دیدار لەگەڵ هێمن قوربانی | چاوپێکەوتن

ئامادەکار: ئارام حاجی

 

من هێمن قوربانی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣ و دانیشتووی شاری سلێمانیم. سەرەتای نووسینی شیعریم دەگەڕێنمەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ وەک ئەزموونێکی سەرەتایی، بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی کوردستانم کردووە. جگە لەو خەڵاتانەی لە پلەبەندیی یەکەم و دووەم و سێیەم، کە دەقەکانم بوونەتە خاوەنیان، لە سەرجەم فێستیڤاڵەکاندا بەشدارییم هەبووە لە فیناڵ. خاوەنی یەک کتێبم بەناوی ”زەلکاوی ژنە پیسەکان”.

 

 

ئارام حاجی:
با بەم پرسیارەوە دەست پێبکەم؛ نووسینی شیعر لای تۆ، خود نووسینەوەیە، یان ئەویتر نووسینەوە؟

هێمن قوربانی:
هەڵبەت “شیعر”، لەناو هەموو ژانرەکانی وێژەدا یەکەمین ژانرە، کە مرۆڤ بۆ یەکەمین جار ئەزموونی کردووە، تاوەکوو ئێستایشی لەگەڵ بێت، چەمکی “شیعر” چەمکێکی زۆر پڕ بایەخە و کاریگەرییەکی باڵای هەبووە لە بونیاتنانی ڕۆشنبیریی مرۆڤی هاوچەرخ.

دەکرێ بڵێم لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ژانری “شیعر” مرۆڤ هەوڵیداوە، لە ڕێگەی ئەو چەمکەوە وەکوو کامێرایەکی فۆتۆگرافی هەرچی ئیستاتیکای سرووشت و ناوەوەی مرۆڤەکان هەیە وێنەئاسا بیخاتە بەر چێژی بینینمان. لە پاڵیشیدا هەرچی دیوە شاراوەکانی ئازار و نەهامەتی و خەونەکان هەیە بە چەندین وێنەی جوداوە بە خوێنەری ناساندووە.

بەو پێیەی “شیعر” لە سەرەتای درووستبوونییەوە؛ چەندین قۆناغی یەک لە دوای یەکی تێپەڕاندووە و لە چەندین فۆڕمدا بووەتە گەیەنەری هەموو ئەو بوونانەی کە مرۆڤی ئاسایی هەستی پێنەکردووە! لە سەرەتای کلاسیکەوە، تا دەگاتە ڕۆمانسییەت و داداییەت و سوریالیزم و ڕیالیزم و واقیعی سیحری و زمانگەرایی و بوونگەرایی و پووچگەرایی و مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە و دەقی کراوە، شاعیران ناچاربوون بەردەوام بە دوای کەرەستەی جۆراوجۆردا بگەڕێن، تاوەکوو بتوانن دەقی داهێنەرانەتر لە دەقە شیعرییەکانی پێش خۆیان چێ بکەن.

لەناو زەمەنی هەر قۆناغێکیشدا، بە چەندین باردا (ڕووداوە کەسییەکان، ڕووداوە گشتییەکان، جوانییەکانی سرووشت و ئادەمیزاد، ناشیرنییەکانی جەنگ، عیرفانییەت…هتد) توانراوە “شیعر” ئەزموون بکرێت بە جۆرێک، کە بە زمانێکی جودا لە زمانە ئاخاوتنەکە بەرهەم هاتووە!

