پێچراوە نووسینی شێعر و هەڵویستێکی دەروونشیکارانە
عادڵ موحەمەدپوور
.
لەم بەشەدا ئەمانەوێت:
١) بە گشتی پێوەندییە نیشانەییەکانی دەقێکی پێچراوە و چنەی زەینی[2] شاعێرەکەی لە پڕۆسەی داهێناندا ڕوون بکەینەوە.
٢) سووچە نادیارەکانی ئەم چەشنە دەقانە زانستی و دەروونشیکارانە، نیشان بدەین.
٣) دیاردە ڕۆخساری و ڕۆحییەکانی دەقەکە و شێوەی سەرگرتنی وێنا بکەین.
لە سووچە نیگای نیشانەناسییەوە، وێنای ئەم جۆرە دەقانە، بۆ شێوەی ڕاهێنان و چنەی زەینی دانەرەکەی دەگەڕێتەوە و کراوە پرسێکی بنچینەیی کە بۆ هەندێک شاعێر و تەنانەت نووسەر، پەنا دەبەنە دەقی تەماویی و پێچراوە و لە یاسای جوانی ناسی و سێناعەتی ڕەوانتەوەری و پاراوزمانی لادەدەن و ڕادەبەدەرانە پەنا دەبەنە ڕەمزاندن و سیمبۆلیک کردن و ئەدەباندنی دەقێک؟ ئەم تاقمە شاعێرە، بە داهێنانی ئەم جۆرە دەقانە کە ناخۆئاگاش لە سەر کاریگەریی دیاردەکانیترن، دەبێ بە ژێرخانی زەینی دانەرەکەی و هەر وەها بەتەواوی بەم شێوازە، خوو دەگرن و لە سەرخاندا وەک دەقی پێچراوە، ڕۆخسار دەنوێنێت.
ئەم نیشانەناسانە درێژە دەدەن بە یەکەڵاکردەنەوەی ئەم جۆرە دەقانە و سووچە نهێنیەکانی دەروونناسانەیان ڕوون دەکەنەوە و دەڵێن: دەسەڵات بە وێنای جۆراوجۆرەوە درز دەکاتە نێو ئەم سێ سووژەوە (خێزان، قوتابخانە و گلێرگە). لەم ڕوانگە دەروونشیکارییەدا؛ “خێزان و قوتابخانە” کە ژێرخانی ڕێکخراوەی گلێرگەن[3]، دەسەڵاتی تۆتالیتر پێی خۆشە کە سەرەتا هەوڵ بدات، بە ڕێکاری جۆراوجۆر، لە تاکەکانی ئەو دوو ڕێکخراوە نزیک ببێتەوە و کەسایەتییەکی سست و زەبوون و ژێرچەپۆکەیان لێ بسازێنێت کە نەوێرن و یا نەتوانن بە هیچ جۆرێک لەگەل هەرێم و بازنەی دیاریکراوی باوک سالاریدا، بکەونە ململانێ و بەمبۆنەوە هەر تاکێک و هەر دیاردەیەک مەجبوور دەکرێت، لە گەل ئەم دڵخوازە دیاریکراوە(سووژەی زاڵ) بجووڵێتەوە و سەرەنجام بگاتە ئەم بژاردە کە پێشتر دیاریکرابوو: “خنکاندنی ئازادی و دیاردەکانی”.
