چەن کورتەشێعری ئەلێخاندرا پیزارنیک | دالیا ڕەئوف | شێعری جیهان
و. دالیا ڕەئوف
.
ئەلێخاندرا پیزارنیک شاعیری بە ڕەگەز جولەکەی ئارجەنتینییە. شێعری ئەو زۆر لە ژێر کاریگەری ”ئانتۆنیۆ پورکیا”ی ئارجەنتینی و شاعیرانی سیمبولیستی وەکوو ”ستێفان مالارمێ” و ”ئارتوور ڕێمبۆ”دا بوو. شێعری پیزارنیک تژیە لە جوانکارییە ئەدەبییەکان و خەیاڵی ناسک و زیرەکانە و لە باری ناوەرۆکیشەوە زیاتر لە هەموو شتێک لە تێماگەلی ژیان و ئازار و منداڵی و مەرگدا چڕ بوونەتەوە. ئەو کە هەر لە منداڵییەوە بە ئازارە دەروونیی و کێشە کەسییەکانی خۆیەوە دەتلایەوە لە ساڵی ١٩٧٢ و لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا کۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
دەربارەی باڵندەکان
و مێژووی ئاگر نازانم
بەڵام پێموایە دەبێت تەنیاییم باڵبگرێت
شانبەشانی تۆ
شانبەشانی تۆ لە شەواندا
وشەکان بەڵگەن، کلیلن.
حەز بکوژە.
با جەستەت هەمیشە
بۆشاییەکی پڕ لە جوانی پەرجووەکان بێت.
دەبوو بنووسین
ئێمە دەبوو بنوسین
بێ پرسین لەوەی بۆچی و بۆکێ دەنوسین.
جەستە خۆشەویستی وەبیردێتەوە
وەک داگیرساندنی چرایەک.
ئەگەر بێدەنگی فریودان و بەڵێن بێت.
نامۆ
نامۆیەک بووم من
کاتێک هاوسێی ڕووناکیە دوورەکان
هەموو وشە پاکەکانم کۆکردەوە
تا بێدەنگی نوێ بئافرێنم.
کاتژمێر
خانمێکی بچکۆلە،
لە ناو دڵی باڵندەیەکدا هێلانەی کردووە
لەگەڵ کازیوە وەدەر دەکەوێت تا پڕ بەدەنگی هاواربکات:
نــــــــــا
کاتێک کۆشکی شەو
کاتێک کۆشکی شەو
جوانیەکانی ڕووناکدەکاتەوە
لە ئاوێنەکان دەدەین
تا ڕوومان وەک بتەکان گۆرانی بچڕن
لەگەڵ کازیوەدا
شێوە خەمگینەکان دەبینم
کە لە بێدەنگیدا بەرەو چاوم بەرزدەبنەوە.
لە کۆنە شوێنی دڵەوە
دەنگی گڕ و پڕ دەبیستم.
ئەو شێعرەی ناینووسم
ئەو شیعرەی ناینوسم
ئەو شیعرەیە کە شایانی نیم.
ترس لە بوون بە دوو
وەک لە ئاوێنەدا:
کەسێکی خەوتوو لەناومدا هەیە
دەمخوات و دەمخواتەوە.
دەنگت
گەمارۆدراو لە نوسینەکەمدا
لە شیعرەکەمدا گۆرانی دەچڕیت.
بارمتەی دەنگە شیرینەکەت
لە بیرەوەریمدا بە بەردبووە.
باڵندەیەک خوی بە فڕینەوە گرتووە.
هەوایەک بە نەبوون تاتۆکراوە.
ئەو کاتژمێرەی لەگەڵ مندا لێدەدات
تا هیچ کات بەخەبەر نەیەمەوە.
بۆ ئەو شتانەی نایانبینین
بەرلەوەی وشەکان کۆتایی بێن، دەبێت شتێک لە دڵدا بمرێت.
ڕووناکی زمان وەک میوزیک دامدەپۆشێت،
وەک وێنەیەکی پارچە پارچە کراو بە دەمی سەگەکانی خەمەوە.
زستان بە من دەگات وەک ئەو ژنەی کەوتووەتە
داوی خۆشەویستی دیوارێکەوە.
ئەو کاتەی بێ هیوا بووم لە چاوەڕوانی، کەوتنی تۆ
لە ناخمدا جێی خۆی کردەوە.
ئێستا من هیچ نیم جگە لە ناخێک.
ئەگەر بوێرم
ئەگەر بوێرم
لێی بگەڕێم و بێمە گۆ
لەبەر ئەو سێبەرەیە
کە زۆر بە نەرمی
بە ناومەوە بەستراوەتەوە
زۆر دوور
لە ژێر باران
لە بیرەوەریمدا
بەو ڕووەی
کە لە شیعرەکەمدا دەسوتێت
زۆر دڵگیرانە بڵاویدەکاتەوە
بۆنی
ڕووی ئازیزێکی ڕۆشتوو
نەبوون
کەسێک هەوڵیدا دەرگایەک بکاتەوە.
دەستەکانی ئازاریان پێگەیشت
لە پێوەئاڵان بە زیندانی ئێسکە شوومەکانی خۆیان.
هەموو شەوەکە لەگەڵ سێبەرە نوێیەکەیدا دەجەنگا.
لە بەرەبەیاندا باران باری و
ناڵەی شینگێڕەکان بەرزبووەوە.
منداڵیی لە شەوە لە گۆڕنراوەکانمدا بەکوڵ دەگریەت.
موزیک ڕەنگە ڕەسەنەکان بە جێدەهێڵێت.
باڵندە خۆڵەمێشیەکانی بەرەبەیان بۆ پەنجەرە داخراوەکان
وەک شیعرەکەی منن بۆ هەڵەکانم.
ڕووبەڕووبوونەوە
کەسێک خۆی دەخزێنێتە ناو بێدەنگی و من پشتگوێ دەخات
ئێستا تەنیایی تەنیا نییە
تۆ وەک شەو دەدوێیت
وەک تینوویی خۆت دەرببڕە
ڕووخان
هەرگیز جارێکیتر بە ئاواتی
هاتن و چوونێکی
ناوەکان و شێوەکانیان مەبە.
کەسێک هەزاران خەونی هەبوو،
کەسێک وێران بوو
کاتێک بەهەڵە مەوداکانی لە بیر کردبوو.
هەنگاوە ونەکان
بەرلەوەی ڕووناکی هەبێت
لەزمانمدا
چەند هەنگاوێک لە خۆشەویستی
دێنە دنیاوە.