وەک لای نووسەران و تەنانەت خوێنەرانیش ئاشکرایە، کە لە دایکبوونی شیعرێکی تەواو پێگەیشتوو و چێژدار پێویستی بە زەمینە و زەمەنێکی لەبارە بۆ نووسینەوە.  لەکاتێکدا شاعیر بۆ بونیاتنانی دەقێکی شیعری پێویستی بە ڕووداوەکانی زەمەنێکی پڕ لە تراژیدیا و وێرانکاری بێ و خودی شاعیریش تاکێک بێ لە هەرتاکێکی ناو زەمەنی ئەو کۆمەڵگایە؛ ئەوە دەکرێ بڵێن “شیعر” هەم خود نووسینەوە، هەمیش ئەوانی دی نووسینەوەیە،  بۆ سەلماندنی ڕاستی و درووستیی هەبوونی کاریگەریی ڕووداوەکانی(خود و ئەوانی دی)، دەکرێ پەنا ببەینە بەر جارێکی تر خوێندنەوەی شاعیرانی دەیە و سەدەکانی پێش خۆمان، بە پاڵپشتی خوێندنەوەی مێژووی نەتەوەیی و جوگرافی خۆمان و نەتەوەکانی تریش؛ ئەوکات دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی، کە “شیعر”، نەدەکرێ بە تەنیا پەیوەست بێت بە خودەوە، نەدەشکرێ بە تەنیا پەیوەست بێت بە ئەوانەوە. کەواتە دەکرێ بە بەشداری ئەندێشە و باگراوندی هەردوو لا دەقێکی تەواو باڵا بەرهەمبهێنرێت.

هەڵبەت بەدەر لەوەی کە من نووسەرم، دەکرێ وەک خوێنەرێکیش ڕاوبۆچوونی خۆم هەبێت سەبارەت بەوەی چی جۆرە دەقێک چێژ بە خەیاڵی من دەبەخشێ!

ئێمە شاعیرگەلێکی بێشومارمان هەیە. هەندێک دەکرێ لە ئێستای سەردەمی پۆست مۆدێرنەی شیعردا بنووسن، بەڵام لە قۆناعێکی زۆر لەمێژینەدا بەجێمابن لەڕووی فکری وێژەییەوە، هەندێکیش بەردەوامن لە نوێکردنەوەی “شیعر”و خاوەنی چەندین بەرهەمی جوانن! هەمیشە پێم وایە نووسینی دەقێک کە بەرهەمی دیوە تراژیدییەکەی تاک بێت کەمتر جێی خۆی دەکاتەوە لەناو وێژەدا، بۆیە دەگونجێ شاعیر لەپاڵ ئازارە تاکلایەنەکانی خۆیدا دێڕەکان تێکەڵکێشی خەیاڵاتی تاکبەتاکی کۆمەڵگا بکات! من پێم باشە شاعیر لە ڕێگەی دەقەکانییەوە باشترە هەوڵبدات دەستێکی باڵای هەبێ لە گۆڕینی بیرکردنەوەی کۆمەڵگادا و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ڕۆشنگەریی گشتی و بەرهەمهێنانی تاکێکی تەواو هۆشیار، کە بتوانێ بەرەنگاری هەموو ئاستەنگییەکان ببێتەوە، هەر ئەم هۆکارەشە وام لێ دەکات بەتەواوی هاوڕا نەبم لەگەڵ بۆچونی فەیلەسووفی یۆنانی “ئەفلاتون”، کە لە پەرتووکی ( کۆماری ئەفلاتوندا)دا، شاعیرانی وەدەرناوە بەو هۆکارەی کە شاعیران بونەتە هۆی جووڵەی هزر و ناخی خەڵکی، لەسەر ڕێگای دروست و بەها ئەخلاقییەکان.

ئارام حاجی:
ئەوانەی دژی کتێبە شیعریی “زەلکاوی ژنە پیسەکان”ت وەستانەوە کێ بوون، بۆ پیان هەزم نەدەکرا؟

هێمن قوربانی:
پێش دەستنیشانکردنی وەڵامێک بۆ وشەی ”کێ بوون”، ڕوونکرنەوەیەک سەبارەت بە پەرتووکی زەلکاوی ژنە پیسەکان!

سەرەتا وەکوو شاعیرێک تێڕوانینی خۆم هەیە سەبارەت بە هۆنینەوە، یاخود چنینی دێڕەکانی شیعرێک!