لە بواری ئەدەبییەوە، هاوسەنگی ئەم دوو کارێکتەرانە، نووسەران و شاعێرانی دەسەڵاتچین کە بەردەنگی ملکەچ و سڕوسیواڵ بۆ دۆزەکەیان دادەتاشن. ئەم جۆرە بەردەنگانە دیاردەیەکی مۆنتاژکراون، لە هەمبەر تۆتالیتەی دەقدا، بێ ئەوەی بزانن لە ناواخنیدا چی دەگوزەرێت؛ تەنیا وزەیان لە سەر چەپڵە لێدان و سەراسیمەیی و سەردانەواندەوە، زۆم دەبێت. چەپەوانەش هەر جۆرە ڕەخنەگرتنێک لەم تاقمە، یانێ ڕەفزی دەسەڵاتی باوک سالارانەی و ئاکامی دەرکردنیانە لەم بازنە دیاریکراوەدا، بەمجۆرە هیچ وەخت ئامادە نین لە مووهێبەت و بەرەکەتی خوانی حازرخۆریی باوک! خۆیان لابدەن و بێبەش بکرێن. ئەم جۆرە کاریگەرییە، بە پێی ڕووکردی کۆیی، ساباتی ئەدەبیاتیچی داتەنیوە و لە کاردانەوەی ئەم پێوەندییانە(خێزان، مەدرەسە و گلێرگە)، بە شێوازێ جۆراوجۆر، وێنایان لە دەقەکاندا دەبیندرێت. ئەم شاعێر و نووسەرانە لەم دۆخە داسەپاوەدا و لەم بازنە دەستکردەدا، ناخۆئاگا بۆ هاتنە دی ئەم ئامانجەێ، دەخوازن دەقێک دابهێنن کە ڕۆحێکی دەسەڵاتچی و بازنەئامێز ببێت بە سەرچاوەی ئێلهاماتی تایبەتییانتا بەمجۆرە بتوانن وشکەڵانی سارای ئەدەبییان، سێراو بکەن.
لەم پڕۆسەدا و لە سەر ئەم کاریگەرییە ناوازە، ئەم تەیفە خێزنەرە چوون بڕوایان بە تەقالا و هەڵسووڕانی ئەویتر نامێنێتەوە؛ پەنا دەبەنە دەقی پێچراوە و سەرەنجام شێوەی داهێنانەکەی حەواڵە دەدەنە سەرچاوەیەکی نادیاری- ماوەرایی و (دەست پێنەگەییو) کە تەنیا خۆی و یا تاقمەکەی خۆی تاوا بتوانن فامی بکەن. لەم ڕۆحە عاسمانیی و مێتافیزییەدا، ئەم تاقمە نووسەر و شاعێرانە، نیگایان تەنیا لە سەر یەک دیاردە تەڕکیز کراوە، ئەوەش ئەوەیە کە بۆ ئەوێتر کە پێشتر غەریبە نوێندرابوون، بسەلمێنن، تەنیا ئەوانن شیاوی دەرک بە حەقێقەتن[4]!.
ئەم ڕووکردانە کە نیشانەناسانی ئەدەبیات بە “لاوە نانی سیمیۆتیکی زمانی و تاساندنی داهێنانی ئەدەبی و پەنا بردن بە ڕەمزاندنی ڕادەبەدەری و سێمبۆلیکی کردنی شێعر، Symbolic” ناوی لێ دەبەن؛ پۆلێک باسیتری دەروونشیکارانە لە تەرزی بەیان و ئەندێشەی شێعردا، وەدووی خۆیاندا دەهێنن کە دەرخستنی نیشانەکان، پێویستی بە یەکەڵاکردنەوەی پتر هەیە و لەم ڕاستادا درێژە بە باسەکە دەدەین.
” نەفسی ئازادٚی شێعر لەگەڵ تینەتی مرۆڤی ئازاد جیا نیە و لە هەرکامێکەوە دەست پێ بکەیت دەگەیتە بەویتریان. بێ گومان شاعێرانیش مرۆڤن و ئەگەر نەتوانن ئەم پێوەندییە فام بکەن، دەبێت لە شێعرەکەیان شک بکەین[5].” پڕۆسەی ئازادی و دیاردەکانی وەک خێزانێکی لیبراڵ و کۆمەڵگەیەکی دێمۆکراتیکی، دەبێت لە نێو شێعرێشدا نیشانەکانی ڕەنگ بدەنەوە و بەردەنگەکانیش بەخوێندنەوەی چێژ وەرگرن و هەست بە بزافێتی و کارایی زمانەکەش بکەن. ئەگەر نەتوانین ئەم ئازادییە لە نێو دەقێکدا هەست پێ بکەین، دەبێت پەنا بەرین بە چەمکەکانی دەروون شیکاری دەقەکە[6] و پێوانەیی لێکی بدەینەوە تا بزانین لە هەناوی دانەرەکەی و پێوەندیی لە گەڵ خێزان و گلێرگەدا، چی ڕووی داوە کە دانەرەکەی لە زمانی زاوزێکەریی شێعر بەرگیری کردوە و و نەی هێشتوە ئەم ئاسکە سرگ و سڵۆکە چالاکی بنوێنێت و ئەم زاڕۆە چەتوونە بە ویستی خۆی کایە بکات. لە هەر حاڵدا فەزای شێعر وەک فەزای خێزان و گلێرگەی ئازاد ، پێویستی بە دەرەتانێکی سەربەست هەیە تا هەناسە بکێشێت و ئۆکسیژن جەزب بکات و وزە بنوێنێت و بەردەنگیش بهەژێنێت.
