازار و قوربانییەکان لەناو گێڕانەوەکەدا بەبێ لایەنگیری نیشان دەدرێنەوە، بەڵام ئەو نیشاندانەوەیە لای هەر هونەرمەندێک بەشێوەیەکە و لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ژمارە و داتاکانی دەرەوەی گێڕانەوە دێنە ناو گێڕانەوەوە، ڕاستەوخۆیی لەدەست دەدەن. (پێویستە گفتوگۆمان لەبیربێت!)
ئەم خەیاڵە بەسوود وەرگرتن لە زانیارییەکان و هاو ئاڕاستەی ڕاستییەکانی ڕووداوێکی مێژوویی وەک هەڵەبجە دەنووسینەوە. (سەرتای ڕۆمانەکە ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجە. ڕەشەبایەک هەڵدەکات. باخێکی سێو هەمووی هەڵدەوەرێت و بۆگەن دەکات. هەندێک باڵندە و گیانلەبەر بەو بۆنە گیان لەدەست دەدەن، هەندێکیان نەخۆش دەکەون، هەندێکیان هێلانەکانیان جێدەهێڵن و ئاوارە دەبن… لەبەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا ساڵی ٢٠٢٤ هەمان شوێنی باخی سێوەکان، بووە بە باخی هەنار، باڵندە و گیانلەبەرەکان لە ڕوبارێکەوە ئاو دەهێنن و دارهەنارەکان ئاودەدەن. ژیانی تازەی باڵندە و گیانلەبەرکان نیشان دەدەین و ئەو خەمەش کە بەدڵیانەوە چەسپیوە) … وەک گوتمان تەنیا بە گێڕانەوە دەتوانین زمان_کوردبوون_کولتوور_خەم و ئازارەکانمان لەناو ڕۆماندا بهێڵێنەوە و نیشان بدەین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەوە بەبێ گێڕانەوە بکەین، ئەوەش وای کردووە، تا ئێستا کەم لەناو ڕۆماندا ببینرێین، یان کەم خۆمان_خۆمان بینینەوە!
بابانی شەن:
ئایا لە ڕۆمانی کوردیدا ئەو شێوازە کلاسیکییە تێپەڕێنراوە، کە یەک کارەکتەر ڕۆمانەکە بگێڕێتەوە، یاخود تاک دەنگ بووە بە فرە دەنگ؟
کارۆ حوسێن:
ڕۆماننووسین بە زمانی کوردی مێژووەکەی ئەوەندە نییە، تەنانەت ئێستاش ئێمە لەبەردەم پرسیارێکداین ئایا ڕۆمانمان نووسیوە یان نا؟ ئەم پرسیار بەو مانایە نایەت من هیچ ڕۆمانێکی بە کوردی نووسراوم نەبینیبێت، یان پێم وابێت ناتوانین بینووسین، بەڵکوو پرسیارێکە پێویستە ڕەخنەگر و لێکۆڵەر و ڕۆماننووسان و خوێنەران بەردەوام گفتوگۆی بکەن و لەوێشەوە بۆ گفتوگۆکردنی پرسیارەکانی تر بچن.
هەروەها من وەک ڕۆماننووس لەبری ئەوەی سەرنج لەسەر ڕۆمانێکی تر بدەم، بەپێی ئەو تێگەیشتنەی بۆ چییەتی ڕۆمان هەمە، ڕۆمان دەنووسم. هەرکەس لەبارەی ڕۆمانەوە بدوێت جا چ ڕاستەوخۆ بێت یان لەڕێی بەرهەمێکەوە، من گوێی بۆ دەگرم و دەیخوێنمەوە. بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکەت و ئەم بەشەی سەرنجەکانم ڕوون ببێتەوە؛ کاتێک هەرکەس کار و شوێنی خۆی دەزانێت، دەزانێت پرسیارێکی چەند گرنگی لێ کراوە!