کاتێک شاعیر تێکەڵی ئەو فەزا فراوانەی شیعر دەبێت، پێویستە بۆ ناسینەوەی خودی شاعیربوونی هەوڵبدات خاوەنی فۆرمێکی تایبەت بە خۆی بێت. واتا دەقەکانی لەدوای شوناسە نەتەوەییەکە ببێتە شوناسێکی خودیی شاعیر لەناو خەیاڵدان و فکر و دونیابینیی مندا بۆ “شیعر”. دەستپێکێکی ئاڵۆز و تاڕادەیەک ماندووکەر هەیە، ئەویش هەڵوەدابوون و هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی کەرەستەیەکی شیعریی نوێ! جا دەکرێ کەرەستەیەکی نادیار بێ و بێتە بوون، یاخود کەرەستەیەکی خەیاڵی وێنەنەکراو بێت و سەرلەنوێ لەژێر وێنەیەکی پڕ لە شیعرییەتدا لە دایک ببێت. من هەمیشە بەدوای جیاوازیدا دەگەڕێم بۆ هۆنینەوە، بەجۆرێک هەمیشە دەستم داوەتە ئەو

کەرەستانەی کە لە چێژ و بەهای دەقە شیعرییەکانم کەم نەکەنەوە و بتوانن خوێنەر ئاشنای دیوەکانی تری ژیان بکەن. تا ڕادەیەکیش دەتوانم بڵێم خوێنەری دەقەکانم ئاوێتەی ژینگەیەکی شیعریی تایبەت بە خۆم کردووە! کەواتە لە کاتێکدا بمەوێ بۆ نووسینەوەی شیعرێکی جیاواز لە قۆناغەکانی تری پێش خۆم بەبێ گوێدانە بەربەست و ئاستەنگییەکان واقعێکی ناشیرین وێنا بکەم، کە دەکرێ هەر شاعیرێکی تر بتوانێ دەستی بۆ ببات، بەڵام لەبەر جۆرێک لە ترسی کولتووری و ترسی سەپێنراوی سیستەم نەتوانێ بەرجەستەی بکات، ئەوا دەبێت بیر لەو پێشهاتەش بکەینەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بچووک بکرێتەوە، یاخود قەبووڵ نەکرێت وە یاخود دژی بوەستنەوە. بەپێی خوێندنەوەی مێژوویی شاعیران بێت، لە هەموو زەمەنێکدا زۆربەی شاعیران تووشی جۆرێک لە بەرهەڵستکاری و قەبووڵ نەکردن بوونەتەوە، خۆ ئەگەر چاوێک بە مێژووی وێژەی کوردییشدا بخشێنین تێدەگەین، کە بەگشتی شاعیرانی نوێخواز قەبووڵنەکراون، جا لەلایەن خوێنەری دیلی کولتوورەوە بێت، یاخود نووسەرانی هاوشان و هاوزەمەنی خۆیانەوە بێت، نمونەش: شاعیرانی وەک (عەبدوڵا گۆران)، کاتێ دەست دەبات بۆ هەندێ وێنەکردنی جیاوازی ڕوخسار و قەدوباڵای ژن، زۆرێک لە خەڵکی پێیان شەرم بووە لەو سەردەمەدا بەو جۆرە شیعر بنووسرێت، یاخود(حاجی تۆفیق بەگی کوڕی مەحموود ئاغا)، کە بە “پیرەمێرد” ناسراوە، یاخود ( موحەمەد عومەر عوسمان)، کە بە “جەنەراڵی پایز” ناسراوە، کە بەو پێیەی هاوڕێی نزیکم بوو، لە زاری خۆیەوە دانی بەوەدا ناوە کە زۆرێک لە شاعیران دژی ئەو شێوازە نووسینەی ئەو بوون!

بۆیە دەکرێ بڵێین نەک بە تەنیا باسکردن لە دیوە ناشیرینە شاراوەکانی مرۆڤ توشی بەربەستت دەکەن، بەڵکو زۆر هۆکاری تریش هەن، کە وادەکات دەوروبەر دژت بوەستنەوە!

دەتوانم بڵێم پەرتووکی (زەلکاوی ژنە پیسەکان)یش، یەکێکە لەو پەرتووکانەی هەندێک لە خوێنەر، یاخود نووسەر پێیان هەزم نەکرێ، جا لەژێر هەر کاریگەرییەکدا بێت گرنگ نییە.

بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونکردنی ژیانەی من بێت لەم کۆمەڵگایەدا، دوو هۆکاری سەرەکی هەن بۆ دژبوون بەو کتێبە:

یەکەم: نەبوونی ئاستی هۆشیاریی وێژەیی بەتایبەت بۆ “شیعر”، کە لە ئەنجامی بەرچاونەکەوتنی ئەو جۆرە پیاهەڵدانە پڕ لەناشیرینییەیە، یاخود تا ئێستاش خوێنەری ئێمە لەژێر کاریگەریی کولتووریی و خێڵەکی قوتار نەبووە.

 

دووهەم: دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمە شکستخواردوو و دیکتاتۆرە، کە دەستی هەیە لە شێواندنی هەموو بەها ئەخلاقی و وێژەیی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی کۆمەڵگا. کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵدەستن بە درووستکردنی چەندین ڕێکخراو لەبۆ خاتری ڕێگەنەدان بە هەڵوێستی درووستی نووسەران، کە هەندێکیان تەواو دەستێکی باڵایان هەیە لە درووستبوونی جیاوازیی جێندەری و تێکدانی کۆمەڵگا بەگشتی و نەهێشتنی بەهای مرۆڤ.

سەبارەت بەوەیشی کە کێ بوون ئەوانەی دژی ئەو پەرتووکە وەستانەوە؟

وەکوو ئاماژە بۆ تاک نا، وەکوو ئاماژە بۆ کەس نا، بەڵام هەر لە سەرەتای داواکردنی ژمارەی سپاردنەوە هەتاوەکوو بە چاپ گەیاندن و بڵاوکردنەوەیشی بەربەست هەبووە، بگرە زۆرینەی دەزگاکان ئامادەی چاپکردنیشی نەبوون! دوای چاپکردن لە هەندێ مەراسیمی ناساندندا بە هۆی کەمی مەعریفەی شیعرییەوە، چەند کەسێک دژی پەرتووکەکە بوون. بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین نووسەریش کە بە بۆچوونی من بێ ئاگا بوون لەتەواوی ئەدەبیاتی جیهانیش. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە هەموو ئەو بەربەستانە نەبوونە هۆی کەمکردنەوەی بەهای پەرتووکی (زەلکاوی ژنە پیسەکان)، بگرە چەندین خوێنەری جدیی هۆشیار و بەوێژە قسەیان لەسەری هەبووە و پەسەندیان کردووە، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنی ئەو پڕۆژە نووسینەیە و هەندێک لە نووسەرانیش (زەلکاوی ژنە پیسەکان)یان، وەک پێویستییەکی حەتمی دەستنیشانکردووە، بۆ گەنجینەی کتێبخانەی ئەدەب و فەرهەنگ و وێژەی کوردی و بە کارێکی داهێنەرانەی مانایی ناوزەدیان کردووە.

لە کۆتاییدا نموونەیەک  دژ بە ژن، کە دەکرێ نووسەران و خوێنەران ڕەتی بکەنەوە: نیچە لە پەرتووکی ”زەردەشت وەها دوا” سەبارەت بە ژن دەنوسێ:

“ژن جگە لە ئامێرێکی منداڵبوون هیچی تر نییە” یان “ئەگەر چویتە لای ژنێک قامچییەکە لەبیر مەکە” .

 

ئارام حاجی:
پێش کتێبی “زەلکاوی ژنە پیسەکان” بەرهەمێکی ترتان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بۆچی تا ڕادەیەک. ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیتان پێوە دیارە، سەبارەت بە بەرهەمەکەتان؟

هێمن قوربانی:
دانپێدانان و دانپێدانەنانی هەر دەقێکی شیعری لە لایەن خودی شاعیرەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە زیاتر ئەزموونکردن و ئاگابوونەوە هەیە، واتا ناکاتە ئەوەی کە ناوی بنێین ڕاکردن لە بەرپرسیارییەتی.