ژۆلیا کریستوا خاتوونە فیلسووفی سەردەمیی فەرانسەیی پێیوایە:
لە پرۆسەی شێعردا، دەبێت ناخۆئاگای سەرەتایی شێعر[7] هورووژم بکاتە سەر ڕاسیۆناڵی زمانەکە[8]. لەم سووچە ڕوانینەوە، ڕاسیۆناڵ یانێ دۆخی خۆئاگای شاعێریی و زمانە بکەرانەکەی[9]. بەمجۆرە ئەم دۆخە ناشعوورییە ئامادە دەکرێت بۆ دۆخی ناخۆئاگای زەینی و خۆرپەی شاعێرانە.
ئەم بۆچوونە دەروونناسییە پێیوایە: زمانی شێعر وەک زمانی زاڕۆ وایە؛ ڕەها، ئازاد و چەتوون[10]؛ نەزمێکی پێچراوە و بەرگریکەری نیە و لە بەرانبەر هەر جۆرە یاسا و قاعێدەیەکی زۆربێژی و بکەرانەوە، ملەجێڕێ دەکات و بە گەمەی جۆراوجۆر، وزە خاڵی دەکاتەوە و چێژ دەنوێنێت. ئەگەر شاعێرێک، لە سەرەتای ئەنگێزشی شاعێرانەیدا، نەتوانێت زاڵ ببێت بە سەر خۆئاگای زمانەکەدا و زۆرە ملێ بکات بۆ داهێنانی ئەم جۆرە شێعرە سڵۆکانە؛ ئەوا زەینی پەنا دەباتە پسووپسووکردن و ڕامە گۆڕین و شاردنەوەی نیشانە زاوزێکەرەکان و سەرەنجام نواندنی سۆڵتەی زمانی. بە قەولی کریستوای نیشانەناس، وەک زاڕۆ ئیتر ناتوانێت لەگەڵ ئەندامی دایکی[11] پێوەندی بگرێت و لەم حاڵەتەدا شێعرەکەی ڕوو بەرەو سیمبۆلیک کردن و پێچراوەیی زەینی و زمانی دەنێت و دەبێتە نەخشی زەینی بۆ دانەرەکەی. لەم ڕوانگەوە ئەم وێناکردنە هەمان لادان و ڕووتەوەکردنەوەی دەقێکە لە پڕۆسەی ئازادی و وێنەسازیی قووڵ و ئەکتیڤ و فرەدەنگە لە هەمان کاتدا ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی کە دەقە ئاوانگارد و سەرکەوتوەکان شکڵ دەدەن.
خاڵێک کە بۆ ئێمە سەرنجبەرە ئەمەیە کە لەم پڕۆسەدا “داهێنانی شێعر” و “دەروون شیکاری” و “دەسەڵات”، یەک دەگرنەوە. بە قەولی خاتوو کریستوا لەم دۆخەدا “زەینی شاعێری دەسەڵاتخواز”، هەمان “باوکی خانەوادە” یا هەمان “دەسەڵاتچییەکی سیاسی” گلێرگەیە کە بەرگری دەکات لە هەڵس و کەوت و سەما و گەمە و چەتوونیی زاڕۆیەک و هەر بەو پێودانگە نیازە خۆڕسک و سەرەتایی و سرۆشتیەکانی تاکەکانی گلێرگە لە لایەن باوکی سیاسییەوە سەرکوت دەکرێن. بەمجۆرە فەزایەکی تاکدەنگە و چەقبەستە و ئاراستەکراو، دەڕسکێت کە بەردەنگ و زاڕۆ و شارۆمەند دەترسێنێت و سەرکوتیان دەکات کە ئیتر نەوێرن قەت بکەونە قەرەی بازنەی بڤەکراودا( یان بە وێنا هەمان شاعێری دەسەڵاتخواز و دەقی پێچراوەی شێعر).