جارێکی تر ناچارم ئەوە دووبارە بکەمەوە؛ نامەوێت لێرەوە ڕا و بۆچوونی خۆم وەک پێوەر بخەمە ڕوو. بەناو ڕۆماننووس و ڕەخنەگر ئەوە دەکەن، لەبەر ئەوەی گفتوگۆمان نەبووە و نییە، وردە وردە خوێنەرانێک یان بەپێی ئەو پێوەرانە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو ڕۆمانانەی خوێندووەتیانەوە کردووە، یان کە دواتر هەوڵەکانی خۆیان بۆ ڕۆماننووسین دەست پێ کردووە، لەسەر ئەو پێوەرانە (ڕۆمانەکەیان/ڕۆمانەکانیان) نووسیوە! خاڵی مەترسیداریش ئەوەیە، چونکە هەڵسەنگاندن لەسەر پێوەر خۆی بنیاتدەنێت، ڕێگەی هیچ ڕا و بۆچوونێکی جیاواز لە خۆی نادات!
گفتوگۆ لەو مەترسییە دوورمان دەخاتەوە، تەنانەت دەبێتە ڕێگر لەوەی هەرکەسێک لای خۆیەوە شتێک بنووسێت و ناوی بنێت ڕۆمان یان ڕەخنە!
بەناو نووسەران، ڕێزی شوێنکەوتوو دەگرن و خوێنەران دەخەنە پەراوێزەوە، چونکە شوێنکەوتوو توانای گفتوگۆی نییە هەبوونی بە ‘چێژ’ە، بەڵام خوێنەر توانای گفتوگۆی هەیە من_ی نووسەر دەخاتە بەردەم پرسیار و گومانەوە و پۆلێنکاریی قبووڵ ناکات، پێناسە کە خۆی مەترسیدارە یان قبووڵی ناکات، یان هیچ نەبێت داوای چەند پێناسەیەکی جیاواز دەکات، بۆیە بۆ کەسانی بەناو نووسەر تەنیا سەرئێشەیە.
تەکنیکی ڕۆمان پێش کەوتووە. دەیان ستایلی تر خوڵقاون. ئێمە لە کوێی ئەم پێشکەوتنەداین؟ ئایا ئێمە تەنیا شوێن هەنگاوەکانی ڕۆماننووسانی جیهان کەوتوین، یان لەگەڵیاندا لەو بەرەوپێشبردنە بەشدارین؟ ئەگەر لە کلاسیکدا ماوینەتەوە، بۆچی لە کلاسیکدا ماوینەتەوە لەکاتێکدا مێژووی ڕۆماننووسینمان ئەوەندە نییە و دەکرا هەر لەسەرەتاوە بەو شێوەیە دەستمان پێ نەکردایە؟ ئەگەر کلاسیکمان تێپەڕاندووە، ئایا سەیر نییە ڕۆمانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن دەنووسین، بەڵام لە گفتوگۆدا ئەوەندە لە دواوەین بگرە هەر بەلایدا ناچین؟
بابانی شەن:
ئایا دەکرێ ڕۆمان بۆ پێدانی زانیاریبێت، یان دەبێ بیرکەرەوە و پرسیار درووستکەربێت؟
کارۆ حوسێن:
لێرە و لەوێ دەبیستین و دەخوێنینەوە، ڕۆمانێک زانیاریی گرنگی بە خوێنەرەکانیداوە، بەڵام دەپرسین ئایا ڕۆماننووس ویستوویەتی زانیاریی بدات، یان گرێچنەکە ئەوەی خواستووە؟ … لەم سەد ساڵەی دواییدا کە سەرچاوەکانی زانیاری زیادیان کردووە، بۆچی ڕۆمان وەک خۆی مایەوە، ئایا لەبەر ئەوەیە ڕۆمان سەرچاوەیەکی بەهێز و بڕواپێکراوترە؟ لەبەر ئەوەیە خێراترە؟
بەخشینی زانیاری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە، ڕۆمان پرسیار دروست دەکات. وەڵام دوورخستنەوەی گومانە، ڕۆمان گومان دروست دەکات. زانیاری و وەڵام هانمان دەدەن بۆ چەقبەستوویی، ڕۆمان چەقبەستوویی تێکدەشکێنێت. زانیاری ئەگەر هەر لە زانیاریدا بمێنێتەوە لەبیرکردنەوەدا تەمبەڵمان دەکات،(مەبەستم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنەرانەیە) ڕۆمان بەرەو خەیاڵ دەمانبات و لەوێشەوە بۆ خەیاڵی داهێنەرانە.