هەمیشە شاعیران لە قۆناغەکانی ئەزموونی نووسینیاندا هەست بە جۆرێک پەشیمانی لەهەندێ بەرهەمی خۆیاندا دەکەن! کاتێ نووسەر زیاتر ئاوێتەی بوارێکی وێژەیی دەبێت و تێیدا قاڵدەبێتەوە دەگاتە ئەو حەقیقەتەی کە ناکرێ هەموو بەرهەمێک شایەنی بە وێژەبوون و خوێندنەوە بێت، هەر بۆیە هەوڵدەدات ڕاستگۆیانەتر مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتی شیعردا بکات!

هەڵبەت ئەم بەرپرسیارییەتییە یەکێکە لە خاڵەکانی جەوهەرییەتی خودی نووسەر و پێم وایە لێرەوە نووسەر دەتوانێ بەرەو پێشتر بچێت و زیاتر بەدوای ئەو دێڕانەدا بگەڕێ کە ئاوێتەی چێژی ڕاستەقینەی وێژەن!

دواجار شاعیر دەکرێ پڕبەرهەم بێت و لە پاڵیشیدا خوێنەرێکی بەرگریکار بێ لە وێژەی نەتەوەکەی. بتوانێ  دەقەکانی لە ڕوانگەی خۆیەوە جارێکی تر بداتەوە بەر تانە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەتیان بکاتەوە!

هەموو نووسەران بە ئەو ئەزموونە لاوازەدا تێپەڕیون و  بۆ دەستدانە هەر بابەتێک پێویستمان بە سەرەتایەکی ساکار هەیە، تاوەکوو بتوانین هەنگاو بەرەو کرۆکی بابەتەکە بنێین و بچینە سەر ڕێڕەوە ڕاستەکە. زۆر جار دەگونجێ دەستپێکەکان هەڵە بن، بەڵام هەڵەی ڕاستەقینەی ئەو بەرهەمەی من ئارەزوویەکی بەپەلەی خۆبەنووسەرزانیی بوو. هەڵبەتە هۆکاری هەرە گرنگی ئەم پەلەپڕوزەش هاندانی نووسەرێکی گەورەی لە پشتەوە بوو، بە هۆکاری ئەوەی من سەرەتای نووسینم بوو، خوێنەرێکی باشیش نەبووم، بۆیە بێئاگایانە کەوتمە ژێر باری ئەو هەڵەیەوە!

لە کۆتاییدا دەکرێ دان بەوەدا بنێم ئەوە هەڵەیەکی زەقی وێژەییە و ئەو بەرپرسیارییەتییە لە ئەستۆ دەگرم، کە بۆتە جێی پەشیمانی لە ژیانی وێژەیی مندا، بەڵام  ئێستە بۆ هەر دەقێک، کە دەینووسم، جارێک دەبمە نووسەری، بەڵام  پەنجا جار دەبمە خوێنەری.

ئارام حاجی:
بەوەی کە شاعیرێکی زیاتر وەک ئۆپۆزسیۆن دەردەکەوی، دەپرسم: ئەگەر هێزی ئەدەب، بەراورد بەو هێزە ساسییە دژە ئەدەبە بکەین، بەلای تۆوە ئێستە مەرگی ئەدەبە لە کوردستان؟

هێمن قوربانی:
“شیعر” ژانرێکی وێژەیی دژوارە، لە پاڵ ئەو دژوارییەشدا ژانرێکە چێژێکی ڕۆحیمان پێ دەبەخشێ و ناتوانین وا بە سانایی دەستبەرداری بین! لە هزری مندا “شیعر” لەسەروو چەمکی فەلسەفەوە دێت!

بۆیە دەکرێ شیعر چەکێکی ڕەخنەئامێز و بەرهەڵستکار بێت و دژی هەموو سیستەمێک بوەستێتەوە!

بە درێژایی مێژووی شیعر چەندین دەسەڵاتی خۆسەپێنی دیتووە و دواجار بەسەر هەموویاندا تێپەڕیوە و بگرە کاریگەرییەکی باڵاشی هەبووە لە گۆڕانکارییەکاندا.

لەگەڵ نەمانی هەموو ئەو دەسەڵاتانەش هێشتا “شیعر” ڕۆحێکی زیندووە و بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. دەکرێ بڵێم کاریگەریی شیعر لەسەر سیستەم، بە درێژایی مێژوو وەک پیرۆزییەک دەمێنێتەوە و هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێ بڕیار لەسەر مردن و زیندووبوونی شیعر بدات.