ئەم ڕووکردە تێئۆریکی- دەروونشیکارییە لە کۆمەڵگەی داخراو و تۆتالیتریزمدا، هەم بۆ “خوێنەر” و هەمتر بۆ “زاڕۆ” و هەروەها بۆ “شارۆمەند” گونجاوە و دیاردەکانی لە گەڵ خانەوادەی و موناسێباتی نێو دەقیی داخراو و قۆرخکراودا، یەک دەگرنەوە. یانێ شاعێرێک کە دەقەکانی داخراوە؛ هەر ئەو باوکە سالارەیە کە بەرگری دەکات لە خاڵی کردنەوەی وزەکانی زاڕۆکەی(شێعرەکەی) و لە ساباتی سیاسی و گلێرگەیشدا هەمان حاکمی تۆتالیتەرە کە بە سانسۆر، بەرگری دەکات لە ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ڕەوتی ئاسایی و ئازادیی تاکەکانی گلێرگە.
هەر لەم بارەوە خاتوو “ژیلوا کریستوا” قووڵتەر دەچێتە نێو باسە ڕەوانناسییەکەیەوە و ئاوەها ئاکامی لێ دەگرێت:
هەر وەها کە زاڕۆی چەتوون و ئازاد، پێوەندیی لە گەڵ ئەندامی دایکیەوە هەیە، شێعری نەوسنیش، پێوەندیی لە گەڵ سیمیۆتیکیی زمانییەوە هەیە[12]. دەلالەتی نیشانەیی کە دەبێت ئازادانە بڕسکێن، بەڵام ئەگەر شاعێری دەسەڵاتخواز بە یاسای سانسۆر، جمە و جەرەیان و بزاوتەییان لێ بەربەس بکات؛ ئەوا ئازادیشیان لێ زەوت دەکات. سیمبۆلیک کردن[13] و پێچەڵاندنی دەق، هەمان وشک کردنی ڕەوتی زاوزێکەری شێعرەکەیە. یانێ شاعێری سیمبۆلیکخواز بە یەکپارچەیی کردن و سوڵتەی زمانی(Totality)، داواکارییەکانی یاسای باوک سالاری بە جێ دەهێنێت. نمانای سانسۆریش یانێ شاردنەوە و سەرکوت کردنی نیشانە ڕەها و زاوزێکەرەکانی زمانیی شێعر[14].
“ڕاستە شێعر عەینی سادە بوون، دەبێت دژوار و تکنیک ئامێزەیش بنووسرێت، ئەڵبەت نە بە هۆی فرە دژوارییەوە، بێ وزە و ساویلکە بنوێنێت، ڕێگاکە ڕوون و ئاشکرایە، پێچاندنی دەق و قەمچ و پێچدانی وشەکان بۆ چە مەبەستێک؟! هەندێ شاعێرێ بچووک، لە مێتافیزیکای زماندا؛ لە بری بانگهێشت بۆ حوزوورێکی داهێنەرانەی ئازادانە؛ هەر وان لە بیری لەت و کوت کردنی فیزیکی زمانەکەدا!…[15]“. لە ئەدەبیاتی پێشکەوتوودا شاعێرێک وەک “مالارمە” ، بە ئازادییەکی تەواو و زانیارییەکی ڕەهاوە دەست دەکات بە یاساشکێنی ڕێزمان(Syntax) و لادان لە نۆرمەکانی باوک سالارانەی ئەدەبی. تی. ئێس ئێلیۆت”لە درامە هۆنیاکانیدا بە ئەنقەست شێواز و ئەدگاری هونەرییەکەی دەگۆڕێت و لە مێتۆدی فەرمی شێعر پێچراوەی تەماویی پارێز دەکات و ڕوو دەکاتە زمانێکی تەنزئامێزی خەڵکیانە و لەم شێوازەدا دەگاتە ئاستێکی بەرز و توانیویە دیاردەی نەوتراوی زەبەندە بنووسێتەوە و کاریگەریی خۆی بە سەر شێعردا دابنێت[16]“. “خاتوو کریستوا” لە ساباتی دەروون ناسیی دەقدا، نێوان داهێنانی شێعر و شۆڕشی سیاسی و ئازادیی ژنان؛ پێوەندییەکی نیشانەناسانەی دۆزیوەتەوە[17] و بەمجۆرە هەنگاوێکی بە هێزی هەڵگرتوە بۆ سەرنموونی کردن و ئاوانگاردیزمیی زمانی و ئەندێشەی شێعر و ئازادیی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی گلێرگە.