ڕەنگە کەسانێک بڵێن؛ (هیوادارم وابڵێن، چونکە وا نەبێت گفتوگۆ دروست نابێت) ئەوەی تۆ دەیڵێیت کار و ئەرکی فەلسەفەیە، یان بڵێن؛ هەر بەلای ئەدەبیاتدا نەچوویت… ئەدەبیات تا ئێستا هەموو کایەکانی تری لەخۆیدا جێ کردووەتەوە، بێ ئەوەی بچێتەوە سەر شێوەی هیچ یەکێکیان، بەڵکوو زانست و کایەکانی ترن کە دێنە ناو ئەدەبیاتەوە شێوە بینراوەکەی خۆیان لە دەست دەدەن و ناناسرێنەوە. یەکێک لەوانە فەلسەفەیە… کە فەلسەفە دێتە ناو بەرهەمێکی ئەدەبییەوە شێوە و زمانەکەی خۆی لە دەست دەدات و ڕاستەوخۆ زمانی ئەدەبیی بەبەردا دەکرێت، بەڵام ئەرک و ویستە دیارینەکراوەکەی بێ ئەوەی پێچەوانە ببێتەوە لە گۆڕاندا دەبێت بەرەو هەڵکشان. بە خوێندنەوەی من ئێستا دوای ئەوەی سەرجەم زانست و کایەکانی تر گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بۆ ئەوەی کۆتایی ئەدەبیات دوابخەین یان بەتاڵی بکەینەوە، پێویستە یەکێک لەو گۆرانکاریانەی لە ناو ئەدەبیاتیشدا ڕوو دەدات ئەوەبێت، بەراورد بە پێشووتر، لەمەودوا توندتر باوەش بە کایە و زانستەکانی تردا بکات و بیانهێنێتە ناو خۆیەوە. بەمەش کە من پێموایە وا خەریکە ئەو گۆڕانکارییە ڕوو دەدات و نموونەشمان هەیە، ئەدەبیات خۆی نوێ دەکاتەوە و بەردەوام لەگەشەکردندا دەبێت، لە پێناسەیەکدا خۆی قەتیس ناکات و پێناسەی جیا جیا بەبەری خۆیدا دەکات.
بابانی شەن:
من بۆخۆم وەک وەک خوێنەرێک جیاوازی لە نێوان درۆ و خەیاڵ و وەهمیش دەکەم لە ڕۆماندا. دیارە ڕاستەکەیان خەیاڵە و ڕەگەزێکی ڕۆمانە، ئەی درۆ و وەهم چۆن بناسینەوە لە ڕۆماندا کە ڕۆماننووسی ناشارەزا بێ ئاگا لە بری خەیاڵ، بەکاری دەبات.
کارۆ حوسێن:
کاتێک ڕۆمان دەخوێنینەوە لەبەردەم کارێکی هونەرییداین، کەواتە مەرجە هونەرمەندێکیش کاری کردبێت. ئێمەش وەک خوێنەر پێویستە هونەرخواز بین. هەردووکی پێکەوە تێگەیشتن دەخوڵقێنێت.
بۆ ئەوەی ڕۆماننووس خەیاڵێک بکات بە هونەر، کۆمەڵێک بنەمای هونەریی لەبەردەستە، بەپێی ئەو بنەمایانە کار دەکات. لەگەڵ ئەوەدا پێویستە خوێنەرانیش ئاگاداری شتێک بن؛ ئەویش لێکدژی واقیعی ناوەوە و دەرەوەی گێڕانەوەیە، چونکە ئەو لێکدژییەیە هونەر دەخوڵقێنێت. گەرنا ئەوەی لەسەری دەنووسرێت ڕۆمان، نابێت بە ڕۆمان و نەریت و ئایدۆلۆژیا و چەقبەستووییش وەک خۆیان دەمێننەوە. بۆیە لە قەناعەتپێهێناندا ڕۆماننووس و خوێنەریش ئەرکیان هەیە!
