بە مانگی چواردەت دا دۆڕاو!
فەرهاد ساڵەحی فەر
.
بە مانگی چواردەت دا دۆڕاو!
لە هاوینی شەوانی تەنیایی،
بە نامەیەکی هەرگیز پۆست نەکراوی ناو کۆتێکی هەڵواسراو
بە ڕیتمی نیانی گۆرانیەکی ژنانەی بەر تەونی نەچنراو
مانگ شەوێکی چواردە جار لە دەمی شەودا جواو!
بە نۆتی چوار جار فافا می می ت
مەخابن ئێوارە سەرتای مانگەو
شەو چواردە جار بە مانگ دا هەڵوەدا..
جوغرافیا وانەیەکی قورسە بۆ ئەوانەی خەت دەکێشنە غوربەتی خۆیان
“خەتات فەرموو کە خۆشه چین و ماچین”
من پاریس بە عەترێکی گوزەریدا و
تەنیایی بە شەڕابێکی دەست کردی چواردە دەرسەد دا..
بە هاوینێکی هەتاوی و
زستانێکی زایینیت دا
زەینم لە سەوادی ئەژماری تا چواردەش ڕەنگە کوێر بێ،
نازم لەسەر مەکە گەر “با” فڕێمدەداتە خەتی تاسەت
بە می می دۆ ڕ ێت دا دوورتر دەبمەوە
غەریب تر ڕەنگە..
پاییز لێرە ڕواڵەتی پاریسی هەرگیز نەچوومی گرتووە دادە
سڵاو
وەک یەکەم دێڕی نامەکانی پێشووم
وەک پشووی سواری هەینیەکانی کۆتایی مانگ
بە سۆل سول سۆلی لا لا فا می ت
“بەو مانگەی قەسەم خەرمانەی داوە”
هێشتا نا نا نا مەیلی هیچم نیە تکایە!
دۆ ڕێ دووریم تیا قوپاو و دەرسەدێک زیاتر بمگرە
تکایە با بگیرێم بە گێژیمدا و
بە خەتی نەخوێندراوەم دا
خ..
ل..
ۆ….
ر..
ببمەوە تکایە
…..
پێمخۆشە بە هەڵەش بێت نامەیەکم بۆ بێت
نامەیەکی بێ نیشان
قەد کراو..
کە ڕەنگی ڕۆیشتوە
من لە ناو کۆتەکەم دا نووقم دەبم
لە ناو عەترێکی توند دا
وەک چاو چاوێنی شەقامەکانی پاریس
وەک تروکانی چاوم
وەک شەوقێکی گەرم
لە دیتنی کچێکی خومار چاو
وەک تەزوویەکی نەرم
لە کاتی لەمسی لا ڕانی..
وەک ئیرۆتیکێکی قەدەغە
وەک جووت بوونێکی خەیاڵی
وەک شەرمی کچانەی…
وەک لێو گەزینێکی بە تاسەوە.
زەحمەت نەبێ لە شاشەی موبایلەکەم ڕا
هەنارێکی دەنک کراوم بۆ بنێرە
یان مشتێک بڵاڵووکی کێوی
جۆغرافیای ئێرە زۆر دڵگیرە کچێ
چواردە جار بە ڕێیەک دا
چواردە جاری ڕەبەق!
بە مانگی چواردە جار دۆڕاو دا
بە ئەژماری چواردە هەزار وشەی شێت دا
نامە دەنووسم و پۆستیان ناکەم
دەنووسم و خەت دەکێشمە وشەکان
خەت دەکێشم و وشەکان دەنووسم
وشەکان خەت خەتی دەکەم و دەنووسم
خەتای تۆ بوو
تکایە بە خەتی من دا مەڕۆ
من خەتی خۆشم ناناسمەوە
وشەکانیش ون دەکەم
شەوێک چی خەونی تۆیە بۆ من دێن و
بە ئەنقەست چرای ژوورەکەم تا بەیان ناکووژێنمەوە
حەزم لە خەونی بەر چرایە
لە نووستنی ناو ڕووناکی
بە ئەژماری تەواوی خەتەکان چاو چاوێن بکەین
چاو نەترووکێنین
تەنانەت لە شەقامەکانی پاریسیش بین
یان خود
ئێوارەی هەینی بێت و بۆنی تووندی عەتری ژنانە
وەک پۆستچییەکی دۆڕاو
کە بە دزی درزی نامەکان دەکاتەوە
بۆنی ئەم خەتانە هەڵم دەگرێت
بە دێڕێک دا
بە هێڵێکی بێ کۆتایی دا
شەوێک
نا هەزار و یەک شەوی بێ بڕانەوە
خەونی دەستکرد بۆخۆم دروست دەکەم
لە کۆشی بێ وازی کەسێک
بێ ناز خەو دەمباتەوە
بۆنەکانی ئێرە دوورن لە پاریس
دوورن لە ژنانە بوون
بۆنی ئەڵکۆڵێکی 40 دەرسەدی بێ تاقەتن تەنیا
نامەیەکی نامۆ
نامیلکەیەکی نیوە نووسراو
تکایە گوێگرانی ئازیز
گوێگرانی وڕێنەکانی ئەم هێڵە مەبن!
جۆغرافیا غەریبی خستۆتە پاڵ خەتی ئەم نامەیە
هەینی و پشووی بێ بڕانەوە..
عەتری ژنانە و 40 دەرسەدی قووپاو لە دەمارەکانی تەنیایی
40 بەدەر لە سەدی ئێوارانی ” ڕازی”
ماڵت ئاوەدان بۆ ئەم تاڵییە نەگبەتە
حەزم لێیە نامەم بۆ بنووسی
نامەیەکی سادە
باسی خەونی دوێ شەوی منی تێدا بکەی
منیش بتهۆنمەوە
لە توێی ماچێکی تام نەکراو دا
تەواوی شەو بۆنی گەنم بێت
تەواوی شەو بە باڵای تەنیایی دا هەڵچم…