سەرچاوەکان:
تهرانی مسعود(١٣٧٧) نقد ادبی، متن ادبی و اقتدارگرایی، فرهنگ توسعە، ش ٣٨-٣٧
صالحی سید علی،(1385)، مجلە نامە، ویژەنامە شعر امروز ایران
مختاری محمد(١٣٧٦)، زنی تنها، یادنامە فروغ، تهران، موسسە انتشارات نگاە
یوسفی د. غولامحسین(١٣٦٧)، چشمە روشن، چاپ چهارم، تهران، انتشارات علمی
[1] – ئەم وتارە پێشتر بە هورامی نووسراوە و وەرگێڕراوەتەوە سەر کوردی سۆرانی
[2] – بافت ذهنی، Subjective Context
[3] – نهادهای مدنی
[4] – تهرانی مسعوود، نقد ادبی، متن ادبی و اقتدارگرایی، فرهنگ توسعە، ل ٣١
[5] – مختاری محمد، زنی تنها، یادنامە فروغ، ص ۷۶
[6] – کنش های روانکاوی متن
[7] – سیمیۆتیک، Semiotics، Semiology، نشانەناسی
[8] – تهرانی مسعوود، نقد ادبی، متن ادبی و اقتدارگرایی، فرهنگ توسعە، ل ٣٢
[9] – انگیزەهای خودآگاە وآمرانەی مولف، خردگرایی، باور بە عقل بە عنوان تنها منبع معتبر شناخت
[10] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٢
[11] – هێمایە بۆ دۆخی ناخۆئاگای زمانی
[12] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ، ل ٣٢
[13] – لێرەدا ڕوانگەی ئەم خاتوونە نووسەر و نیشانەناسە لە بارەی سیمبۆلیک کردنی دەقەوە، ئەو باسە دەروون شیکارییە دەخاتە ڕوو کە هەمووی بە پەروەردەی زەینیی شاعێرەوە دەبەستێتەوە و ئیسپات کردنی نابڕوایی دانەرەکەیەتی بەرانبەر بە پڕۆسەی ئازادی و داهێنانی ڕەهای دەقەوە. یانێ دانەری پێچەڵخواز بە پێچاندنی ڕادەبەدەریی و سۆڵتەی زمانی و نەمادینە کردنی پێوەندییەکانی نێودەقی؛ بەربەستی زەبەندە دەخاتە نێو پێکهاتە و ناوەڕۆکی دەقەوە و بەمجۆرە خوێنەران چاوبەست دەکرێن کە نەتوانن لە فەزای سڵۆک و سپیی خوێندنەوەی دەق، دەلالەتەکان بدۆزنەوە و لە دەقەکە چێژ وەرگرن. ئەم تەرزە نیگا لە گەڵ سیمبۆلیزم وەک قوتابخانەیەکی ئەدەبی- هونەری و سێناعەتێکی زەریف شناسانە و ئێستەتیکی کە هونەری کردنی نیشانە زمانییەکانی لێ دەکەوێتەوە؛ جیاوازیی هەیە با ئەم دوو ڕێکارە هونەری و ئەدەبیە پێکەوە تێکەڵ نەکرێن و ئاوەژوو واتاکانیان لێک نەدرێتەوە.
[14] – تهرانی مسعوود، فرهنگ توسعە، ش ٣٨-٣٧، ل ٣٢
[15] – صالحی سید علی، ویژەنامە شعر امروز ایران، ص ٣
[16] – یوسفی د. غولامحسین، چشمە روشن، ل ٣٦٠
[17] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ، ل ٣٢