“دیاسپۆرا ” چێژێک ئاوێزان لە نێوان فورم و مانادا
شوعەیب میرزایی
.
”ئێمە لە دنیای هەردەم گۆردراوی بیچمە وێژەییەکاندا ئەژین، نەک لە دنیای بیچمە بێ ئاڵوگۆر و چەقبەستووەکاندا” – رەزا بەراهەنی
a b c d e f
a b c d e
a b c d
a b c
a b
a
هەر کە دەقێكی تازە چاپکراوی شێعریی دەبینم، وەک هەمیشە ئەو پرسیارەم لا ساز دەبيت کە ئامانج لە نووسینی شێعر چییە؟
بە تایبەت ئەگەر ئەو دەقە “دیاسپۆرا” بێت، واتە ئەو کتێبەی کە کامبيز کەریمی لە درێژەی ئەزموونە شێعرییەکانی خۆیدا، بە هەڵبژاردنى فۆرمی چەند ژانری و ویژەی رێکخراویی (شێركۆ وتەنی: “تێكستی واڵا”) ئاراستەی کردووە و دەیەوێ ئەزموونێکی نوێ لە شێعری کوردیدا تاقی بکاتەوە.
مەبەست لە نووسینی ئەو وتارە نە هەڵسەنگاندنی پاژ بە پاژی دەق بە گوێرەی یاسای نێواندەقییەکەیەتی و نە نووسێنێکی گشتی لە سۆنگەی هێرمينيۆتيكيیەوە.
ڕەنگە تەنیا بە دوای وەڵامى ئەو پرسیارەوە بم کە لە سەرەتادا ئاماژەی پێکرا و بۆ ئەمەش تا ڕادەیەک هەم لە هەڵسەنگاندنى فۆرمی پاژەکانی دەقەکە کەڵكم وەرگرتووە و هەم توێژینەوەیەکی کورتم بووە لە ژانرەکانی دەقەکە و ئەو شتەی کە پێدەچێ بووەتە جەمسەری فۆرمی بەشە جوداکانی دەقەکە.
هەڵبەت دەبێ بڵێم کە بڕیار نییە خوێنەر وتارێکی پۆلینکراو و یەکدەست بخوێنێتەوە و رێك هەر وەکوو دەقەکە – کە چۆن هەر تاوێ ناهمێيانە دەرگای ماڵێك دە كوتێ – منیش ئاوەها بە ناوقەدی دەقەکەدا چوومەتەوە.
ئەگەر لەوە چاوپۆشی بکەین کە لاى مرۆڤی کەونارا شێعر شتێکی پەیوەست بە سێحر و ئەفسوونە و شاعیرەکان مرۆڤگەلێکی پێغەمبەرئاسان، بێ شک شێعر هەردەم جیهانێکی نامۆ و غەریب و سیحراوی بووە، کە یان لە بری دامەزراوی هەستی کونجکۆڵی، یان بەدیكردنی یۆتۆپیای زەینی، یان بەلانیکەم گەیشتن بە چێژێکی ئەوتۆ، مرۆڤی کردۆتە بەردەنگێکی هەمیشەیی خۆی. هەروا کە ڕواڵەت و ناوەرۆکی ژیانی مرۆڤ بە هۆی سەر هەڵدانی شۆرشە جۆاروجۆرەکانی جیهان، بە تايبەت شۆڕشی پیشەسازی و کەلتووری و کاردانەوەکانیان، تووشی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی هاتووە و دوابەدوای ئەو کاردانەوە، هەمیشە خوازیاری تازەگەری و ئەزموون کردنی جوانی لە جنسێکی جیاوازتر لە هەموو ژێرنەخشێکی هونەر بە تایبەت شێعر بوونە و هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی بابەتی کۆن کەوتنی وشەی “تازە” تەنیا ماوەیەك دوای نووسینەوەی، کەواتە شێعر نووسین و شاعێریە تی دژوارترین ئیشی هەر شاعێرێکە کە ناچارە بە کەڵك وەرگرتن لە كۆمەڵێک تەمهید و تەکنیکی تازە و كۆنە و شێلانیان بە سەر یەکدا، هەوڵبدات ئەو جیهانە نامۆ و پڕ لە ڕەمزە بۆ چێژ بەخشینی بەردەوام بە بەردەنگ، بخولقێنێتەوە.