لەسەر ئەوەش بوەستین، درۆش بەشێوەیەک خوڵقاندنە بەتایبەت ئەو درۆیانەی لە نەبوونەوە شتێک یان کارەکتەرێک دەخوڵقێنن. ئەگەر درۆ یان وەهمێک بە هونەریی کران، شێوە و ئەرکی پێشووتریان لەدەست دەدەن. بۆیە با نووسەران ئازاد بکەین و بڵێین؛ ئێوە بەرهەمێکی هونەریمان پێشکەش بکەن ئیتر سەرچاوەکەی چی و کوێیە گرنگ نییە.
کاتێک منداڵ بووم، لەلادێ دەژیام، پشت لادێکە گرد و شاخ بوو. چەند منداڵێک پێکەوە، دەچووین بۆ پشت گرد و شاخەکە، دواتر کە دەهاتینەوە بۆ ئەوانی ترمان دەگێڕایەوە، گوایە پیاوێکمان بینیوە بەکارەبا دەڕوات. نازانم ئەو قسەیەمان لەکوێوە هێنابوو، وای لێ هات هەرجارەو گروپێک لە منداڵەکان بۆ گروپێکی ترمانی دەگێڕایەوە و کۆمەڵێک شتی تری دەخستە سەر. ئەوە درۆیەک بوو هونەرمەندێک دەتوانێت هونەرێکی قووڵی لێ بخوڵقێنێت!
با لایەنێکی تریش ببینین ئەویش ئەو (بەرهەم)انەن کە لەلایەن دەستەیەک یان کۆمەڵێکەوە یان تاکە نووسەرێکی پابەند بە ئایدۆلۆژیایەکەوە، یان هەر شتێکی تر کە لە چەقبەستووییدا دەمانهێڵێتەوە. نموونە چیرۆکە ئایینییەکان یان ئەو کەسانەی هێشتا دەستیان بە ئایینەوە گرتووە، زۆر جار درۆ و وەهمەکانی خۆیان بە ڕووداوێکی واقیعی یان وەک دەقێکی ئەدەبی بە گوێگر و خوێنەرەکانیان دەدەن. ئەدەبیاتی کوردی پڕە لەو بەناو نووسەرانە، تەنانەت کەسانێک هەن لە پاڵ بەرگریکردن لە ئەدەب و هونەری ڕاستەقینەدا بەرگریکاری سەرسەختی نەریت و ئایدۆلۆژیان و بە بچووککردنەوەی زمان لە جوانی ڕستەسازی و وشەسازیدا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دەقی بەرهەمهێنەرانە کەم بایەخ دەکەن. بۆ نموونە درۆ یان وەهمی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایینەکان لە کوردستاندا. لەکاتێکدا دەیان دەق(گێڕانەوە) هەن شوێن تێیاندا گەڕەکە دێرنەکانی شارەکان یان ئەو شوێنانە بوون کە ڕۆژانێک منداڵانێکی تر لەوێدا ژیاون کە خۆیان نا، بەڵکوو دایک و باوکیان سەر بە ئایینێکی(مەسیحی و جوو) جیاواز لەو ئایینە بووە کە کورد بە ئایینی خۆی دەیزانێت. تەنانەت خانووەکانیشیان لە دەرەوەی گێڕانەوە و ناوەوەی گێڕانەوەش ماونەتەوە، بەڵام کارەکتەرەکانیان لە هەردووکیاندا بزرن! بۆ مەگەر ئەدیبەکان هەر خۆمان ناڵێین ئەدەبیات چاوی لەسەر ئەو تاکە کەسانەیە کە هیچ چاوێکی تر نەچووە یان ناچێتە سەریان؟