شێعری ساکار، شێعری دژوار

شوعەیب میرزائی

.

ئێمە لە کوێنەی دەقدا وەستاوین؟

”هونەر رەنگدانەوەی ساکار و ساویلکانەی رووداوە ئامادە و بەردەستەکان نییە.”

                                                                      ”باختین”

لە هەشتاکان بەم لاوە، لە پانتایی وێژەی کوردی و فارسیدا، هەندێ پۆلێنبەندی بۆ شێعر هاتوونەتە ئاراوە و هەموو ڕۆژێک دەبینن و دەبیسین، شێعر بە جۆرێکی جیاواز ناوزەد و تاوتۆێ ودابەشکاری بۆ ئەکرێ و  لە هەمووی ئەوانە ئاڵۆزتر، دابەش کردنی شێعر لە ژێرناوی   شێعری ساکار و شێعری دژوارە.

هۆی سەرەکی ئەم جۆرە پۆلینبەندی کردنە هەر شتێ بێت، لە سەر بنەمایەکی تیۆریک و هوشیارانە نیە و پێموایە هەندێ کەس بۆ ئەوەی کە دەق بە جێیان نەهێڵێ، واتای شێعر تا ئاستی بەرهەمەکانی خۆیان دائەبەزێنن و نازانن ” شێعر دنیایەکە، کەسی بە زۆر تێ ناتەپێ”. (بە ژمارەتەلەفوونەکانی عالەم – ساڵەح سووزەنی)

بۆ ئەوەی بزانین ئەو دابەش و پۆلێنبەندی کردنە، تا چ ڕادەیەک زانستییە، ئەبێ لە پێش دا وەڵامی چەن پرسیارێک بدەینەوە و هەر کامیان بخەینە بەر پرس و تاوتۆێ کردنەوە.

  • شێعری ساکار: سانای چەتوون یان نووسینی ساویلکانە

شێعری سانای چەتوون لە واتا کلاسیک و ساکارەکەیدا یانێ :”ئەو نووسراوەیە کە خوێنەر هەردەم هەست ئەکا نووسینی ئەو جۆرە دەقانە زۆر ئاسان و ساکارە، بەڵام کە دەست ئەکا بە نووسین لە قوڕی دا ئەچەقێ” (شفیعی کدکنی)

ئەگەر لەو واتا کلاسیکە چاو پۆشی بکەین، لە شێعری نوێ دا، شێعری ساکار، ئەو دەقەیە کە بە کەڵک وەرگرتنی شاعیرانە لە تەمهیداتێکی وەکوو: ڕزگارکردن و کەڵک وەرگرتن لە ماتەوزەی زمانیی ئەدەبی زارەکی و گۆڕانی بە قازانجی جوانیناسی و زمانی شێعریی کە بریتییە لە: گەمەی زمانی بە ڕوانگەیەکی گشتییەوە (عامە) لە شت و مەک، ئاکار، ئەوین، کارەساتە مرۆییەکان، مەرگ و… . بە گشتی دەکرێ بڵێین جۆری مامڵە کردن لە گەڵ ژیانێکی ئاسایی و کۆمەڵگا، توانیویە تەواوی سۆنگە کتێبخانەکانی وێژەیی ڕووبەڕووی خۆی بکاتەوە و هەردەم ئەو ئیمکانە بۆ خۆی داڕژێت و لە تەواوی فیلترەکانی خوێندنەوە، هەر لە خوێنەری ئاساییەوە تا بەردەنگ ڕەت ببێ و بتوانێ کۆمەڵێ خوێندنەوە بۆ خۆی بەرهەم بێنێ.