بەڵکو دەکرێ درک بەو حەقیقەتە بکەین، کە دەسەڵات هەوڵی فریودان و مەرگی خوێنەر دەدات، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە چێژ و هێزی شیعری ڕاستەقینە دابپۆشێت و بیشارێتەوە، وەلێ دیسانەوە مێژوو دەتوانێ شیعر وەک خۆی بهێڵێتەوە!

ڕوونە کە لە هەموو سەردەمێکدا کاتێک هێزێکی سیاسی خۆسەپێن جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە ئەستۆ، هەوڵی خۆیان هەبووە بۆ لەناوبردن و بچوککردنەوەی چینی ڕۆشنبیر و نووسەرانی هاوزمانیان، چونکە بە تێڕوانینی ئەوان نووسەر خاوەنی ئیرادەیەکی هۆشیاری زیندووە و کاریگەری دەکاتە سەر تاکبەتاکی کۆمەڵگا، بۆ بەگژداچوونەوەی نادادی! بۆ نەهێشتنی ئەو هێز و ئیرادە وێژەییە پەنا دەبەنە بەر چەندین ڕێگای جیاواز، بەتایبەت لەم سەردەمی تەکنەلۆجیایەدا دەرفەتێکی باشیان بۆ ڕەخساوە بۆ بەگژداچونەوەی ئەو چینە، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵیانداوە چەندین شاعیرۆچکەی بودەڵە و ڕۆبۆتی بەرهەم بهێنن، تاوەکوو بتوانن لەماوەیەکی کەمدا بۆ ڕووبەرێکی فراوانی نیشانبدەن بۆ بە گژداچوونەوەی هێزی وێژەی ڕاستەقینە.

بەڵام دواجار ئەو هێزە لەتوانایدا هەیە خودی شاعیر بکوژێ، بەڵام “شیعر” نا!

سەبارەت بە سەباح ڕەنجدەر، من دەمەوێ جارێکی تر لە ڕوانگەی پرسیاری یەکەمەوە بۆچوونی خۆم سەبارەت بە دەقەکانی بخەمە ڕوو، (واتە سەبارەت بە خود نووسینەوە یاخود ئەوانیدی نووسینەوە). هەڵبەت ئەوەندەی ئاگاداری بڵاوکراوە شیعرییەکانی “سەباح ڕەنجدەر”بم، لە پاڵ هەر هەوڵێکی ئەوانی دی نووسینەوەدا نائاگایانە دەچێتەوە ناو خودنووسینەوە و لە ڕوانگە و دیدی خۆیەوە دەق دادەڕێژێتەوە، بەڵام دەکرێ لەناو دەقەکانیدا درک بە هەردوو حاڵەت بکرێ بە نوێنەرایەتی فۆڕم و تەکنیک.

شاعیر لێهاتووانە داڕێژەری دەقەکانییەتی بە جۆرێک خوێنەر دەتوانێ لە بەرچاوکەوتنێکدا خودی شاعیر بە هۆی دەقەکانەوە بدۆزێتەوە، کە کاریگەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەکنیکەی کە تایبەت بە شاعیر خۆیەتی!

دەکرێ بڵێم نموونەیەکی شیعریی لە خەیاڵمدا وێنەیەکی جێهێشتووە:

سەرێ بکێشە ماڵێک،

کە بڕیاری کوشتنی مانگ و بازی دڵ و

بازی کێوانی تێدا نەدراوە

دەتوانین بڵێین لە بارێکی تایبەتتدا

چەند ڕووخۆشانە دەفی ڕوومەتی خودا

پەنجەی باریک کردوومەتەوە !

هەموو ڕازێکی خستۆتە دڵم.