ئەگەر باوەڕمان بەوە بێت کە لە ئەنجامدا هەر دەقێكی شێعری چەمكی “جوانی” (ئێستا چ بە مانای وردەکاربیە هونەرییەکان و نژیاروانی دەقەکە بێت و چ بە مانا گشتیەکەی خودی جوانی) دیاری دەكا، بە سەرنجدانێکی کورت بە هۆیەکانی بەدیهاتنی قوتابخانە وێژەییەکانی جیهان و داڕشتنی تیۆری جۆراوجۆر بۆ شێوەی نووسینی دەقە وێژەییەکان و هەروەها بەردەوام بوونی شاعێران لە رەوتی تازەگەری و هەروەها ئاوانگارد بوون بە گوێرەی رەوتی نووسینی هاوچەرخەکانی خۆیان، بەو قەناعەتە دەگەین کە تەنیا دەستی تازەگەری لە کاردا بووە، کە توانیویە هەمیشە و هەردەم دەقێكی لێوانلێو لە جوانییە تازەکان بخاتە بەر دەستی خوێنەران و ژێرخانی ئەم کارەش بێ گومان تا ڕادەیەکی زۆر چەمكی “ئاشنایی سڕینەوە ” بووە، ئەو چەمکەی کە بە درێژایی مێژووی وێژەوە دەورێکی تا ڕادەيەك سەرەکی گێڕاوە. ئاوەها کە بە وتەی “رەزا بەراهەنی”: شێعر وەک وڵاتێکی ئەفسووناوى بە نەناسراوەییەوە زیندووە و ئەو کاتە دەبووژێتەوە کە بتوانێ هەمیشە بەردەنگ بە کەشفى خۆى سەرسام بكا و بیتاسێنێ.
بێ گومان زۆر پێشتر لە “شكلۆفسکی” فۆرمالیست، ئەرەستوو بە بێ ئەوەی ناوێك بۆ ئەو چەمکە دەستەبەر بكات، لە کتێبی “فەنی شێعر” (بووتیقا) دا دەڵێ: پەيڤ (بيان) بە وشە نەناسراوەکان پێك دێ. ئەمە خۆی گرنگی تایبەتی ئەو چەمکەمان پێ دەگەینێ و دەیسەلمێنێ کە نووسەر دەمادەم بە لەبەرچاو گرتنی ئەو چەمکە توانیویە خۆى لە کلیشە بوون بپارێزێ و هەر دەم پێشنیارێکی تازەی بۆ هونەر و بە تایبەت ئەدەبیات لە گیرفاندا بێت.
لە نێوان بەرە جواروجۆرەکانی وێژەی دنیادا ئەو چەمکە، لە قوتابخانەی فورماڵیزمدا رۆڵێکی تایبەت دەگێڕی و جارێکیتر بە شێوازێکی تايبەتەوە پۆلێن ئەكرێ، شكلۆفسکی چوار جۆر ئاشنایی سڕینەوە پۆلێن بەندی دەکا:
1- ئاشنایی سڕینەوەی سینتاکسی (syntax) کە خۆى خاوەنی چەن بەشی: سڕينەوەی بكرد، تەقتيع، جێنشینی و هاونشینی و … یە.
2- ئاشنایی سڕينەوەی مانایی.
3- ئاشنایی سڕینەوە لە سۆنگەی گشتی لە بکردەکان: سازدانی کەش و فەزایەکی پارادوکسیکاڵ یا ئایرۆنیک.
4- ئاشنایی سڕینەوە لە فۆرم.
دووپات کردنەوە و نووسینی ئەم تيۆريە كۆنە بە مەبەستی وانەوتنەوە نييە، بەڵكوو وەک بۆرخس دەڵێ: “بۆ وەی رووبەرووی یاسایەك بیتەوە، دەبێ زانستی ئەو یاسایەش باش بزانی”، منیش بۆ ئەوەى خۆم لە موحاكمەی مێزی موختاری خوێنەران بپارێزم، ناچار بۆ جارێکیتر بەم تیورییەدا چوومەوە.
گەر وای دانین کە دیاسپۆرا دەتوانێ دەقێك بێت کە هەڵگری خوێندنەوە لە سۆنگەی پێکهاتەخوازییەوە بێت، پرسیار ئەوەیە کە ئایا توانیویە لە یاسا دارێژراوەکانی ناو دەقەکە و لە سەر ئەو ژێرخانە کە وای نیشان دەدات پێکهاتە خوازی لە بەرچاو گرتووە- وەک دەقێكی كراوە بە تەمهيدەكانییەوە رێسای گەمەکە ڕابگرێ و خۆى بە یاساکانی خوێندنەوەی پێکهاتە خوازی تەسلیم بکات؟
هەڵبەت دەبێ هەردەم ئاگاداری ئەوە بین کە خودی چەمكی “ئاشنایی سڕینەوە ” بە گوێرەی تەواوی ئەزموونە شێعرییەکانی پێش خۆي مانا پەيدا دەکا.
سەرەتا دیاسپۆرا لە بیچمی هەواڵیكى راسەڵیدا بە تێکەڵی چیرۆکێکی مەیلەو ئەفسانە دەست پێدەکا و وەک شانۆنامەیەك کارەکترەکانی دەناسێنێت کە دوایی هەر ئەمە دەبێتە هەوێنی هاودۆخی کارەکترەکان لەگەڵ وێنەکانی ناو ئەشکەوتەکەوە، چ لەم بەشەی دەقەکە و چ لەو بەشانەدا کە دەقەکە بە ڕواڵەتی بارى فۆرمەوە، هەڵگری خەتێکی پەخشانییە، خوێنەر لەگەڵ دەقێكدا ڕووبەڕووە کە ناتوانی هیچ فۆرمیکی تایبەت بۆ خۆى دەست نیشان بكا. سەرەکیترین ئێلەمانی پەخشان، گرنگیدان بە مۆسیقای ناوەکی وشە و هارمۆنی کردنەوەی ئەو وشانەن کە لە ڕستەیەکی مانامەندی زمانیدا (lexis) فۆرم دەگرن و هەروەها، بەهرەمەندی لە تەکنیکی خوازە، بە دەست تێ بردن لە تەوەری ئاسۆیی زمان مسۆگەر دەبێ، کەچی ئەم فورمە کارانە لەو تایبەتمەندیە بەرییە و ئەرکێکی سەنتەریشى لە دیاسپۆرا لە ئەستۆ دایە،
(بڕوانە؛ وێنە هەواڵ لاپەڕەی 20، شۆڕشگێڕ لاپەڕەی 30، سۆهرەوەردی لاپەڕەی 35 و لاپەڕەکانی: 42 . 43 . 44 . 45 . 47 . 48 . 49 . 50).
ئەم فۆرمە نووسینانە تەنیا بوونەتە هەوێنی خولقانى فۆرمێکی شێعری دوای خۆى، کە لە خۆيدا قوربانی کردنی بەشێك لە زمانی هونەری بە قازانجی زمانی پراتیكاڵە. ئەم جۆرە نووسراوانە کە تاوێ فۆرمى هەواڵ و تاوێ فۆرمی چیرۆکێکی ئاسایییان پێیە، هەست دەكرێ لە دیاسپۆرادا دەوری پلۆتی (پیرنگ) چیرۆک دەگێڕن.
پرسیار ئەوەیە ئەو دەقە کە خۆی لە قەرەی ئەو پێکهاتە چەن ژانرییە داوە، هۆى هاوردنەوەی ئەو فۆرمە نیمداشتە چیە و لایەنە جوانیەکانی کامانەن؟
دیارە کەڵك وەرگرتنی پێکهاتەیی – فۆرمی لە فۆرمی ناسراو بە چەند ژانری یان پەخشانە شێعر یان بە وتەی “بێکەس”، ” تێكستی واڵا”، كارێكی تازە نییە و بە دەیان جار لە لایەن شاعێرانێکی وەک خودی شێرکۆ بێکەس لە ناو دەقەكانی (گۆڕستانی چراکان، سروودە بەردينەكان، بۆننامە، ڕەنگدان، پاییزە میوان، کورسی، تا ئەم دواییانەش ئەسپێک لە پەڕی گوڵاڵە)، لە ژێر کاریگەریی شێعری عەرەبدا كاریان پێكراوە و ئەوانیش رۆژێ لە رۆژان لە ژێر کاریگەریی شێعری رۆژئاوادا خولقاندوويانە. ئەمانەش تەنیا بە هۆى درێژەدانی شاعێرانی هەر زمانێک بە ئەزموونە شێعرییەکانیان بووە و ویستوویانە لە رێگەی ئەم تاقیكردنەوانە ئاشنایی سڕینەوەیان کردبێت و پێم وایە خولقاندنی دەیان بەرهەمی شێعری کوردی بەسە بۆ ئەوەی بەو قناعەتە بگەین کە؛ ئەو فۆرمە هونەرییە لانیکەم بەم مامەڵە هێلییانە لەگەڵ زماندا چیتر ماتەوزەی ئەستێتيكى خۆى لە دەست داوە و ناتوانێ پێشنیارێکی تازە بۆ شێعری کوردی بێت.
لە لایەکی دیکەوە، لە دەقگەلێکی ئاوەهادا پەخشان، شان بەشانی شێعر دەبێ تایبەتمەندییەکانی خۆى دەستەبەر بکا و نەبێتە ئامرازێک بۆ قۆقزكردنەوەی شێعر، کەوابوو تووشی كارەساتێکی خەراپتر هاتووین: دابەزانی زمانی هونەری بۆ ئاستی زمانێکی پراتیكاڵ.
یەکێک لەو دەقانەی کە خاوەنی هەمان پێکهاتەی مشەمەڕی دیاسپۆرايە، کتێبی: “بەنرچی بۆ خۆكوژی کرد”ی نازیم حیكمەتە، کە هاوکات لەگەڵ هاودۆخكردنی ژانرەکانی شانۆنامە و پەخشان و شێعر و هەروەها بە داشداری زمانێکی ئایرۆنیك و تەمهیداتێکی تایبەت بە خۆى و فەزایەمی پۆلیفۆنيك، بە زیرەکییەکی تەواوەوە توانیویەتی بە کێشانە دەرەوەی ماتەوزە پێکهاتە-زمانییەکانەوە، پێكهاتەی رەوایەتە جوزئییەکان بشکێنێ و بەو جۆرە لە فۆرمێکی مشومڕدا تازەگەری بکا و بتوانێ تایبەتمەندی ئاشنایی سڕینەوە بۆ خۆى مسۆگەر بكات، دیاسپۆرا نە تەنیا کاریگەری ئەزموونە شێعرییە کوردییەکانی ئەو ژانرەی بە سەرەوەيە بەڵكوو هەست دەکرێ چ لە باری ئێلەمانگەلی مانایی و چ لە باری تێکشکانی فەزا رەوایەتییەکانەوە، کاریگەری نازیم حیكمەتی بە سەرەوەیە.
موکارۆفسکی، فۆرمالیستی قوتابخانەی پراگ دەڵێ: فۆرم کاتێ دەخولقێ کە چەند دانە مۆتیڤ و هەر كام سەر بە مەیدانێکی تەسویری جیاواز و هەروەها بەسراو کە لە فەزاگەلێکی زەمانی و شوێنی جیاوازن، بتوانن لە جەمسەرێكدا یەکدی بپسێنن، لە یەکتردا تێكەڵاو بن، لە یە کتر جیا ببنەوە و لەم بزووتنەوە زمانییە جارێکیتر تێکەڵاوی یەکتر ببنەوە و لە ئاکامدا کۆمپۆزیسیۆنی دەق دەخولقێ.
جا ئەگەر مەبەست لە فۆرم (form) واتا بوتیقایی و چەمکە کلاسیکەکەی بێت (بیچم و پێکهاتە مەكانییەکەی دەق) و مەبەست لە مۆسيقاش نە تەمهیدە یوفیوزمیانە (euphuism) کە بە شێوازێکی ڕووکەش سواری زمانی دیاسپۆرا بوونە و خۆیان لە دەلاقەی مانا کلاسیکەکەی فۆرمدا ناساندبێت، ئەوا شێعرگەلی (عەکس و باخچە لە لاپەڕەی: ۹۰) دەبێ لە دەقێكی دیكەدا بەر باس بکەوێ و لە رەوتی گشتی ئەو دەقەدا شرۆڤە ناکرێت.
ئەگەر مەبەست لە فۆرم دۆخی بوونی ئورگانیكی شێعر بە واتای شتێکی سەرجەم کە بریتی لە پاژگەلێکی لێك نەکراوە و بێ بچران بێت، هەر بەو چەشنەکە لە سەردەمی ئەرەستووەوە و هەتا کولرێج بەرچاو بووە، هەر كام لە شێعرەکانی (حەفتە، دات، چريك، وێنە و دیاسپۆرا)، بە فورمی بنەڕەتییە پێکهاتە – زمانییەکەیەوە نەیتوانیوە ئەو دیسیپلینە ئۆرگانیکە رەچاو بکاو، هەر چەند دیاسپۆرا بە کەڵك وەرگرتن لە چەند تایبەتمەندى پێكهاتەخوازی وہک: رتۆريك لە بەشی دەرەکی زمان (نەك هارمۆنی مۆسیقایی بڕگە و دەنگ)، هارمۆنی دووپات کردنەوەی بکردەکان و تا ڕادەیەک شەمەندکرنەوەی پێکهاتەیی کلیشە بوو و بە کارهێنانی ئیرجاعاتی ژمارەیی و ئاوەڵكرداری پرس و جەخت و… توانیویە وەک پلۆتی چیرۆک، دیسیپلینێکی ڕووكەشی لە فۆرمی پێکهاتە ـ زمانی دەقەکەدا ڕابگرێ و خوێنەر سەرقاڵ بكات.
لە دیاسپۆرادا پێکهاتەی زمان ئۆبژەیەك نییە کە بكردی بكا، بەڵکوو تەنیا وەكوو ئامێرێکی مۆسيقا نۆتەكان لە رووی تێکستێکی دەرەوە لە خۆى دووپات دەکاتەوە و چیتر نەیتوانیوە بە تەکانەیەکی پێکهاتە-زمانییەوە خۆى لەو دۆخە ئیستاییەوە بكێشێنێتە دەرەوە. لە دیاسپۆرادا چەرخینی فەزاگەلێک بە دەگمەن دەبینین کە پەیوەندی پێكهاتەى فۆرمیان نە بە مامەڵە پێکهاتە – زمانییەکانەوە بەڵكوو بە دامەزراوی بەسەر بەیسێکی دڵاوایی – هەستەوە هەیە (لەو شوێنانەدا کە باسی ژیانی رۆژمەڕەیی و ئاکامی بە سەرهاتی کارہکترەکان لە درێژەی دەقەکەدا دەکرێت، بڕوانە لاپەڕەکانی؛ 42، 43، 47، 48، 49
، 50، 58، 59. 60، 61، 62 …) شاعیر توانیویەتی وەکوو تەمهیدێکی ئیرجاعی نێواندەقێتییەوە ئەو فەزاگەلە بە یەکەوە گرێداتەوە.
چەمكێكیتر کە لە لاىەن پێكهاتەخوازەکانی قوتابخانەی پراگەوە ئاماژەی پێ دەدرێ چەمکی پێكهاتەی فۆرم – مانایە (ئەو مانایە کە بە ناوجێکەری پێکهاتەى فۆرمەوە دابین دەكرێت) بەو واتەیە کە ئەگەر تۆ بۆ پەيدا كردنی پەیوەندی پێكهاتەی نێوان دەقێکی چەند فەزایی ويستبێتت لەو ئاکارہ پێکهاتەییانەی کە شرۆڤەمان کرد دەست بكێشێت و ناچار بە شوێنی کەناڵێکی چەند هێڵی، لە نێوان فۆرم و مانادا بگەڕيت يەك لەو شێعرانە کە تووشی كێشەت دەکا شێعری “عایشە”یە کە هەرچەند وەك خۆى شێعرێکە لە سەردەمی خۆیدا توانی لە باری ئەستێتیکییەوە خۆى بە فەزای وێژەی کوردی بسەلمێنی و خاوەنی زمانێکی سەمیمی و ئێلەمانێکی ناوەرۆکییانەی پتەو بوو، بەڵام ئەو شێعرە نەتەنیا لە ئەزموونی زمانییەکەیدا خاوەنی پێکهاتەیەکی جیاوازە بەڵکوو خاوەنی فەزایەکی مانایی تەواو جیاوازیشە کە بە پێچەوانەی بڕێ لە شێعرەکانی دیکە کە لانیکەم توانیبوویان بەو تەمهیدانەوە کە ئاماژەی پێکرا، پێکهاتەیەکی هەر چەند ڕووکەش بەدی بێنن، شێعری عایشە هەرگیز ئەو بەختەی نەبووە.
ئەگەر لە سۆنگەی ” هووف “یەکەوە بير لە فۆرم بكەینەوە واتا: تێکەڵاوێك لە یەکپارچەی (intagritas)، هاودەنگی (consonatia) و درەوشانەوە (claritas)، و مەبەست لە مۆسیقی هەر جۆرە تەمهیدێك بێت کە بیەوێ پێکهاتەیەکی مۆسیقایی، ریتم و ملۆدی (نەک تەقە مترۆنۆمەكان) بێت، بەو قەناعەتە دەگەین لە دیاسپۆرادا شێعرەکانی (تۆفان، حە فتە، چريك و…) دەبێ پێکەوە و لە دەرەوەی دیاسپۆرادا شرۆڤە بكرێن.
کلينت برۆكس دەڵێ: کەینی توخمگەلى شێعرى وەکوو کەینی گوڵ لە گەڵ بەشەکانیتری گیادایە. کە دەخولقێ، پاژەکانی شێعر وەکوو ئەندامەکانی یەک لەش، لەگەڵ مانای شێعردا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە هەڵس و کەوتدایە. شێعر ئەنجامی دیفۆرمە کردن یان بنەماشکێنی لە بەشە دەرەکییەکەی زماندایە نە بەشە ناوەکییەکەی.
بێ شک شاعێران بە درێژەی مێژووی وێژەی جیهان، بەردەوام لە ماناگەلێکی هاوبەش بۆ دەربڕینی کەڵکەڵە زەینیەکانیان کەڵكيان وەرگرتووە و وشە هەرگیز موڵكی تاکەکەسی کەس نەبووە و لە بەر دەستى هەمووان دایە، بەڵام ئەوە جوری جیاوازی رۆیشتن بۆ رێگا نەناسراو و نامۆکان و بەردەوام شکاندنی ستانداردە پێکهاتەیی و زمانییەکان بووە کە توانیویەتی دەقێکی ئەدەبی، ئەبەدی بكاتەوە و هەردەم لەم کڵاوە جادوویییەدا، شتێكی نادیاری بۆ تاساندنى خوێنەر پێ بێ.
لە سۆنگەیەکی پێكهاتەییەوە تازەگەری هونەری لە دەقدا، تێکۆشانێکە بۆ ڕێساشکێنی و دیفۆرمەیشن یان بنەماشکێنی لە بەشی دەرەوەیی زمان (فۆرم) کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆى خولقاندنی مانای جیاواز. هەر لەم رێگایەوەیە کە خوێنەر دەتوانێ لە راسەڵەکانی ناوەکی دەق و راسەڵەکانی دنیای دەرەوەی دەقەکە کەشف و شهوودی خۆی بكات.
ئەگەر ئەنجامی شێعر بە ڕێساشکێنی لە زمانی مکانیکی و پراتیکاڵ نەزانین و دان بەوەشدا نەنین کە زمان بەردەوام رۆڵێکی بکردی لە دەقدا بگێرێت، ئەوسا لە نێوان دەقێکی ئۆتۆبيۆگرافيک، پەخشانێکی ئاسایی، دەقی هەواڵ و ڕووداو، لەگەڵ شێعریکی سپیدا چ جیاوازیێك هەيە؟
هەروا کە پێکهاتەخوازەکان ئاماژەیان پێداوە لە زمانی پراتیکدا وشەکان بە چەشنێکی خووگرتووانە بەکار دەبرێن، لە حاڵێکدا لە زمانی هونەردا بە هۆى ڕەچاو کردنی پێکهاتە (نظام) و دیسیپلینی ئۆرگانيك، دەقی وێژەیی خاوەنی زمانێکی ئەستێتیکی دەبێ و لە لەمپەری زمانی پراتیک رزگار دەبێ، کە وابوو دیسیپلین بریتیە لە ئاریکاری فۆرم (form)، نظام (texture) و پێکهاتە (structure) و لە ئاکامدا جۆرێ هاودەنگی و چەشناوچەشنی لە پاژەکانی زماندایە و ئەم بەشە بە هاودەنگی ئاشنایی سڕینەوە لە بەشی سینتاکسی زماندا، دە بنە بەردی بناغەی خولقانی دەقێکی کراوە کە خوێنەر و بەردەنگ هەریەکە و بە گوێرەی پێکهاتە زەینیەکانیانەوە، بارت وتەنی: لەگەڵیدا هەست بە هاوپێکهاتەیی دەکەن.
دیاسپۆرا بە کەڵك وەرگرتن لە تایبەتمەندى دیا – مۆنۆلوگ لە بەشە چیرۆکییەکانیەوە (مەبەست لە بارى فۆرمەوە)، ئۆنۆماتۆپی (بە کارهێنانی وشەگەلێك کە دەنگەکانی وشەکە، خوێنەر، رێنوێنی دەکاتەوە سەر چاوگە سەرەکییەکەی: مەرەبا، شەمامە، شەقام، دیوار، دەمار، روخسار و …) و هەروەها تەمهیدە یوفیوزمییەکان و ئەو تەکنیکانە لە بەشی یەکەمی توێژینەوەی فۆرمدا ئاماژەی پێکرا، “دەقێكی موعتەدڵ و مامناوەندە”(بیر لە یەدوڵا روئیایی بکەنەوە) کە چێژ و لەزەتی خوێنەر لە نێوان دووفاقەى فۆرم و ناوەڕۆكدا لە سنگەڵا و هاتووچۆدا ڕادەگرێ. کامبیز کەریمی لە دیاسپۆرادا لە قەڵافەتی ئێدیتۆرێکی سینەمادا، چەند پارچە شێعر کە بە تەواوەتی خاوەنی فەزای زەینی، مانایی و فۆرمیکی جیاوازن بە شێوازی شێواندنی فەزا زەمانییەکان و شێواندنی شوێنەكان، ویستوویە بە جۆرێ پێکهاتەى فۆرمەكان پێکەوە بلكنێ، بەڵام ئەم تەمهیدە بە تەواوەتی نەیتوانیوە هێڵێكی پتەو بۆ هاودەنگی فەزاكان برەخسێنێ.
دیاسپۆرا، هیچ جار ئەو کەوانە بۆ خوێنەر ناكاتەوە کە لە دەقەکە هەڵبێ و بێتە هەوێنێک بۆ سازکردنی فەزایەکی زەینی جیاواز، ئەوەندە تووشی ئيرجاعاتی دەرەوەی دەق دەبێ کە خوێنەر ناچار جگە لە زەحمەتی خوێندنەوە، دەبێ تا رادەیەک ئاگاداریی مێژووییشی هەبێ. ئەم دەقە هێزی رادیکاڵبوونی خۆى لە دەست داوە و ڕەنگە تەنیا هەستی خوێنەری ئاسایی تێر بکا و “گادامێر” وتەنی: تووشی نارسیسیزمێکی ناعەقڵانی بكات.