ئەمە هەر ئەو جۆرە شێعرە سانای چەتوونەیە، کە توانیویە لە تەواوی ماتەوزەکانی زمانیی کەڵک وەربگرێ. شاعیر وەها ئەم تەمهیدانە لە چین و لۆکانی، بنچکی زمان دا بە تەکنیک گەلێ وەک – سپی نووسی و خۆسانسۆری، کەوانە نووسین، مامەڵەی دەروونناسانە لە گەڵ زمانی ژیانی ڕۆژانە و بەکار هێنانی توخمگەلی بەردەست و ڕزگار کردنیان لە بەردەست بوون، دەگونجێنێ کە لە ئاکامدا هەر تاقمە خوێنەرێک لە خوێندنەوەی دەقدا، جۆرێک چێژ و دەمەتەقێ ئەزموون دەکا. واتا خوێنەری ئاسایی لەو جۆرە تەکان و خافڵگیرییە دائەچڵەکێ و لەم ڕاچڵەکینە چێژ دەبات و بە قەولی “بارت” تووشی هەستی هاوپێکهاتەیی ئەبێ، ڕێک وەکوو فیلمێکی سینەمایی کە بینەر لەوێدا بە توخمگەلێ وەکوو؛ ڕووناکی، دەنگ، مووسیقا، ئیدیت و ئیشەکانی پشتی شانۆ، بە تەنیایی بیر ناکاتەوە و هەست بە ئاوێزان بوونیان ناکا، بەڵکوو ئەوە سەرجەمی ئەو ئیشانەن کە بە ڕواڵەتێکی نادیارەوە لە ئاکام دا فیلمێک تۆمار دەکەن و بینەریش چێژ لە سیستەمێکی گشتی دەبا، واتا لەوێدا بینەر تەواوی ئەو توخمانا ئەبینێتوو و نایبینێت و هەرگیز بیر لەوە ناکاتەوە لە پشتی شانۆوە چە باسە؟ و چە ڕووداوێک ڕاستە و چ ڕووداوێک هەڵسازراو. ئەو تەنیا هەستێکی جوانیناسانەی بەلاوە ساز دەبێ. دەقاودەق لە شێعریشدا هەر لەگەڵ دۆخێکی لەم چەشنە ڕووبەڕووین، هەرچەن دەبێ بڵێین بەردەنگی پرۆفیشناڵیش بە توانستە وێژەییەکەیەوە سەرنج ئەداتە ئەو تەکنیکە نادیارانە و لەم بەشەی دەقەکە چێژ ئەبات کە ئەمە ئاکامی ڕووچوونی شاعیر لە وشە و ئەزموونی ژینی ئەو لە پانتایی زماندایە و بە وتەی هایدیگر: نووسەر لە جیهان-ژینی خۆی دا ئەژی و ئەزموون دەکا یان بە وتەی “ڕۆیایی” : لێرەدا شاعیر بۆ ئافراندنی پەیکەرەی زمان لە پێکهاتەی دەقدا، وشەکان دەچنێ و یەکیان دەخا.

لە دەقی ساکاردا تەنیا باسی گواستنەوەی مانا لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر نییە و بەڵکوو فامکردنی جوانیناسانەی تەمهیدە جۆراوجۆرەکانە لە مامەڵەی زماندا و کێشانە دەرەوەی دەفرایەتی پێکهاتەی زمانە، کە دەق دەکاتە خاوەنی خوێندنەوەی جیاواز.

لەم جۆرە دەقانەشدا ئەو دەرەتان و دەرفەتە هەیە کە شاعیر خۆی لە توخمە کۆن و کلیشەبووەکان بپارێزێ و پێشنیارێکی تازەی لە قۆڵدا بێت کە ئەمە لە  گەڵ ئەو ساکار نووسینە کاڵ و کەمڕەنگە کەوا خوێنەر بە لاڕێیدا ئەکێشێ و لە گەڵ لێوەشاوەیی و فامی خوێنەردا گەمە ئەکا و تەنیا گەیاندنی جۆرێ لە پەیام و ناوەڕۆکی مەبەستە، جیاوازی هەیە.

لەم ساڵانەی دواییدا کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت، وەک گەورەترین و گرنگترین شوێنی سەرقاڵ بوون و لاقرتێ کردن، نووسەران و شاعیرانی هان دا بۆ ناساندنی زۆرتری خۆیان و پیشاندانی دەقەکانیان، ڕوو لە ئەم دنیا و بێ دەر و پەیکەرەی ئینترنت بکەن. ئینترنت بە میناکی یۆتۆپیایەکی ڕاستەقینە. کە وابوو ئەگەر جاران بەردەنگ و خوێنەر بۆ خوێندنەوەی کتێبێک، ناچار دەبوو هەم کاتێکی بۆ دیاری و هەم پارەیەکی بۆ تەرخان بکا، ئێستا بە مەزاخێکی زۆر کەمتر و بە ئاسایش و تاقەتەوە بە کەیفی خۆی ڕۆژانە دەیان پەیج شێعر و وتار دائەبەزێنێ و دەیخوێنێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕا و بۆچوونی چەندین کەسی تریش بەرانبەر بە دەقەکان دەخوێنێتەوە و هاوکات دەقەکەی بۆ تاوتوێ ئەکرێ و ئیتر پێویستی بە خوێندنەوەی کتێبێکی ڕەخنەیی و بەهرەگرتن لە فوسفوڕی مێشکیش نامێنێ.

ئەگەر سەردەمێک نووسینی شێعر و چیرۆک و بابەتی وێژەیی لە لایەن خوێنەری ئاساییەوە کارێکی هونەری دژوار و خەیاڵی بوو، ئەو هۆکارانە وەها دلێریێکی پێ دەبەخشێ کە دەست بکا بە نووسین و دەم و دەست لە سەر ئینترنت دایبنێ و هاو کاتیش لە لایەن دۆست و هاوڕێیەکانیەوە لایک و پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێ ئەکرێ.

ئەو کەسانەی شێعریان لە گەڵ نوکتە و قسەی نەستەق و کاریکلماتۆردا لێتێکچووە ئاگایان لەو هەمووە تەمهیدانە کە لە پشتی شانۆی دەقەوە ئیش دەکەن نییە. با بپرسین ئایا هەر کە خوێندنەوەی دەقێک تەواو دەبێت، ئەوە تەنیا ئێش و ژانی هەواڵی ڕووداوێکە بە ئێمە دەگات، یان لەو دیوی دەقەوە چەند بابەتی تریش لە گۆرێ دایە؟ ئایا  لە نێوان پەیامێکی ئاماتۆرانە و شێعری ساکار دا جیاوازیەک نییە؟

ڕاستە لەم دەمەدا، نووسەری ڕۆژڕەش لە بەر چاپ نەبوونی دەقەکەی لە قەوارەی کتێبدا -بە هەر هۆیەک – ناچار ڕووی کردۆتە ئەو دنیا بەرین و بێ شوناسەی  ئینترنت، بەڵام دەبێ بزانین بە لاسایی کردنەوەی ئەم دەقانە لە لایەن بڕێ کەس کە ساکارییان لە گەڵ ساویلکە نووسیندا بە هەڵە گرتووە، هەرگیز دەق ڕوونادا و پێش لە پرۆسەی وەبەرهەم بوونیش (work) تەفرووتوونا دەبێ. هەرچەند ڕەنگە تا ماوەیەک لەو دنیایەدا خاوەنی لایک و چەپڵە لێدانی زۆریش بێت، نە خۆیان بە خاوەن دەق ئەبن و نە دەق بەرهەم دێ و نووسراوەکانیشیان تەنیا هەڵسازراوێکە لە بەرانبەری دەقدا و تەنیا نانەلییمیان بۆ دەمێنێتەوەو و بەس.

لاسایی کردنەوە لە پانتایی هونەردا بە هەر جۆرێک بێت بە وتەی بەراهەنی: بە هۆی ویستی بەناوبانگ بوون و نەبوونی هزر و ڕوانگەی نازانستیانە و ئاماتۆرانە بەرانبەر بە بەشەکانی هونەرەوە بەرهەم دێت. بڕیار نییە هەرکەس دوو لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی خوێندبێتەوە، نووسراوەیەکی شپرز و ئاماتۆرانە (کە هێشتا کە ناتوانین بە ناوی بەرهەمیشەوە ناوزەدی کەین) بباتە ناو میدیا گشتیەکان و تۆڕ بە تۆڕ و گۆڤار بە گۆڤار مامەڵەی پێوە بکا و خۆی بە خاوەن دەق بزانێت و ئەوەش نییە هەرکەس بەهرەیەک لە خۆیدا شک ببات، تووشی ئەو نارسیسیزمە ببێت کە هەر نووسراوەیەکی دەتوانێ لە قەوارەی دەقێکی وێژەییدا خۆی بنوێنێ.

کە وابوو ئیتر لە سۆنگەیەکی گشتییەوە جیاوازییەک لە نێوان دەق و بەرهەم و نووسراوەی دەردەدڵانە نامێنێ و ئەدەب و هونەر  دەبێتە دارەکەی سەر کەل و پەردەکەی قشڵاخ. یان با لە گەڵ ئەو بەڕێزەدا هاودەنگ بڵێین: بێچارە هونەر بڕیار بوو ببێتە ساڕێژی ڕۆح، بووەتە ناسۆری ڕۆح.

  • شێعری دژوار نووسین یان نووسینی دژوارانەی شێعر

حاشا هەڵنەگرە کە هەر شاعیرێ لە هەر قۆناغێکدا، جنسێکی جیاوازتر لە زمان ئەزموون دەکا، واتا سەردەمێک مامەڵەیەکی ساکار و یان مامناوەندی لە گەڵ زماندا ئەکا و لە قۆناغێکی تری زمانیدا، مامەڵەیەکی تەواو دژوار.

ئەمەش خۆی بە هۆی ئەوەیە کە شاعیر لە ئەو بەرەزەمانیەدا قۆناغێکی تر لە ژیان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و… ئەزموون دەکا. بەڵام لە بیری نەکەین کە سەنتەری تەواوی ئەم گۆڕانی قۆناغانە، مامەڵەیەکی زانستییانە و فام کراوی زمانیە و ئەوە ژین کردنی شاعیرە کە بەرهەمێکی ساکار یان دژوار دەکاتە دەقێکی جوان و لێک نەکراوە.

بەڵام لێرەشدا هەر وەکوو لە شێعری ساکاردا ئاماژەی پێکرا بڕێ کەس بە هەڵە لە بابەتەکە تێگەیشتوون و ئەوەندە تەلاس و پادرێژی لە مامەڵە زمانیەکەدا دەکەن، دەق تەنگی پێهەڵدەچنرێ و ناچار تووشی ئەوناق و فەوتان و تیۆری نووسینەوە دەبێ. شێعر کاتێ تووشی خەسار دەبێ کە نووسەر بێ ئەوەی بیەوێ زانستێکی تێگەییشتوانەی لە زمان و تەمهیدە جۆراوجۆرەکانی نووسنی ئەزموون کردبێت و گرنگتر لە هەمووی بێ ئەوەی کە لەو تەکنیکانەدا ژینی کردبێت، دەس ئەکا بە کەڵک وەرگرتنی نازانستیانە لە کۆمەڵێ تەمهیدی جۆراوجۆر و دەقیان لێ لێوانلێو دەکا.

کەوابوو شاعیر کە دەبێ بەردەنگ و خوێنەر لە گەڵ هەڵکەوتە جوانیناسانەکەی خۆیدا هاوڕێ بکا، دەقێکی دژوار و تۆخ ئەخاتە بەردەستی و لە باتی ئەوەی کە خوێنەر بخاتە ناو داوێکی کوشەندەی کەشف و شوهوودی چێژاوییەوە، بەرۆکی پێ دەگرێ و تووڕەی دەکا و لە ئاکام دا خوێنەر بە دەستیەوە ئەبەزێ. شاعیر ئەو تەمهید و تەکنیکانەی ژین نەکردووە (بۆیە ناڵێم ‘نەژیاوە’ کە واتا تیۆریکەکە نەفەوتێنم) و تەنیا وەکوو فورمووڵێک، تەکنیکەکان لە دەرەوەی دەق و لە گوزارەیەکی تیۆریانە بە سەر دەقدا ئەسەپێنێ و دیارە لە کاتەکانی کەشف و شهوودەکانی دا کەسی لە گەڵدا هاوڕێ نابێ و تەمهیدەکان لە ئاست و ڕواڵەتی زماندا بە جێ دەمێنێ و لە قوژبنی سازراو-زمانی دەقەکەدا بنەنیش وجێگیر نابێ. کە وابوو ئایا ئەمە شێعری دژوار نووسینە یان نووسنی دژوارانەی شێعر؟ بارت وتەنی: لە وێدا تەمهیدەکان لە پانتایی زماندا هاوپێکهاتەیی ناکەن و شێعر بە دەقێکی میکانیکی ناوزەد دەکرێ.

لە شێعری دژواردا، مامەڵە و ئاکاری زمانیی و سازراو-زمانی شێعر بە تەواوی پاژەکانییەوە، وەها لە جەستەیەکی یەکگرتوودا لە لەشی دەقدا ئەنیشێ و تەمهیدەکان جێگە دەگرن، کە ئیدی لاق و دەستی تیۆری و میتۆد لە دەرەوەی دەقدا جێ نامێنێ. ئەمە خۆدی دەقە کە لە تەواوی ساتەکانی کەشف کردنی دا لەو تەمهیدانە بژێوی ئەکا و هەڵیان ئەمژێ.  ئیدی ئەوە شاعیر نییە کە لە ناوەڕاستی دەقدا مایک بە دەستەوە دەگرێ و هەراو هوریا دەکا، بەڵکوو خودی شێعرە کە دەوری بکەر ئەگێڕێ و خاوەنی شووناس و کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و وەکوو گیانلەبەرێک دێتە لێدوان و تووڕە بوون و گریان و… .

لە ئاوا دەقێکدا کە بەردەنگ لە گەڵ دێر بە دێری دا هەست بە ژیانێکی  ڕاسەلی دەکا و ئەو دەرفەتەی بۆ دەخولقێ لە گەڵیدا بگری و بژی یان تەنانەت ناڕەزایەتی دەرببڕێ  و خۆی لە دەقەکە بخاتە دەرێ و شوێنە سپییەکانی ڕەش بکاتەوە و لە بڕێ شوێندا دەست بە سەریانا بگرێ و بیانسڕێتەوە، بە وتەی باختین: دیسیپلینێکی پێکهاتەیی لە کۆمەڵێ ڕووداوی شپرزی زمانیی.

گۆڕانی سۆنگە و باوەڕی بەردەنگ، ئاکامی کەشف و شوهوود و فام کردنی سوبژکتیویتەی شاعیرە، واتە هۆکاری گۆڕانی باوەڕی ئیستەتیکی بەردەنگ، ڕەوتی ڕەوانی کار و کاردانەوەی تەمهیدەکان لە زەینی شاعیردایە، یان باشتر بڵێین بە هۆی کەین و بەینی دیالکتیکی نێوان دوو توخمی سوبژکتیڤ و ئۆبژکتیڤی فەزای نووسینەکە و شوهوودەکە دەق دەکاتە خاوەنی شووناس و کەسایەتی خۆی و هۆکاری ڕوودانی نووسنی دژوارانە و مەکینەیی و شێعری ساویلکانە، نائاگایی و لە بەر چاو نەگرتنی ئەو پرۆسەیە کە شرۆڤە کرا.