٭بەشێک لە شیعری: نیازی مردن

لە کتێبی: حەزدەکەم ئەوەندە بژیم

لاپەڕە: ١٩

ساڵی چاپ:٢٠١٤

– هاشم سەراج…

– زۆرینەی ئەو دەقانەی کە لە پەرتووکی کۆشیعری (زینانی روح)دا من خوێنەری بووم، لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە، درێژەپێدەری هەمان شێوازی هەشتاکان هەست پێدەکەم،   ڕاستە لەژێر مەعریفەیەکی تەواودا دەقەکان لەدایکبوون، بەڵام لە ڕووی چێژی شیعرییەوە هێندەی دەقی چەند گەنجێکی ئێستای شیعری باشوور چێژی پێ نەبەخشیوم، کە دەکرێ بڵێم چێژ لەلای من هاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی دەست بکەم بە خوێندنەوەی بەردەوامی دەقێک. دەکرێ هۆکاری ئەو چێژنەبینینەم بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شیعر لای من پێکهاتێکە لە نیشاندانی چەندین وێنەی چەماو و شێواوی کۆمەڵگا و کۆکردنەوەی چەندین دەنگ و برینی بەجێماو و شاراوە، نەوەکوو سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە لە هەمان زمان و فۆڕم و تەکنیکی قۆناغەکانی پێشتری نووسین!

دەکرێ لەگەڵ ئەمانەشدا سەرەڕای بۆچوونی جیاوازم سەبارەت بە ڕیتمی فەرهاد، هێشتا فەرهاد خودی خۆی لەلای من شیعر بێت بە ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک لە هەوڵ و کۆششی جیاوازی لە زۆر بواری وەک ( شانۆ و ڕۆمان و چیرۆک و تەنانەت وێنەکانیشدا)، دان بەوەدا دەنێم فەرهاد لەگەڵ ئەوەی زۆر جار پرسیارە ئەوەندەش پرسیاری لەلا بەجێهێشتووم و خەیاڵمی پڕکردووە لە سەرنج و وێنەی نەبینراوی بەرچاونەکەوتوو. لە پاڵ ئەوەشدا فەرهاد هەندێ لە دەقەکانی کاریگەرییەکی تەواوی قوتابخانەی دادایی فەڕەنسی پێوە دیارە، کە دەتوانم بڵێم لەو ڕووەوە جێی تێڕامانە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان شوێنکەوتەی ئەو قوتابخانەیەی تێدا ڕەنگبداتەوە! لەگەڵ هەر سەرنج و پرسیارێکیش، کە لەلام درووست بووبێ هێشتا فەرهاد هاوشێوەی “شێخ ڕەزای تاڵەبانی” جێی بایەخە بۆ گەنجینەی وێژەی کوردی!

لە کۆتایشدا گەر بمانەوێ سەبارەت بە چی گوتن و چۆن گوتن، زەمەن تۆمەتبار بکەین بە پێشکەشکردنی ئەم چەشنە لە شیعری باشوور، بەڵام گەر جارێکی تریش هەمان پرسیار ئاڕاستەی من بکرێتەوە، هێشتا شیعری ئەم نەوەی ئێستای باشوور بەرەو ئاڕاستەیەکی شیعریی پتەو دەڕوات و ڕەوتێکی جێگیری نییە و دەتوانین بڵێین ڕۆژ بە ڕۆژ دەقی باشتر و شیعریتر بەر خوێندنەوەمان دەکەون!

بێگومانم لە گوتنی ئەو حەقیقەتەی کە پێم وایە ئێستای وێژەی باشوور شانبەشانی وێژەی جیهان هەنگاو دەنێ و پێم وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێک دەبین لە بەشداربووانی وێژە لەتەواوی جیهاندا. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین ئەو ئاستەی ئێستای شیعری ئێمە لەژێر سایە و سێبەری گەنجەکانەوە هەر زۆر زوو گەیەنرایە ئاستی ئەدەبیاتی هەموو گەلانی تری دنیا و بگرە پڕماناتر و پڕچێژتریشن و دەتوانم بڵێم شاعیرانی ئێمە بەتایبەت لاوەکانمان شاعیرانەتریش خودی زمانی شیعر و شیعرییەت بەرجەستە دەکەن و زۆر بە ئاگا و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ژانری شیعر دەکەن.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا