بەردەزەمان
ساماڵ ئەحمەدی
.
متووی گاشەی لە ئاوێنە
زۆر مەرگی چنگبەتەشوێی خستە شکەوە
ڕۆیی ڕۆیی تا هەتەر دەکا ڕۆیشتنی زارەکی
ڕووبەری خۆی گەیاندەوە سەر لاوی .. کە بەردەلۆکەی زەمانە
زەمانیش کە بەبێ ڕووبەرە .. هاتنی خستە سەر زاری با
تا بشنێ .. بگڤێ و .. بێ
بێخەبەر لەوەی کە هاتن .. ئەگەر بە سۆراخی جێیەکەوە نەبێ .. چ هاتن؟
**
کە دێیەوە لە ئاوێنەدا
جیوەی فرمێسکت پلەی گەرمیی زەمان دەپێوێ
بەدانستەش دەڕچێتە گۆنای وەک مانگی پڕتەوە
کە چواردە جار سەد ساڵ
تیرەکانی بازنەی زارت
ڕمبی تیشکە مرواری دەچوون بە چاوتدا
نۆژدار دەڵێ هێشتا نەگەیون
تا دەمی نەشتەرگەری
کاتێک بگرەوە لەو ئەستێرانەی ڕچیون بە گۆناتەوە
ئەوانە هەمان بەردەلۆکەی زەمانن بە پێوانەی ئەو یاڵانەی سەربەگاشەن
وریا بە، لە یاڵی سەربەگاشە چرکەیەک تەنیاییت لێ نەدیو نەبێ!
تەزوویەک لە قووڵاییی گاشەوە دە موخی ئێسکت دەگەڕێ
نەکەی پێشبینیی نێرییەکی بەلەبۆز بکەی!
تەنیایی نێری نییە
تەنیایی گاشە نییە
تەنیایی شارە و
هەزار بە هەزارە
**
لە پەراوێزی تەنیاییدا بوو کە چاوت خۆری دەدەڵاند
لەبەر ئەو تیرێژی چێژە چاوی منیش هەڵنەدەهات
دەنا لە نێوان شەرم و بێدەنگیدا هەر بزەم هەڵدەبژارد
چیم داوە لە هەمیشە، یان لە هیچ
کە ئاسانە و
ئەگەر نەزانی
بەردانەوەی ئاو بۆ ناو تینوویەتیی کاغەز
غەمگینیی مێژوو بەسەر ڕژدیی زماندا دێنێت
کە چواردە جار سەد ساڵ
ئەو زمانەی ئێستا لەم دێڕانەدا توڵاوەتەوە
بە هەزاران پێکەنینی شەڕزەدا شۆڕاوگەی دەبەست
کەسیش نەبوو وای بخوێنێتەوە
کە زمان هەتا قووڵتر بێ .. وتەی تێدا دڵخۆشترە
دڵخۆشتریش تا دڵخۆشتر بێ
نازانێ لە کوێ ون بووە
**
دواین جار کە ون بووم
لە کاتی پێکدافسانی گمەگمێکدا پێکەنین گرتمی
شوێنەکە پاساری بوو، یان کۆتر
من قەت شوێنی بەژاوەژاوم لەبیر نییە
لە سەرژمێریی تەنیاییشدا قەت حاشام لەوە نەکردووە
کە تەنیایی شارە و
هەزار بە هەزارە
کەچی خۆم هەر متووی گاشەی لە ئاوێنە
چەند تەنیاییم خستە شکەوە
ئاخە ونبوون بە خەمۆکی نییە
بە پێشبینیی خێرای بایە لە گژەگژێکی زارەکیدا
**
بە پێشبینی بێ .. با ــ بهەنووی، یان قەوزە لە قووڵاییی تینوویەتیدا
هاوتایە لەگەڵ ئەوەی خوداخودات بێ دەستێکی بلووری
بە هێڵەکێکی نەبەدی
یادگەت دابێژێ
کە هەرچی بایە، یان خولیایە لە دنیایە
هەمووی دادا و
دادانیش چ تۆز بێ و چ باران
واتا لە خەونتدا بووە هێندە پێکەنیوی ڕۆژێک
کە هەر لەبیریشت نەماوە هێندە پێکەنیوی ڕۆژێک
**
پێکەنین لەم دەقانەدا نەبووایە
خەم چاوی بڕیبایەتە نێوچاوانی با .. کونی دەکرد
خەم ئایەتێکی دەمبەهاوارە
سوێندت بۆ دەخوا بە تەنگی بانگی ئێوارە
دەتکاتە ماینێکی ئەلیکترۆنی
نە ئەشکەوتت بۆ غاردانە نە زینت گاشە
سێبەرەکەت لەسەر شاشە
ئۆکیانووسێکی شینباوە
پێت وانەبێ ئاوە
هەرچی ئاوی لە گۆچانێک شەتەک داوە
دەڵێ تریسکەی مسی زەردەیەکت بگاتێ
دەبی بە کۆڵەکەی دووکەڵ
دەچی بە هەوادا
هەوا لە هەوادا
نازانێ بە کوێتدا دا
**
ئەم دەقە گومانی تێدایە
بۆ ئەوانەی هێڵی کەمەرەییی بوونیان جوگرافیای منە
من گومانی وەهام وەبەر چاوی دێن .. وەک تلی خوێن
لەگوێن کرانەوەی جووتەکەوانەیەکی گەورە
پڕ لە وشەی شەوانی شەو .. گاز دەکەنە یەک .. هاوارم بە!
هەروایە شەو
چەندە لە ناخی خۆی ڕامێنێ .. ڕووناکاییش هێندە پتر خەو دەیباتەوە
خێرا کە لەو ڕووبەرەی تەنیاییی دەقت تیا دەگاراند .. لێڵ بەوە!
لە لێڵیدایە جەستەی سیاسیی با دەکەوێتە سەرپشت و
ڕەوینەوەت دێتە بەر .. ڕەوینەوە هی مژ بێت، یان هی دەق