لە شێعری دژواردا ئەگەر باس لە گەمەی زمانیی ئەکرێ بەو مانایەیە کە شاعیر بە فامی وشە و پێکهاتە وموسیقاکەی، لە تەواوی قۆناغە مومکینەکانیدا ژینی ئەکا و پاشان ئەیخاتە گەمە و کێبەرکێی زمانەوە، منی خوێنەر هەر لەو دەمەدا کە لە خوێندنەوەی دەقی  حەمە ساڵەی سووزەنی (شێعرەسات و… تا پێش لە عینجەو فینجە چ شار) چێژ دەبەم، لە هەمان کاتیشدا لە شێعرێکی پەرویزی زەبیح غوڵامیش چێژ وەردەگرم، بەڵام لە دوو ئاست و جنسی جوانیناسانەی جیاواز دا .

ئەگەر لە دەقی سووزەنی دا من چێژ لە گەمەی زمانیی پرەنسیب کراو، شێوازی پێکهاتە-زمانی تایبەت و شیزۆفێڕنی زمانیی شێعرەکانی چێژ ئەبەم، لە دەقەکانی زەبێح غۆڵامی دا بە هۆی بەهرەگرتن لە وشەی تایبەت و تازە و کار پێ نەکراو، زمانی وێژەیی زارەکی، ڕەپۆشەگەلێ دژە پۆزتویستی، مامەڵەی سوررئالیستی لە گەڵ فەزای دەور و بەری ژیانی رۆژانە و  ڕووداوە کتووپڕە نائاسایی و دیاری نەکراوەکان چێژ وەردەگرم. کە وابوو لە هەردوو تیپە نووسینەکان بەو مەرجە کە شاعیر بەر لەوەی بەرهەمەکەی بخاتە بەردەست، بۆ خۆی تەواوی شوێن و قوژبنەکانی ژین کردبێت و لە گەڵیاندا ژیا بێت و تەنیا لە بەر جۆری مۆد گەرایی ڕووی نەکردبێتە دنیای وێژەییەوە، ئەتوانین بڵێین دەقێکی کراوەی خولقاندووە کە هەم خوێنەری ئاسایی و هەم مام ناوەند و هەم بەردەنگ هەر یەکە و بەش بە حاڵی خۆی لە خوێندنەوە و درێژەدان و کەشف کردنی بەش بە بەشیان چێژ دەبات. وەک ئەوەی پێشتریش نووسیمە و باسم کردووە  شێعر هیچکات  پێویستی بە پێشگر و پاشگر نەبووە و نییە و ئەوە خودی دەقەکەیە کە ئەگەر بە وشیارییەوە لە ڕێی شکاندنی نۆرمە باوە فورمی و ساختی و زمانییەکانی کە لە لایەکەوە رژیمێکی جوانیناسانەی تازە دەخولقێنێ و هاوکاتیش خۆی لە هەموو ستانداردەکان دەرباز دەکا و بە وەفاداری بە زەمانی حاڵی خۆی و رووداوە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوورییەکانی هاوچەرخی خۆی، دەبێتە دەقێکی کراوە و هەمیشە زیندوو کە خوێنەر بە هۆی خودی دەق و لایەنە جوانیناسانەکانی سەرقاڵی خۆی دەکات نەک بە تیپ سازی و ناوزەد کردن و ئیسم سازی کردن بۆ خۆی . کەواتە  دەقی شێعر  دەقێکی بێ پێشگر و پاشگرە و  ئەوانەی کە ئەو پاشگرانە بۆ شێعر دائەتاشن ڕێک بە خوێنەری دەق  دەڵێن کە هیچ ئاگادارییەکی لە ئەدەبیات نییە و دەبێ بە چاویلکەی نووسەرەوە  دەقەکانیان بخوێننەوە. کەوابوو ئایا ئەمە هەر ئاکاری شاعیرانی  پێش لە دەسەڵاتی زمان و زمانی بکردە نییە کە وەک دیکتاتۆرێک  دەقیان بۆ خوێنەر شرۆڤە دەکرد و ڕێگەی خوێندنەوە و تەئویلیان لە خوێنەر دەگرت؟

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا